Draw Media

ئەو ماددانەی بودجە كامانه‌ن كە دادگا كارپێكردنی راگرتوون ؟

ئەو ماددانەی بودجە كامانه‌ن كە دادگا كارپێكردنی راگرتوون ؟

2023-07-12 12:46:38


(درەو):
دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای سەرۆك وەزیرانی عێراق، كارپێكردنی ژمارەیەك ماددەو بڕگەی بودجەی راگرت كە پەیوەندیدارن بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و تەرخانكردنی پارە بۆ پارێزگاكان، ئەم راگرتنە تا یەكلابوونەوەی ئەنجامی سكاڵاكان، بەردەوام دەبێت. 

مادده‌كان چین ؟
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق فەرمانی سالاری "ولائی" لەبارەی ژمارەیەك لە ماددەكانی یاسای بودجەی عێراق دەركرد. بەگوێرەی ئەم فەرمانە، هەموو ئەو ماددانەی بودجە كە سكاڵای یاساییان لەسەرە، كارپێكردنیان رادەگیرێت تا ئەوكاتەی سكاڵاكان یەكلایی دەكرێنەوە.
رۆژی 3ی ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سكاڵای لەسەر (12) ماددەی یاسای بودجە لە دادگا تۆماركرد، بەوپێیەی پەرلەمان بەپێچەوانەی دەستورەوە دەستكاری ئەو ماددانەی كردووە. 
ئەو ماددانەی كە دادگای فیدراڵی فەرمانی سالاری بۆ دەركردوون‌و جێبەجێكردنی راگرتوون بریتین لە:
•    ماددەی (28/چوارەم: ا-ب): ئەم مادەیە وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەكات بەوەی رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە وەزارەتی ناوخۆ) ببڕێت‌و بیخاتە (سندوقی شەهیدان)ەوە‌و بەگوێرەی یاسای دەزگای شەهیدان بۆ ئەو كەسانەی خەرج بكات كە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەهەمان شێوە رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی خانەنشینی بۆ ئەم مەبەستە ببڕدرێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر ئەم دوو بڕگەی یاسای بودجە تۆماركردووە‌و دەڵێ" ئەمە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتە كە دەیەوێت قورسایی لەسەر شانی فەرمانبەران‌و خانەنشینان كەمبكاتەوە، سەرباری ئەمە یاسای شەهیدانی پۆلیس سەرچاوەی دارایی بۆ سندوقەكە دیاری كردووە، هەروەك رێژەی لێبڕینەكەش لە موچەی فەرمانبەران وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە ناڕوونە‌و نازانرێت لە موچەو دەرماڵە پێكەوە دەبڕدرێت ؟ ئایا مانگانەیە یان ساڵانە".
•    ماددەی (57/ یەكەم-ج): ئەم ماددەیە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە باس لە دروستكردنی سندوقێك دەكات بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەناوی "سندوقی پەرەپێدان‌و پاڵپشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ"، ئەم ماددەی بودجە چەند سەرچاوەیەكی دیاریكردووە بۆ پارەداركردنی سندوقەكە، یەكێك لە سەرچاوەكان بریتییە لە لێبڕینی رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆیە (بە مەدەنی‌و سەربازییەوە) بەجۆرێك ئەم لێبڕینە بڕەكەی لە (هەزار دینار بۆ هەر كارمەندێك) زیاتر نەبێت.
•    ماددەی (65/دووەم)، كاركردن بەم بڕگەی یاسای بودجە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە راگیراوە تا ئەوكاتەی سكاڵاكەی سەرۆك وەزیران یەكلادەبێتەوە، ئەم بڕگەیە دەڵێ" ئەنجومەنی زانكۆكان دەتوانن گرێبەستی هاوبەشیی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا بكەن لەبواری دروستكردنی نەخۆشخانەی فێركاری‌و تاقیگە‌و كارگەی زانستی‌و وەبەرهێنانی كشتوكاڵی‌و ئاژەڵی.
سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا، دژی ئەم بڕگەیە، دەڵێ ئەمە دەستوەردانە لە كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەدیاریكراویش ئەنجومەنی وەزیران كە بەرپرسە لە پلان‌و جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت، راكێشانی كەرتی تایبەت بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی فێركاری‌و كارگەی زانستی دەكرێت كاردانەوەی نەرێنی لەسەر ئەم كەرتە هەبێت، چونكە كەرتی تایبەت مەحكومە بە بنەمای قازانج‌و زەرەرەوە. 
•    ماددەی (70/ دووەم)، ئەم ماددەیە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە باس لە دابینكردنی پارە دەكات لەلایەن وەزارەتی داراییەوە  بۆ پرۆژە تەواوبووەكانی لە پارێزگاكان لەچوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی هەرێمەكان لەماوەی (1/1/2023) بۆ (1/6/2023)‌و ئەم پارانەش وەكو تەرخانكراوی زیادە بۆ پارێزگاكان ئەژمار بكرێت. 
سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دەڵێ پەرلەمان بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەت ئەم بڕگەی زیادكردووەو بەپێی دەستور بۆی نییە، چونكە ئەم بڕگەیە لێكەوتی دارایی لەسەر حكومەت بەجێدەهێڵێت، سەرباری ئەمە حكومەت تێبینی لەسەر ئەو میكانیزمە هەیە كە پەرلەمان بۆ پارەداركردن لەم بوارەدا پشتی پێبەستووە، دەڵێ پێوەری حكومەت لەم بوارەدا بریتییە لە خەرجكردنی پارە بۆ ئەو پرۆژانەی كە زۆرترین بەشیان تەواوكراوە. 
•    ماددەی (71)، دادگای فیدراڵی كاركردنی بەم ماددەیەش راگرتووە كە باس لە دەبێت حكومەت تاوەكو رۆژی (30/11/2023) كۆتایی بهێنێت بە بەڕێوەبردنی هەموو فەرمانگەكانی دەوڵەت بەشێوەی وەكالەت، ئەگەر لەدوای ئەو رێكەوتەوە ئەم كارە نەكرا، هەموو تەرخانكراوی دارایی‌و دەسەڵاتی ئیداری لەو فەرمانگانە وەربگیرێنەوە كە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرێن.
سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دژی ئەم ماددەیە، دەڵێ ئەمە دەستوەردانی پەرلەمانە لە كاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردن‌و پێچەوانەی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە یەكتر‌و ئەم بابەتە بەتەواوتی پەیوەندی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە هەیە نەك دەسەڵاتی یاسادانان. 
•    ماددەی (75)، ئەم ماددەی بودجە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە دەڵێ" سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 315ی ساڵی 2019 تایبەت بە وەزارەت‌و ئەو لایەنانەی بە وەزارەتەوە نەبەستراون، لەبری رۆژی 31/12/2019 پشت بە 2/10/2019 دەبەسترێت". 
سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دەڵێ گۆڕینی ئەو رێكەوتە خۆلادانە لە پرۆژەی حكومەت بۆ راگرتنی گرێبەست‌و دامەزراندن، ئەگەر پشتی پێ ببەسترێت خەرجی گشتی زیاد دەكات‌و بارگرانی دارایی دروست دەبێت.
 
كوردو سكاڵاكەی سودانی
سكاڵاكەی سودانی لەبارەی یاسای بودجەوە، هیچ یەكێك لەو ماددانە لەخۆناگرێت كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە (واتا ماددەكانی 11و 12و 13)، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم دەڵێ پەرلەمان دەستكاری رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدادی كردووە تایبەت بە موچە‌و نەوت.
بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای ناردنی پرۆژە یاسای بودجە لە حكومەتەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمان جگە لە گواستنەوە‌و كەمكردنەوە، دەسەڵاتی ئەوەی نییە هیچ گۆڕانكارییەك لە دەقەكانی حكومەتدا بكات، سودانی لەسەر ئەم بنەما دەستورییە سكاڵای لەسەر یاسای بودجە تۆماركردووە. 
دادگای فیدراڵیش بۆ ئەوەی هیچ بارگرانییەك لەسەر فەرمانبەران‌و حكومەت دروست نەبێت، بەر لەوەی یاسای بودجە لەم مانگەوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنی، بەم بڕیارە وەلائییە كاركردنی بە ژمارەیەك لەو ماددە‌و بڕگانە راگرت كە سەرۆك وەزیران سكاڵای لەسەر تۆماركردوون، تا ئەوكاتەی سكاڵاكە یەكلایی دەبێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand