Draw Media

ئێران و سعودیەو چین و ئەوانیتر

ئێران و سعودیەو چین و ئەوانیتر

2023-03-11 15:29:20


سه‌ردار عه‌زیز

لێرەدا کۆمەڵێک سەرنجی خێرا دەنوسم، ئەوەی رویدا لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی ئێجگار گرنگە.

بۆ ئێران ئەم هەنگاوەی نا؟

نوخبەی دەسەڵاتداری ئێرانی لەهەموو لایەکەوە لەژێر فشاردان. هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی فشار، بە ناچاریش بێت، زەرورەتە. تەنانەت حەز دەکەن لەگەڵ ئیسرائیلیشدا رێکبکەون بەڵام لە پەرچەکردارەکەی دەترسن.

سعودیە وەها دەبینرێت کە سپۆنسەری سەرەکی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵە کە بووەتە سەرچاوەی سەرەکی هەواڵ لەناوخۆی ئێراندا.

بۆ سعودیە ئەم هەنگاوەی نا؟

محەمەد بن سەلمان، پلانی گەورەی هەیە لە ناوەوەی سعودیە. بۆ ساڵی ٢٠٣٠ سعودیە جگە لە ئاین دەبێتە شوێنی کەلتورو گەشتیاری و بازرگانی. بۆیە کەمکردنەوەی تێچونی دەرەکی ئامانجیەتی، بەتایبەتی شەڕی یەمەن.

هەروەها هەنگاوێکە بۆ خۆدورخستنەوە لە ئیسرائیل. چونکە کەنداو دەترسن لە کاتی هێرشی ئیسرائیلدا لەبری تۆڵە لە ئیسرائیل، ئێران بیسرەوێنێتە ئەوان. وەک چۆن بە هەولێری کرد.

ئەمریکا

بەپێچەوانەی ئەوەی دەیڵێن، ئەمریکا دژ بەم رێکكەوتنە نیە. سعودییەکان هەنگاو بە هەنگاو واشنتۆنیان ئاگادارکردبوو. ئەمریکییەکان رازین بەڵام بەشدارنین. بۆ ئەمریکا کەمکردنەوەی فشارە لەکاتێکدا کە شەڕی ئۆکرانیاو رکەبەری چین ئەولەویەتە.

چین؟

ڕەنگە بۆ چین گەورەترین روداوبێت. هەمومان دەزانین کە کارە زۆرەکانی ئەم رێکكەوتنە لە بەغداو مەسقەت کراوە، بەڵام واژۆکردنی لە پەکین کۆمەڵێک ئاماژەی هەیە: یەکەم، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ رێکكەوتنێک بەبێ پشتیوانی زلهێزێک نرخی کاغەزەکەی نیە. دووەم، چینییەکان دەیانەوێت خۆیان وەک ئاشتکەرەوە ببینن نەک وەک دروستکردنی رکەبەر. سێیەم، چین دەیەوێت بڵێت ئەمریکا هۆکاری ململانێی ئەم هێزانەیە.

بڕیار وەهایە لەماوەی دوو مانگدا باڵوێزخانە بکەنەوە، با چاوەڕێ بین.

ئایا بۆ عێراق و کوردستان چۆن دەبێت، ئەوەی بۆ ئێوە جێدەهێڵم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand