لێكەوتەی ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتی لەسەر پێگەی هەرێم لە بەغدا
2023-03-25 12:32:39
یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایینو ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق
دەسپێك:
پرۆسەی سیاسیی عێراق لەپاش 2003 لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی پێكهاتە سەرەكییەكان دامەزراوە. ئەم نوێنەرایەتییە كە بە پلەی یەكەم لە سێ پێكهاتەدا چڕبۆتەوە؛ (شیعە، سوننە، كورد) لەپاش دەستوری 2005 بۆ ماوەی سێ خولیش هاوپەیمانیی گەورەو هاوبەشی كۆكەرەوە، نوێنەری ئەم پێكهاتانە بوون، بەڵام پاش خولی چوارەم (2018 _ 2021)و زیاتر لە خولی پێنجەمدا (2021) پەرتەوازەییی ناو پێكهاتەكان بووەتە دیاردە. ئەم بابەتە هەوڵ دەدات لەسەر لێكەوتەی پەرتەوازەیییە ناوخۆیییەكانی كوردستانو تێكچوونی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی لەسەر پێگەی كورد، هەڵوێستە لەسەر ئاستی عێراقو هاوكێشەكانی بەغدای پایتەختدا بكات.
سروشتی ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتی
گرژییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مێژوویەكی كۆنی شەست ساڵەیان هەیە، بەڵام پاش ئاشتەواییی 1998ی واشنتۆنو یەكخستنەوەی چوارچێوە گشتییەكانی ئیدارە لە 2005، ڕەنگە بارودۆخی وەك پاش ئۆكتۆبەری 2022ی بەخۆیەوە نەدیبێتو بە قوڵیو شێوەیەكی مەترسیدار هەڵكشاوە. ئەم گرژییانە كە پەیوەستن بەدۆسیەی ئاسایشو دابەشكردنی داهاتو پێگە، بووە هۆی ئەوەی تیمی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی بایكۆتی كۆبونەوەی هەفتانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەمەش دابڕانێكی گەورەی لە كاری پێكەوەییی هەردوو هێزە حوكمڕانەكەدا دروستكردووە. ئەم ناجۆرییەش لەكاتێكدا سەریهەڵداوەتەوە، كە عێراق لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵدایە (2023، 2024، 2025)، هەروەها بەگوێرەی بەرنامەی حكومەتی فیدراڵی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی، زۆر پرسو دۆسیەی تایبەت بە كورد لەوانەش: نەوت، دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی، مادەی 140و ... هتد. خشتەی كاتییان بۆ دانراوە كە شەش مانگن ([1])، جێبەجێكردنی ئەم وێستگانەش پێویستی بە بەدواداچوونو دانوستانی چڕ هەیە. بە هۆی ئەوەی ناكۆكییەكان بەردەوام پەرەسەندن بەخۆیانەوە دەبیننو سەقفی وەستانیان دیار نییە، بەڕووی چەند ئەگەری خراپدا كراوەن، لەوانەش دوو ئیدارەیی یان مانەوەی دۆخەكە بەوجۆرە تا كاتی تر. بەگوێرەی ئەو بۆچوونو ئەنجامگیریانەشی كە هەن، كۆی بارودۆخەكە چارەنوسی هەرێمو ناوچەكەش دەخەنە بەردەم ریسكو مەترسییەوە ([2]). ئەوەی پەیوەندی بە ئاستە عێراقییەكەوە هەیە، دەكرێت ئاماژە بە هەندێك لە لێكەوتەكانی بكرێت لەم تەوەرانەی خوارەوەدا:
1- سێگۆشەی "شلۆقی"ی دەسەڵات:
بەگوێرەی سیستمی جێبەجێكراوی پاش دەستوری هەمیشەیی (2005)، دەسەڵاتەكانی عێراق لەنێوان سێ پێكهاتەی سەرەكی دابەشكراون؛ سەرۆك وەزیران لە زۆرینەی شیعە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) لە سوننەو سەرۆك كۆمار لە كورد، ئەم دابەشكردنە لە رواڵەتدا جێگیرو مسۆگەرە، بەڵام سنوری دەسەڵاتو كاریگەرییان لە وردەكاریدا شڵۆقو گۆڕاوەو ملكەچی هەڵكشانو داكشانی تەرازو و هێزە ([3]). بەهۆی ئەوەی لە عێراقدا جێبەجێنەكردنی دەستورو یاسا بووەتە شتێكی باو و ئاسایی، هەروەها زۆر بڕگەی دەستور هەن لاستیكیو گشتگیرنو، هەندێكیشیان پێویستیان بە دەركردنی یاسایەو بۆیان نەكراوە، هەمیشە سەنگو پێگەو هێز لای بكەرە سیاسییەكانە، هەر ئەو هێزو پێگەیەش رۆڵ دەبینێت لە تێپەڕاندنی پرۆژەیەكو پەكخستنی پرۆژەیەكی تر. ئەوەشی پەیوەندی بەپێگەی سەرۆك كۆمارەوە هەیە كە هی پێكهاتەی كوردییە بە گوێرەی ڕاڤەی دادگای فیدراڵی بۆ دەستور، مافی ڤیتۆی لەسەر یاساكان نییە وەك هاوشێوەی خولی یەكەمی "ئەنجومەنی سەرۆكایەتی" (2005_2009) ([4])، بەم پێیەش زیاتر پۆستێكی تەشریفاتییەو ناتوانێت ببێتە دیوارێكی ڕێگر لەبەردەم تێپەڕاندنی هەر یاسایەك، كە دژی بەرژەوەندیی كورد بێت یان لەگەڵیدا نەیەتەوە وەك ئەوەی لە یاسای قەرزكردندا ڕووی دا لە سەردەمی قەیرانی دارایی (2020)و ناڕەزایەتییە كوردییەكان نەبوونە هۆی مسۆگەركردنی پشك بۆ هەرێمی كوردستان تەنانەت لە قەرزیش، هەروەها واژۆنەكردنی سەرۆك كۆماریش هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە ([5]).
لە دەرەوەی هاوكێشەی سەرۆك كۆماریش بەهەموو پێوەرە دیمۆگرافیو سیاسییەكان، كورد لە چاو پێكهاتەی عەرەب (شیعەو سوننە) كەمینەیەو لەهیچ بارودۆخێكدا ناتوانێت لە "یاریی ژمارە" چ لە پەرلەمانو چ لە ئەنجومەنی وەزیران، خواستی خۆی بسەپێنێت، بۆیە تەنها بژاردەی بەردەستی خۆی لە بەهێزكردنی پێگەكەیو ڕایەڵەكانی هاوپەیمانێتیو خۆگونجاندنییەتی لەگەڵ هاوكێشە سیاسییەكان، ئەمەش گوتارو ئەجێندای هاوبەشو یەكگرتووی پێویستە لانیكەم لەنێوان ئەو هێزە سەرەكییانەی بەشدارن لە حكومەتی هەرێم، ئەگەرنا گوشارو داواكارییەكانیان سەنگو قورساییی پێویست لەدەستدەداتو لایەنە پەرتەوازەبووەكان دەبنە ژمارە لەناو هاوپەیمانییە گەورە عەرەبیو تایفییەكانی تر.
2- شێوانی وێنە
لە ساڵانەی 2006_2008 شەڕێكی تایفی گەورە لە بەغداو پارێزگاكانی تری ناوەڕاستی عێراق لەنێوان هێزە شیعەو سوننەكاندا هەڵگیرسا، هەر لەوكاتدا سەرۆك وەزیرانی عێراق (نوری مالیكی) پلانێكی بە پاڵپشتی هێزەكانی ئەمریكا بەناوی "سەپاندنی یاسا" ڕاگەیاند، بەهۆی بێمتمانەیی زۆریشەوە بە هێزە فەرمییەكانی عێراق، حكومەت پەنای بۆ بەشداریپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە برد بۆ پاراستنی ئاسایشی پایتەخت ([6])، هەر لە میانەیەشدا هێزی پارێزگاریی پەرلەمان كران بە كورد، كە تائێستاش هەر ئەوانن، لەم قۆناغەدا كورد رۆڵی ناوبژیوانو پارسەنگی قەپانیان دەگێڕا لە عێراقو، لە بەغدا سەرۆكایەتیی كۆمار لە هەولێر سەرۆكایەتیی هەرێم دەستپێشخەرییان دەكرد بۆ كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكانی عێراق، هەر لەم چوارچێوەیەشدا لە ساڵی 2010 لە هەولێر درێژترین چەقبەستنی سیاسی بە "رێككەوتنی هەولێر" كۆتایی هاتو كابینەی دووەمی مالیكی خرایە سەر پێ ([7])، بەڵام لە ئێستاشدا پاش پاشەكشەی پێگەی هەرێمو گەیشتنی ناكۆكییەكانی هەردوو هێزە سەرەكییەكەی كورد (پارتیو یەكێتی) بە لوتكە، وێنەكە پێچەوانە بووەتەوەو لەئێستادا سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی یەكێكە لە سێ نێوانگیر لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانو سەرۆكایەتیی هەرێم لەنێوان پارتیو یەكێتی بە ئامانجی گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی ئەو پرسانەی بەتوندی لەسەری ناكۆكن ([8]). سودانی لەدوا سەردانیدا بۆ هەرێم (15و 16ی ئازاری 2023) لە دەركەوتنی میدیاییدا ئەوەی بە سەركردەو حزبەكانی كورد گوت:" دەبێت هەرێمی كوردستان بەهێز بێت بۆ ئەوەی عێراق بەهێز بێتو عێراقیش بەهێز بێت هەرێم بەهێز دەبێت". هەروەها پەیامێكی ناواخنداریشی ئاڕاستەی پارتیو یەكێتی كردو گوتی:" پەیاممان بۆ لایەنە سیاسییەكانو سەركردەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، یەكڕیز بنو ناكۆكییەكان وەلابنێن" ([9]).
2- جیاوازیی دیدگا لەبارەی پرسە هەستیارەكان
لە سێ خولی یەكەمی پەرلەمانی عێراقو حكومەتی فیدراڵیدا (2005_2018)، لایەنە كوردییەكان بە وەرەقەیەكی هاوبەش لەبارەی پرسە جێگە بایەخەكانی هەرێمی كوردستانەوە لە حكومەتی فیدراڵ بەشداردەبوون، بەڵام لە كابینەكانی دواتردا بەهۆی ناكۆكییەوە وردە وردە پەیپەرە هاوبەشەكە نەماو بوو بە هەڵم، لە كابینەی ئێستادا كە هیی "محەمەد شیاع سودانی"یە بەهۆی جیاوازیی دوو هێزە حوكمڕانەكەی كوردستان (پارتیو یەكێتی) خەریكە دوو دیدگای جیاواز لەبارەی داواكارییە كوردییەكانەوە دروست دەبن. لەم میانەیەشدا ڕەنگە پرسی نەوت زەقترین نمونەی دوركەوتنەوەی پارتیو یەكێتی بێت لە گوتاری هاوبەشی جاران، بۆ نمونە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی لەگەڵ ئەوەیە نەوت ڕادەستی بەغدا بكرێتو "كوردستان ببێتە هاوبەشی شاری بەسرە"، دەربارەی ئەمەش لە كۆربەندی هەولێر (1ی ئازاری 2023) گوتی:" ئێمە ئامادەین لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین، بەڵام لایەنێك نایەوێت"، هەروەها داكۆكی كرد لەوەی "لە بەغدا دامەزراوەی فەرمی هەیەو هەر دامەزراوەیەك ئەركی خۆی ڕایی دەكات، وەزیر دەسەڵاتی هەیەو ئەركی خۆی بێ تەداخولكردن ڕایی دەكات". لەبارەی سیستمی قەزاییو دادگاشەوە بە دیاریكراوی جەختی كردەوە، "دادگا لە بەغدا سەربەخۆیەو كەسو لایەنی سیاسی ناتوانن تەداخولی بكەن" ([10])، دوو هەفتە پاش ئەمەش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە بەرپرسی سكرتارییەتی یەكێتییە، لە حەوتەم دیداری سلێمانی (16ی ئازاری 2023) جەختی لەوە كردەوە گرنگ نییە بەلایانەوە كێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو كێ بە زۆرتری دەفرۆشێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قبوڵكردنی كۆمپانیای سۆمۆ تا ببێتە هەناردەكاری نەوتی كوردستان ([11]). ئەم دیدگایانەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە بەشەكەی تری حكومەت كە پارتی دیموكراتی كوردستانەو سەرۆكایەتیی كابینەكەی بەدەستە، بەتوندی پێداگرە لەسەر ئەوەی كە ناناوەندێتی (لا مەركەزی) لە دۆسیەی نەوتدا مافی دەستورییانەی هەرێمی كوردستانە ([12])، بەر لە ئەویش سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەربارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم بەهاوشێوەی بڕیارەكانی "دادگای شۆڕش"ی حیزبی بەعس چواندو جەختی لەوە كردەوە بە پاڵنەری سیاسی دەركراوەو، ئامانج لێی تێكدانی كەشی ئەرێنی نێوان هەولێرو بەغدایە ([13]).
ئەم جیاوازی دیدگایەش لەسەر نەوت نمونەیەكە كە رۆژ بە رۆژ لەنێوان هەردوولا قوڵ دەبێتەوە، ئەگەر چی تاكتیكی شەڕی سیاسی هەردوولا بێت، یان هەڵقوڵاوی بەرنامە، بەگوێرەی ئاماژە بەردەستەكان كاریگەری زۆری دەبێت لە تێكدانی رێساكانی نەخشە سیاسییەكەی جاران كە تێیدا پارتیو یەكێتی یەك سیاسەتیان دەربارەی نەوتو وزە هەبوو لەسەر ئاستی عێراق بەوپێیەی لە ساڵی 2009 یەكەم هەناردەی نەوتی هەرێم بەسەرپەرشتیو بەشداریی تاڵەبانیو بارزانیو بە لێكگەیشتنو ڕێككەوتنی هەردوولا خرایە سەر پێ ([14])، تا دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی یاسای نەوتو گازی هەرێم (15ی شوباتی 2022) یەكێتی بەئاشكرا هەر پشتیوانی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بووەو لە هەموو ئەو كاردانەوانەدا بەشداربووە كە دژی بڕیارەكە دەرچوون (حكومەتو پەرلەمان).
4- پەرتەوازەییی سیاسی:
لە دەمی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتییەوە لە پاش ئۆكتۆبری 2022، سەردانی شاندەكانی هەرێم بۆ بەغدا دەستیپێكردووە بۆ دانوستان چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەوپێیەی لە بەرنامەی كاری حكومەتدا وادە دیاریكراوە، ئەم شاندانە كە جگە لە پارتی وەزیری دارایی بزوتنەوەی گۆڕانیشی تێدایە. گوتاری پارتی، هەروەها میدیاو ڕاگەیەنراوە فەرمییەكانی حكومەتو ئەجێندای كۆبوونەوەكانی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پشتیوانی زۆر لەو شاندانە دەكەنو بە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم دەیناسێننو گوێ بە بایكۆتی یەكێتی نادەن، بەڵام یەكێتی سورە كە "شاندەكان حزبینو گوزارشت لە ڕای حكومەتی هەرێم ناكەن"! ([15])، ئەمەش ئاستێكی بەرزە لە دەرچوونی كێشەكان لە كۆنترۆڵو گەیشتنی بە دەرەوەی هەرێم بەجۆرێك لە بەغدا خەریكە "جەمسەری هەولێر"و "جەمسەری سلێمانی" دەچێتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە.
بە گەڕانەوەش بۆ دواوە، لە پاش هەڵبژاردنی ئۆكتۆبری 2021 پارتی چووە ناو هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی سەدرو حەلبوسی "انقاذ الوطن"، بەڵام یەكێتی لە بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەدا مایەوە، ئەمەش وایكرد لەبری "هاوپەیمانیی كوردستان"ی جاران، دوو هێزی كوردی بەشدار لە دوو بەرەی سیاسی عێراقی هەبنو جەمسەری كوردی ون ببێت، لە ئەنجامی ئەمەش ئاڕاستەی سیاسیی هاوپەیمانییەكانی هەردوولا گۆڕاو لەكاتێكدا هەولێر لە پەنا پەیوەندییە فەرمییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقو هێزە پێكهێنەرەكانی، بووەتە ڕووگەی هاوپەیمانیی سیادەی سوننە (خەنجەرو حەلبوسی)، لەگەڵ هێزە سوننەو شیعەكانی تری دەرەوەی هاوپەیمانیی شیعیو نوێنەرایەتیی كەمایەتیو پێكهاتەكان ([16])، لەبەرامبەریشدا یەكێتی بەپێچەوانەوە، لەم میانەیەشدا بەدواداچونێكی "پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ی ئەمریكی ئەوە دەردەخات بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكانی لە بەغدا زیاتر لەگەڵ لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەو گروپەكانی نزیك لەوان بووە، بەڵام هیچ كۆبونەوەیەكی لەگەڵ ڕكابەرە سیاسییەكانی وەكو سەدرییەكان، گروپەكانی نزیك لە تشرینییەكان نەبووە، لە هەمووشی گرنگتر؛ هیچ كۆبونەوەیەكی لە بەغدا لەگەڵ پارتی نەبووە. ئەمە لەكاتێكدا هەردوولا هاوبەشن لە حوكمڕانی كوردستانو كۆمەڵێكی زۆر كێشەی كەڵەكەبوویان هەیە.
راپۆرتەكەی ئەو پەیمانگە ئەمریكییە، ئاشكرایكردووە لەماوەی 15 مانگی رابردوودا، سەرۆكی یەكێتی لەكۆی 139 كۆبوونەوە 93یانی لە بەغدای پایتەختی عێراق بووە، كە دەكاتە 67٪ـی كۆی كۆبوونەوەكانیو تەنیا 9٪ی كۆبوونەوەكانیشی كە 12 كۆبوونەوە لە هەولێر بووە. بەپێی خشتەیەكی نێو ڕاپۆرتی ئەو پەیمانگە ئەمریكییەش، لەنێو كۆبونەوەكانی بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا، 33٪ی كۆبونەوەكانی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە. لەنێو سەركردە ناسراوەكانی لایەنە شیعەكانیش، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسایب زۆرترین جار كۆبووەتەوە كە 16 جار بووە. دوای ئەویش، 15 جار لەگەڵ ڕەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی "بابلیون"و 13 جاریش لەگەڵ موسەننا سامەرایی، سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەلعەزم كۆبووەتەوە كە ئەویش هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەیە. پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەكات، ئەو ستراتیژییەتەی ئێستا بافڵ تاڵەبانیو یەكێتی پەیڕەوی دەكات، بەشێكی دەرهاویشتەی گرژییە سیاسییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیە "نەیارەكەی هەولێر وایكردووە یەكێتی ناچار بێت بە دوای هاوپەیماندا بگەڕێتو پێدەچێت لە بەغدا دۆزیبێتییەوە" ([17]).
مەترسیی قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی
فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی نایشارێتەوە، ئەو ناكۆكییانەی پارتیو یەكێتی كاریگەری لەسەر بوارەكانی دیكەی ژیانی خەڵكو خزمەتگوزاریو پەیوەندی لەگەڵ بەغداو هەڕەشەكانی دەوروبەر هەیەو دەڵێت:" خۆ ئێمە لە سویسرا نین، لەم لا دۆخی سوریا، لەولا دۆخی عێراق، لەلایەكی دیكە دۆخی پەكەكەو توركیا، لەولایەش دۆخی ئێرانو ئۆپۆزیسیۆنەكانی. ئێمە ئەگەر لەنێوخۆشماندا یەكگرتوو نەبین، بێگومان بارمان قورستر دەبێت" ([18]). هاوتای ئەمەش لە بەرەی بەرامبەرەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە لە لوتكەی دەسەڵاتی یەكێتییەو لە بەغدا "خانمی یەكەمە"، باسی لەوە كردووە:" پەیوەندیی پارتیو یەكێتی باش نەبێت ئەم هەرێمە بەسەر هەموواندا دەڕووخێت" ([19]).
جگە لە پرسی نەوتو بودجەو كێشەكانی هەرێمو بەغدا، نزیكترین پێشهات لەبەردەم هەرێمی كوردستاندا، هەڵبژاردنە كە دواخستنی بەهۆی ناكۆكیی پارتیو یەكێتییەوە كوردستانی خستوەتە لێواری بۆشایییەكی سیاسی، یاسایی، گلەییو پەڵەی زۆری هێناوەتە سەری، لە دیمانەیەكی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكیدا بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە: "هەڵبژاردن پێویستەو دەبێت ئەنجام بدرێتو، هیچ بژاردەیەكی دیكەش نییە، ئەگەرنا دامودەزگاكانی حكومەت شەرعیەتی خۆیان لەدەستدەدەن". ئەم لێدوانەی بارزانی هۆشدارییەكی تری لەگەڵدا هاوپێچە كە "هیچ بژاردەیەكی دیكەو هیچ بیانوو و هۆكارێك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. ئەگەر هەر لایەنێكی سیاسی بیەوێت بەربەست بخاتە بەردەمی هەڵبژاردن، ئەوا خۆی گۆشەگیر دەكاتو هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت" ([20]). مانەوەی ئەم دۆخەش بەوجۆرەی كە هەیە مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت تارماییو بژاردەی دوو هەرێمی بكاتە ڕاستی، ئەگەر هاتو یەكێتیی نیشتمانی بۆ نمونە ئامادە نەبوو بەشداریی هەڵبژاردنەكە بكات، چونكە پارتی پێیوایە چاری تر نییەو بەبێ یەكێتیش ئامادەیە پرۆسەكە بەڕێوەببات.
پێشنیارو بژاردەكان
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كە بە نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی هاتە هەرێم (ئازاری 2023) ڕایگەیاند "پێویستە سەركردەكانی كورد ناكۆكییەكانیان وەلابنێنو یەكبگرن بۆ بنیاتنانی هەرێمێكی پارێزراو و خۆشگوزەران لە كوردستانی عێراق" ([21]). ئەم داواكارییەی ئۆستن كە زیاتر زمانێكی دیپلۆماسییانەیە، لای نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جنین پلاسخارت، هۆشدارییەكی توندترەو لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی ئەوەی بیرهێنایەوە، كە لە پێش دوو ساڵو لە بەشداریكردنی لە چالاكییەك (ئایاری 2021)، بەوە كۆتایی بە وتەكەكانی هێناوە، كە هەرێمی كوردستان تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەستە: دەتوانێت یەكگرتوو بێتو روبەڕووی گەندەڵیی سیستەماتیكی ببێتەوەو برەو بدات بە ڕێزگرتن لە مافو ئازادییە بنەڕەتییەكان، بەرەوپێشوەچوونێكی بەرچاو لەبواری ئاسایشو ئابوریی وەدەستبهێنێت. یان دەتوانێت شكستخواردوو بێت لە ڕێكخستنەوەی كاروباری ناوخۆییو سەركێشیكردن بەو دەستكەوتانەی وەدیهاتوون لە دەیەكانی ڕابردوودا ([22]).
لە دەرەوەی ئەم دوو بژاردەیەش پلاسخارت چارەسەرێكی كردارییانەی خستە ڕوو، كە دەكرێت هەرێم بچێتە ناو گفتوگۆوە سەرەڕای هەبوونی ناكۆكی نێوخۆییو دانی بەوەدا نا كە هەندێكجار ناكۆكییەكان وا دەردەكەون ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێن. بەگوێرەی ئەم ئەنجامگیریو ڕاسپاردەیەش، ئایندەی هەرێمی كوردستان لە لێواری مەترسیدایە بەهۆی ناكۆكیی قوڵەوە، باشترینو بەردەستترین بژاردەش ڕێكسختنەوەی تەوەرەكانی گرنگیدانو بەرێوەبردنی ناكۆكییەكانە بەجۆرێك ئاستەكانی بەغداو حكومەتی فیدراڵی جیابكرێتەوە لە پرسە ناوخۆیییەكانی هەرێم.
([1]) https://bit.ly/3TpWhw3
([2]) https://bit.ly/3yNYDeO
([3]) https://bit.ly/40cXpFx
([4]) https://bit.ly/3FuVaW2
([5]) https://bit.ly/42iJEHa
([6]) https://bit.ly/3JoSquC
([7]) https://bit.ly/3ZaMI5z ؛ https://bit.ly/3mYfZmo
([8]) https://bit.ly/3FsbaIo
([9]) https://bit.ly/40aekby
([10]) https://bit.ly/3yJMyXN
([11]) https://bit.ly/40dkIij
([12]) https://bit.ly/42hEzyO
([13]) https://bit.ly/3JOy7s3
([14]) https://bit.ly/3To8Nfu
([15]) https://bit.ly/3mY33gk
([16]) https://bit.ly/3JKVhzq
([17]) https://bit.ly/3TmGMVA
([18]) https://bit.ly/3TlCH4a
([19]) https://bit.ly/3JgIDXj
([20]) https://bit.ly/3yFFJGM
([21]) https://bit.ly/3JdfKvc
([22]) https://bit.ly/40794po
ئهم بابهته بۆ (خانهی هزری كوردستان) نوسراوه