شاسوار عەبدولواحید کێیە؟
2024-03-17 12:30:40
رێبوار کەریم وەلی
بەپێچەوانەی هێزە سیاسییەکانی دیکە جوڵانەوەی نەوەی نوێ (نون نون)، لە ئێستاوەڕا دەستی بە حەملەی هەڵبژاردن کردووە. رەنگبێ هۆکاری سەرەکی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ رەواندنەوەی ئەو شۆکەی لە ئەنجامی شکستیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (کە قەرار بوو ئەوان پارێزگارەکەی دیاریی بکەن) تووشی بوون.
*
پێچکە کورسییەکیشیان نەهێنا!
*
فاکتەرێکی دیکەی گرنگیش بۆ ئەم پەلەپڕوزێیەی نون نون ئەوەیە کە هەست دەکات قاعیدەی یارییەکە گۆڕاوە؛ لەکاتێکدا، هەموو لایەک دەزانن کە لابردنی کورسی کۆتاکان (شا)کاری یەکێتی بووەو کەوتۆتەبەر لۆمە، کەچی سەرۆکی جوڵەنەوەکە لە میتینگێکیدا، لابردنی کورسی پێکهاتەکانی گرتە ئەستۆی خۆی و وەک دەستکەوتێکی سیاسیی گەورە (سوار)ی بوو.
*
راستییەک هەیە کە ئەم واقیعەی ئێستای کوردستان چەند ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی بێویژدانی، زوڵم و فەسادی دەستەڵاتدارانە هێندەش لە ئەستۆی ئەو هێزانەیە کە رۆژانێک ئیدیعای ئۆپۆزیسیۆن بونیان دەکردو، خەون و هیواکانی میللەتیان لەپێناوی تەوریسی سیاسیدا، بە با دا. سەیرترین دیاردەش لەو بەینەدا شاسوارو حزبەکەین کە لەسەر پەرچەکرداری دەنگدەرانی هەر دوولای هاوکێشەکە دەژین، بێ ئەوەی هیچ روئیایەکی سیاسیان نە بۆ دەستەڵاتداری و نە بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون پێ بێت.
*
رۆڵی شاسوار کە لەلایەن سیاستداڕێژەرانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە بۆ دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانی (ئەڵبەتە بە رەزامەندیی کوڕانی تاڵەبانی) دیاریکراوە، ئەوەیە کە لە ئەگەری هەر داڕمانێکدا کە رێگە بۆ نفوزی پارتی لە ناوچەکەدا خۆش بکات، شاسوار دەنگە ناڕازییەکان بۆ لای خۆی راکێشێت. بەوەش پارتی لە نەمانی تاڵەبانی و مستەفادا، پشکیان فەوزاو ئاژاوەی زیاتر بێت، نەک دەنگ و کورسی.
*
جوڵانەوەی نون نون، ئیمتیدادی سیاسیی کەمپینی (نەخێر لە ئێستادا)ی پێش ریفراندۆمە کە بە کردەوە گەورەترین خزمەتی بە ریفراندۆمچی و ئینفیساڵییەکان کرد بەوەی کە وایانکرد ئەوەی قەرار نەبوو بەشداریش بکات، لە رقی ئەوان بەشداریی کرد! ئەوە دەزاندرا، بەڵام ئایا سیاسەتداڕێژەرانیش جگە لە جەڕباندنی تواناکانی شاسوار، هەر مەبەستیان نەبوو کە ئینفیساڵییەکان پەلکێشی ئەو زەلکاوە بکەن کە بەرنامەی بۆ داندرابوو!؟
*
دوای ئەو تەجروبەیە، بەلای خەڵکەوە لە پڕێکدا، بەلای سیاسەتداڕێژەرانەوە بە بەرنامەوە، جوڵانەوەی نون نون هاتە ناو کایەی سیاسی و گوڵەگەنمەکانی پشت دەڕڕاسەی کۆکردەوەو لە یەکەم تاقیکردنەوەدا، 8 کورسی پەرلەمانی بردو بەوەش دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی رەحمەتی بووە نیوە. پارتی 45 کورسیی برد، بەڵام پشکی لە زۆنی سەوز هەر ئەوە بوو کە هەبوو!
*
شاسوار پرۆژەیەکی سیاسییە کە رێگرە لەوەی دەنگی زۆنی سەوز لەو زۆنە بچێتە دەرەوە. ئەگەرنا خۆی، حزبەکەی و تەنانەت نوێنەرانیشیان لە پەرلەماندا، حزوری سیاسییان سفرە. پرۆژەیەکی پۆپۆلیستییە کە مەترسیی بۆ سەر هیچ لایەنێک نییەو، بەپێچەوانەوە، دەستباری کوڕانی تاڵەبانییە لە سیاسەتە ناوچەییەکاندا. تەنانەت جۆرێک لە دابەشکردنی رۆڵیش لە نێوانیاندا هەیە.
*
ئەگەر بافڵ تاڵەبانی وەکو متمانەپێکراوترین کەسی ئێران لە زۆنی سەوزدا، وێنا بکرێ، ئەوە بە دڵنیاییەوە شاسوار عەبدولواحید، کەسی دووەمە. گەورەترین فاکتەری مانەوەی و ئەو بێمنەتییەی بەرامبەر کوڕانی تاڵەبانی هەیەتی ئەوەیە کە هەردوولایان لەلایەن ئێرانەوە دەپارێزرێن. پتر لەوەی رکابەری یەکتری بن، هاوکاری یەکترین.
*
پوختەی کەلام، ئەم هەڵبژاردنە بۆ شاسوار حوکمی مان و نەمانە. لە دوولاوە دەکەوێتە ژێر فشارەوە. یەکەمیان: جێگیرکردنی پایەکانی قودرەت لەلایەن کوڕانی تاڵەبانی وا بکات کە ئیتر پێویست بە مانەوەی شاسوار نەکات (وەک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رووی دا). دووەمیان ئەگەر لاهور شێخ جەنگی حزبە نوێکەی بتوانن دەنگە ناڕازییەکانی دەڤەرەکە بۆ خۆیان ببەن (هاوکێشەکە لای سیاسەتداڕێژەڕان دەگۆڕێ)و، ئەوەش دیسان مانای کۆتاییی سیاسیی شاسوارە و ئیتر پێویست بە مانەوەی ناکات.