لە دەوڵەتخستنی دەوڵەت
2023-12-17 19:20:27
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ناو فیکری سیایسی و کۆمەڵایەتی دونیای مۆدێرن بریتییە لە شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی دەوڵەت، دەوڵەت وەک دامەزاروەیەکی سەرەکیی و گرنگیی ناو جیھان، لانیکەم، لە سەدەی ھەژدەھەمەوە، تا ئەمرۆ. دەکرێت بە کورتی پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە دەوڵەت لە دیدگای مۆدێرندا وەک دەزگایەکی سیاسیی خاوەن دەسەڵات وێنادەکرێت، کە لەناو سەرزەمینێکی دیاریکراودا خاوەنی سەروەرییە.
لەم پێناسە سادەیەدا پێ لەسەر سێ رەگەزی سەرەکیی دادەگیرێت کە پێویستە دەوڵەت ھەڵگریانبێت. یەکەمیان، دەوڵەت دەزگایەکی سیاسییە، نەک دەزگایەکی کولتوریی یان دینیی یان ھەرشتێکی دیکەی لەوبابەتە. بەڵام ئەم دەزگا سیاسییە، بەر لە ھەمووشتێک، خاوەنی دەسەڵاتە. ئاکاری ئەو دەسەڵاتەش ئەوەیە کە سەروەرە، خاوەنی شەرعیەتە، کەسێک یان ھێزێک نەھاتوە و بە زۆر و بە شەق بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندبێتی. ئەو دەزگا و دەسەڵات و سەروەرییەش لە سەرزەمینێکی دیاریکراودا ئامادەیە و حوکمدەکات وەک بەشێک لە شوناسی کۆیی و مەیدانێک بۆ پێکەوەژیان و سیاسەتکردن، قبووڵکراوە.
کە دەگوترێت دەوڵەت دەزگایە، بەر لە ھەمووشتێک پێ لەسەر ئاکارە دەزگاییەکانی دەوڵەت دادەگیرێت، وا وێنادەکرێت خاوەنی ئاکارێکی دەزگایی سەربەخۆیە، سەربەخۆ لەو کەس و لایەن و ھێزانەی لە ساتێکدا ئەو دەزگایانە بەرێوەدەبەن، یان لەو شێوازانەی تری ھەڵسوکەوتی سیاسیی نافەرمیی کە دەشێت لە کۆمەڵگادا، بوونیان ھەبێت. دەسەڵاتی دەوڵەت وەک دەزگا دەسەڵاتێکی رێکخراوە، یاسا و نۆرمی تایبەت، میکانیزمی دەستنیشانکراو، ئەو ڕێکخستن و بەڕێوەبردنە، ئاراستەدەکات.
دەزگاکانی دەوڵەت، لەوانە بۆ نموونە سوپا، دادگا، دەزگاکانی باج کۆکردنەوە، ھتد، ھەم بوونێکی مادییان ھەیە، ھەم بوونێکی سیمبۆلی و رەمزیش. بۆ نموونە سوپا، کە لە سەرجەمی ئەو سەرباز و ئەفسەر و ژەنەراڵ و چەک و ئامێر پێکدێن کە سوپاکە دروستدەکەن، واتە رووکارە مادییەکەی سوپا دەستنیشاندەکەن، ھاوکات مانایەکی رەمزیشی ھەیە کە بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکە باوەریان پێیەتی. لە مانا رەمزیانەش بۆ نموونە، وێناکردنی سوپا وەک پارێزەری نیشتیمان و دەوڵەت و میلەتەکە، خۆی. ئەم بوونە دووجەمسەرییە مادیی و رەمزییەیە وادەکات دەوڵەت ببێتە ھەڵگری شوناسێکی ھاوبەش کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکە قبووڵیبێت و لەسەر بنەمای ئەو شوناسەش مامەڵەی لەگەڵدابکات.
دەوڵەت وەک دەزگا دەزگایەکی گشتییە نەک تایبەت، دەزگای ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو کۆمپانیا و ئەم یان ئەو ھێزی سیاسیی دیاریکراو نییە، دەزگای ئەو کەسانەش نیە کە لەناویدا وەک فەرمانبەر کاردەکەن. دەوڵەت دەزگایەکی گشتییە و ئەوەی خاوەندارێتی دەکات خودی کۆمەڵگا خۆیەتی. بەڵام بە حوکمی ئەوەی شتێک لە رووکارە مادییەکەیەدا زەحمەتە ھی ھەموو کۆمەڵگا بێت، بۆیە مانا رەمزییەکانی ئەم ئەگەری دروستبوونی بۆشاییە پڕدەکەنەوە. ئەمە وادەکات مانا رەمزییەکانی دەوڵەت بە ئەندازەی مانا مادییەکانی گرنگبن، ئەگەر زۆرجار گرنگتریش نەبن. مانا رەمزییەکانی دەوڵەتە وادەکەن، زۆرجار، دەوڵەت بتوانێت ببێت بەو چوارچێوە گشتییە قبووڵکراوە، کە ھەموو دەزگا و ئۆرگانەکانی تر لەناویدا بتوانن ئامادەبن و لەناویدا کاربکەن و دەسەڵاتی دەوڵەتیش بەسەریانەوە، وەک دەسەڵاتێکی گشتیی و سەروەرییەکەی وەک سەروەریەکی قبووڵکراو، وەربگرن و پەیڕەویبکەن.
ھەردوو رەھەندەکەی دەوڵەت، رەھەندە مادیی و رەھەندە رەمزییەکەی، وادەکەن دەوڵەت لە دونیای مۆدێرندا گرنگترین دەزگای ھاوبەشی ناو کۆمەڵگابێت، ھی ھەموو کۆمەڵگاکە بێت، نەک تەنھا ھی ئەم یان ئەو گروپی تایبەت، ئەم یان ئەو دین و ئایدیۆلۆژیای سیاسیی بە تەنھا. ئەو دەسەڵاتانەیش لە چوارچێوەی دەوڵەتدا پیادەکدەکرێن رەوایەتی خۆیان لەم تێگەیشتنە تایبەتەوە بۆ دەوڵەت وەردەگرن و ھەر دەوڵەتیش بەو مانایە دەتوانێت بیانپارێزێت.
شەرعیەتی دەوڵەت جیاوازە لە شەرعیەتی ئەم یان ئەو گروپ و ھێزی سیاسیی، ھەر ھێزێک بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئەو دەسەڵاتە بەکاربھێنێت بۆ پیادەکردنی بەرنامە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکەی، لە سەرەتای سەرەتاکاندا پێویستی بە داننان بە دەوڵەت وەک دەزگایەکی گشتیی ھاوبەش و خاوەن سەروەریی سەربەخۆدا ھەیە. واتە داننان بەوەدا کە دەوڵەت موڵکی کۆمەڵگاکەیە وەک گشتێک، شەرعیەتی سیاسیی ھەر گروپ و ھێزێکی سیاسییش تەنھا ئەو کاتە دەبێت بە شەرعیەتێکی قبووڵکراو، کە دەوڵەت ئەو شەرعیبوونەی قبووڵکردبێت. واتە دەوڵەت بەوە رازیبووبێت بڕێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ ماوەیکی دیایرکراو بە شێوەیەکی شەرعی بەو ھێزە ببەخشێت بۆئەوەی بەرنامەکەی پیادەبکات.
ئەوەی لەم دیدگایەدا بۆ دەوڵەت وەک دەزگایەکی سەربەخۆ و گشتیی گرنگ و بنەرەتییە، ئەوەیە کە ھیچ پارت و ھێز و گروپێکی سیاسیی و دینیی و ئەتنی ناتوانن ببن بە خاوەنی دەوڵەت وەک دەزگا، دەوڵەت موڵکی ئەوان نەبێت، بەڵکو ئەوان یەکێک لە بکەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو ئەو چوارچێوە سەرەکییەبن کە دەوڵەت دروستیدەکات و دەیپارێزێت. لەم دیدگایەدا دەوڵەت خاوەنی ھەموو ئۆرگان و گروپ و پارت و رێکخراوانەیە کە لە ھەناویدا ئامادەن و کاردەکەن، نەک بە پێچەوانەوە.
لەم دیدگایەدا پارتی سیاسیی بەشێک نییە لە دەوڵەت، بەڵکو ئۆرگانێکی تایبەتە ھەوڵی ئەوەئەدات برێک لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەدەستدابێت، بۆ پیادەکردنی بەرنامەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دیاریکراو، تا ئەو شوێنەی ئەو بەرنامە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە بوونی دەوڵەت خۆی وەک دەوڵەت، وەک دەزگا و چوارچێوەیەکی گشتیی سەربەخۆ و سەروەر، ناخاتە ژێر مەترسیی و ھەڕەشەوە.
بە کورتییەکەی، ھێز و پارتە سیاسییەکان لە باشترین دۆخدا دەتوانن ”حکومەت“ دروستبکەن و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وڵاتەکە بەرێوەببەن، نەک ببن بە خاوەنی دەوڵەتەکە وەک دەزگایەکی گشتیی و سەربەخۆ.
دەوڵەت و ئەو رژێمەی لە ساتێکدا حوکمدەکات یەک شت نین، لە کوێدا ئەو دووانە بەیەکتری تێکەڵبوون، ئیتر دەوڵەت لەوەدەکەوێت دەوڵەت بێت. لە عێراقدا، بۆ نموونە، رژێمەکەی سەدام حوسەین و دەوڵەتی عێراقیی کرابوون بە یەکشت. لە میسردا دەوڵەتی میسریی و رژێمەکەی ناسر کرابوون بەیەکشت. دەوڵەتی سوریا دەسەڵاتەکەی حافز ئەسەد و کورەکەی یەکشت بوون. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەوڵەت لەوە کەوتبوو دەوڵەت بێت. لە عێرقدا دەوڵەت بە کردەوە گۆرابوو بۆ دەوڵەتی بەعس و خێزان و بنەماڵەکەی سەدام حوسەین، لە دەرەوەی ئەوانەدا شتێک بەناوی دەوڵەت وەک دەوڵەتەوە نەمابووەوە.
ئەوەی ئێستا لە عێراق و ھەرێمدا دەیبینین درێژەدانە بە ھەمان لۆژیکی لە دەوڵەتخستنی دەوڵەت و کورتکردنەوەی ئەم دەزگا سەرەکیی و گشتییە گرنگەیە بۆ موڵکی ئەم یان ئەو گروپ و ھێزی سیاسیی و ئەتنیی و دینیی و ئایدیۆلۆژیی تایبەت. ھەر ھەڵبژادنێک جوڵەیەک نەبێت بە ئاراستەی دەسکاریکردن و گۆرینی ئەم شێوازی وێناکردن و مامەڵەکردنەی دەوڵەت، درێژەدانە بەو دۆخەی کە ئەو ھەموو کێشانەی ئەمرۆکەیان دروستکردوە.