Draw Media

پرسی نەوت و رووخانی هەرێمی کوردستان

پرسی نەوت و رووخانی هەرێمی کوردستان

2023-03-25 17:55:28


 ئاسۆ حاجی                     

لە چەند رۆژی رابردوو، چەند رووداوێکی گرنگ بوونەتە رۆژەڤ و رای گشتی پێوەیانەوە (سەرقاڵە) یان (سەرقاڵکراوە)، ژمارەیەک لە پێگە و ماڵپەڕ و دەزگای میدیایی کە لە سلێمانی کاردەکەن یان لەوێ ئاراستە دەکرێن، بە یەک ئاراستە و ئامانج بەرخوردیان لەگەڵ رووداوەکان کردووە، چۆن ئەو رووداوانە بکەنە کەرستەی ئاڵۆزکردنی رەوشی سیاسی و دەروونی خەڵکی کوردستان، لە رێگای هێرشکردنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و وێنەکردنی دۆخەکە بە مەترسیدار، لەوەی کە هەرێمی کوردستان لە سەر لێواری رووخانە.
هەواڵی کەوتنی دوو کۆپتەر لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە لە سلێمانییەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان دەگەڕانەوە، یەکێکیان حەفت کەسی تێدا بووە و ئەوەی دیکەش دووکەس وبڕێکی زۆری تەقەمەنی و چەک، ئەو رووداوە زوو میدیای داگیرکرد، لە سەرەتاوە وا وێنە کرا کە کۆپتەری تورکین، دواتریش هەوڵدراو بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گرێی بدەن، کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بەڵام کە زانیارییە دروستەکان گەیشتنە خەڵک و زاندرا کە کێ ئەو کۆپتەرانەی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات فرۆشتەوە، کۆپتەرەکان بۆ چ کار و ئەرکێک بەکاردەهێندرێن، ئەوە میدیای بێدەنگی لێکرد و چیتر بەدواداچوونی بۆ نەکرا، لە کاتێکدا ئەو رووداوە رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە و بە دڵنیاییەوە لە ئایندە زانیاری زیاتر ئاشکرا دەبن و ئەو لایەنەش ئاشکرا دەبێت، کە بە دەستێک کۆپتەرەکانی فرۆشتەوە و بە دەستەکەی دیکەش زانیاری بەو لایەنە داوە کە کۆپتەرەکانی خستۆتە خوارەوە.
هەواڵی دووەم، بڵاوکردنەوەی گوتارێک بوو لەلایەن گۆڤاری فۆرین پۆلەسی، کە لەلایەن کارمەندی دەزگایەکی میدیایی نووسراوە کە دوژمنایەتی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیان کردۆتە ئامانج، لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین کاتدا، لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان، ئەوان دژی ئیرادەی خەڵک وەستانەوە و لە رۆژانی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر کامێراکانیان لەگەڵ هێزی داگیرکەر هێرشیان دەکردە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان، ئەوەی لەو بابەتە جێگای سەرنجە زۆرینەی میدیاکان، بابەتەکەیان تەنها لە ناونیشانەکەی کورت کردەوە، کە نووسەر خەونی ئەو کەسەی تێدا کورت کردۆتەوە کە خەون بە رووخانی هەرێمی کوردستانەوە دەبینێت، لەوەش جێگای سەرنجتر هیچ دەزگایەکی میدیایی نووسەرەکەی نەناساند، چونکە دەزانن کاتێک خوێنەر دەزانێ، ئەو کابرایە کۆنە پەیامنێری NRT و کارمەندی ئێستای بەشی ئینگلیزی هەمان کەناڵە، یەکسەر تێدەگات، گوتارەکە بە ڕادان دراوە و بە پارە نووسراوە.
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکرایەوە و سەرنج و رەخنەی زۆری تێدایە دەربارەی هەرێمی کوردستان، رەخنەکان فرە رەهەند و فرەلایەنن، تەنها لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەگیراوە، بەڵکو حیزب و جولانەوە سیاسیەکانیش رەخنەی جدییان لێگیراوە، رەخنەکان چەند دروست و نادروستن ئەوە شتێکی رێژەییە و دەکرێ وەک بابەتێکی تایبەت قسەیان دەربارە بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینییە لەو میدیایانە تەنها ئەو ناونیشان و رستە و پەڕەگرافانە وەرگیرابوون کە رەخنەبوون لە دامەزروەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە سەر لەنوێ داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەیان دژایەتی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش حکومەتی کوردستانیان لەخۆوە گرتبوو. بەڵام هیچ دەزگایەک بەلای ئەو پێشێلکاریانە دانەچوو کە لە راپۆرتەکە تۆمارکراوون و لەلایەن حیزبێک کە بەزەبری هێز و تۆقاندن دەستیان بەسەر بەشێک لە هەرێمی کوردستاندا گرتووە و خەڵکەکەیان بە بارمەتە گرتووە. یان ئەو جولانەوە سیاسیەی کە راپۆرتەکە وەک بزاڤێکی پۆپۆلیستی دەیناسێنێ کە دەیەوێت فێل لە خەڵکەکی کوردستان بکات و خۆڵ بکاتە چاویان. 
ئەو هەواڵە کۆن نەبوو کە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریسی بەسەر داهات، کە لە دژی تورکیا و لە بەرژەوەندی عێڕاق بڕیاری دا، لەو کێشەیەی زیاتر لە نۆ ساڵ بوو لەو دادگایە تۆمار کرابوو، سەبارەت بە رەوانەکردنی نەوتی کوردستان بەو کۆنە بۆڕیەی کە نەوتی کەرکوکی بۆ بەندەری جیهان دەگواستەوە. ئەو بابەتەشیان وەک ئەوانەی دیکە کردە دەستکەلای لێدان لە پێگە و کەسایەتی مەعنەوی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان، بەبێ خستنە رووی رەهەندە پەیوەندارەکان بەو پرسە، کە ئەو بڕیارە دوای رێکەوتنی هەولێر و بەغدا دێت، کە بە نابژیوانی فەڕەنسا و رەزامەندی تورکیا و لایەنەکانی دیکە کراوە، لە دوایین سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەلیزێ و پێشتریش لە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێڕاقی فیدڕال محەمەد شیاع سودانی، قسەی کۆتایی لەو بارەیەوە کراوە، دوای ئەوانەش لە سەردانێکی رانەگەیەندراوی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک ماکڕۆن و دواتریش دیداری لەگەڵ سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رەهەندەکانی ئەو پرسە و قۆناغی نوێی پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی نەوت و گازی سروشتی کوردستان دیاری کراون.
ئەوەی جێگای گەشینی و ئومێدە بۆ ئایندەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان، ئەوەی کە ئەو قەوارەیە لە کاترۆن دروست نەکراوە، بەڵکو بەرهەمی خوێن و تێکۆشان و قوربانیدانی زیاتر لە سەد ساڵی میللەتێکە کە لە پێناو ئازدی و سەربەخۆیی تێدەکۆشێت، بۆیە ئەو قەوارەیە بە گوتار و لێدوان و بڕیارێک ناڕوخێت، بەڵکو بە ئیرادە و بڕیاری خەڵکەکەی زیاتر گەشە دەکات و پێش دەکەوێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand