Draw Media

ئایا ئه‌ردۆغان شكست ده‌هێنێت؟!

ئایا ئه‌ردۆغان شكست ده‌هێنێت؟!

2023-04-27 10:24:52


هێمن خۆشناو
راهاتوومه‌ كه‌ ده‌نوسم، به‌تایبه‌تی كاتێك‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ رووداوێك یان دۆسیه‌یه‌ك ده‌كه‌م هه‌ست و سۆزم سڕ بكه‌م. جگه‌ له‌وه‌ش تا عه‌قڵم پێی ده‌شكێت هه‌وڵده‌ده‌م له‌ هه‌موو گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ رووداوه‌كه‌ بخوێنمه‌وه‌. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ راستی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌. چونكه‌ وه‌كو كۆمه‌ڵگا راهاتووین به‌ گرتنه‌به‌ری میكانیزمی نالۆژیكیانه‌ شرۆڤه‌كانمان له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌و ئاواته‌كانمان تێكه‌ڵ بكه‌ین، له‌و كاته‌شدا به‌شێكی كاریگه‌ر له‌ فاكته‌رو ئه‌رگومێنتی خوێنده‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ین یان به‌ گرنگیان وه‌رناگرین.
ئه‌م چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه‌م ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ بوو ده‌روازه‌ی هاتنه‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه بكه‌مه‌وه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی توركیایه‌ له‌ 14 ئایاری 2023 دا. بێگومان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌و راده‌یه‌ی بۆ ناوخۆی توركیا گرنگه،‌ بۆ كورد به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌. له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن ‌زۆربه‌مان پێشبینی سه‌ركه‌وتنی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی (هاوپه‌یمانی میلله‌ت)و سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په‌) ده‌كه‌ین، له‌م پێشبینیه‌شدا پشت به‌ ئه‌نجامی راپرسیه‌كانی ناو توركیا ده‌به‌ستین. له‌راستیشدا زۆربه‌مان به‌ هه‌ست و به‌ دڵ ده‌خوازین ئه‌ردۆغان شكست بێنێت، چونكه‌ ئاسته‌نگێكی سه‌رسه‌خته‌ له ‌به‌رده‌م دۆزه‌كه‌مان‌، به‌ ناحه‌ق خوێنی سه‌دان كه‌سی له‌م به‌شه‌ی كوردستان رشتووه‌، هه‌روه‌ها هۆكاری سه‌ره‌كی چه‌ندین قه‌یران، نه‌بوونی و مه‌ینه‌تیه.‌
بێگومان بۆ گه‌یشتن به‌ پێشبینیه‌كی زانستیانه‌ دوور له‌ سۆزو هه‌ست، ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌س نیه‌ كه‌ به‌دوای ئه‌م فاكته‌رانه‌ بگه‌ڕێین كه‌ ده‌بێته‌ هۆی شكستی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌یری فاكته‌ره‌كانی دیكه‌ش بكه‌ین و پرسیاری هۆكاری سه‌ركه‌وتنی ئۆپۆزسیۆنی توركیا له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری داهاتوو له‌ خۆمان بكه‌ین. ده‌بێت  ئاستی یه‌كگرتوویی ئۆپۆزسیۆن و گونجانیان له‌ ورده‌كاریه‌ هه‌ستیاریه‌كاندا وه‌كو فاكته‌رێكی گرنگ وه‌ربگرین، تا بتوانێ به‌رامبه‌ر كه‌سایه‌تیه‌ك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت كه‌ ئه‌زموونێكی دوورو درێژی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی توركیای لێ ده‌ركه‌ین كه‌ له‌ ساڵی (2019) ئه‌نجامدرا، ئه‌ردۆغان له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیدا له‌‌ رێكه‌وتی (27 ئاداری 1994) تا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌ (فۆڕمه‌ نوێیه‌كه‌ی) له‌ 2018 له‌ هه‌موویاندا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌. جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ توانایه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌ وه‌به‌رهێنانی گوتاری جه‌ماوه‌ری، وروژاندنی خه‌ڵك له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌‌كانی (نه‌ته‌وه‌یی، ئاینی، جوگرافی، حزبی و حه‌سره‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی) كه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌موویان بۆ ده‌نگده‌ری تورك ئه‌وه‌نده‌ گرنگن تا به‌هۆیانه‌وه‌ ده‌نگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌ردۆغاندا بده‌ن. 
چه‌ندین ورده‌كاری دیكه‌ی هه‌ستیار هه‌یه‌، فه‌رامۆشی ده‌كه‌ین له‌ پێشبینیكردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا. له‌ گرنگترین ئه‌م ورده‌كاریانه‌ش رێكه‌وتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ 14 ئایاری داهاتوو كه‌ ئه‌ردۆغان دیاریكردووه‌. رۆژی 14 ئایار ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی توركیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی (عه‌دنان مه‌ندرێس) بۆ یه‌كه‌مجار پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په‌ی) له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هێنایه‌ خواره‌وه‌و له‌كۆی 487 كورسی په‌رله‌مان 408 كورسی به‌ده‌ستهێنا. پارتی دیموكراتی توركیا ‌به‌ر له‌ 73 ساڵ، به‌ دروشمی "به‌سه‌، بڕیار هی میلله‌ته‌" كۆتایی هێنا به‌ده‌سه‌ڵاتی (جه‌هه‌په‌) كه‌ پارتی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری توركیا كه‌مال ئاتاتورك بوو. دیاریكردنی 14 ئایار بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغان له‌خۆوه‌ نیه، به‌ڵكو بیره‌وه‌ریه‌كی تاڵه‌ بۆ ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كی ئه‌مڕۆی ئه‌ردۆغان (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو). له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ راشكاوانه‌ ئه‌ردۆغان به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك گووتی:"‌ جارێكی دیكه‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌ڵێین‌ به‌سه‌، وه‌كو چۆن به‌ر له‌ 73 ساڵ عه‌دنان مه‌ندرێس جه‌ختی لێكرده‌وه‌".
دێمه‌ سه‌ر ته‌كتیكی ئه‌ردۆغان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان. سه‌ركۆماری توركیا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی به‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ چه‌ندین حزب ده‌ستپێكرد بۆ ده‌ستبه‌ركردنی نوێنه‌رایه‌تی فره‌ره‌نگی و فره‌ ده‌نگی. هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان پێكهاتووه‌ له‌ ره‌نگ و ده‌نگی (ئه‌تنیكی، ئاینی، علمانی و كوردی). به‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت ده‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ده‌ستبێنێت كه‌ دوودڵن (رێژه‌ی ئه‌م ده‌نگانه‌ به‌ 15٪ پێشبینی ده‌كرێت) له‌وه‌ی ده‌نگ به‌كێ بده‌ن و هێشتا خۆیان یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ویستی چه‌ندین كه‌سایه‌تی هونه‌ری، وه‌رزشی و میدیایی به‌كاربێنێت. كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵه‌ی له‌سه‌ر لیستی پارته‌كه‌ی كاندید كردووه‌. دوو مزگه‌وتی به‌ناوه‌كانی (سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی له‌ ئامه‌دو سوڵتان ئه‌حمه‌د له‌ ئیستانبۆڵ) كرده‌وه‌. له‌ ئامه‌د 80 پڕۆژه‌ی ئابووری راگه‌یاند. به‌ڵێنیدا داوه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا غازی سروشتی به‌ خۆڕایی بگه‌ینێته‌ ناو هه‌موو ماڵان هتد....
ئه‌ردۆغان كه‌ خوليایه‌ بۆ مێژوو هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی سه‌مبۆل (ره‌مزی) بوونی ئا‌تاتورك ده‌دات، سووره‌ له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی وێستگه‌ مێژوویه‌ دیاره‌كان. ئه‌مساڵ له‌ 13 تشرینی یه‌كه‌مدا سه‌د ساڵی ره‌به‌ق تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی پایته‌ختی توركیا له‌ (ئیستانبۆڵ) بۆ (ئه‌نقه‌ره‌) به‌ده‌ستپێشخه‌ری كه‌مال ئاتاتورك، هه‌روه‌ها یه‌ك سه‌ده‌ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر دامه‌زراندنی كۆماری توركیا له‌ 29 تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا. ئه‌ردۆغان هه‌وڵده‌دات تا توركه‌كان تێبگه‌ینێت كه‌ سه‌ده‌ی رابردوو ته‌نیا شكست بووه‌ بۆ كۆماری توركیا، ده‌یه‌وێت پێیان بڵێت: ئه‌وه‌ی له‌مباره‌یه‌وه‌ گوێتان لێبووه‌و پێی جۆشكراون له‌ وه‌همێك زیاتر شتێكی دیكه‌ نیه‌‌. 
جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ده‌ رابردوو سه‌ده‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌پاندنی چه‌ندین رێككه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بووه‌ به‌سه‌ر توركیا له‌سه‌رده‌می ئاتاتوركدا، رێككه‌وتنامه‌ی (لۆزان) وه‌كو ئه‌رگومێنتێك و به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی قسه‌كانی دێنێته‌وه‌.‌ هه‌روه‌ها پێیان ده‌ڵێت: ئه‌و ئاتاتوركه‌ی به‌ پیرۆز ده‌یبینن له‌ لاوازی خۆی ملكه‌چی هه‌موو ئه‌مانه‌ بووه‌. له‌ هه‌مان كاتیشدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ توركیای سه‌رده‌می ئه‌ردۆغان له‌و په‌ری به‌هێزی دایه‌.
جگه‌ له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هێشتا زۆر شتی دیكه‌ له‌ هه‌گبه‌ی ئه‌ردۆغاندا هه‌یه‌،‌ كه‌ به‌ فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، له‌ سایه‌یاندا دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی له‌م وڵاته‌ ناچارن یان ناچاركراون پشتگیری له‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بكه‌ن.
پرسیارێكی دیكه‌ی زۆر گرنگ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت بخرێته‌ڕوو: ئایا هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن چیه‌ له‌ ئێستادا؟ كه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ یه‌كسانه‌ به‌ شكست یان سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغان! له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌‌ هێشتا زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی هه‌ست و سۆزمان پێشبینی بكه‌ین. چونكه‌ فاكته‌ری ورد ماوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان هه‌بێت و ئه‌نجامه‌كان بگۆڕێت... له‌ كۆتاییدا پێموایه‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێك به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ تا رۆژی هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌تی رووداوی ئه‌منی، كه‌ جگه‌ له‌ دوو بژارده‌ هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ بۆ ده‌نگده‌ر ناهێڵێته‌وه‌:
ده‌نگ بۆ ئێمه‌ ده‌ده‌ی یان بۆ ئاڵۆزی!
له‌ كۆتایشدا به‌ دڵ و هه‌ستم خوازیارم سه‌رده‌می ئه‌ردۆغان كۆتایی پێبێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand