بافڵ تاڵەبانی كۆنترۆڵی بڕیاری یەكێتیی دەكات

Draw Media

2023-09-27 08:17:27



(درەو): 
ئەندامانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی كە ژمارەیان (600) ئەندامە، چونە ناو هۆڵی كۆنگرەوە كە لە (تەلاری هونەر) لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەم كۆنگرەیەدا ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیی (121) كەسەوە بۆ (61) كەس كەمدەكرێتەوە. بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە سەرەتاییەی كە لەناوخۆی یەكێتیدا لەبارەی كۆنگرەكەوە كراوە، وەزیرو بریكاری وەزیرو پەرلەمانتاران بۆیان نیە خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندید بكەن، ئەم بابەتە بەجێهێڵدراوە بۆ ئەوەی كۆنگرە یەكلای بكاتەوە‌و دەنگی لەسەر بدات. 
ئێستا دوو پەرلەمانتاری عێراق‌و وەزیرێك‌و بریكارێكی وەزیری عێراق‌و سێ وەزیری هەرێم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین.
كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی، سیستەمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوەو بافڵ تاڵەبانی دەبێتە سەرۆكی یەكێتیی‌و جێگری نابێت، یەكێتی سێ ئەنجومەنی دەبێت‌و لەژێر سەرپەرشتی سەرۆكدا دەبێت:
• ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی ناوەكەی دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، ئەندامەكانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دیاری دەكرێت، ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە (9) ئەندامەوە بۆ نزیكەی (20) ئەندام زیاد دەكرێت، سەرۆكی یەكێتیی سەرپەرشتی دەكات‌و جێگرێكی بۆ دیاری دەكرێت.
• ئەنجومەنی پشتیوانی كە ئەنجومەنێكی نوێیەو ژمارەی ئەندامانی نزیكەی (100) ئەندامەو سەرۆكی یەكێتیی سەرپەرشتی دەكات‌و بەپێی راسپاردەكانی سەرۆكی یەكێتیی ئەركەكانی جێبەجێ دەكات.
• ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی كە ئێستا (121) ئەندامەو ژمارەی ئەندامانی كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (61) ئەندام‌و سەرۆكی دەبێت‌و لەژێر سەرپەرشتی سەرۆكی یەكێتیدا دەبێت‌و دەبێتە ناوەندی بڕیاری یەكێتیی.
بەم پێیەش، ئەو دەسەڵاتەی كە لەم كۆنگرەیەدا بافڵ تاڵەبانی وەریدەگرێت، تەنانەت جەلال تاڵەبانی باوكیشی كە دامەزرێنەرو سكرتێری مێژوویی حزبەكە بووە، هیچ كاتێك بەخۆیەوە نەبینیوە.

غائیبەكانی كۆنگرەی پێنجەم
دیارترین ئەوانەی لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیدا ئامادە نابن، بریتین لە هەریەكە لە: 
•    بەرهەم ساڵح
•    لاهور شێخ جەنگیی
•    مەلا بەختیار
بەرهەم ساڵح كە سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق‌و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بوو، چەند رۆژێكە هەرێمی كوردستانی بەرەو ئەمریكا بەجێهێشتووە، بۆچونی فەرمی خۆی لەبارەی كۆنگرەكەوە رانەگەیاندووە.
لاهور شێخ جەنگیی كە لە كۆنگرەی چوارەمدا بە هاوسەرۆكی یەكێتیی هەڵبژێردرا، لەم كۆنگرەیەدا بەتەواوەتی دەخرێتە دەرەوەی ریزەكانی یەكێتیی، ئەو دوێنێ پەیامێكی ڤیدیۆی بڵاوكردەوە، تێیدا خراپی دۆخی یەكێتیی خستە ئەستۆی "كوڕەكانی مام جەلال"‌و رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە 25ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لیستی تایبەت بەخۆی دەبێت. 
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیش، دوای گفتوگۆیەك لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرە، وەكو خۆی دەڵێ قایل بووە بەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی لە شوێنی كۆسرەت رەسوڵ وەربگرێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی ئامادە نەبووە دەسەڵات بەم ئەنجومەنە بدات، بۆیە بەشداری لە كۆنگرەكەدا ناكات.
   
یەكێتیی‌و كۆنگرە
ئەمڕۆ یەكێتیی كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی پێنجەمە، دواین كۆنگرەی یەكێتیی لە كۆتا رۆژەكانی 2019دا بەڕێوەچوو، كۆنگرەیەك كە بۆ یەكەمجار سیستمی "هاوسەرۆكایەتی" لەناو یەكێتیدا چەسپاند‌و تەنیا نزیكەی (ساڵ‌و نیوێك) بەردەوام بوو، بەهۆی تەقینەوەی ناكۆكی نێوان دوو هاوسەرۆكەكەوە (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی)، لە 8ی تەموزی 2021دا ئەم شێوازە لە سەرۆكایەتیكردنی حزب هەڵوەشایەوە كە یەكێتیی لە پەكەكە‌و حزبەكانی نزیك لە پەكەكەوە وەریگرتبوو، لەوكاتەوە یەكێتیی گەڕاوەتەوە بۆسەر شێوازە كۆنەكەی خۆی، بەڵام بە جیاوازییەكی كەمەوە، لەبری سكرتێر، سەرۆك دانراوە‌و سەرۆكیش كە بافڵ تاڵەبانییە، خۆی كەسی یەكەم‌و كۆتایییەو جێگری نییە.  
یەكێتیی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆم‌و دیدارێكی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، ئەم كۆنگرەیەش بێ بەش نەبوو لە دابڕان‌و دوركەوتنەوە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەم حزبە ئەمڕۆ لە ماڵەوە‌و لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە تەماشای كۆنگرەی حزبەكەیان دەكەن‌و بەشداری تێدا ناكەن.
یەكێتیی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون یان زۆر لاواز بوون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئابوری‌و چەك‌و پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەلایەن كوڕانی تاڵەبانییەوە كۆنترۆڵكراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand