ئێمە کێین؟
.jpg)
2023-09-24 15:36:44
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
پرسیاری «ئێمە کێین؟» پرسیارێکە بەشێوەیەکی بەردەوام هەم ئێمەو هەم بڕێکی زۆری میلەتانی دراوسێمان لە خۆمانی دەکەین. کردنی ئەم پرسیارە لای بەشێک لە خوێندەوارو ڕۆشنبیرو هێزە سیاسیی و دینیی و فەرهەنگییەکان مەسەلەی سەرەکیی و ژمارە یەکە. چەندان گوتار سەبارەت بە شوناس و بە رەسەنایەتیی و بە «گەڕانەوە بۆ خود» هەیەو دروستبووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە. بەڵام زۆربەی وەڵامەکان بەم پرسیارە، تا رادەیەکی زۆر، وەڵامێکی سادەو دۆگمایی و ترسناکە. یەکێک هاواردەکات «ئێمە میلەتێکی موسڵمانین»، یەکێکی دیکە دەڵێت «نەخێر دینی ئێمە ئیسلام نییەو ئێمە بە زۆر کراوین بە موسوڵمان»، کەسێکی دیکە دەڵێت «ئێمە میدین و خاوەنی شارستانیەتەکانی ئەم ناوچەین»، ئەویتر دەڵێت «ئێمە قوربانییە گەورەکەی سەدەی بیستەمین»، یەکێکی دیکەش هاواردەکات «ئێمە میلەتێکی قارەمانین»، کەسانێکی تر هەن دەڵێن «ئێمە کۆمەڵێک خێڵ و قەبیلەی گەمژەو ناپاک و خائینین»، هتد... دەکرێت ئەم لیستی خۆپێناسکردنە درێژبکەینەوەو چەندان وەڵامی تری لەم شێوەیەی بۆ زیادبکەین. خاڵی سەرەکیی لە هەموو ئەم ناونان و پێناسانەدا ئەوەیە کە «بوونی ئێمە» وەک پێدراوێکی پێشین و شتێکی حازرو تەواو دروستکراو وێنادەکات. وەک جۆرێک لە قەدەر کە لە دوامانەوە دێت و لەمڕۆدا ناوەوەو دەرەوەی هەر یەکێکمان داگیردەکات و دەمانکات بەو کەسانەی کە هەین.
بە بۆچونی من پرسیاری ئێمە کێین هیچ مانایەکی مێژوویی راستەقینەی نابێت گەر تەواو متوربە نەکرێت لە پرسیارێکی دیکە، کە دەپرسێت: ئایا ئێمە لێرەو لە ئێستادا چیمان پێدەکرێت؟ دەتوانین چی بکەین؟ دەکرێت چ جۆرە ژیانێک دروستبکەین؟ چ پرۆژەیەک ھەڵگرین و چۆن بژین؟ ئەی چۆن دەسکاریی خۆمان بکەین و خۆمان بکەین بە چی؟ واتە پرسیاری «ئێمە کێین» نابێت هەرگیز کورتببێتەوە بۆ ئەو پرسیارە بەتەنها، ناشبێت پرسیارێک بێت روو لە رابردوو، ناکرێت ئاوڕدانەوەیەکی بەردوامیش بێت بۆ دواوە، بەڵکو پێویستە پرسیارێک بێت دەربارەی ئێستا، دەربارەی ئێستاییبوونمان، دەربارەی توانای دەسکاریکردنی ئەو ئێستایە، لە دەسکاریکردنی خۆمانەوە بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایەی لەناویدا دروستبووین و دەژین.
بە کورتییەکەی، کە لە خۆمان دەپرسین ئێمە کێین، یەکەمین شتێک پێویستە ئەنجامیبدەین چوونەدەرەوەی وەڵامە حازربەدەستەکانە، ئەو وەڵامانەی رۆژانە گوێمان لێدەبێت و چاوساغە جیاوازەکان پێماندەڵێن: «ئێمە میلەتێکی چەوساوەین»، «میلەتێکی موسڵمانین»، «گەلێکی خەباتگێرین»، «کۆمەڵێک خائین و ناپاک هیچ و گەمژە و نەزانین،» هتد... کۆی ئەم وەڵامانە لەسەر بە موتڵەقکردنی رەهەندێک لە رەهەندەکانی ژیانی رابووردو کاردەکەن و بە تەواویش دابراون لە پرسیاری ئێستاییبوون و ئێستا. ئەم بە موتڵەقکردنەش وەک ڕێگڕێکی گەورە لەبەردەم دروستکردنی ئێستایەکی نوێدا کاردەکات، کە بتوانێت هەم بمانکات بە خودێکی دەستەجەمعی نوێ و هەم بە ئەندامی مرۆڤایەتیی.
بە بۆچونی من پرسیاری ئێمە کێین لە دونیای ئێمەدا پێویستی بە وەڵامی تازە ھەیە، لە پێش هەموو شتێکیشەوە پێویستە خۆمان وەک کۆمەڵگایەک ببینین کە خواستێکی گەورەو بەهێزیی ژیانی هەیە، دەیەوێت بژیی و بەشێک بێت لە مێژووی مرۆڤایەتیی، ئیرادەی ژیانی بەر لە ئیرادەکانی تری چالاک و پڕ وزەو کردەیی بێت. میلەتێک بخوازێت بەشێکبێت لە جیھانی ئەمڕۆ، بەشێکبێت لە مرۆڤایەتیی و لەو هێزانەی لە خەمی جوانکردنی ئێستادان.
بەڵام ئێمە لە ئێستاو لەم ساتەدا لە کوێداین؟ لە چ قۆناغێکی مێژوویداین و ئەرکی ژمارە یەکمان چییەو کامەیە؟ بە بۆچوونی من ئێمە لە قۆناغی «دروستکردن و داهێنانی نیشتیمانداین»، لە قۆناغی دروستکردنی «شوێنێکی گشتیی و هاوبەش و یەکسانداین بۆ هەمووان و بەیەکەوە». بەبۆچونی من مرۆڤ بەبێ نیشتیمان ناتوانێت بەشێک بێت لە جیهان، بەبێ ئەندامبوونی لەناو گەلێکدا ناتوانێت ئەندام بێت لەناو مرۆڤایەتیدا. هەموو مرۆڤێک بەر لەوەی مرۆڤێکی ئەبستراکت و گشتیی بێت مرۆڤی ناو ژینگەیەکی بچووک و کۆنکریتە، ئەندام و نیشتەجێی شوێن و جێیەکی تایبەتە. لەناو مێژووی ئەمڕۆکەی مرۆڤایەتیدا ئەو شوێنە تایبەتە کە تیایدا دەژیی نیشتیمانەو ئەو گروپەی ئەندامە تیایدا، گەلە.
بەڵام نیشتیمان و گەل دوو پێدراوی بایۆلۆژیی و سروشتی نین، شتێک نین لە ئەزەلەوە بوونی هەبێت و رەنگیش نییە بۆ هەتاهەتایە بە هەمان شێوەی ئێستا بمێنێتەوە. نیشتیمان و گەل دروستکراوی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی و مێژوویین، بەرهەمێکی تایبەتن کاری بیرلێکراوەو دەستەجەمعیی و یەکسانخوازی خەڵکانێک دەیانەوێت بەیەکەوەبژین. با کەمەکێک وردتر لە چەمکی نیشتیمان رامێنین، کە وەک وتم دروستکردنی ئەرکی ژمارە یەکی ئەمڕۆکەی دونیای ئێمەیە.
نیشتیمان شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکانێکە ئیرادەیەکی هاوبەشی بەیەکەوەبوون کۆیکردونەتەوەو بەشێکی گرنگی شوناسی خۆیشیان لەو ئیرادەی بەیەکەوەبوونەوە وەردەگرن. نیشتیمان سەرزەمینێکی هاوبەشە کە گرێبەستێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تایبەت دروستیدەکات، شوێنەکە کۆی دانیشتوانەکەی وەک مرۆڤی خاوەن ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەتی ئینسانیی یەکسان دەبینێت و مامەڵەدەکات. هەموو ئەم شتانە وادەکەن نیشتیمان شوێنێکبێت هی هەمووان بێت، بە هەمووانیش لە خاڵی دەسپێکدا ئەگەرو شانس و سەرەتای یەکسان دەبەخشێت، شوێنەکە کەرامەتی هەمووانی تیادا بەهەمان رادە پارێزراوە. پێگەی چینایەتیی، هەبوون یان نەبوونی دین، ئەندامبوون لەم یان لەو گروپی تایبەتدا، باوەڕبوون بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیا، نێربوون یان مێبوون، رەنگی پێست، هتد... نەتوانن ئەو سەرەتا و ئەگەرە یەکسانانە دەسکاریبکەن و بسڕنەوە. تەنها بەم مانایە نیشتیمان دەتوانێت نیشتیمان بێت و تەنها بەم مانایەش دەتوانێت بەشێک بێت لە مرۆڤایەتییەک کە کۆی ئەو هەڵاوێردن و پەراوێزخستانەی تێدانەبێت. بەپێچەوانەی وڵاتی ئێمەوە، نیشتیمان نابێت تەنها نیشتیمانی ئەم یان ئەو بنەماڵەی سیاسیی، ئەم یان ئەو حیزب، ئەم یان ئەو دین و بیروباوەڕ، ئەم یان ئەو جۆر لە ئینسانی تایبەت، بێت. ئەمە وادەکات دروستکردنی نیشتیمان ئەرکی یەکەم و بنەڕەتیی کۆمەڵگاو ئینسانی ئێمەبێت.
بەڵام دروستکردنی نیشتیمان تەنها بە سرودو گوتارو ئینشاو درۆ و دەلەسەی رۆژانە دروستناکرێت، بەو نارسیزمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خێڵەکیانەش دروستنابێت، کە دەرەوەی خۆی لەخۆی بە کەمترو بێنرختر دەزانێت. کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستکردنی نیشتیمانیش دابینکردنی ماف و کەرامەت و ڕێزی یەکسانە بۆ هەر کەسێک بەشێک لە دانیشتوانی ئەو سەرزەمینە پێکبهێنێت کە خەڵکەکەی دەخوازن ناوی نیشتیمانی لێبنێن. نیشتیمان پێویستی بە چەسپاندن و پیادەکردنی مافی یەکسان و هەلی یەکسان و بەرپرسیاریەتی یەکسانە. ئەو شوێنەیە کە «سەرەتای یەکسان» بە هەموو منداڵێک دەبەخشێت لە هەناویدا لەدایکدەبێت، سەرەتایەکی یەکسانیش لەناو دەزگاو پێگەو ئۆرگانە سەرەکییەکانیدا کاردەکات. کۆمەڵێک پێدراو کە هیچیان لە دونیای ئێمەدا ئامادەنین و تا دێت زیاترو زیاتریش ئامادەنەبوونەیان بەرچاوترو ئاشکراتر دەبێت.
ئەمە وادەکات وەڵامی پرسیاری «ئێمە کێین؟» لەم ئاستەدا بریتیبێت لەوەی «ئێمە دانیشتوانی سەرزەمینێکین کە نەمانتوانیوە بیکەین بە نیشتیمان». ئەرکی سەرەکیی و ژمارە یەکیشمان بریتییە لە دروستکردنی ئەو نیشتیمانە. لە دونیای ئێمەدا ئەوانەی ناهێڵن نیشتیمان دروستببێت، جارێک سیاسەت و سیاسییەکانن، جارێک دین و دیندارەکان، جارێکی تر هەڵگری ئەم یان ئەو خەونی کۆمەڵایەتیین و جارێکی تریش ئەم یان ئەو فۆرمی نارسیزمی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییە کە دەرەوەی خۆیان، یان کورتدەکانهوه بۆ سەداو دەنگدانەوەی خۆیان، یاخود دەخوازن وێرانی بکەن و لەناویببەن.
بەڵام بە راستیی ئێمە کێین؟ ئێمە خەڵکانێک نەمانتوانیوە نیشتمانێک بۆ خۆمان دروستبکەین. بۆ ئەوەی بشبین بە بەشێک لە مرۆڤایەتیی، ئەرکی ژمارە یەکمان گۆڕینی ئەو سەرزەمینە جوگرفاییەیە کە لەناویدا دەژین، بۆ نیشتیمان، نیشتیمانێک بۆ هەمووان.
