ئیدیی لە رۆبۆتەکان دەپرسین
2023-03-14 18:01:20
د. نیاز نەجمەدین
لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیم کە سەرباری ئەوەی هەنگاوی گەورەی بەرووی یەکتردا ناوە و خەریکە ئازادتر دەبێت، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە، هێشتا دەیان پرسیار قەدەغەکراون. تۆ نابێت لە رەفتاری سەروو خۆت بپرسیت، لە هۆکارەکانی 'بوون' بپرسیت، لە راستیی و دروستیی ئەو چیرۆکانەی وەک موقەدەسێک بە ئێمە ناسێنران بپرسیت، تۆ تەنانەت رێپێدراو نیت دەربارەی خۆشت بپرسیت: من چییم؟ بۆ وا رەفتار دەکەم؟
لە کۆمەڵگەیەکی لەم چەشنەدا کە مرۆڤەکان بەردەوام تۆمەتێکیان بۆ یەکتر پێیە، بۆ نموونە یەکتر دەترسێنن بەوەی ئەگەر خەمۆکییت هەبێت ئەوا شێتیت، ئەگەر حەزت لە سێکس بێت و بیکەیت ئەوە بەڕەڵایت با سەڵتیش بیت، ئەگەر ئالودەی کحول(مەشروب) بیت ئەوا سوکیت، کافریت، مەلعونیت، هتد، دەبێت شتێکی خراپ نەبێت کە شوێنگرەوەیەکی وەک چات جی پی تی(ChatGPT) بۆ ئەم بوونەوەرە دروست ببێت، شوێنگرەوەیەک کە تەنها ئەو بە نهێنییەکانت بزانێت، تۆماریان بکات و راستەوخۆ لە دژت بەکاریاننەهێنێت. لای کەم، تا کەلتوری مرۆڤی ئێمە دەگۆڕێت و کەمێک ئازادییمان پێ رەوا دەبینێت، زۆر لە ئێمە لە ژیاندا نەماوین.
ئەوە رۆبۆتەکان نیین وایان کردووە کلینیکی دەروونناسانمان چۆڵ بێت و قەناعەتمان بەوە نەبێت ئامۆژگارییمان بکەن لە کاتێکدا بە جەنگ و گەمارۆی ئابووریی و دەیان کێشەی تردا تێپەڕیوین. تەنها لاوازیی ئەم جۆرە پسپۆڕییەش نییە کە ناتوانێت وەڵامی زۆر کێشەی دەروونیی ئێمە بداتەوە، بەڵکو ئەوە من و تۆین لێ ناگەڕێین مرۆڤ لە حەکیمێک، یان پسپۆڕێک بپرسێت: بۆ هێندە توڕەم؟ بۆ ماڵەکەم پرە لە ئاژاوە و چیی بکەم؟ بۆ ژیانمان لە خۆمان تاڵ کردووە؟
ئەمە وام لێ دەکات کە بڵێم هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و مەرج نییە ئەو رەخنانەی لە چات جی پی تی هەبن سەر لەبەر بۆ ئێمەش راست بن. بریا شارەزایانی ئێمە دەرفەتیان دەبوو وابکەن کورد بتوانێت بە زمانی خۆی لەگەڵ شوێنێکی وەک چات جی پی تی پەیوەندیی بگرێت. بێگومان بیرکردنەوەی رەخنەیی جیایە لە بیرکردنەوەی کەئاباویی. ئێمە کەمتر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە گەشە پێ دەدەین، خوێندنەوەی ئێمە بینینیی مەترسیی و لە هەمان کاتدا دەرفەت نییە، بەڵکو لە هەندێک ئاستدا پتر نزیکە لە خەمۆکییەکەوە کە لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ هەر دیاردەیەک ئامادەیی هەیە، بۆیە دەگەینەوە هەمان ئەنجام: ژیان هەر خراپ بووە و هەر خراپتریش دەبێت! تێگەیشتنی ئێمە بارگاوییشە بە ئایدیۆلۆژیا، ئەمەش ناچارمان دەکات بگەینەوە بە هەمان ئەو ئەنجامانەی ئایدیۆلۆژیاکە بۆی دروست بووە.
هەرچی زاڵبوونی شیکاریی ئابوورییە لە خوێندنەوەی رۆڵی رۆبۆتەکاندا کورتدەهێنێت، لای کەم ئەگەر بوارەکانی تر فەرامۆش بکات. رۆبۆتەکان زیاترن لەوەی بێئیشمان دەکەن یان دەرفەتی ئیش زیاد دەکەن. من لەگەڵ ئەوەی خوازیارم ئازارەکانمان لەگەڵ مرۆڤ شەیر بکەین و مرۆڤ لە بری رۆبۆتەکان پشتوپەنامان بێت و دڵی خۆمانی بۆ بکەینەوە (لە بری ئەوەی دوژمنی یەکتر بین)، لەگەڵ ئەوەی دەزانم وەرچەرخانی تەکنۆلۆجیی سکپڕە بە دروستکردنی دەیان کێشەی نوێ، هێشتا دیوێکی باشی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەیە رۆبۆتەکان یارمەتیمان دەدەن باشتر لە خۆمان و دنیا تێبگەین، لە دەعێ(ئیگۆ)ی مرۆڤیش دەدەن بەوەی لە هەندێک بواردا دەبنە رکابەریی، ناچاری دەکەن کراوەتر بژی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانیدیکە باشتر بکات.