"بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بخرێته‌سه‌ر بانكه‌كانی عێراق"

Draw Media

2024-02-21 13:01:22



(دره‌و): 
به‌پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌ئێستاوه‌ هه‌ر وه‌زاره‌ت یان فه‌رمانگه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مامه‌ڵه‌ بكات بۆ گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بۆسه‌ر بانكه‌كانی عێراق، خه‌رجی موچه‌كه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ یاسای بودجه‌دا ده‌بڕدرێت. 
له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك كه‌ سێ هاوڵاتی كورد به‌ناوه‌كانی (عه‌داله‌ت ره‌حیم محه‌مه‌د- بوخاری جه‌میل عه‌لی- حه‌یده‌ر محه‌مه‌د عوسمان) تۆماریانكردبوو، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا له‌سه‌ر چاره‌نوسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان. 
سكاڵاكاره‌كان سكاڵاكه‌یان له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردبوو، تێیدا داوایان له‌ دادگای فیدراڵی كرد بڕیارێكی سالاریی (ولائی) ده‌ربكات بۆ ناردنی شایسته‌ داراییه‌كان و شایسته‌كانی تری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگه‌كانی (ته‌موزو ئابی 2023)، هه‌روه‌ها ناكۆكی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان یه‌كلابكاته‌وه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی جێبه‌جێ نه‌بوونی یاسای بودجه‌، هه‌روه‌ها داوایان له‌ دادگا كرد هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ پابه‌ند بكات به‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه‌، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا به‌:
•    پابه‌ندكردنی هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی (فه‌رمانبه‌ری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاكان و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ری لایه‌نه‌ حكومییه‌كانی ترو خانه‌نشینان و سودمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی) له‌و بانكه‌ حكومییه‌ فیدراڵییانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن. 
•    پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان ببڕدرێت كه له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌.
•    هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ ناویان هێنراوه هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری هه‌رێم هه‌ماهه‌نگیی راسته‌وخۆ بكه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ جێبه‌جێكردنی گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ‌بۆسه‌ر بانكه‌ فیدراڵییه‌كان، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان. 
•     پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بانكه‌كانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ئاسانكاری بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و گرتنه‌به‌ری سه‌رجه‌م رێگا پێویسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان سودمه‌ند ببن له‌ موچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره‌ بانكییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم هه‌ن یان ئه‌و بانكانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌.
•    به‌رپرسی باڵای ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ناویان هێنراوه‌ له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م پێكهاته‌ حكومییه‌كان به‌رپرسن له‌ دروستیی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێن سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌و پله‌و بڕی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆیان له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان و ده‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایانه‌وه‌ ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌و داتایانه‌ بكه‌ن. 
•    ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاره‌دار بكات دوای ئه‌وه‌ی حساب بانكییان له‌ بانكه‌كانی عێراق بۆ ده‌كرێته‌وه‌، نابێت ئیتر به‌ قه‌رز پاره‌یان بۆ بنێرێت. 
•    هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ناویان هێنراوه‌ پابه‌ندده‌كرێن به‌ پێشكه‌شكردنی (میزان مراجعه‌)ی مانگانه‌ له‌و واده‌ی كه‌ فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ مانگی دواتردا دیاری ده‌كات له‌كاتی داواكردنی پاره‌ هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی فیدراڵییه‌كان. 
•    پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كانی به‌ حكومه‌تی فیدراڵ (خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت)، به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ، به‌و مه‌رجه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی له‌و داتایانه‌ بكات كه‌ تایبه‌تن به‌و داهاتانه‌وه‌، ئه‌مه‌ پشتبه‌ست به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (12)ی یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2023ی بودجه‌ی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵه‌كانی (2023-2024-2025). 
•    پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی بكه‌ن له‌و حساب بانكییانه‌ی كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندیی هه‌روه‌ها وردبینی بكرێت بۆ لیستی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و سوندمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان. 
•     ئه‌م حوكمه‌ به‌ ته‌وافوقی ته‌واو ده‌رچووه‌و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان پابه‌ند ده‌كات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand