چ لە ئیسڕائیل روودەدات!

Draw Media

2023-10-08 08:54:09




پەیڕەو ئەنوەر

-لەبری بەرایی:
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست واناسێنراوە کە سەرزەمینی ئاین و بیروباوەڕەکانە. ئەم فرەچەشنیی و کێڵگەی بیروباوەڕە بۆتە ماتۆڕی بەگەڕخستنی ململانێ و جەنگ. لەدوای دیزانکردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا، سنور، ئیتنیک، ئاین و مەزهەب دەبن بە چوار تەوەری بنەڕەتی بۆ بەردەوامبوون، دامەزراندنەوە و تازەکردنەوەی ئەو جەنگە! وەک چۆن كڵاوس ویتز پێی وایە:<جەنگ درێژەدانە بەسیاسەت بەڕێگەی تر> دەکرێت ئێمەش ئەم جەنگە بە سیاسەتێکی تازە وێنابکەین بە ئامراز و شێوەی تر.
-جەنگی ئەکتەرەکان:
ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس-باڵی سەربازی هێرش دەکاتەسەر چەند پانتاییەکی ئیسڕائیلی. هێرشەکە لەدوای جەنگی ٦ رۆژەی عەرەب-ئیسڕائیل ساتەوەختێکی تازە و بێ پێشێنەیە! لەڕووی تەکتیکی جەنگ، جیۆپۆلەتیک، گڕووپی بەئامانجگیراو، دەرگای چوونەژوورەوە، مەیدانی رووبەڕووبوونەوە و زۆر رەهەندی تر! لەڕاستیدا جەنگ لەسەردەمی ئێستادا بەزۆر شێوە گۆڕانی بەسەرداهاتووە! حەماس وەک ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی Non-State Actor لە سێ گۆشەوە<ئاو، وشكانی و ئاسمانی> هێرش دەکاتە نێو پانتایی ئیسڕائیلی وەک ئەکتەرێکی دەوڵەتی State Actor کە پێدەچوو لە خەودا مابێتەوە و چاوەڕوانی ئاکتێکی وای نەکردبێت. هەرچەند لە ئەدەبیاتی جەنگدا دەبێت هەمیشە ئامادەبیت. سەرباز دەبێت زەوی بکات بە دۆشەک و ئاسمانیش بە بەتانی بۆ ئەوەی ئاگایی و ئامادەبوون لەدەست نەدات. ئەمڕۆ ئیسڕائیل ئەو ئاگاییەی لەدەستدا بەڵام ئەو لەدەستدانە سەرەتا و زەنگە بۆ بێداربوونەوە و کاردانەوە! وەک چۆن دوای ١١ی سێپتێمبەر زۆر شت گۆڕا لەدنیادا.
-ئیسڕائیل لەناوەوە، ئیسڕائیل لە دەرەوە
هێرشەکەی ئەمڕۆ وایکرد ئیسڕائیل وەک دەزگا، سەرباز و جیۆپۆلەتیک لەناوەوە بمێنێتەوە، لە ماڵ<پێچەوانەی زنجیرە درامای فەوزا Fauda کە هەمیشە ئیسڕائیل لەنێو ماڵی دوژمندا ئامادەیە*>. لەڕاستیدا ئەم مانەوەیە پاڵنەری بنەڕتییە بۆ هاتنەدەرەوەی بەخێرایی بەتایبەت کاتێک ئەم جەنگە رەهەندیکی یەکجار قوڵ و ئاڵۆزی هەرێمی هەیە و دووبارە جەمسەرەکان لەشێوەی ناوەند-پەراوێز دەچنە نێو خولێکی تری جەنگان و رووبەڕووبوونەوە. حەماس ئەمجارە لە قوڵایی ستڕاتیژی دنیای ئیسڕائیلی ئامادەبوو، جوڵەی کرد و رێسای جەنگەکانی پێشووی دەستکاریکرد! بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت کە ئیسڕائیل ئەمجارە دەتوانێت لە قوڵایی ستڕاتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەبێت و کارا بێت<لێدان لە سوریا و ئێران و بەشێکی لوبنان> و داخستنی دەرگای جیۆپۆلەتیک و جیۆسیاسی بەسەریاندا.
-ئاسایش و هێزی ناوچەیی
پێشتر وادەبینرا کە ئاسایش و سەرچاوەکانی ئاسایش بەتەنها دەوڵەت و هێزی رەقن! روانگەی ریاڵیزمەکان بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە بۆ ئاسایش باڵادەست و هەمیشە براوەیە. بەڵام روانگەی نوێ بەتایبەت قوتابخانەی کۆپنهاگن بۆ ئاسایش کۆمەڵگە و هێزی نەرم دەکات بەسەرچاوەی ئاسایش و لەناویشیدا سیاسەتی ناسنامە و ئاسایشی کۆمەڵگەیی. ئیسڕائیل لەڕوانگەی دەوڵەتەوە لە ئاسایش دەڕوانێت و بەڕێوەی دەبات. بەتایبەت لەپرسی بەها و ناسنامەدا. دیارە وڵاتانی تری ناوچەکەش هەمانە تێگەیشتنیان بۆ ئاسایش هەیە بەتایبەت تورکیا و ئێران و سوریا و تەنانەت عیراقیش.
پێدەچێت ئەم دۆخە ئاسایشییە بەربەستی گەورەبێت بۆ ئیسڕائیل بۆ گەیشتن بە دۆخی ئاشتی یان هاوسنەگی هێز لەگەڵ رکابەرەکانیدا. بۆشاییەکانی ئەمڕۆی نێو دامەزراوەی سەربازی نموونەی ئەو ئاڕگیۆمێنتەن. رەهەندێکی تری رووداوەکە، دامەزراندن و بوون بەهێزێکی ناوچەییە لەڕێگەی ئیسڕائیلەوە بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز. دیارە <سعودیە و ئێران> لە هەوڵدان، یەکەمیان لە رێگەی سازان و خۆگونجاندن، ئەویتریش بە رووبەڕووبوونەوە و بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیا و پانتایی و جیۆپۆلەتیکی ئەوانیتر.
-دووماهی:
ئیسڕائیل و فەلەستین<حەماس و فەتح و رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی> زیاتر لە نیو سەدەیە لەجەنگدان. جەنگی کلاسیک، جەنگ لە ئاسمان، جەنگی کۆڵان بە کۆڵان و فۆڕمەکانی تر. ئەمجارە حەماس چۆتەنێو بۆشایی و کەلێنەکانی جەستەی ئیسڕائیلەوە بەڵام زۆر سەختە بتوانێت بمێنێتەوە و درێژە بەم شێوە تازەیەی هێرشبردن و مانەوەیەدا بدات بەتایبەت حەماس هێزێکە هێشتا وەک پەراوێز دەردەکەوێت و ناوەندەکەشی توانای جەنگی لەناو پانتایی ئیسڕائیلی لاواز و زۆر سنوردارە. ئیسڕائیل بێتەدەرەوە و بچێتە قۆناغی هێرشکردنەوە، گۆڕانی خێرا دێتەکایەوە. گۆڕان لە سیستم، هاوسەنگی هێز، بەهاکان، مەیدانی جەنگ، فراوانخوازی و مانەوە، هەژموون و جیۆپۆلەتیک و دابەشکردنەوەی رۆڵەکان وەک چۆن دوای ١١ی سێپتێمبەر هاتنەدەرەوەی ئەمەریکا دەستکاری چەند رژێم و رێسایەکی کرد لەناوچەکەدا.  پێدەچێت بگەڕێینەوە بۆ چیڕۆکی <لەچاوەڕوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستێکی تازەداین> بەتایبەت کاتێک دەگوترێت: لەجەنگداین و براوەین! جەنگ وەک سیاسەت بەڵام بەڕێگەی تر.
*فەوزا، زنجیرە درامایەکی هەواڵگری ئیسڕائیلییە و لەچوار وەرز پێکدێت. باس لە ململانێی نێوان مۆساد و حەماس دەکات کە هەمیشە ئیسڕائیل تێیدا براوە و زاڵە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand