سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

رەهەندەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا... 

بڵاوکراوەتەوە لە : 19 ئازار 2023

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

  رابەر تەڵعەت 
   کاریگەریی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە (ژیۆ-سیاسییەکانی) ناوچەکەدا، لەپاڵ پێگە دەستورییەکەی لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا؛ تایبەتمەندی و زەمینەیەکی جیاوازی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیان داوە بە قەوارەی هەرێم و پێکهاتە سیاسیەکەی.   
سەرچاوە و رەهەندەکانی دەسەڵاتیش لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئەو زەمینە و تایبەتمەندیانە جیاوازن، کە دەکرێ گرنگترینیان لە پێنج رەهەنددا شی بکەینەوە: 
1.    پارتە سیاسیەکان. 
2.    سامانی سروشتی.
3.    بونیادی نەریتی و کۆمەڵایەتی.
4.    رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.
5.    ئاکتۆرە دەرەکیەکان. 
پارتە سیاسیەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە سەرچاوەی ئابووری و سەربازییان بەدەستەوەیە، لەپاڵ بەخشینەوەی پارە و دروستکردنی بەرژەوەندی بۆ لایەنگرەکانیان؛ رۆڵ و کاریگەریی یەکەمیان هەیە لە ئاراستەکردنی شانۆی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستانی عێراق. 
پارتە سیاسیەکان پێکهێنەری قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، پارتی و یەکێتی وەک شەریک و دامەزرێنەری دامودەزگا سیاسی، ئەمنی، سەربازیی و ئیدارییەکانی ئەم حکومەتە، لەگەڵ شەراکەت و پێککردنێکی رەمزی حزبەکانی تر، خاوەن و بەرپرسی سەرەکین لەو دینامیکە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیانەی کە دەسەڵاتی ئەم هەرێمە پێکدەهێنن. 
لەڕووی سامانی سروشتیەوە؛ هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی نەوت و گاز، ئەمانەش سەرچاوەی بەرچاوی دەسەڵات و هەژمونن. کۆنترۆڵکردنی ئەو سەرچاوانە توانیویەتی سەروەت و سامان و نفوزێکی بەرچاو بۆ پارتی و یەکێتی دابین بکات. هەردووکیان تۆمەتبارن بە خراپ بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانە. دوورکەوتنەوەی نێوان خەڵک و حکومەت، فراوانبوونی پانتایی ناڕەزایەتیەکان، پەراوێزی دەنگە ناڕازییەکان بەڕیژەی %25-35 کە بایکۆتی دەنگدان دەکەن، یان دەنگ بە هەر پارت و کەسێکی ناڕازی دەدەن، پەیوەندی بە دابەشکردن و خراپ بەکارهێنانی ئەو سامانەوە هەیە. 
بەکارهێنانی مەحسوبیەتی سیاسی؛ بۆ دەسکەوتی شەخسی و توانایی بەکارهێنانی هێز، رۆڵی بونیادی نەریتی و کۆمەڵایەتی (دامودەزگاکانی خێڵایەتی و هۆز) ی وەک رەهەندێکی دیکەی دەسەڵات لەناو نەخشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا زیاد و بەرچاو کردووە. پەیوەندی و تۆڕەکانی خێڵ و بنەماڵەکان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا، سەرکردە خێڵەکییەکان کاریگەریی بەرچاویان بەسەر خەڵک و شوێنکەوتوانیانەوە هەیە، دەتوانن پاڵپشتی و سەرچاوە پێشکەش بە پارتە سیاسییەکان بکەن، ئەمەش دەتوانێت گرینگ بێت لە دروستکردنی هاوپەیمانی و بەدەستهێنانی پشتیوانی هەڵبژاردن. 
رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی (کۆمەڵەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، گروپەکانی ژنان، سەندیکاکانی پیشەوەران و،...هتد)، رەهەندێکی دیکەی دەسەڵات پێکدەهێنن لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم گروپانە دەتوانن بیروڕای گشتی ئاراستە بکەن و بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان فشار بخەنە سەر پارتە سیاسییەکان و حکومەت. بەڵام هێشتا لاواز و ناکارا دەردەکەون! بۆ؟ چونکە کۆمەڵگای مەدەنی بەگشتی لاوازە و لەژێر هەژموونی کۆمەڵگای سیاسیدایە. رێکخراوەکان وەک ئەنجامی کۆمەڵگای مەدەنی، کاتێک دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێڕن کە ( بەرهەمهێنانی سەرمایەی ئابووری و مەعریفی، سەروەریی یاسا و فەزای گشتی) بەدەر بن لە ئیرادەی دەوڵەت و نوخبەی سیاسی، سەربەخۆ بن و لەسەر پێی خۆیان وەستا بن. 
ئاکتۆرە دەرەکیەکان؛ لەوانە وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران، هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا، یان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی؛ دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لە سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت. ئەم ئەکتەرانە دەتوانن بودجە و پشتیوانی سیاسی و سەربازی بۆ پارتەکان و حکومەتی هەرێم دابین بکەن. دەتوانن کاریگەریی باش و تێکدەرانەشیان هەبێ، فشار بۆ سەر ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست بکەن، ئەگەر مەبەستیان بێ ئیرادەیەکی سیاسی دیاریکراو بەسەر لایەنەکاندا فەرز بکەن. لە ئێستا و لەماوەی رابردووشدا؛ کاریگەریی ئەو ئاکتۆرانە بە زەقی بەسەر هەرێمی کوردستاندا بینراوە و بەردەوامیش دەبێ. 
ئەنجام؛ رەهەند و سەرچاوەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئاڵۆز و فرەلایەنە. کاریگەریی هەر یەکە لەو سەرچاوە و رەهەندانەش بەشێوەیەکی ڕێژەیی بەپێی هەلومەرج و بارودۆخی گشتی دەگۆڕێت. تێگەیشتن لە داینامیکی کارکردن و دابەشبوونی ئەو رەهەندانە، کاریگەرییان بەسەر یەکەوە یان کارتێکرانیان بە فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی؛ بۆ رای گشتی و ناوەندەکانی رۆشنبیریی و ئەکادیمیا گرنگە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت تا بە چاوێکی واقعیانەوە بۆ دۆخی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بڕوانین، لەو روانگەیەوەش پێشنیاری ستراتیژی باشترکردن و چاککردنی ئەو پڕۆسەیە بکەین کە چارەنووسی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرەو داهاتوویەکی باشتر و گەشتر دەبات.  

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!