Draw Media

ئیسرائیل و فەلەستینییەکان: جەنگی دوو دین و دوو خودا؟

ئیسرائیل و فەلەستینییەکان: جەنگی دوو دین و دوو خودا؟

2023-10-08 12:33:19


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

کێشەی فەلەستینییەکان و ئیسرائیل تەمەنی لە سەد ساڵێک نزیکدەبێتەوە. لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، لە ساڵی ١٩٤٨دا، پەیوەندییەکی خوێناوی و دوژمنکارانە ئەم دەوڵەتە بە فەله‌ستینییەکان و فەلەستینییەکانیش بە ئیسرائیلەوە، گرێئەدات. جەوهەری کێشەکەش لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە میلەتێک نەک تەنها خاکەکەی داگیرکراوە، بەڵکو خۆیشی دەرکراوەو ملیۆنانیان وەک پەناهەندە بە جیهاندا بڵاوکراونەتەوە. ترسناکترین شتێکیش لە مێژووی ئەم کێشەیەدا دروستبووبێت گۆڕانی کێشەکەیە لە کێشەیەکی ئینسانییەوە بۆ کێشەیەکی دینیی، لە مەسەلەی راونانی میلەتێک و داگیرکردنی خاکەکەیەوە، بۆ پێکدادانی دوو دین و دوو خودا. ئەوەی لەم گۆڕانکارییەدا دروستدەبێت پەیوەندییەکی نەفیکەرە کە هەر لایەنێکیان بەناوی دینێک و خودایەکەوە، بەشەکەی تریان رەتدەکاتەوەو ئەمیان ئەویتریان بە دەستدرێژیکردن بۆسەر خوداو موقەدەساتی دینەکەی خۆی، تاوانباردەکات.

وەک فەیلەسوفی روسی ئیسحاق دویتشر دەڵێت کێشەکە لە جەوهەردا کێشەی بەریەکەوتنی دوو قوربانییە لە قوربانییەکانی سەدەی بیستەم، لەگەڵ یەکدا. جولەکە وەک قوربانیی ژمارە یەکی دوای جەنگی جیهانی دووهەم، کە نازییەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک پلانی لەناوبردنی یەکجارەکیان داڕشت و زیاد لە ٦ ملیۆنیان لێکوشتن. بەسەرهاتی ئەو ژورانەی نازییەکان بە غاز جولەکەکانیان تیادا دەخنکاند، لە بەسەرهاتە هەرە ناشیرینەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. قوربانی دووهەمیان ئەو فەلەستینیانەن کە لەسەر خاکەکەی خۆیان کوژران و دەکران و ماڵەکانیان داگیرکران، کران بە میلەتێکی بێخاک و بێنیشتیمان. گۆڕینی ئەم کێشەیە، بۆ کێشەی جەنگی نێوان دوو دین و دوو خوداو دوو موقەدەس لەگەل یەکتریدا، ئەو کارەساتە گەورەیەیە کە بەسەر ئەم مەسەلەیەدا هاتووە.

ئێستا با بێینە سەر ئێستا. بێگومان ئەوەی فەلەستینییەکان لەم دوو رۆژی رابردوودا ئەنجامیاندا، لەڕووی تەکتیک و لێزانیی و زیرەکیی سەربازییەوە، لەڕووی پلان بۆدانانی وردەوە، کەم وێنەیە. گرنگترین رووداوی ناو پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانە بە درێژایی مێژووی دروستبوونی کێشەکە. بەڵام لەپشتی ئەم شارەزایی و لێزانیی و زیرەکییە سەربازییەوە، عەقڵیەتێکی دینیی دواکەتوو کاردەکات کە یاریکردن بە ژیان و مردنی مرۆڤەکان ئاڕاستەی دەکات. عەقڵیەتێک توانای بیرکردنەوەی عەقڵانیی و توانای رێزگرتنی ژیانی مرۆڤەکانی نییە، لەڕاستیدا یاری بە ژیانی هەزاران هەزار مرۆڤەوە دەکات و لەبەردەم هاوکێشەیەکی ترسناکدا دایاندەنێت: یان سەرکەوتنێکی وەهمی یان مردنێکی راستەقینەی تێکەڵ بە وێرانکارییەکی گەورەو کەموێنە. ئیسرائیل دەوڵەتێکە توانای وێرانکردنی چەندانجاری هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە، توانای ئەوەی هەیە هەموو ناوچەکە، لە دەریاوە بۆ دەریا، بکات بە گۆڕستانێکی گەورە. ئیسرائیل نەک تەنها دەوڵەتێکی خاوەن چەکی نەوەوەیە، بەڵکو لەئێستادا عەقڵیەتێکی دینیی ترسناک، بە هەمان رادەی عەقڵیەتی دینیی هێزە دینییەکانی فەلەستین، بەڕێوەیدەبات. لە ئێستادا تێکەڵبوونی لۆژیکی دین و لۆژیکی هێز بەیەکتری، لۆژیکی باڵادەستی کارکردنی ئیسرائیلە وەک دەوڵەت.

ئەوەی دەیبینین دروستبوونی دۆخێکی دینیی مارەکراوە لە هێز، تیایدا هەم فەلەستینییەکان و هەم ئیسرائیلییەکان ئامادەن تا لەناوبردنی یەکتری لەگەڵیەکدا بجەنگن. ئەمیان ئامادەیە ئەویتریان لەناوببات. ئەو ئوسوڵیەتە دینییەی لەناو حکومەتەکەی ناتانیاهۆدا ئامادەیەو ئەو ئوسوڵیەتە دینییەش کە حەماس و هێزە ئیسلامییەکانی تر ئاڕاستە دەکات، لەیەک سەرچاوەوە هێز وەردەگرن: عەقڵیەتێکی دینیی کە بە زمانێکی خوێناویی و نەفیکەر قسەدەکات.
بە بۆچونی من لە رۆژانی داهاتوودا کارەساتی گەورە، هێجگار گەورە، دەبینین ئەوەیشی بەر لە هەمووان زیانی قورس و گەورەی بەردەکەوێت فەلەستینییەکان دەبن، بە تایبەتی خەڵکی بێپەناو بێکەس و گەمارۆدراوی غەزە. لەرۆژانی داهاتوودا تاوانی گەورەتر و ئیهانەی زیاتر بە مرۆڤ و خوێنی رژاوی زیاتر، دەبینین. ئەگەری دروستبوونی کێشەی ناوچەیی گەورەش لە ئەگەرە بەهێزەکان دەبێت.

غەزە کامپێکی گەورەیە، مرۆڤەکانی ناوی بەدبەخترین و چارەڕەشترین مرۆڤەکانی سەر ئەم ئەستێرەیەن، کامپێکی قەرەباڵغی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە، خراپترین شوێنێکی سەر ئەم ئەستێرەیەیە، بۆ ژیان. لەسەرێکەوە گیریان بەدەستی دڵڕەقیی و نائینسانیەتی حکومەتە دینییەکەی ناتانیاهۆوە خواردوە، لەسەرێکی دیکەوە بەدەستی حوکمڕانییە دینییەکەی حەماس و هێزە ئیسلامیی ناعەقلانیی و ستەمگەرەکانی، ترەوە. ئەوەی لە غەزەدا لەدایکدەبێت دەکەوێتە بەر غەزەبی دوو هێزی دینیی جیاواز، بەڵام هاوشێوەو لەیەکچوو.
فەلەستینییەکان هاوکات، وەک ئێمە، لەناو خۆیاندا دابەش و پارچەپارچەو لێکترازاون، غەزە حەماس داگیریکردوەو زیفەی غەربیش گروپەکەی سەر بە یاسر عەرەفاتی جاران. دوو حکومەتی خراپ، دوو شێوازی حوکمڕانیی ستەمگەر. دواهەمین هەڵبژاردنێک ئەنجامیاندابێت نزیکەی ٢٠ ساڵێک لەمەوبەربوو، بێگومان هەڵبژاردنێکی پر تەزویرو فشارو گەندەڵکاریی.  

وەک وتم مەسەلەی فەلەستین یەکێکە لە مەسەلە گرنگ و رەواکانی جیهانی ئەمڕۆ، میلەتێک نیشتیمانەکەی دزراوەو ملیۆنانیشیان ناچارکراون لەناو کەمپی پەناهەدەییدا لە چەندان وڵاتی جیاوازی جیهاندا بژین، کە تیایاندا وەک مرۆڤی پلە سێ و پلە چواری بێماف و بێڕێز، ماماڵەبکرێن. ئەوانەی لە غەزەو زیفەی غەربیدا دەژین، لە دۆخێکی تەواو نائینسانیی قورسدا دەژین، ژیانیان کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی چەند هێزێکی ستەمگەرو چاوەرێی دەستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانن بۆ بەردەوامیدان بەو ژیانە سەختەی تێیکەوتون.
هەرچی ئەو فەلەستینییانەی ترە کە لە دوای ساڵی ١٩٤٨و لەدوای جەنگی ١٩٦٧ەوە، رایاننەکردو شوێنەکانی خۆیان بەجێنەهێشت، لەناو گوندو شارەکانی خۆیاندا مانەوەو ئیسرائیل وەک دەوڵەت حوکمیان دەکات، نەک پلەی هاوڵاتییان لەناو ئیسرائیلدا نییە، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ناوەکیی بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، کە بووە بە دەوڵەتی دینیی جولەکە، سەیریان دەکرێت و مامەڵەدەکرێن. ئەم دۆخە وای لەزۆر کەس کردوە باوەڕیان وابێت ئیسرائیل دەوڵەتێکی «ئاپارتهاید»بێت، واتە دەوڵەتێک بە لۆژیکی عونسریەتی دینیی کاربکات و بەو لۆژیکە مامەڵەی دانیشتوانە ناجولەکەی خۆی بکات.  

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی مەسەلەی فەلەستین ئەوەیە کە بووە بە ململانێیەکی سەختگیر، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەڵێن Intractable conflic. واتە کێشەکە نەک تەنها بووە بە ململانێیەکی چارەسەرنەکراو، بەڵکو بووە بە کێشەیەک کە بەرەنگاریی هەموو چارەسەرکردنێکیش دەبێتەوەو ناهێڵێت چارەسەربکرێت. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخەش ئەوەیە زیاد لە هێزو لایەنێک دەستیانتێدایەو هەریەکێکیشیان بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان، بەکاریدەهێنن. ناسیۆنالیستە دیکتاتۆرەکانی دونیای عەرەبی، لە جەمال عەبدولناسرەوە بۆ سەدام حوسەین، ئیسلامییەکانی ناوچەکە لە خومەینییەوە کە دەیگوت رێگای گەیشتن بە قودس بە بەغدادا تێدەپەرێت، بۆ ئەردۆگان و عەلی باپیرو سەلاحەدین بەهادینی خۆمان، هەموویان خۆیان بە خاوەنی ئەم مەسەلەیە دەزانن و هەریەکەیان بە جۆرێک نان و پیازی سیاسیی و دینیی پێوەدەخۆن. بە دیوی ئەودیویشدا هێزە کۆنزەرڤاتیڤ و راستڕەوەکانی ئەوروپا، تا بە سەرۆکە جیاوازەکانی ئەمریکا دەگات، خۆیان بە براو کەسوکاری ژمارەیەکی دەوڵەتەکەی ئیسرائیل دەزانن. ئەم دۆخە وایکردوە چارەسەرکردنی کێشەکە زەحمەت و زەحمەتتر ببێت. لە بنەڕەتیشەوە هەر چارەسەرێک بۆ کێشەکە بەبێ داننان بە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان، یاخود گۆڕانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتێکی نادینیی کە هەموو دانیشتوانەکەی وەک هاوڵاتی یەکسان، مامەڵەبکات، نرخی نابێت و تەمەنی کێشەکەش درێژو درێژتر دەکاتەوە.  
حەماس و ئیسلامییەکان دەیانەوێت دەوڵەتێکی دینیی دروستبکەن کە تیایدا خوداو دین رازیبکەن، نەک خەڵکی وڵاتەکە، ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە هێزە دینییەکانی ئیسرائیل دەیانەوێت و سەپاندوشیانە. وەکچۆن حوکمڕانییەکەی حەماس حوکمڕانییەکی ئوسوڵیی ستەمگەرە، حوکمڕانییەکەی دەوڵەتی ئیسرائیلیش حوکمڕانییەکەی دینیی ستەمگەرە. ئەوان لەباتی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلام دەوڵەتی جولەکەو لەباتی خودای ئیسلام خودای جولەکە رازیدەکەن.

ئەوەی لەم ساتەدا پێویستە ئەو لانیکەمی عەقڵانیەتێکی سیاسییە کە رێ لە بەرپابوونی جەنگ و خوێنڕشتنێکی گەورەی تر بگرێت. ئەوەی پێویستە جۆرێکە لە بیرکردنەوەی نادینییە بتوانێت کوتانی ئەو تەپڵی تۆڵەکردنەوەو شەهادەت و ژوانگرتنە لەگەڵ مردندا، راوەستێنێت کە پرۆپاگەندەی بۆ دەکرێت. ئەوەی پێویستە ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ نە لای حکومەتەکەی ناتانیاهۆ لە ئیسرائیل و نە لای حەماس و دۆستە ئیسلامییەکانی بوونی هەیە: عەقلانیەتێکی سیاسیی ژیانی مرۆڤەکانی لەهەموو شتێکی دیکە بەلاوە پیرۆزتربێت. ئەوەی لەم ساتەدا قسەدەکات ریتۆریک و زمانێکی ئینشاییە کە لە هەموو وشەیەکییەوە خوێندەرژێت، خوێنێکی زۆر. حەماس بە زمانی یان رزگاردەبین و خواستی خوا بەجێدەهێنین یان شەهیددەبین و دەچین بۆ بەهەشت، قسەدەکات. ناتانیاهۆ دەیەوێت دەرسی حەماس دابدات و هەموو غەزە وێرانبکات، ئیسلامییەکانی لای ئێمەش دەیانەوێت پزیشک بنێرن بۆ غەزەو ئێمە وەک میلەتێکی موسڵمان بکەن بەگژ ئیسرائیلدا، وەک دەوڵەتێکی جولەکە، هتد...
لەناو رێزمانی ئەم قسانەدا خوێنێکی زۆر، هێجگار زۆر، بۆ ڕشتن بەڕێوەیە. جەنگێک لە دەرگای مێژووی ئەو ناوچەیە دەدات کە تیایدا هەزاران هەزار مرۆڤ، منداڵ و پیرو ژن و پیاوی بێتاوانی تێدا دەکوژرێت. نابەرپرسترین زمانێک لەم ساتەدا بدوێت، ئەو زمانە دینییە کە مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیلی گۆڕیوە بۆ مەسەلەیەکی دینیی، بۆ جەنگی نێوان دوو دین و دوو خوداو دوو موقەدەس.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand