سیاسەتی قەدەغەکردن و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دووڕوو
2023-05-07 17:51:16
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە ماوەی پێشودا گوێمان لە دەرکردنی چەندان بڕیار بوو بۆ سەپاندنی خواستی پیاوانی دین و خواستی بەشە کۆنەخوازەکەی کۆمەڵگای عێراقی بەسەر هەموواندا. لەوانەش بۆ نموونە، ڕێگرتن لەوەی پارێزەرە ژنەکانی عێراق «تەنوورەی کورت» و «جلی تەسک» لەبەربکەن، لەباتی ئەوە پێویستە و دەبێت ناچاربکرێن «جلی گونجاو» لەبەربکەن. لەهەمانکاتدا یاسا دەردەکەن کە «دوستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان» بە «هەموو جۆرەکان»ییانەوە قەدەغە دەکات. هەرکەسێک بیفرۆشێت یان بیخواتەوە سزابدرێت.
ئەم دوو نموونەیە دوو نموونەی زەق و بینراوی پەلاماردانی ئەو جۆرە ئازادیانەن کە لە دونیای ئەمڕۆدا ناوی «ئازدییە مەدەنییەکان»یان لێنراوە. ئەو ئازادییانەی وادەکەن مرۆڤ نەبێتە قوربانیی «دەسەلاتی دەوڵەت» و هێزە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە حوکمرانەکان، هەروەها نەبێتە قوربانیی دەستی ئەوەی لە دونیای مۆدێرندا ناوی «رای گشتیی» و «زۆرینەی کۆمەڵایەتیی» لێنراوە.
یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرندا ئەوەیە کە دەتوانێت بە ئاسانیی بکوژێت و ببڕێت، چەندان هێزی سەربازیی و ئەمنیی و پۆلیسیی ئاشکراو نهێنی هەن کە بە ئاسانی دەتوانن دەست بۆ ورد و دروشتی ژیانی تاکەکەسەکان ببەن. تەکنۆلۆژیایەکی گەورەی کوشتن و جاودێرکردن و دیسپلینکردنیش لەبەردەستدایە کە توانای کۆنترۆڵکردنی تەنانەت ژووری نووستنەکانیشی هەیە.
هاوکات کۆمەڵگا خۆیشی لە ڕێگای چەمکەکانی «رای گشتیی» و «زۆرینەی کۆمەلایەتیی»ەوە توانای ئەوەی هەیە کۆی ئەو دید و روانین و تێگەیشتنانە بسەپێنێت کە ئەو زۆرینەیە لەو ساتەدا بە ڕاستی دەزانێت. یەک زنجیرە جەمک و دیدگا هاتونەتەکایەوە کە بەناوی «سەلەف» و «رەسەنایەتیی» و «ئاسایشی ئەخلاقیی» و «کولتوریی باو و باپیران» و چەمکی ترسناکی تری لەم بابەتەوە ئەدوێن.
هەم دەوڵەت و هەم کۆمەڵگای مۆدێرن، دوو هێزی گەورە و هەمەتوانان گەر ڕێگەیان لێنەگیرێت دەتوانن ژیانی مرۆڤەکان تەواو لە قاڵببدەن و ئەوەی ناوی ئازادییە تاکەکەسیی و شەخسییەکانە بەتەواوی بسڕنەوە. نەک هەر ئەمە بەڵکو دەتوانن وابکەن مرۆڤەکان ببن بە کۆپی یەکتر و بە کۆپی ئەو مۆدێلە لە مرۆڤبوون کە لەناو عەقڵ و سایکۆلۆژیای پیاوانی دیندا دروستدەبێت.
چەمکی «ئازادییە مەدەنییەکان» و خواستی پاراستن و بەرگریلێکردنیان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هاوکێشە لاسەنگ و ترسناکەی سەرەوە لەدایکبووە. ئەو هاوکێشەیە گەر لە ڕێگای یاسا و دەزگا و پرنسیپی پاراستنی ئازادییەکانەوە، ڕێی نەگیرێت، تاکەکەس دەکاتە کۆیلەی حوکمرانان و رای گشتیی و دەزگا و سەرجەمی ئەو کەس و هێزانەوە کە خۆیان بە نوێنەری خودا و بە چاوساغی کۆمەڵگا دەزانن.
ئەوەی ئەو دوو بڕیارەی سەرەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەنجامیئەدات، رێک سەپاندنی روانینی دەولەت و حوکمرانان و ڕای گشتیی ساتەوەختیکی دیاریکراوە، بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگای عێراقیدا. بەسەر ئەو ملیۆنان کەسەشدا کە بەو بڕیارانە ناڕازین و وەک دەستدرێژیی و تەعەداکردن بۆسەر ئازادییە شەخسییەکانی خۆیان وێنایدەکەن. لەم دۆخەدا ئێمە لەبەردەم رووە تاریکەکانی دونیای مۆدێرنداین بەبێ ئەو توانا و یاسا و میکانیزمانەی دەتوانن سنوورێک بۆ ئەو رووە تاریکانە دابنێن.
ئەوەی لەم دۆخەدا دەستنیشانی ئەوەدەکات «جلی گونجاو» کامەیە، خودی ئافرەتەکان خۆیان نین، با خوێندەوار و دەرچوی خوێندنی باڵا و پارێزەریش بن، بەڵکو ئەو مەلا و ئیمام و باگخواز و حیزب و کادرە دینییانەن کە بەناوی موقەدەسەوە قسەدەکەن و وا هەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەوەی خودا کاغەزی سپی بۆ ئیمزاکردبن. بەم شێوەیە ئەوەی جۆر و شێوازی ئەم «جلە گونجاوە» دەستنیشاندەکات عەقل و زەوق و تێگەیشتنی ئەوان و، ئەو گرێ دەرونیی و کێشە سایکۆلۆژییانەیە کە ئەوان هەڵیانگرتوە. لە هەموو دۆخێکدا ئەوە ئافرەتان خۆیان نین دەستنیشانی ئەوەبکەن چی لەبەربکەن، گرنگ نییە پلەی خوێندەواریان هەرچییەک بێت.
ئەم لەشکرە دینییە لە هەوڵى ئەوەدان هەموو ئافرەتانی وڵاتەکە ناجاربکەن ئەوەی ئەوان ناوی «جلوبەرگی شەرعی»یان لیناوە، لەبەربکەن. لای خۆمان ڤێستیڤاڵی گەورە بۆ کردنە سەری حیجاب، کە حیجابێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و حیزبییە، بۆ هەزاران کچی منداڵ و گەنج ڕێکدەخەن، تەلەفیزیۆن و میدیایەکی دینیی بەرفراوان لە ئارادایە تێگەیشتنی ئەوان بۆ دین بڵاودەکاتەوە و لە کوێشدا بۆیانبکرێت ئەو تێگەیشتنە لەڕێگای هێزەوە بەسەر هەموواندا دەسەپێنن. یەک لەشکر پارت و رێکخراو و کۆڕ و کۆمەل و بانگخوازی دینیی هەمەجۆر هەن چیان بوێت دەیڵێن و دەینووسن و بلاویدەکەنەوە، کەچی لانی هەرەکەمی ئەو ئازادییە سادانە بە کەسانێک نادەن لەخۆیان نەچێت، قسەیەکیان لەسەر دین هەبێت لە قسەکانی ئەوان نەچێت. هەمووان دەبێت ئەو جلانە لەبەربکەن کە ئەوان دەڵێن خودا گوتویەتی لەبەریبکەن و ئەو شتانەش بخۆنەوە یان نەخۆنەوە کە خودا ڕێیداوە مرۆڤ بیخواتەوە یان نەیخواتەوە. هەرکەسێکیش لەم ئەمرە تایبەتانەی ئەوان لابدات، لە ئەمری خودا لایداوە. بۆیە ئەوان لێرە و لە ئێستادا بەناوی خوداوە سزای ئەدەن.
بە کورتییەکەی ئەم دۆخە تایبەتەی تێگێشتن لە دین و لە خودا وایکردوە ئەوەی ئێستا لە عێراقدا قسەدەکات دین نەبێت بەمانا میژوویی و ئینسانییەکەی، بەڵکو ئەو تێگەیشتنە سیاسیی و تائیفیی و میلیشیاییە بێت، کە لە ڕێگای هێزەوە خۆی بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت. بەم خۆسەپاندنەش شەقێکی گەورە لە کۆی ئەو ئازادییە مەدەنییانە بدات کە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی هێزگەلێکی وەک ئەوان، دروستبووە.
لە سەرجەمی ئەو وڵاتانەدا کە بەناوی ئیسلامەوە خواردنەوە کحولییەکانیان قەدەغەکردوە، جۆرێک لە ئابوریی قاجاغ دروستبووە کە ئەلکهول بە یاساغی لە هەموو شوێنێکدا دەفرۆشێت. زۆرجار بەشێکی گەورەی ئەو ئابورییە قاجاغە بە سەرە گەورەکانی دەسەڵاتەوە گرێدراوە کە بەناوی دینەوە ئەو مادانەیان یاساغکردوە. هاوکات زۆرێکیش لە خەڵک لە مالەکانی خۆیاندا و دوور لەهەر چاودێرییەکی زانستییەوە خۆیان ئەلکهول بەرهەمدەهێنن و دەیخۆنەوە.
بێگومان ئەم جۆرە یاساغکردنە تەنها ئابوریی قاچاغ و کێشەی تەندروستیی دروستناکات، بەڵکو کێشەی ئەخلاقیی گەورەش دروستدەکات، لە پێش هەمووانەوە کۆمەڵگایەکی تەواو دووروو دروستدەکات. دوو رووی ناکۆک و دژبەیەک. روویەکیان رووە فەرمیی بینراوەکەیە کە بۆ دونیای دەرەوە، بۆ حیزب و مزگەوت و حوکمڕانان و پیاوانی دین، دروستکراوە. ئەم رووە رووە درۆزنەکەی کۆمەڵگایە. رووکەی تریشیان، رووە راستەقینە و نافەرمی ا یاساغەکەیە، کە کەسەکان بۆ حەز و خواست و ویستە راستەقینەکانی خۆیان دروستیدەکەن.
ئەم دۆخە وادەکات ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە پێویستیان بە هێزی ترسناکی وەک « پۆلیسی ئەخلاق» هەبێت بۆئەوەی ئەو دوو رووە بە تەنیشت یەکەوە بپارێزن. لە راستیدا ئەرکی ژمارەیەکی پۆلیسی ئەخلاق و هێزە هاوشەوەکانی بریتییە لە پاراستن و دریژەدان بەو دووڕووبوونە کۆمەلایەتییە کە باسمکرد. ئەم هێزانەش لە جەوهەریاندا هێزی تەعەداکردنی رۆژانەن لە ئازادییە هەرە سادەکانی مرۆڤ بەناوی ئەخلاق و دین و رەسانەیتییەوە.