دەوڵەتی ئەمنی
2023-10-01 20:43:02
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
دەوڵەتی ئەمنی
ساڵانێکی درێژ، میلەتانی ئەم ناوچەیە، لەگەڵ کۆمەڵێک مژدەی گەورەدا ژیان، مژدەی ئەو دەوڵەتانەی لە دوای کۆتایی کۆلۆنیالیزمەوە لە سالانی پەنجاوە لەم ناوچەیەدا دروستبوون، دەوڵەتانێک کە بە دەوڵەتی «دوای کۆلۆنیالیزم» ناونراون. دەرکەوتە گەورەکانی ئەم مژدانە بریتیبوون لە: «بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسیی و ئابوریی»، «دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەلایەتیی»، «پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان»، «رێزگرتنی مرۆڤەکان»، «تازەکردنەوەی دەرکەوتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا»، «دروستکردن و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی»، «کردنەوەی رووبەری سەربەخۆی گەشەکردنی مرۆیی»، «پێشخستنی دۆخی ژنان»، «بەگژاچوونەوەی هێزە کۆنەپەرەستەکان»، «بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی»، هتد... بڕێک لەم مژدانە لە قۆناغێکدا جێبەجێکران، لەوانە دابینکردنی خوێندنی خۆڕایی، خزمەتگوزرایی پزیشکیی بێبەرامبەر، دۆزینەوەی کار بۆ بێکاران، بەتایبەتی بە فەرمانبەرکردنی بەشە خوێندەوار و خاوەن بروانامەکانی کۆمەڵگا، لەهەندێک دۆخدا دابینکردنی خانوبەرە بە کرێی هەرزان بۆ کرێکاران و فەرمانبەران. لە میسری سەردەمی ناسر و لە قۆناعی یەکەمی حوکمرانی بەعس لە عێراقدا ئەم دۆخە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئامادەبوو. لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا بۆ ناساندنی وردتری ئەم دۆخە باس لە بوونی «سەودایەکی دەسەڵاتگەرانە», The authoritarian bargain دەکرێت لە نێوان کۆمەڵگا و حومکرانانی دەوڵەتدا. خاڵی سەرەکیی لەم سەودایەدا، یان لەم رێکەوتن و گرێبەستە نەنووسراوەدا، ئەوەیە کە دەوڵەت و حوکمرانان خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگا دابیندەکەن، لە بەرامبەردا کۆمەڵگا واز لە مافە سیاسییەکانی دەهێنێت. بە مانایەکی دیکە کۆمەڵگا گوێڕایەڵی دەوڵەت دەبێت، لە بەرامبەردا دەوڵەت نان و شتێک لە ژیانێکی هێمن و لانیکەمێک لە ئاسودەیی مادیی، دابیندەکات. بە کورتییەکەی دەوڵەت نان دەدات بەلام ئازادیی لەناودەبات، بە تایبەتی ئازادییە سیاسییەکان.
بەم شێوەیە سیستمی حوکمڕانیی تاکحیزبیی و تاکسەرکردەیی و تاکئایدیۆلۆژیا، لەدایکدەبێت. دەوڵەتێک لەدایکدەبێت کە تێکەڵێکی شێواوە لە «دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی» و« دەوڵەتی ئەمنیی». ئەم سیستمە لەچەند وڵاتێکی ناوجەکەدا تا کۆتایی ساڵانی هەفتا و لە عێراقدا تا کۆتایی ساڵانی هەشتا کاریکرد. بەڵام هەرزوو ئاشکرابوو کە ئابوریی ئەو ولاتانە و گەشەی ناوەکیی دانیشتوان و دروستبوونی هێزی کۆمەلایەتی نوێی خاوەن خواستی سیاسیی و، خراپ ئیدارەدان و بڵاوبوونەوەی گەندەلىی و لە سەروی هەمووشیانەوە باڵادەستبوونی دیدگای نیولیبرالی لە ئاستی جیهانیدا و سەپاندنی هەنێک ریفۆرمی نیولیبرالانە لەلایەن دەزگا نێودەوڵتیەکانی وەک «بانکی جیهانی» و «سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی»ەوە، دۆخێکیان دروستکرد ئەو فۆرمە لە دەوڵەت و ئەو شێوازە لە پەیوەندیی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا، قابیلی بەردەوامبوون نەبێت. ئەوەی روویدا کۆتاییهاتنی «سەودا دەسەلاتگەریی»ەکە بوو، بە تایبەتی کۆتایی ئەو بەشەی کە پەیوەستبوو بە دابینکردنی خزمەتگوزاییە سەرەکییەکانەوە بۆ کۆمەڵگا. ئەوەی مایەوە دەوڵەت و حوکمڕانییەکی ئەمنی رووت بوو. نەوەیەک لە سیاسیی و حوکمران دروستبوون، کە زۆرجار لەناو یەک خێزانی سیاسیەوە دەهاتن، کە جگە لە تێگەیشتنێکی ئەمنیانە بۆ دەوڵەت، واتە تێگەیشتنێک دابڕاو لە مافە هەرە بنەرەتییە گەردونییەکانی مرۆڤ، هیچ تێگەیشتنێکی دیکەیان نەبووە و نییە. دەوڵەت و حوکمڕانی لای ئەمان تەنها یەک مانای ئەمنی هەیە: مانەوەی خۆیان و نەوەکان و دارودەستەکەیان لە دەسەڵاتدا تا رۆژی قیامەت، یان تا رۆژی ڕاونان و روخاندن و لەناوبردنیان.
ئێستا ئەوەی لە ناوجەکەدا ماوەتەوە چەندان میلەتی توڕە و کۆمەڵێک دەوڵەتی ئەمنین. ئەم دووانەش وەک دوو دوژمن لەیەکتری دەروانن و وەک دوژمنیش مامەڵەی یەکتری دەکەن. حوکمرانانی ناوچەکە، لە ئەردۆگانەوە بۆ سیسی لە میسر، لە بن سەلمانەوە بۆ قەیس سەعید لە تونس، لە حوسیەکانی یەمەنەوە بۆ دەسەلاتی پارتیی و یەکێتی لە هەرێمەکەی خۆماندا، لەناو ئەم مۆدێلەد نووقمن. مۆدێلی دەوڵەتێکی ئەمنیی، کە سەرقاڵی پاراستنی دەسەڵاتی کۆمەڵێک تاکەکەس و خێزانی سیاسین. بێگومان بە پلە و رادەی جیاواز، لە هەرێمەکەی ئێمەدا بە موتڵەقیی و لە تورکیا و تونسدا، بە بڕو رادەیەکی کەمتر. ئەوەی هاوبەشە بوون و ئامادەگیی دەوڵەتێکی ئەمنییە، چ لە فۆرمە عەلمانیی و ج لە فۆرمە ئیسلامییەکەیدا، دەوڵەتێک ئامادەگییەکی گەورەی پێشێلکردنی مافە هەرە سەرەتایی و هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی تێدایە.
ئاکارێکیی سەرەکیی تری ئەم حوکمڕانانە ئەوەیە کە جگە لە دەنگ وسەدای خۆیان، هیچ شتێکی تر نابیستن. ئەوەی لەدەستیانداوە توانای گوێگرتن و لەوێشەوە توانای گفتوگۆ و پەیوەندیکردنە. ئەم دۆخە تا ئەو شوێنە رۆیشتوە دەسەلاتداران تەنانەت توانای بیستنی ئەو بێدەنگییە گەورەیەی ئەم ساتەشیان نەبێت کە میلەتانی ئەم ناوچەیە لەناویدا دەژین، بێدەنگییەک کە نەبوونی ئەلتەرناتیڤ و ئامادەگیی ترس لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سوریا و لیبیا و بەیەمەنی بوونی دۆخی ناوەکیی وڵاتەکە، ئاراستەیدەکات. بێدەنگیەک رۆژانە بە دەیان شێوە دەیبیستین و دەیبینین، بێدەنگییەک لە فۆرمی توڕەبوونێکی بێزمانی فرەچەشندا، ئامادەیە. تورەبونێک لە دۆخی خەمباری کەسێک دەچێت لەناوەوە بکوڵێت، بەڵام توانا و حەوسەڵەی نیشاندانی بەردەوامیی ئەو کوڵانە ناوەکییەی نەبێت. ئەم دۆخە وادەکات لە زیاد لە شوێنێکی ئەو دەڤەرەدا دەرگاکانی یاخیبوون و تەقینەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان کراوەبن. کۆمەڵێک میلەت هەبن لە دۆخی چاوەڕوانیدابن، چاوەروانیی شتێک کە نازانن چییە و ناتوانن روخسارە گشتییەکەی بناسن و دەستنیشانبکەن. نەبوونی ئەلتەرناتیڤ و نەمانی متمانە و قڵپبوونەوە بەسەر خەم و برینە شەخسیی و تایبەتییە زۆرەکانی ژیانی رۆژانەدا و هەوڵدانی بەردەوام بۆ مانەوە و خۆڕزگارکردن لە تیاچوون و زەلیلبوونی تەواوەتی، ئەم دۆخی چاوەروانییەی قوڵتر و قوڵتر کردۆتەوە.
ئەوەی لە ئێستادا هەم لای ئێمە و هەم لە بەشێک لە ناوچەکەدا ئامادەیە بوونی جۆرێک لە حوکمرانییە کە کورتبۆتەوە بۆ ماشێنێکی گەورەی ئەمنیی توندوتیژ، کاری یەکەم و هەرەسەرکیی بریتییە لە پاراستنی کۆمەڵێک حاکم و خێزان و دەوروبەرە گەندەڵەکانیان، بەڵام پاراستنیان لە کێ؟ پاراستنیان لەو میلەتانەی حوکمڕانیان دەکەن، لەو کۆمەڵگایانەی گوایە بەڕێوەیاندەبەن و ژیانی گشتیی و پێکەوەییان ڕێکدەخەن. لە ڕاستیدا ئەوەی هەیە و کاردەکات جۆرێک لە حوکمڕانییە کە توانای دروستکردنی هیچ بەرەیەکی ئەخلاقیی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی خۆیاندا نەماوە. پردێکی پەیوەندیی نەماوە لەنێوان ئەوان و کۆمەڵگاکانیاندا نەڕوخابێت.
بەبێ گۆڕانی ئەم تێگەیشتنە ئەمنییە بۆ دەوڵەت و حوکمرانی، بەبێ ناشتنی ئەم وێناکردنە بۆ حوکمرانیی، کە دابڕاوە لە مافە هەرە بنەرەتىیە گەردونییەکانی مرۆڤ، هیچ ڕێگایەک بۆ دەسکاریکردنی ئەو دۆخەی ئێستا لەئارادا نییە. ئەوەی بەر لە هەرشتێکی تر لەم ناوچەیەدا پێویستە، بە تایبەتی لە هەرێمەکەی ئێمەدا، ناشتنی ئەم تێگەیشتنی ئەمنییانەیە بۆ دەوڵەت، بۆ حوکمرانیی، بۆ حیزب، بۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و حوکمرانان و دەوڵەت و کۆمەڵگا. گۆڕینی دەوڵەتی ئەمنیی بۆ دەولەتی هاوڵاتیی خاوەن ماف، هەنگاوی ژمارە یەکە، هەمووشتێکی دەرەوەی ئەم ستراتیژە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، بەئەمنیکردنی زیاتر و زیاتری دەوڵەت و حوکمرانیی لێدەکەوێتەوە، تا ئاستی گەیشتن بەئەمنیکردنی ژیان خۆیشی.