شکستی سیاسی بزافی نەتەوەیی کورد لەباشور!
2023-03-17 09:04:51
چیا عەباس
کوردبوون، وەک نوسەری عێراقی، حسن العلوي، لەسەر "عروبة" دەڵێت: مانای ئینتمایە بۆ نەتەوەو هیچ ناوەڕۆکێکی سیاسی نیە. دەشێت موسڵمانێک کوردپەروەر بێت و هاوکاتیش مارکسیەکیش بەهەمان شێوە، بۆیە کوردبوون لە هەستی ئینتما زیاتر نیە، کاتێک دێینە سەر کوردایەتی ئیتر ناتوانرێت لە ناوەرۆک و مانا سیاسییەکانی داببڕێت.
داگیرکردنی کوێت و حزوری بەهێزی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە نیشتمانی عەرەبی شکستی سیاسی بزوتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی لە بەردی ئەلحەد نزیکتر کردەوە. پێشتریش پرۆسەی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە لە چەندین بواری هەستیاردا دوچاری شکست بووبوو، چ لای ناصریەکان (میسر)و چ لای بەعسییەکان (سوریاو عیراق)و چ لای رەوت و ئاڕاستە نەتەوەییە سۆشیالیست و چەپڕەوەکان (یەمەنی باشورو زەفارو لیبیاو جەزائیر).
لە کۆتایی سەدەی نۆزدە عبدالرحمن احمد بهائي الکواکبي گەورەترین بیرمەندی هزری هەستانەوەی نەتەوەیی عەرەبە، کتێبەکەی "طبائع الاستبدادو مصارع الاستعباد" گرنگترین کتێبی عەرەبیە لە سەدەی نوزدە، لە سایەشیدا بزافی نەتەوەیی عەرەبی دەسکەوتی گەورەی بەدەستهێنا، عەرەب بە "نهضة القومیة العربیة" پێناسەی دەکەن، ئەم هەڵسانەوەیە بەردەوام بو تا هەفتاکانی سەدەی رابوردوو، لەوانە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە میسر، جەزائر، لیبیا، سودان، یەمەن، عیراق، سوریاو چەند وڵاتێکی تر، پێش دەرکردنی کۆنۆڵیالیزم بزافەکە سەرکەوتووش بو کە "غنیمة" لە کڵتوری دێرێنی عەرەبدا بگۆرێ بۆ ئابوری، عەشرەت بۆ کۆمەڵگاو دەسەڵاتی خێڵ و بنەمالە بۆ دەوڵەت. لەو سەردەمانەدا هەڵچونێکی نەتەوەیی بەرفراوانی بەهێز سەرتاپای نیشتمانی عەرەبی وروژاندبوو، ناشێت کێشەی فەڵەستینیش لە دەرەوەی ئەم هەڵچونەدا ببینین. لەو قۆناغەدا بزافەکە بەگشتی هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەو هەستیاری کرد، ئەویش: پێرەوکردنی هزری شمولیەت لەو "هەڵسانەوەدا"، وەک دروشمەکانی: من المحیط الی الخلیج، امة عربیة واحدة ذات رسالة خالدة، وحدة، حریة و اشتراکیة، هاویشتنی ئیسرائیڵ بۆ ناو دەریا. بێگومان هەڵگران و خاوەنەکانی ئەم هزرانە یەک بەدوای یەکدا شکستیان دروێنەکرد: شکستی یەکگرتنی میسرو سوریا، پارچەپارچەبوونی حزبی بەعس نێوان عێراق و سوریا، لەتبوونی یەمەن، سەرهەڵدانی جەمسەرگەری نەتەوەیی نێوان ناصریەکان، بەعسییەکان، ناو خودی هێزەکانی مقاومەی فەلەستینی (نمونەکانی فتح و جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەو توندڕەوەکان)، بێبەهابوونی (الجامعة العربیة)، لە لایەکی تریش بەرەی موحافزکاری سعودیەو ئوردن و مەراکش و مێرنشینەکانی کەنداو. نەتەوەی عەرەب لەو دۆخانەدا دەستی بە کڵتوری رەسەنی ئەدەبی و هونەری خۆیەوە گرتبوو، ام کلثوم، فیروز، نجیب محفوظ..تاد وەک سیمبۆڵێکی بەهاداری نەتەوەیی.
سەدام حسێن، قەزافی، نومەیری، بۆتەفلیقە لە سەرکردە تازەهەڵکهوتووەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزە نەیانتوانی بۆشایی پاش لاوازبونی سەرکردە کلاسیکییەکانی بزافی نەتەوەیی عەرەب پڕبکەنەوە، وەک ناصرو حافظ الاسدو بۆرقیبەو سنونی و بن بلاو جۆرج حەبەش و مێشیل عەفلەق و.. تاد.
لەم بۆشاییە سیاسی و فیکریەدا تاکە هێز کە توانی دۆخەکە بقۆزێتەوە تەوژمی بە هێزی پان ئیسلامیزم بوو، لەوەی پێی دوترێت "بەهاری عەرەبی" توانیان پێگەی سیاسی و حوکمڕانی خۆیان لە زۆر وڵاتدا بچەسپێنن، وەک لە میسر، جەزائیر، لیبیا، فەلەستین، سودان و تاڕادەیەک لە سوریا، پاش روخاندنی سەدامیش لە عێراق بە شیعەو گروپە تێرۆریستە سوننەکان.
لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتەکانی فەڵەستینیەکانیش بەرەی نەتەوەیی بوو بە دوو لەتەوە: میانڕەوەکان و توندڕەوە موسڵمانەکان، لەم دۆخەدا تەنها وڵاتە شانشین و مێرنشینە عەرەبیەکان تاڕادەیەکی بەرچاو بەیەکگرتویی و ئارامی ماونەتەوە، وەک لە سعودیە، مەراکش، ئوردن و مێرنشینەکانی کەنداو. توندڕەوە ئیسلامیەکانی بەشێکی ئەم وڵاتەنەش بوونە سەرکردەو بەڕێوەبەری بەهێزترین هێزە تێرۆریستەکانی دنیا لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکانی خۆیان: ئوسامە بن لان، جبرایل، ظواهری، زەرقاوی و..تاد. ئێستا شتێکی ئەوتۆ نەماوە پێێ بوترێت: پرۆژەی سیاسی بزافی نەتەوەیی عەرەب، بەشێکی زۆری ئەوەی لە چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان بەناوی بەرگرییەوە رودەدەن ئاوێنەی ئەجێندا ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانە و خزمەتی بە پرسی نەتەوەیی عەرەب نەکردووە.
رێڕەوی هزری سیاسی نەتەوەیی ئەزمونی هەرێمی کوردستان لەدوای راپەرینەوە ئەم نمونەیەی شکستی سیاسی بزافی نەتەوەیی عەرەبمان بەبیر دەهێنێتەوە. بۆخۆم مێژوو و سەرهەڵدانی هزری سیاسی بزافی کوردایەتی لە باشور بۆ پسپۆرو مێژوناس و شارەزاکان جێدەهێڵم، باسی ئەوە دەکەم بینومن و زانیومن.
هەرێمێکی بچوکی لەتبوو لە بەشێکی باشوری کوردستان، دابەشبونی سیاسی لەسەر بنچینەکانی مێژوویەکی گومانلێکراو و ناڕون، گەمەکردن لەگەڵ دەرو دراوسێی نەیارو ناحەز، هەرێمێکی تەنراو بە بنکەی سەربازی و هەواڵگری داگیرکەران و دوژمنانی کورد، غیابی پەیامێکی نەتەوەیی هاوبەش بۆ دەرەوەی سنورەکانمان، گرتن و راوکردنی تێكۆشەرانی کورد بەبەرچاوی دەسەڵاتی کوردەوە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیان لەلایەن داگیرکەرو دوژمنان و..تاد.
گەر ئەمانە ئاماژەی زەق نەبن بۆ شکستی سیاسی چ مانایەکی تر دەگەیەنێنن، تەنها لە راگەیاندنە ئاڕاستەکراوەکاندا ئەم شکستانە بەسەرکەوتن وەسف دەکەن. ئەوەی شکستخواردووەکان شانازی پێوەدەکەن تەنها بەشێکی مێژوی خەبات و قوربانییەکانیانە، لەوە زیاتر لەدوای خولەکانی شەڕی ناوخۆ، دوو ئیدارەیی، حوکمڕانیەکی سەقەتی گەندەڵبوو، کارەساتەکانی ٣١ ئۆگۆست و ١٦ ئۆکتۆبەر هیچ سەرمایەکی نەتەوەییان بۆ گەنجینە مێژوییەکەیان زیاد نەکردووە، چیرۆکەکانی تر زۆرن، خەڵک لە وردو دروشتیان بەئاگایە.
ئەم شکستە سیاسییە نەتەوەییە هاوکات نەبۆتە زەمینەخۆشکەر بۆ سەرهەڵدانی پان ئیسلامی توندڕەو، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ناچارکردوە نەرم و نیان بێت بەرامبەر سەرهەڵدانی چەندین ئاڕاستەو کەسایەتی ئیسلامی کە گومانی جدی لە نیەتەکانیان دەکرێت، پێموایە ئەمەش بۆ رازیکردن و دەغدەغەدانی ئێران و تورکیایە، چونکە دەسەڵاتی ئێستای کورد لەباشور بێ ئەو دوو وڵاتە دەبێت لەسەر حەسیرێکی شڕو شێدار شەو بەسەر ببات.
هاوکات شکستی سیاسی بزافی نەتەوەیی کورد لە باشور سنوردراو کراوە، چونکە زۆرینەی هێزە نیشتمانپەروەرەکانی بەشەکانی تری کوردستان قەڵغانێکی جوگرافیای نەتەوەییان بەدەوری ئەم هەرێمە بچوکەدا داناوەو لە ناویشیدا زیادە بۆ هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی خاوەن هێزو پێگەن، لەو باوەڕەدام بێ بوونی ئەوان دەبینە نێچیرێکی ئاسان راوکراو. لەگەڵ ئەمانەشدا پاشەکشەیەکی سیاسی نەتەوەیی کەمەرشکێنەر بەرێکراوە.
حکومەتی هەرێم لەسەر نیو پێ بە گاگۆڵکێ دەڕوات، پەرڵەمانەکەمان سەرو بەری لەیەکتر جیانەکەیتەوە، دەبێت والیەکانی حوکمڕانیە لۆکالییەکان بۆ بلاطی سوڵتان بچەمێنەوە، بازاری دەڵاڵەکانی بازرگانی گەرمە، بۆ پاکەتێک جگەرەو جوتێک پێڵاوی لاستیک دەبێت دووجاری نرخەکەی سەرانەیان بدەیتێ.
نەژمارە نایەت کە بە شاندو کەسایەتی لەگەڵ رەتڵێک لە حیمایە لە دەروازەکانی بەغداد دەدەین و بە کورتی و کوردی داوای شەفاعەت و بەخشندەییان لێدەکەین، چەند کێڵگەیەکی نەوت و گازی نیشتمانمان کردوە بە "ورقة التوت"ی چیرۆکی ئادەم و حەوا. ئابوریمان کردۆتە غەنیمە بۆ حزب و بنەماڵەو جەمسەر، دەوڵەتمداریمان بە خەسڵەتاکانی بنەماڵەیی و جەمسەرگەری تەنیوە، کۆمەڵگاشمان کردۆتە پاشکۆی خەیمەو سەپان.. گەر ئەمانە شکستی سیاسی هزری نەتەوەیی نەبن، دەبێت چۆن پێناسەیان بکەین؟
سەرەڕای خاڵە ئەرێنەکانی حوکمرانی خۆماڵی بەڵام نەتوانراوە خەسڵەتە رەسەنەکانی هزری نەتەوەیی کوردایەتی بەپاکی بپارێزرێن و ئێستاش لەبەردەم مەترسی گەورەدان، چونکە کاتێک بی ناسنامە دەمێنیتەوە وەک پوشیکی وشک با بە هەمو لایەکدا دەتبات و دەتسوڕێنێت.