سودانی لە دانوستانەكەی هەولێر ئاگاداركرا
2023-11-19 12:34:16
(درەو):
دوای هەفتەیەك لە گەڕانەوەی لە كوردستان، وەزیری نەوتی فیدراڵ لە كۆبونەوەیەكدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە ئەنجامی گفتوگۆكانی هەولێر ئاگادار كرد، بەڵام هێشتا بەغداد بڕیاری خۆی نەداوە لەسەر ئەو پێشنیازانەی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە گفتوگۆكەی هەولێردا گەڵاڵە كرا.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبونەوەی دەوری تایبەت بە چاودێری وەزارەتی نەوتو پرۆژە نەوتییەكانی كرد. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتو فەرمانبەرانی پێشكەوتووی وەزارەتەكەی هەروەها راوێژكارانی سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا.
لەم كۆبونەوەیەدا پرۆژەكانی كەرتی دەرهێنانو دابەشكردنی نەوتو هەناردەكرد هەروەها پرۆژەكانی غازو پاڵاوگەكانو رێژەی تەوابوونیان خراوەتەڕوو، ئەمە لەپاڵ خستنەڕووی دەرفەتە راگەیەندراوەكانی وەبەرهێنان لە وەزارەتی نەوت بۆ ساڵی 2023.
نەوت رێژەی 95%ی داهاتی عێراق پێكدەهێنێت، بۆیە سودانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی:" حكومەت كاردەكات لەسەر پەرەپێدانی كەرتی نەواتو كەرتەكانی تری پیشەسازی كیمیاویو پەترۆكیمیاویو پەین".
لەم كۆبونەوەدا سودانی ئاگاداركرا لە ئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان وەزارەتی نەوتو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تەواوكردنی رێوشوێنەكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
رۆژی 11ی ئەم مانگە وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوت هاتە هەولێرو لەگەڵ سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی هەرێمو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ماوەی دوو رۆژ گفتوگۆی كرد، بەپێی قسەی مەسرور بارزانی، لەم گفتوگۆیەدا هەرێمو بەغداد لەسەر گەڵاڵەكردنی چەند پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت رێككەوتوونو وەفدی حكومەتی فیدراڵ گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان بدات، بەڵام دوای زیاتر لە هەفتەیەك وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ بڕیارێكی خۆی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.
یەكێك لەو بابەتانەی كە وەزارەتی نەوت كاری لەسەر دەكات دەستكاریكردنی گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانە لە هەرێمی كوردستانو گۆڕینیان لە گرێبەستی (هاوبەشیكردنی بەرهەم)ەوە بۆ گرێبەستی (هاوبەشی لە قازانج)، كۆمپانیا بیانییەكان نیگەرانن لەوەی هێشتا لە ئەنجامی كۆتایی گفتوگۆی نێوان هەرێمو بەغداد ئاگادارنەكراونو هۆشداری دەدەن لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان.
لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهان راگرتووە، ئەمە بەهۆی سكاڵای عێراق لە دادگای ناوبژیوانی پاریس كە بڕی نزیكەی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاندووە.
سەرباری راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە یاسای سێ ساڵەی بودجەی عێراقدا كە 25ی حوزەیرانی ئەمساڵ كەوتە بواری جێبەجێكردن، هەرێم پابەند كراوە بەوەی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكاتو داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
یاسای بودجە دەرەچەیەكی تری داناوە بۆ حاڵەتی بەردەوامبوونی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەویش رادەستكردنی نەوتەكەیە بە وەزارەتی نەوتی عێراق بەمەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەمدواییە رۆژانە هەرێمی كوردستان 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ پێداویستی ناوخۆ.
حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ئەو ماددانەی یاسای بودجە ناكۆكن كە مافو ئەركەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دەستنیشان كراوە، هەردوو حكومەت بڕیاریانداوە تا سەرەتای ساڵی 2024 لەسەر چارەسەری ناكۆكییەكان بگەنە رێككەوتن، ئەمەش لەرێگەی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەوە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی كرداریی بەو ئاڕاستەیە نابینرێت.
حكومەتی عێراق بۆ سێ مانگی ئەمساڵ (7-8-9) بڕیاریداوە مانگانە بەشێوەی قەرز بڕی (700 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت بەمەبەستی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران تا ئەوكاتەی هەردوولا ناكۆكییەكانی یاسای بودجە یەكلادەكەنەوە، ئەم ناكۆكیانە تائێستا بەلادا نەخراون، بۆیە سەرۆك وەزیرانی هەرێم داوای قەرزێكی سێ مانگی تری لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ مانگەكانی (10-11-12)، ئەمەش تائێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە.