دیداری سلێمانی و بیرخستنەوەیەكی پێویست!
2023-03-15 16:09:27
گۆران عەلی كەریم
لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا عێراق و هەرێمی كوردستان بەقۆناغگەلێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەستیاردا تێپەڕی، هەندێك لەروداوەكان خۆ كرد و هەندێكی تریشیان لەدەرەوەی ئیرادە سەپێنرابوون، بۆ عێراق و هەرێمیش گرنگترین رووداو روخاندنی حكومەتی بەعس و بیناكردنەوەی عێراقی دوای سەدام بوو، كەبەداخەوە لایەنە سیاسییەكانی عێراق نەیانتوانی ئەو هەلەبقۆزنەوە و وەك ئەوەی چاوەرواندەكرا بتوانن عێراقی دوایی سەدام بكەنە وڵاتی ئارامی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، لە پاڵ ئەوەشدا هەرێمیش نەیتوانی نمونەیەكی جیاوازتر نیشانبدات وهاوتەریب لەگەڵ عێراق كەوتە دوای دەسەڵاتخوازی دوركەوتنەوە لەبەهاكانی حوكمرانیەكی دیموكراتیانە، ئەم هەوڵە كوشندەیەش وەك كراسێك بەبەر چەند دەستەو گروپیكدا دوراو كرایە چارەنوسی سیاسی و حوكمرانی، دیارە ئەم مەترسیەش بەسانایی تێناپەرێت و كاریگەری دەبێت بۆ چەند دەیەیەكی تر.
ئێستا ئەوەی لێمان نارون و نا دیارە عێراقی پاش بیست ساڵی تر روولەكوێ دەكات؟. بۆ ئاشنا بوون لەچارەنووسی ئایندە، یان چارەنووسی بڕیاردان بۆ بیست ساڵ، ئەستەمە بتوانریت متمانە بەم دەستە سیاسییەی ئیستاو بەم میكانیزمەی حوكمرانی شیمانەی خێری لێبكرێت، ئەمەش بەدڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و تا عێراق لەم دۆخەدا بێت هەرێمی كوردستانیش وەك تەختەی سەر ئاو دەمێنێتەوە و لەناو هەرێمیشدا دۆخی دوو زۆنی بەردەوام دەبێت و سلێمانیش گەر وەخۆی نەكەوێت دەبێت هەر ئەو گللەییەی بۆ بمێنێتەوە بڵی سزادراوم و ئابڵوقەم لەسەرە.
شاری سلێمانی كە بەمێژووی خۆی بزوێنەری بزووتنەوەكان بووە و بەردەوام وەك شارێكی یاخی و قەڵای یاخییەكان سەیركراوە، بۆیە بەرپرسانی ئەمشارە لە دیداری سلێمانی كە لەماوەی دوو رۆژەدا بەرێوە دەچێت، هەقوایە بیكەنە سەكۆی گفتوگۆیەكی چروپر لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بەسزادانی ئەم شارەوەو هەر لیرەشەوە نەخشەرێگایەكی تر دابرێژرێتەوە بۆ هەرێم و تەنانەت عێراقیش.
(دیداری سلیمانی ) کە ڕۆژانی (15-16 )ی ئەمانگە بەڕێوەدەچێت، هەق وایە دورخرێتەوە لەو جۆرە مەراسیمانەی كە تەنها لەگرد بوونەوەی نوخبەیەكی سیاسی و كۆمەڵیك كەسایەتی خۆی دەنوێنێت، هەق وایە ھاتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەندین وەزیرو کەسایەتیە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان، بكرێتە بۆنەیەك بۆ گفتوگۆی جدیانە بۆ بەرچاوروونی و دیاریكردنی ئایندەی پەیوەندی هەرێم و عێراق، بەتایبەتیش ناوچەی سلێمانی كە ئیستا هەموو چاوەكان چوەتە سەر پرسی هەناردەكردنی غاز كە سەربەئیدارەی سلیمانیە.
كاتێك تەوەری کێشەکانی بەغداد و ھەولێر دەبنە مژاری ڕاشکاوەنەی ناو دیدارەکە پێویستە چیتر بابەتە ستراتیژییەكان بەهەڵپەسێردراوی نەهێڵێریتەوە و بەپینەو پەرۆكردنی پرسەكان رازی نەبن.
تەوەرەێکی تری دیدارەكە گفتوگۆیە لەسەر ژینگەی عێراق، لەناوچەی سلێمانی دوو بەنداوی گەورە هەیە، بەشێك لەسەرچاوەكانی ئاو هەر لەم دەڤەرەیە،دەكرێت سلیمانی بكرێتە ناوەندێكی عێراقی كاریگەر بۆ ئەم پرسە و بوجەیەكی بۆ دابین بكرێت تا لێرەوە مەترسیەکانی سەرجەم خاکی عێراق و بە توێژینەوەی گرنگ بەرهەمبهێنرێت.
بەشداری کردنی گەنجان لە بڕیاری سیاسی وباسکردن لە سەرچاوەی داھاتی عێراق لە بەکارھێنانی نەوت و گاز، بۆ سەرچاوەی داھاتی تری سروشتی و کشتوکاڵی. چەند بەشێكی تری ئەم دیدارەن كە هەموویان گرنگیان هەیە، لەوانەش زیارتر ڕۆڵی خانمان لە پەرلەمان و بەشداری کردنیان لە کایە سیاسیەکاندا كە بەردەوام سلێمانی پیشەنگ بووە لەدەستپێشخەریدا.
دیارە دیداری سلێمانی لەم كاتەدا جگە گرنگی بابەتەكانی بایەخێكی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە سلێمانی بەكەس پەراوێزناخرێت چونكە زیندۆیتی ئەم شارە پێناسەكەیەتی و مێژووەكەشی شاهیدە.