کۆتایی ماڵ ... کۆتایی دڵنیایی
2023-12-12 12:39:32
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
کۆمەڵێک ماڵ لە قەزای سۆران ئاگریان تێبەردەبێت سەرنشیینی زۆرێک لە ماڵەکان دەسوتێن و دەبن بە سوتماک. ئەمە یەکەمین رووداوی سەردەمی «ئابوریی عەقارات» و دروستکردنی ژمارەیەکی گەورە لە خانوبەرەی زۆر خراپ و ترسناک، نییە. ئەم دۆخە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا ئامادەیە، ئەوەی دروستکراوە بەرگەی کەوتنەوەی ئاگرێک، هاتنی لافاوێک، یان دروستبوونی بومەلەرزیەکی بچوک، ناگرێت.
ئابوریی عەقارات لە هەرێمدا ئابورییەکی گەورەیە، بەڵام پڕ گەندەڵیی و خراپەکارییە. لۆژیکی کەڵەکەبوونێکی بێلێپرسینەوە و چاودێرینەرکراوی سەرمایە، دەوڵەمەندبوونی خێرا و هەلتۆقینی لەپڕ، ئاراستەیدەکات. ئەوەی لەم ئابورییەدا غائیبە لانیکەمی گرنگیدانە بە کەرەستەکانی بیناسازیی و بەو خزمەتگوزارییە بنەرەتییانەی کە دەتوانن ڕێ لەوەبگرن کارەساتی گەورەی لە شێوەی کارەساتەکەی قەزای سۆران، ڕووبدات. ئەوەی ئەم ئابوریی عەقارە ئاراستەدەکات، لۆژیکی کۆمەڵێک کۆمپانیای بیناسازییە، کە بەشێکی بەرچاویان کۆمپانیای حیزبین یان سەر بە سەرە گەورەکانی ناو حیزب و کەسە نزیکەکانی ئەوانن. خاڵی سەرەکیش لای ئەم کۆمپانیایانە کەڵەکەکردنێکی خێرا و بێچاودێریی سەرمایەیەکی زەبەلاحە، بەبێ دابینکردنی ئەو لانیکەمی متمانایە کە «خانو»یەک دەگۆڕێت بۆ «ماڵ». ئابوریی عەقارات و کۆمپانیاکانی بیناسازیی، خەریکی دروستکردن و بەرزکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری خانو و باڵەخانەی هەمەجۆرن، نەک دروستکردنی «ماڵ». کە باس لە ماڵ دەکەم، باس لە شتێکی تەواو جیاواز لە خانوبەرە، دەکەم.
ماڵ تەنها کۆمەڵێک خانوبەرەی هەڵتۆقیو و بە ئاسماندا براو نییە، ماڵ ئەو شوێنە شەخسیی و تایبەتەیە کە مرۆڤێک یان کۆمەڵە مرۆڤێکی زۆر نزیک لەیەکتری، تیایدا نیشتەجێن و بڕێکی گرنگیی ژیانیانی تیادا، بەسەردەبەن. ئەم مرۆڤانە لە ماڵدا ئەو جۆرە ژیانە دەژین کە ناوی «ژیانی شەخسیی» و تایبەتی لێنراوە، جیاواز لەو «ژیانە گشتیی»یەی لە دەرەوەی ماڵدا هەیە و ئامادەیە. لەم ژیانە تایبەتەدا زۆرێک لە مرۆەڤەکان دەبن بەو کەسانەی کە خۆیان دەیانەوێت ببن و ئەو جۆرە ژیانە دەژین کە خۆیان هەڵیدەبژێرن و دروستیدەکەن. ژیانێک هەم بڕێک لە بەختەوەرییان پێدەبەخشێت هەم بڕێک لە دڵنیایی و متمانە. لە پەیوەندیدا بە رووداوەکەی سۆران و چەندان روودای تری ئەم ساڵانەی دوایی کوردستان یەکێک لە گرنگتین ئەو ئاکارانەی کە ژمارەیەکی گەورە لە خانوبەرە لە کوردستاندا لەدەستیانداوە، نەمانی ئەو متمانە و دڵنیاییە سادانەیە کە ماڵ دەتوانێت بە مرۆڤەکانی ببەخشێت. متمانە بەوە و دڵنیایی لەوەی کە دەتوانن بە سەلامەتیی و بێهەڕەشەی هەمەجۆر، لەناویدا بژین. لە ڕاستیدا متمانەکردن بە ماڵ لەپێش زۆرێک لە جۆرەکانی تری متمانەوەیە، متمانەی ئەوەی، بۆ نموونە، بتوانیت بێخەم لەناویدا بنوویت و پشووبدەیت، کات لەگەڵ خۆت و کەسە نزیکەکانت بەسەرببەی، ترسی سوتان و روخان و وێرانبوونیت نەبێت.
ئەگەرچی هەندەسەی ماڵ بەشێکی گرنگیی «بونیادی ماڵ»ە و مەرجی بنەڕەتیی تێدا ئەوەیە بە شێوەیەک دروستکرابێت هەڕەشە لە ژیانی ئەوانە نەکات کە لەناویدا دەژین و بە ئاسانی نەبێتە هۆکاری مردنیان، بەڵام ماڵ هەرگیز تەنها هەندەسەکەی نییە، تەنها کۆمەڵێک دیوار و دەرگا و پەنجەرە و سەربان و بنمیچ و حەوشە و باخچە نییە، تەنها شوێن و جێگە و شێوەکەی نییە، تەنها شوێنی شتە مەلموس و دەستلێدراو و بینراوەکانی ناوی نییە، بەڵکو شوێنی ئەو هەموو هەست و باوەڕ و دید و بۆچوونە جیاوازانەشە کە پێکەوەبوون و تەنهاکەوتنی کەسەکان لەناویدا دروستیدەکەن. ماڵ چوارچێوەیەکی بێلایەنیش نییە مرۆڤ تیایدا خۆی لەسەرما و گەرما و هەڕەشە و پەلامارەکانی سروشت بپارێزێت، تەنها رووبەرێکیش نییە بۆ پاراستنی هەندێک لە نهێنیەکانی مرۆڤ. ماڵ سەرەزمینێکی دەلالی پڕ مانای هەمەجۆریشە، کە پەیوەندیی بە هۆشیاریی و یاداوەریی و هەستکردن بە گەرمیی و ساردیی کۆمەڵایەتیی و ئولفەتی ئینسانییەوە، هەیە. ماڵ دنیایەک مانای رەمزی هەیە کە هەر کەسە و بە جۆرێک لەناو ئەم مانا رەمزیانەدا دەژیی و بەجۆرێکیش ئەو مانا رەمزییانە بەرهەمدەهێنێت. ماڵ پەیوەندیی بە لەدایکبوون و منداڵیی و گەنجیی و گەورەبوون و پیربوون و مردنیشەوە، هەیە. دەلالاتی ئینسانیی گەورە لەناو هەریەکێک لەو رەگەزانەدا ئامادەیە. ژێرخانی هەرموو ئەو بوونە رەمزییەی ماڵیش متمانە و دڵنیاییە.
بەدیوێکی دیکەدا ماڵ ئەو شوێنەیە کە مرۆڤەکانی ناوی دنیایەک ڕووداوی بچوک و گەورە بەیەکەوە بەشدەکەن، لە بەشکردنی زمانەوە بیگرە بۆ بەشکردنی کۆمەڵێک بەها و یاسا و دەسکەوتی مادیی و رەمزیی، ئینجا بەشکردنی کۆمەڵێک کۆست و نەهەماتیی و کارەساتی تایبەتیش. ماڵ، هەموو ماڵێک بۆنێکی تایبەتی ژیانی تێدایە و بۆنێکی تایبەتی ژیانیش دروستدەکات، تامێک بە وردەکارییە زۆرەکانی ناو ئەو ژیانەش دەبەخشێت. ماڵ دەشێت بۆنی متمانە و باوەڕ و دڵنیایی و خۆشەویستیی و نزیکیی و خەمخۆریی بە کەسەکانی ناوی ببەخشێت، بۆنی وەفادارییەکی هەمەلایەن، بەڵام دەشێت بۆنی ترس و رق و بوغز و توندوتیژیی و شکانیش ببەخشێت. تا ئەو شوێنەی رزگاربوون لە ماڵ و جێهێشتنی وەک هەنگاوی یەکەمی دەستپێکردنی ژیانێکی راستەقینەی ئینسانیی ببینرێت و مامەڵەبکرێت. لەم دۆخەدا ماڵ لەوەدەکەوێت ماڵ بێت چونکە ناتوانێت متمانە و دڵنیایی بەو کەسانە ببەخشێت کە لەناویدا دەژین.
لەو دۆخانەدا ماڵ دەبێتە سەرچاوەی چەندان سنوور و قەید و رێگرتنی گەورە و هەمەلایەن لە گەشەکردنی ژیانی کەسەکانی ناوی، بە جۆرێک رزگاربوون لە ماڵ، بە مانای رزگاربووندێت لە بڕێکی زۆر لەو سنوور و قەید و رێگرییە، گەورانە. ئەم دۆخە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە رەگەزیی مێوە، بە چەندان شێوازی جیاواز ئامادەیە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەبات و تێکۆشانی بزاوتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی هەندێک لە مافە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان، لە زیاد لە بەشەکی جیهاندا، بە درێژایی سەدەی بیستەم تا بە رۆژی ئەمرۆمان دەگات، بەرگریکردنە لە مافی هاتنەدەرەوەی کچان و ژنان لە ماڵ. لەوانەش، بۆ نموونە، مافی ئییشکردن، مافی خوێندن، مافی بازاڕکردن، سەفەرکردن، بەشداربوون لە چالاکییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ژیانی گشتیدا، هەموو ئەمانە بەناو مافی هاتنەدەرەوە لە ماڵدا تێدەپەڕن. دەرەوەی ماڵ هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانی جۆرێک لە دڵنیایی کە لەماڵدا نادۆزرێتەوە. بەم مانایە هەندێکجار هاتنەدەرەوە لە ماڵ، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە رەگەزی مێوە، هەنگاوێکی گرنگی وەدەستهێنانی بڕێک لە ئازادیی و سەربەخۆیی رێژەیی و بڕێک لە مافە هەرەسەرەتاییەکان و شتێک لە دڵنیایی و متمانەیە بە خود خۆی. لە هەموو ئەو دۆخانەدا ماڵ دەشێت شوێنی چەپاندن و گرگنکردن وڕێگرتن و سنووردارکردنی توانا و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، بێت. ماڵ گۆڕابێت بۆ فەزایەکی تایبەتی خۆسەپاندن و توندوتیژیی و ئیهانەکردن، گۆڕابێت بۆ شوێنێکی نادۆست و دوژمنکار. بەڵام هەموو ئەم رەخنەگرتنانە لە ماڵ، ئەم هەموو هەوڵدانە تایبەتانە بۆ دەرچون لە هەندێک لە سنوورە خنکێنەر و قەیدە تاریکەکانی، مانای نەفرەتکردن لە ماڵ نییە، کردنەدەرەوەی ماڵ لە خەیاڵی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکان و لە پێناسەکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماڵ، نییە. مرۆڤ بوونەوەرێکی ماڵخوازە، ماڵ بەشێک لە شوناسی مرۆڤبوون بە مرۆڤ، دەبەخشێت.
خاڵێکی دیکە کە گرنگە جەختی لێبکەین ئەوەیە کە دڵنیایی لە ماڵدا تەنها وابەستەی کەرەستەکانی بیناسازیی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان نییە، تەنها بەرهەمی تێپەڕاندنی «ئابوری عەقارات»ی پڕ گەندەڵیی و لۆژیکی دەوڵەمەندبوونی خێرا و لەپڕ و نابەرپرسیار، نییە، بەڵکو وابەستەی بوونی «ماڵێکی دەستەجەمع» و «کۆیی» متمانەپێکراویشە. ماڵی تاکەکەسیی، ماڵی شەخسی، تەنها کاتێک دەتوانێت مانایەکی راستەقینەی هەبێت و ئەو بڕە لە دڵنیایی پەویست ببەخشێت کە پێشوەخت ماڵێکی گشتیی بوونی هەبێت. ماڵێک هەموو ئەو کەسانەی لە سەرزەمینێکی دیاریکراودا بەیەکەوە دەژین و ماڵی تایبەتیان تیایدا هەیە، باوەڕیان پێیبێت و بە ماڵی کۆیی و دەستەجەمعیی، خۆیانی بزانن. ناکرێت مرۆڤ لەناو ماڵێکی تایبەتدا متمانە و دڵنیایی هەبێت، بەڵام ئەو ماڵە بەشێک نەبێت لە ماڵێکی پێکەوەیی گەورە، کە چوارچێوەیەکی ئینسانیی و مێژوویی بۆ دڵنیابوونی کۆیی مەیسەردەکات.
بە کورتییەکەی، ماڵ بۆئەوەی ببێت بە ماڵ، پێویستی بە دوو شتە. یەکەمیان پێویستیی بەو لانیکەمی متمانە و دڵنیاییە هەیە کە دەیبەخشێت بەوانەی لەناویدا دەژین. «دڵنیاییەکی مادیی» کە لەوەدا بەرجەستەیە بە بیناسازییەکی تەندروست دروستیکردبێت و ئابورییەکی نیمجە مافیایی یان مافییایی ئاراستەی نەکات. واتە ماڵەکە بە شێوەیەک دروستکرابێت بەرگە بگرێت و بە ئاسانی نەسوتێت و نەروخێت بەسەریاندا. دووهەمیان «دڵنیایەکی دەرونیی» و رەمزیی سیاسیی کە وەک چوارچێوەیەکی گشتیی کاردەکات و دڵنیایی یەکەمیان دەکەوێتە ناویەوە. دڵنیایی یەکەمیان ماڵێکی شەخسیی و تایبەتی متمانەپێکراو دروستدەکات. دڵنیایی دووهەمین ماڵێکی دەستەجەمعیی کۆیی.
ئەوەی لە کوردستان دروستبووە قەیرانێکی گەورە و کوشندەیە لە هەردوو ماناکەی ماڵدا، تا ئەو شوێنەی دەتوانین بڵێین ماڵ لە هەرێمەکەدا نەماوە.