هۆكار و نیشانەكانی پەتای خوێنبەربوون
2018-07-02 12:24:09
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
لە پاڵ قەیرانی سیاسی و ئاو و كارەبا و شەپۆلی گەرما، چەند رۆژێكە عێراق روبەڕوی قەیران و مەترسییەكی نوێ بووەتەوە، كە ئەوەش "پەتای خوێنبەربوون"ە.
لە عێراق تائێستا (5) حاڵەتی توشبون بە پەتای خوێنبەربوون تۆماركراوە، حاڵەتێكیان لە ناوچەی سۆرانی سەربە پارێزگای هەولێرە.
بەشێوەیەكی سەرەكی ئەم پەتایە لە پارێزگای دیوانیە جێگیربووە، لە كۆی (5) حاڵەت كە تۆماركراوە، (4) كەسیان مردوون.
بەگوێرەی پێناسەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پەتای خوێنبەربوون بەو نەخۆشییە دەوترێت "كە ترسناكە و هەندێكجار خوێنیشی لەگەڵە و چەند ڤایرۆسێك دەبنە هۆكاری توشبوون بەم نەخۆشییە".
بەشێوەیەكی دیاریكراو، پەتای خوێنبەربوون جۆرە پەتایەكە كە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەم پەتایە نەخۆشییەكی "كوشندەیە و تائێستا چارەسەری نەدۆزراوەتەوە".
ئەم نەخۆشییە سەرەتا لە ساڵی 1976 لە سودان دەركەوتووە.
نیشانەكانی پەتای خوێنبەربوون:
• بەرزبونەوەی پلەی گەرمی جەستە و لاوازبوون
• رشانەوە و ئازار لە هەموو بەشەكانی لەشدا
• هەندێجار ئەم پەتایە خوێنبەربونیشی لەگەڵدایە لەڕێگەی دەم و چاو و گوێیەكانەوە، لە هەندێك حاڵەتدا دەكرێت ئەم خوێنبەربوونە ناوەكی بێت و پاخود لەژێر پێستدا بێت
• دوای 4 بۆ 5 رۆژ لە توشبوون نیشانەی نەخۆشییەكە و زیپكە لەژێر پێستی نەخۆش دەردەكەوێت
قۆناغی گەشەی ڤایرۆسەكە لە دوو رۆژ بۆ 12 رۆژ دەخایەنێت و دواتر نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەردەكەوێت، رێژەی 75%ی ئەوانەی توشی دەبن دوای 3 بۆ 7 رۆژ لە توشبون خوێنبەربوون تێیاندا دەردەكەوێت.
چۆنیەتی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە:
• لەسەرەتادا دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە سەختە، ئەمەش بەهۆی لێكچونی نیشانەكانی لەگەڵ هەندێك نەخۆشی تردا
• ڤایرۆسەكە دەبێتەهۆی ئەوەی خوێن لەناو ملولەكاندا كلۆ نەبێت
• لەگەڵ پیسایی و میزدا خوێن دەبینرێت هەروەها خوێنبەربوونی لوت و پوكی ددانەكان
چۆنیەتی خۆپاراستن:
• دوركەوتنەوە و دەستنەدان لە ئاژەڵەكان
• رشتنی دەرمانی مێروكوژ لە ماڵەكاندا
• دوركەوتنەوەی لەو كەسانەی كە دوچاری نەخۆشییەكە بوون