ڕیفراندۆم، ڕەتکردنەوەی کۆلۆنیالیی نێودەوڵەتی و داگیرکاریی هەرێمی

Draw Media

2023-09-25 14:15:05




د. سەنگەر حاجی
سەت ساڵ بەسەر بڕیاری بە فەرمی لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق و شەش ساڵ بەسەر ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانیان تێدەپەڕێ و هێشتا هەندێک خەڵک کە ڕیفراندۆم سەلماندی کەمینەیەکی کەمن، لەسەر ئاوازی خۆ تۆمەتبارکردن و ئەوی دیکە بە فریشتە زانین بەردەوامن و بەوە خۆیان و خەڵکیش لەخشتە دەبەن کە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە و دێ، لێکەوتەی ڕیفراندۆمە، لە کاتێکدا ئەمە ڕێک پێچەوانەکەی دروستە و ئەگەر کورد لەماوەی ئەو سەت ساڵەی تێپەڕیوە چەند جارێک ڕیفراندۆمی بکردبا، ئەوا بەردەوام بە ''ئەوانی دیکە'' کە داگیرکەرانی کوردستانن، دەیگوت من هەم و ئێوە هەر هەوڵێک بدەن، ناتوانن ئیرادەی ژیان و بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی خۆمم لێوەرگرنەوە.
زۆرن ئەوانەی بە ژێردەستە و پاشکۆ و پەراوێز و خەڵکی جیهانی دووەم و سێیەم و چوارەم ناویان دێ. ئەم زۆرانە دەکرێ ئافرەت بن و بچەوسێنرێنەوە، دەکرێ بەندە بن و خاوەنەکەیان، بەهۆی هەژاری و ڕەنگی پێستیان، بووبێتە خاوەنیان و چۆنی بوێ وا مامەڵەیان لەگەڵدا بکا و دەشکرێ یاریزانێکی تۆپی پێ یان باسکە بێ و لە دونیای پۆستمۆدێرن و پۆست- پۆستمۆدێرندا خوێنی کڕدرابێ و مامەڵەی ژێردەستەیەکی لەگەڵ بکەن، ڕەنگیشە تاکێک بێ، بەدیار شاشەی تەلەفزیۆنێک یان مۆبایلێک دانیشتبێ و کۆنترۆڵێکی لەدەست گرتبێ، یان پەنجە ببزێوێ و وردە ورەدە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن یان پەڕە ئەلیکترۆنییەکان هەڵداتەوە و ئومێدی ئەوەبێ کە ئەم، ئەو ئامرازانە و لە ڕێی ئەوانیشەوە جیهانی کۆنترۆڵکردووە، بێ ئاگا لەوەی بووەتە ژێردەستەی تەکنەلۆجیا و تەکنەلۆجیا کۆنترۆڵی کردووە.
مرۆڤ بە هەموو ئەوانەی سەرەوە و بە زۆر ڕێگا و شێوازی دیکەش دەبێتە ژێردەستە و پاشکۆ و لە پەراوێزدا دەبێ، بەڵام جۆرێکی ژێردەستەیی و پاشکۆبوون و پەراوێزبوون هەیە کە لە هەموو ئەمانە سەختتر و بەرفراوانتر و درێژخایەنتر و کارەساتبارترە، ئەویش نەبوونی دەوڵەتە، چونکە کە نەتەوە دەوڵەتی نەبوو، هەموو ئەو جۆرە بەندایەتی و ژێردەستەییانە و بگرە زیاتریشی بەسەردا دەسەپێن. ئەو نەتەوانەی دەوڵەتییان هەیە، ئەگەر ژێردەستەش بن، ژێردەستەییەکەیان لە ژێردەستەیی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان جیاوازە، ئەگەر داگیرکراویش بن، داگیرکرانەکەیان لە داگیرکرانی خاکی نەتەوەی بێ دەوڵەت ناچێ و ئەگەر تاکێکی نەتەوەی خاوەن دەوڵەت لە ئۆلۆمپیاتێک میدالیایەکی زێڕ یان زیو بباتەوە، دووبارە سەرکەوتنەکەشی لەسەرکەوتنی تاکی نەتەوەی بێ دەوڵەت ناچێ.
دوا ڕستە لە کۆپلەی سەرەوە وەردەگرم و لەگەڵ ڕوانینێکی ''هیگڵ'' لێکیان دەدەم کە دەڵێ ''ئەو نەتەوەیەی دەوڵەتی نەبێ، دەکەوێتە دەرەوەی مێژوو''. کوردێک (عێراقی، سووری، ئێرانی، تورکیایی) میدالیاییەکی زێڕی لە ئۆلۆمپیاتێک وەدەستهێناوە، ئەگەر کورد بێ و ڕەگەزنامەی عێراقیی هەبێ، ئەوا بە فەرمی و لەسەر ئاستی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا سەرکەوتنەکە بۆ عێراق تۆمار دەکرێ و ناوی کورد لە هیچ کوێ ناییێ، ئەوەی تۆمار دەکرێ مێژووە و کوردیش لە مێژوو، چونکە دەوڵەتی نییە، بەدەرکراوە، کەواتە ئێمە لەدەرەوەی مێژووین. ئەمە نموونەیەکی سادەیە، بەڵام دەکرێ لەسەر هەرچی ڕووداو و دیاردە هەیە کە پەیوەندیی بە نەتەوەی بێ دەوڵەتەوە هەیە، تاقیبکرێتەوە و لەسەر هەموویان ڕاست دەردەچێ.
ڕزگاربوون لە پەراوێزبوون و ژێردەستەیی تەنیا کاتێک ڕوودەدا کە نەتەوە بوو بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، چونکە ''دەوڵەت قۆناغێکی ڕاگوزەر نییە لە ژیانی مرۆڤدا و تێیبپەڕێنێ، بەڵکو ئامانجی کۆتاییە''، ئەمەش قسەی ''هیگڵ''ە و واتاکەی ئەمەیە، مرۆڤ کە بوو بە خاوەنی دەوڵەت، ئیدی دەبێ بە خاوەنی زۆر شت و زۆر شتیش چاوەڕێیەتی تا ببێ بە خاوەنی، چونکە بوون بە خاوەنی دەوڵەت، واتا کۆتایی مێژوو، واتا ئیدی لە پشت ئەم خاڵەوە خاڵێکی دیکە نییە، تا تێیپەڕێنێ، بۆیە هەموو ئەوەی ڕوودەدا لە چوارچێوەی بازنەی دەوڵەتدا دەبێ و لەوێ بڕیاری لێدەدرێ. هەر ئەو دەڵێ ''مەبەستی مێژوو دەوڵەتە و مەبەستی دەوڵەت ئازادییە و ئازادیش بەبێ دەوڵەت نییە''، ئەمەش وەڵامێکە بۆ ئەوانەی لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لێرەولەوێ پاساوی ئەوەیان دەهێنایەوە کە ئازادی نییە، بۆیە دەنگ بە ''بەڵێ'' نادەن. ئەوەی ئازادیی دەوێ، دەبێ یەکەمجار دەوڵەتی هەبێ، هەر ئازادییەک لە بێ دەوڵەتیدا، ئازادییەکی لەخشتەبەرە و لە وەهمێک زیاتر نییە و خۆ خەڵەتاندنە.
کورد نەتەوەیەکی ژێردەستە و پاشکۆ و پەراوێزخراوە، ئێمە ژێردەستەین و هێشتا ئازاد نین و ئازادیش نابین، تا دەوڵەتمان نەبێ و بە تەواویش نابینە بەشێکی کاریگەر یان لایەنی کەم زیندووی ئەم جیهانە، چونکە ئەو جیهانەی لە سەدەی بیستەمدا داڕێژراوەتەوە، ئێمەی تێدا پەراوێزخراوین. بۆ ئەمە با لە ناوی بەرفراوانترین دامەزراوەی سەر ئەم گۆزەویە ڕابمێنین کە ''نەتەوە یەکگرتووەکان''ە، ئەگەر تێبینی بکەین دەبینین هەردوو زاراوەی ''نەتەوە'' و ''دەوڵەت'' وەک هاوواتای یەکتر بەکارهاتوون، ئەمە دانپێدانانێکە کە ئەوەی دەوڵەتی نییە، نەتەوەش نییە، ئەمەش دووبارە سەلمێنەری ئەوەیە، ئەوەی دەوڵەتی نەبێ، لەدەرەوەی چاکی و خراپی ئەم جیهانەیە. ڕیفراندۆم بۆ ئەوەبوو ئێمەش ببین بە بەشێک لەو چاکی و خراپیانە و بڕیارمان هەبێ، نەک هەمیشە بڕیارمان لەسەر یان لەبارەوە بدرێ.
ئێمەی کورد گەورەترین نەتەوەین کە زۆرترین کارەساتمان بەدەست کۆلۆنیالیزم و ئیستیعمار چەشتووە و زۆرترین باجیشمان داوە و دەیدەین، چونکە کۆلۆنیالی نێودەوڵەتین و داگیرکراوی هەرێمین، بۆیە دەبێ بەشێکی کار و بیرکردنەوەمان بۆ قۆناغی پاش-ئیمپریالیزم تەرخان بکەین. ڕیفڕاندۆم ڕەتکردنەوەی پلانی سەت ساڵەی ئیستیعمار و ئەو ڕۆژهەڵاتەبوو کە ڕۆژئاوایی ویستوویانە و دەیانەوێ. ئێمە(زۆرینەمان) لەوێدا گوتمان ''بەڵێ''، بەڵێیەک کە ڕێک تامی ''نا''کەی کامۆی دەدا لە کتێبی ''یاخی''. کامۆ پێیوایە مرۆڤ کاتێک ئازاد دەبێ کە فێربێ بڵێ ''نا''، ئێمەش لە ڕیفراندۆمدا ئەوەمان گوت و لە ساتێکی مێژووییدا گوتمان ئێمە هەین و چەند ڕۆژێکیش بە ڕێگاوە بووین، تا بچینە ناو مێژوو و چیدیکە لە دەرەوەی مێژوو نەمێنینەوە و بۆمان هەبێ قسەبکەین، بەڵام نەیانهێشت...
بەشێک لە سیاسیی و ڕۆشنبیرانی کورد لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا ڕۆڵیان زۆر نەرێنی بوو و تاکە شتی سەرزاریان ئەوەبوو کە ڕیفراندۆم نەکرێ، بەبێ ئەوەی هیچ پرۆژەیەکی دیکەیان هەبێ لە بەرانبەر نەکردنی ڕیفراندۆمدا. سپیڤاک کە فەیلەسوفێکی هیندییە بەمشێوەیە لەبارەی ئەو جۆرە ڕۆشنبیرانە دەنووسێ: ''لە باشترین حاڵەتدا، هەواڵهێنی ناوخۆیین، ئەوەمان بۆ دەگوازنەوە کە ڕۆشنبیرانی جیهانی یەکەم، ئەوانەی بایەخ بە ''دەنگی ئەوی دیکە'' دەدەن، دەیڵێن.'' ئەو باسی دەستەبژێر و ڕۆشنبیرانی هیند دەکا، بەڵام بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کورد ئەمەش ناکەن و ئەوەی دەیڵێن دووبارە دەبێتەوە پەراوێز بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاواوە گوتراوە، چونکە ڕێک چی گوتراوە نایگوازنەوە، بەڵکو بەشێوەیەک لە شێوەکان دەستکاری دەکەن، یان لەگەڵ گوراحی سیاسی و ڕۆشنبیری خۆیان دەیگونجێنن و لەگەڵ ویستی داگیرکەرە هەرێمییەکان موتربەی دەکەن، ئینجا دەیگوازنەوە. هەروەها سپیڤاک کاری قووڵتر بۆ ڕۆشنبیران دیاردەکا و پێیوایە کاری ئەوان ئەوەیە ''پێویستە ڕۆشنبیران هەوڵبدەن گوتاری کۆمەڵگاکانی دیکە بدۆزنەوە و بناسن.''، ئەم دۆزینەوەیە دەبێ بۆ خزمەتی وڵاتی خۆیان بێ، نەک ببنە گێڕەرەوەی ئەوانی دیکە و لە پەراوێزی ڕۆشنبیرانی جیهانی یەکەم و دووەمدا خۆیان مەڵاس بدەن و خۆیان لە ئاوازێک بخوێنن و نەتەوەکەشیان لە ئاوازێکی دیکەدا. سپیڤاک ئاوازی نەتەوە و جەماوەری پێ دروستترە لە ئاوازی ڕۆشنبیر و ئەمە دەڵێ:  ((جەماوەر بە ڕوونی دەزانێ چی دەوێ))، ئێمە جارێکی دیکە بەرەوڕووی ''بابەتی لەخشتەنەبران''- دەبینەوە، جەماوەر زۆر باشتر لە (ڕۆشنبیران) لە بابەتەکە تێدەگەن و ئەمەش بە ڕوونی دەڵێن))، مەبەستی سپیڤاک لێرەدا ئەمەیە کە جەماوەر باشتر دەزانن کۆمەڵگا لە چ کاتێک پێویستیی بە چ جۆرە دەسەڵات و نەریت و کەلتور..هتد هەیە و لەو ڕووەوە ئەوان لە ڕۆشنبیران حاڵیترن.
ئەمەی سەرەوە پێمان دەڵێ زیاتر لە سەتا نەوەت و دووی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بەوپەڕی هۆشیاری و ئاگاییەوە گوتیان سەربەخۆییمان دەوێ و نەچوونە ژێر باری بیرکردنەوەی ئەو سیاسی و ڕۆشنبیرانەی خۆیان لە جیهانی چوارەم دەژیێن و بیرکردنەوە ستۆکەکانی جیهانی سێمان بۆ دەگوازنەوە.
هەروەها خەڵکی هۆشیاری کوردستان کە دەڕوانێتە کار و کردارەکانی دوایین حکومەتی عێراق، دەزانێ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم چەند زەروور بوو و چەند پێویستە هەمیشە ئامادە بین بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دیکە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand