چی دەبێت باببێت .... خوا رەحم بکات!
2023-04-18 13:15:55
چیا عەباس
نکۆڵی ناکرێت کە لە دۆخی ئێستادا شتێک نەماوە بەناوی هەرێم و حکومەتێکی یەکگرتو کە سەروەری سیاسی و یاسایی خۆی بپارێزێت. ئەوەی دەگوزەرێت پارتی و یەکێتی بە شێوازی جیا لە یەکتر حوکمرانی زۆنەکانی دەسەڵاتیان دەکەن. لە گەڵ ئەم سەرگەردانیەشدا وتەبێژ و راگەیاندنەکانیشیان شیر و تیر لەیەکتر دەسون. ئایا ئەم جۆرە فەرمانرەوایییە کۆپیکردنی شێوەی فەرمانرەوایی لە سۆماڵ و یەمەن سودان و لیبیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەلەستینیەکان نیە؟ ئایا ئەم وێرانکاریە لەباربردنی ئومێد و هیوای نەتەوەی کورد نیە بەم حوکمرانیە تاقانەیە؟
هەندێک دەنگی راگەیاندنی پارتی سەبارەت بەم دۆخە سەرجەم خەتاکان دەخەنە ئەستۆی " یەکێتیەکەی جوتە برا – وەک خۆیان وەسفی دەکەن -)"، ناوبەناویش بە نەستۆلژیایەکی تەم و مژاوی ئاماژە بەسەردەمی خوالێخۆشبو مام جلال دەدەن.
پێموایە ئەو هەڵسەنگاندنانە دو لایەنی سەرەکی هەیە:-
یەکەم: مام جلال کەسایەتی و سەرکردەی سیاسی بەهێز و خاوەن کارێزمای تایبەت بە خۆی بو، گونجاو نیە ئەزمونی دو کورەکەی بەوی ئەو بەراورد بکرێت،
دوەم: مام جلال لە روی میژوییەوە وەک کاراکتەرێکی خاوەن رۆڵی هەستیار بێبەری نیە لە زەمینەی ئەم دۆخەی ئێستا کە یەخەی هەرێمی بەتوندی گرتوە.
هاوکاتیش مام جلال لە گەڵ مسعود بارزانی خاوەنی ئەزمونێکی دور و درێژی تاڵی و خۆشی بون و لە زمانی یەکتر تێدەگەیشتن، هەردوکیشیان کوری پارتی و شۆرشی ئەیلول بون، سەردەمانێک بە دوای دینارێکدا دەچون تا پارتی و شۆرش زیندو رابگرن، لە زۆر دەرگایان دەدا تا دۆستێک زیاتر بۆ کورد پەیدا بکەن، راستە ئەو سەردەمە بەسەرچوە، بەڵام فرە کاریگەریەکانی لە ناخی هەر دوکیان و هەزاران بەشداربوی ئەو سەردەمە بەخەستی جێهێشتوە. ئەمە تەنها لایەنە ئەرێنەکانی نێوان ئەو دو سەرکردەیە، ئێستا کاتی باسکردنی ئەوانی تر نیە.
دەسەڵاتدارانی پارتیش بێبەری نین لە هۆکار و زەمینەی ئەم دۆخەی ئێستا، ئەوەی مایەی دڵخۆشیە کە نەگەیشتۆتە شەری چەکداری نێوانیان.
لەسەر ئاستی ناوخۆ خوێندنەوەیەکی وردی ئێستای دۆخەکە دەریدەخات کە لە هەمو لایەک خەمخۆر هەن کە هەمو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە رەوشەکە خراپتر و ئاڵۆزتر نەبێت، جا بەهاندەری ئەوەی لێکترازانی تەواوی پارتی و یەکێتی کارەساتێکی بێئەندازە زەرەربەخش بە کورد و بە هەردولاش دەگەیەنێت و زۆربەی ئەوەی ئێستا هەیانە لەدەستی دەدەن. بۆ خۆم زۆر بەرەوای دەبینم ئەم دو هێزە و هێزەکانی تریش باجی هەڵە و لادانەکانیان بدەن کە لە واقیعدا کەم نین، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز دەسکەوتی گەورەی هەرێمی کوردستان و وحکومەتەکەی ناکەمە قوربانی ئەو هەڵە و لادانانە، دەشزانم راستکردنەوەی ئەم سەرگەردانیە ئەرکی سەرەکی بەرەی نارازیە لە دەسەڵات دور لە توند و تیژی چەک.
ئەم پارادۆکسە سەخت و مێژوییەی بزافی کوردایەتی لە باشور بۆتە خەسڵەتێکی ناسراو لای دنیا و سەرجەم نەتەوەی کوردیش. کورد لەسەری راهاتوە و تا رادەیەکیش وەک وتراوە: " ئولفەتی لە گەڵ عیللەتدا گرتوە.... نیە چارە و شەفا".
سەرەرای ئەوەی خەڵک نرخێکی زۆری ئەمجۆرە لە حوکمرانیەی داوە، بەڵام پێیان وایە ئەو دو هێزە لە دوا مەتافدا مەجبوری یەکتر دەبنەوە، عەرەب وتەنی: " سوف تعود الحلیمە الی عادتها القدیمە"، لە غیابی هێزێکی تۆکمە بۆ گۆرانکاری خەڵک ئێستا بە سەبرێکی زۆرەوە چاوەروانن.
دنیای دەرەوش، عەرەب، تورک، فارس خۆشکەرێکی سەرسەختی ئەم ئاگرەن، نەک تەنها لەبەر ئەوەی شۆڤینزم و فاشیزمی ئەو نەتەوانە حوکمرانی وڵاتەکانیان دەکەن بەڵکو بەرادەی سەرەکی چونکە بەشێکی دەسەڵاتدارانی کورد لە باشور ئامادەییان تێدایە بۆ گەشانەوەی ئاگرەکە، زۆر ئەزمون ئەم راستیە پشتراست دەکەنەوە.
ئەمریکا و زۆربەی هاوپەیمانەکانی لەم دۆخەی ئێستای هەرێم ئەوەندە نیگەران نین ئەگەر نەگاتە ئاستی تەقینەوەی خەست، چونکە پێرەوکردنی " فرق تسد و احکم" هەڵێکی زێرینی بۆ رەخساندون کە زۆر باڵا دەست بن. زۆر ئاساییە بپرسین گەر سەرکردەکانی کورد لە رۆژهەڵات وەک ئەوانەی باشور بونایە چ دەرفەتێکی زێرین بۆ ئەمریکا دەرەخسا رکابەری سەرەکی لە ناوچەکە کە کۆماری ئیسلامی ئێرانە دوچاری هەزار و یەک کێشە بکردایە!.
بەغدادی عبدالکریم قاسم، احمد حسن البکر، سەدام، عەلاوی، جەعفەری، مالکی، عەبادی، سەدر، حەکیم.... تا محەمەدە شیعە سودانیەکەی ئێستا لە ناخیاندا روی یەک دراوی شۆڤینزم و فاشیزمی نەتەوەی داگیرکەرن، ئێستاش بە پەرۆشیەوە ئاگرخوشکەری زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخی تاقانە هەرێمەکەی کوردستانن. شیاوە هەر کوردێکی دڵسۆز و خەمخۆر شەرم دای بگرێت کە بەشێکی دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆخەکەیان بەم ئاستە گەیاندوە و رێگای بەغدایان وەک رێگای کانی لێکردوە، ئایا ئەوە ناچاریە یاخود صک الغفرانە؟ هەر کامیان بێت سەرگەردانیە بۆ کورد.
ناشێت بازێک بەسەر رۆڵی سێیەم هێزی بێ وزە و نقە لە تاقانەکەی کوردستان لەم سەرگەردانیەی ئێستادا بدەم. ئەقڵیەتی سیاسی کرچ و کاڵی ئێستای گۆران ئاوێنەیەکی زۆر بەکارهێنراوی سەردەمی شەری ساردی نێوان مەعەسکەری ئیمپرالیزم و مەعەسکەری سۆشیالزمی دەیەکانی ناوەراستی سەدەی رابوردوە.
گۆڕانێک لە لێواری ئەگەری دارمانی کۆتاییدا، لەتبو، بێ پارە، زەوتکراو، تیمێکی زۆر لاوازی لەتلەت و ناجێگیر لە حکەمەتی لەتبوی هەرێم. پارتی پیویستی پێیەتی پۆست وپارەی دەداتی، یەکێتیش لە ناچاریدا چاوبازی لە گەڵ دەکات و دەیەویت بەلای خۆیدا رایکێشێت، لە ناکاو پۆستێکی بێ بەها لە سنوری زۆنی کەسک لە گۆڕان دەسەنێتەوە و رۆژی دواتر بە فیزەوە پێی دەداتەوە و گۆڕانیش وەک دەسکەوتێکی مەزن دەیبینێت. ئەم گۆڕانەی ئێستا ئەهلی زۆر شتە بێجگە لە گۆرانکاری نەبێت. دەسکەلایەکی نایابە بۆ پارتی و یەکێتی و ئەویش لەو بەینەدا لێرە و لەوێ شتێک دەپچرێنێت. کارەسات ئەقڵیەتی سیاسی و حوکمرانیان وەک پارتی و یەکێتی لێهاتوە: چی دەبێت باببێت گرنگە من لە شوێنی خۆمم.
ئەوەش ماوە بڵێم: خوا رەحم بکات