Draw Media

گره‌وه‌كانی جه‌نگی سێیه‌می جیهانی

گره‌وه‌كانی جه‌نگی سێیه‌می جیهانی

2024-04-13 08:07:33



له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ده‌بوو شه‌ڕه‌كه‌ی مۆسكۆو كیف كه‌متر له‌شه‌ش مانگ بخایه‌نێت و زیلینسكی ئاڵای ئاشتی نه‌ك خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ دان بۆ ڕووسیا هه‌ڵبكات و وڵاته‌كه‌ی به‌ وێرانكردن نه‌دات ، به‌ پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو ناتۆ شه‌ڕه‌كه‌ دوو ساڵی تێپه‌ڕاندو هێشتا به‌رده‌وامه‌ ، شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ڕوكه‌شدا له‌ نێوان روسیاو ئۆكرانیادایه‌، له‌ ناوه‌ڕۆكدا ئه‌مه‌ریكاو زۆربه‌ی ئه‌وروپاو ناتۆ به‌رانبه‌ر روسیا له‌ شه‌ڕدان، به‌رده‌وام هاوكاری ئۆكرانیا به‌ پاره‌و چه‌ك له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ئه‌وروپا زیاتر له‌ سه‌ت ملیار ئیرۆی بۆ ئۆكرانیا كۆكرده‌وه‌ ، هێشتا زیلینسكی هاوارێتی ، كۆماۆیه‌كان و دیموكراته‌كان ناكۆكن له‌ هاوكاری ئۆكرانیا ، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا پشتی تێنه‌كردووه‌، وه‌رگرتنی سویدو فنلاند له‌ ناتۆ هه‌وڵه‌ بۆ فراوانبوونی شه‌ڕه‌كه‌، هاوارو مه‌ترسیه‌كانی سه‌رۆكه‌كانی فنلاندو پۆڵه‌نداكه‌ گوایه‌ روسیا ئامانجی دور تری هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو نیشانه‌ی گه‌وره‌یی شه‌ڕه‌كه‌ن له‌ لایه‌كه‌وه‌ ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپاو هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكی ئه‌وروپی هه‌یه‌ ، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ڕوسیاو هاوپه‌یمانه‌كانی، ئه‌گه‌ر چی هاوپه‌یمانه‌كانی روسیا به‌رده‌وام له‌ مه‌نگه‌نه‌ ده‌درێن، شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ر له‌ ئۆكرانیا نیه‌ له‌ غه‌زه‌ش به‌ به‌رچاوی دنیاوه‌ وێرانكاری و جینۆ سایدێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌و سه‌رانی عه‌ره‌بیش ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئێستا دنه‌ی ئێرانیش بۆ كاردانه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، بایدن به‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانی وت په‌یامم بۆ ئێران ئه‌وه‌یه‌ " ئێران مه‌كه‌ " به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردودا ئه‌مه‌ریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین كردویه‌تی وێرانكاریه‌كی گه‌وره‌ بووه‌و قه‌بوڵیش ناكات كه‌س پێی بڵێت "ئه‌مه‌ریكا مه‌كه‌"
هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌نگاوێكی له‌ خۆوه‌ نه‌بوو، به‌ربه‌رنامه‌و رێكخراوبوو، به‌ریتانیاو ئه‌مه‌ریكا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری گه‌شه‌ی خێرای روسیا له‌ بواری ئابوری و چه‌ك و چۆڵ و په‌یوه‌ندی ، هه‌روه‌ها سین له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیاو قۆرخكردنی بازاڕی دنیا ، فه‌ڕه‌نسا له‌ بواری فرۆشی چه‌ك و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕو تادوای ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك فرۆشی چه‌كی فه‌ڕه‌نسای به‌ ئوستورالیا په‌كخست، روسیا ئاڵێنرایه‌ شه‌ڕی ئۆكرانیاوه‌ ، چینیش تا ئێستا چه‌ندین به‌ربه‌ست بۆ هه‌نگاوه‌كانی له‌ بواری ئابوریدا دانراوه‌، ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ عیراق په‌كخرا، به‌رده‌وام جم و جۆڵه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌، ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ ئابوریه‌ گه‌شه‌كردوانه‌ بوون كه‌ وڵاتانی ناوبراوی سه‌ره‌وه‌ ترسیان خستبووه‌ دڵی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاوه‌له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ریكا ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ پاشه‌كشه‌دا بوو ئیتر یه‌كه‌می دنیا نه‌ماوه‌ ، هه‌رچه‌ند نایه‌وێت ئه‌وه‌ دانپێدا بنێت ، دانیشتنی به‌رده‌وامی چین و روسیا پێكه‌وه‌و كاری هاوبه‌شیان ئاماژه‌ و په‌یامێكی ڕونه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی كه‌ دنیاكه‌ گۆڕاوه‌، چین ئه‌مڕۆ زه‌به‌لاحێكی گه‌وره‌ی دنیایه‌، بیه‌وێت ده‌توانێ‌ به‌ بیست و چوار سه‌عات بێئه‌وه‌ی بچێته‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ڕووبه‌ڕوه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ ئه‌مه‌ریكاو دنیا بگه‌یه‌نێت، ڕوسیاش كه‌م نیه‌ ئه‌و له‌ شه‌ڕی جیهانی دوه‌مدا ئه‌ڵمانیای خست، ئه‌ڵمانیایه‌ك كه‌ هه‌موو ئه‌وروپای له‌بن چنگدا بوو، ڕوسیا له‌ ده‌ركردنی ئه‌ڵمانیا له‌ ڕوسیاو خستنی  هیتله‌ردا ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بینی و له‌مه‌ودای شه‌ڕه‌كه‌شدا نزیكه‌ی ملیۆنێك و سێسه‌ت هه‌زار قوربانی دا، ئایه‌ ئه‌گه‌ر ناتۆو ئه‌مه‌ریكا نه‌بن ئێستاو دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ئۆكرانیا هی ئه‌وه‌یه‌ به‌رگه‌ی روسیا بگرێت .
هه‌وڵێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی هه‌ڵگیرسێت ، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ڕرۆژ به‌ ڕۆژ هێڵه‌كانی ڕونتر ده‌رده‌كه‌ون ده‌سته‌ بژێری سیاسی و كارناسانی شه‌ڕ ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌دان، له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردودا به‌رده‌وام ئه‌وبابه‌ته‌ دراوه‌ به‌ گوێی دنیادا كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵگیرساوه‌، بێگومان ئه‌م شه‌ڕه‌ هه‌ر ئامانج لێی پاشه‌كشه‌ی ئابوری روسیاو چین و چه‌كی ناوكی ئێران و ئه‌وانه‌ نیه‌و پڕۆژه‌یه‌كیشه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ئیدی ئه‌وه‌ به‌ مانه‌وه‌ی ملیاره‌ ئاڵتونیه‌كه‌ كه‌ خه‌باڵێكه‌ هه‌یه‌و یان به‌ كۆرۆنا كه‌ به‌ زۆر خه‌ڵكیان له‌ هه‌موو دنیا پیده‌كرده‌ كونی ژوره‌وه‌ یان به‌ راستینه‌ی شه‌ڕه‌كه‌، لاتان سه‌یر نه‌بێت كوشتنی سی هه‌زار كه‌س له‌ غه‌زه‌ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی كه‌وی كردنه‌ ئه‌وه‌نده‌ پرسه‌كه‌ حه‌ماس نیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌نیه‌ش سێ‌ كوڕو سێ‌ نه‌وه‌ی ده‌بنه‌ خۆراكی شه‌ڕه‌كه‌ هیچ ئازایه‌تی نیه‌و ئه‌وانیش به‌شێكن له‌و ژماره‌ زۆره‌ قوربانیه‌، گرنگ نیه‌ چه‌ند كه‌س له‌ ڕۆژێكدا ده‌كوژرێت و كوێ‌ وێران ده‌بێت ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌م خۆی له‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ دور بێت هه‌م بتوانێت بازاڕی گه‌وره‌ بدۆزێته‌وه‌ هه‌روه‌ها خه‌ڵكی زیاتر بكوژرێن و شوێنی زیاتر وێران بن، ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر من نایڵێم ته‌نانه‌ت له‌ ناو ئه‌مه‌ریكاشدا قسه‌ی له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێت.
ئه‌مه‌ریكا گره‌وی بردنه‌وه‌ ده‌كات بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانێت له‌ یه‌ك كاتا له‌ یه‌مه‌ن له‌ حوسیه‌كان بدات و له‌ ئۆكرانیا له‌ پشته‌وه‌ هاوكاری زیلینسكی بكات و كێشه‌ له‌ ئه‌وروپا بئه‌فرێنێت و به‌ ئێرانیش بڵێت بوه‌سته‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ شوێنانی دیكه‌ی دنیا، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر كات زیاتر ئاوه‌زی ئاشتی له‌ دنیادا ونه‌ ، نه‌بوونی ئاوه‌زی ئاشتی و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌قاوه‌ی حوكمڕان له‌ ته‌واوی جیهاندا وای كردووه‌، به‌رده‌وام هێزی شه‌ڕ زاڵتر بێت له‌ هێزی ئاشتی، زۆر جار سه‌ركرده‌و ده‌سته‌ بژێری سیاسی له‌ دنیادا به‌ جۆرێك قسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆر نا ئاوه‌زی تره‌ له‌ قسه‌ی یه‌كێك له‌ شێته‌كانی به‌رده‌رگای كاكه‌ئه‌حمه‌دی شێخ،مرۆڤ ناچاره‌ بپرسێت ئه‌مانه‌ دنیا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن ، یان ده‌شێت له‌ پشتی ده‌رگاكه‌وه‌ شتێكی تر بگوزه‌رێت و ئێمه‌ ئاگادار نه‌بین.
ئاوه‌زی سه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، به‌شی زۆری ئه‌وروپا ، روسیا و وڵاتانی دیكه‌ش پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌، چۆنێتی قسه‌ كردنی ئه‌ردۆغان له‌ شكست و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردناو به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورد ، ده‌ركه‌وتنی ئێران به‌ قه‌ناس و عه‌باوه‌، بایدن و هه‌ڵبزڕكانی قسه‌، كێن ئه‌وانه‌ی دنیا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئێ‌ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو شه‌قوه‌شێنه‌ی شه‌ڕدا هه‌ر باشه‌ زه‌وی ژێرو ژور نابێت .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand