دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و دادگای ناوبژێوانی نێودەوڵەت لە پاریس
2023-10-30 12:05:12
(درەو) دەقی تەواوی هەردوو بڕیاری (دادگای فیدراڵی عێراق) و ( دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس) سەبارەت بە نەوتی هەرێم
یەکەم؛ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم
ڕۆژی 15/2/2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە ئامادەبوونی (9) ئەندامی دادگاکەو بە زۆرینەی دەنگی (7) ئەندام و (2) دەنگی پێچەوانە، بڕیارێکی لهبارهی نادهستوریبوونی یاسای نهوت و غازی ههرێم و نادەستوریبوونی فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دهركرد.
بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند پێدەنێتە نێو قۆناغێکی نوێ لە کێشە و قەیران، بەتایبەت بڕیاری دادگا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم کە لە ساڵی (2007) ەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووەو ڕێگەی خۆشکردووە بۆ حکومەتی هەرێم بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانی سنوری هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) سەرباری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک و سەلاحەدین بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی.
بەپێی بڕیاری دادگاکە؛
1. یاسای نەوت و غازی ههرێم، ژماره 22ی ساڵی 2007 نادەستوورییەو پێچهوانهی ماده دهستووریهكانی (110، 111، 112، 115، 121 و 130)ە.
2. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادهستكردنی سهرجهم بهرههمه نهوتییهكانی ههرێم و ناوچهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم كه وهزارهتی سامانه سروشتییهكان دهریهێناون، به وهزارهتی نهوتی عێراق.
3. ماف دراوە بە سکاڵاکار بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە.
4. بڕیارەکە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات ڕێگە بە وەزارەتی نهوتی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی به ههموو گرێبهست و مامهڵهیهكی نهوتیدا بچنهوه، بۆ وردبینی و دیاریكردنی پابهندییه داراییهكان كه دهكهونه سهر حكومهتی ههرێم، دواتریش له ژێر رۆشنایی ئهوه پشكی ههرێم له بودجهی فیدرالی دیاریدهكرێت.
دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوتی هەرێم
دووەم: بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس سەبارەت بە نەوتی هەرێم
بڕیارەكەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس كە بووە هۆی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە (277) لاپەڕە پێكهاتووەو لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرچووە.
بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاركردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراو.
بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا:
• هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) ی ساڵی 1973 كە لە نێوان توركیا و عێراق واژووكراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2013ەوە بۆ گواستنەوە و باركردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە ڕاستەوخۆ بۆ توركیا كەڵكی وەرگرتووە، ئەمەش ناكۆكی درووستكردووە.
• رێككەوتنی (ITP) نێوان عێراق - توركیا چیە؟
لە بڕیارەكەی دادگای ژووری نێوبژیوانی نێو دەوڵەتیدا بە ووردی باس لە رێككەوتنی( ITP) كراوەو هاتووە: لە ساڵی 1973 كۆماری عێراق و كۆماری توركیا ڕێككەوتنی بۆری نەوتی خاویان واژۆكرد بۆ دابینكردن و كڕینی نەوتی خاو، ڕێككەوتننامەی بە ڕێككەوتنی بۆری عێراق - توركیا (ITP) ناسراوە.
بەپێی ڕێككەوتنەكانی ( ITP) هەردوو لایەن ڕێككەوتن لەسەر دروستكردنی دوو بۆری نەوت كە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لە باكوری عێراقەوە بەرەو جەیهان كە شارێكی بەندەرییە لە باشووری توركیا (The Pipelines) دەڕوات. جەیهان ناوەندێكی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتییە.
بە پێی ڕێككەوتننامەكانی(ITP ) هەردوو لا (دروستكردن، چاككردنەوە، بەڕێوەبردن و بەكارهێنانی بۆرییەكان و بەكارهێنانی) دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لە جەیهان بۆ هەڵگرتن و باركردنی نەوتی خاو كە لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە دەگوازرێتەوە بەڕێوەدەبەن.
بۆری یەكەم بەپێی ڕێككەوتنی ساڵی 1973 بۆری (40) ئینج ، بۆری دووەم (گەورەتر) دواتر لە ساڵی 1985 بۆری (46) ئینج زیادكرا.
بەپێی ڕێككەوتنەكانی (ITP ) هەر لایەنێك دوو بۆرییەكە لە ناوچەكانی خۆیاندا دروست دەكەن و بەڕێوەی دەبەن و دەیپارێزن. داواكار سوودمەند دەبێت لە كەناڵێكی نوێی هەناردەكردن بۆ نەوتەكەی و بەرامبەر زیاتر پەرەیان پێدەدات.
لە بەرامبەر گواستنەوە و هەڵگرتن و باركردنی نەوتەكەی، داواكار كرێی گواستنەوە دەدات بە بەرامبەر. هەروەها تا ساڵی 2010 بەشێكی دیاریكراو لە نەوتەكە بۆ كڕینی لەلایەن بەرامبەرەوە تەرخانكرابوو.
حكومەتی عێراق بانگەشەی ئەوەی كردووە كە حكومەتی توركیا پێشێلی رێككەوتنی ( ITP)كردووە، چونكە ڕێگەی داوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە بڕوات، جكومەتی عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە كە نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهان هەڵگیراوەو باركراوەو بەكارهێندراوە بە بێ رەزامەندی حكومەتی عێراق.
دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوتی هەرێم
دەقی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی لە پاریس