Draw Media

روسیا: بە براوەیش هەر دۆڕاوە

روسیا: بە براوەیش هەر دۆڕاوە

2023-03-07 08:53:20


خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د

ساڵێک بەسەر پەلامارەکەی روسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا تێپەری و هێشتا تروسکایی چارەسەر لە ئاسۆدا دیار نیە. وەک زۆر دیاردەو روداوی تر، لەم بابەتەشدا کۆمەلگای نێودەوڵەتی دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا. بەرەییەکەم وڵاتانی رۆژئاواو دنیای ژێر هەیمەنەی ناتۆو وڵاتە دیموکراسی و نیمچە دیموکراسییەکانە. ئەم بەرەیە بەرگرییەکی سەرسەختانە لە ئۆکرانیا دەکەن و روسیا بە دەستدرێژیکەر بۆسەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانن. بەرەی دوەم روسیاو ئەو وڵاتانەن کە بە پلەی یەکەم دژ بە هەیمەنەی ناتۆو ئەمریکان لە جیهانداو لە هەوڵی گەڕاندنەوەی چەند جەمسەریدان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گرنگ نیە بەلایانەوە روسیا دیموکراتی نیە. ئەرگومێنتی لە پێشینەی ئەم بەرەیە ئەوەیە: کە نەدەبوا ئۆکرانیا هەوڵی بوون بە ئەندامبوونی بدایە لە یەکێتی ئەوروپاو ناتۆداو لەبەرانبەردا مەترسییەکانی روسیای لە بەرچاو بگرتایە.

دەکرێ بڵێین: ریشەی کێشەکان بە پلەی یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای 90کان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆ بە گشتیتر. دواتریش هەوڵی روسیا بۆ گەیشتنەوە بە ئاست و گەورەیی سۆڤیەت و گەڕانەوە بۆ دووجەمسەریی کە تێیدا روسیا سەرۆکایەتی جەمسەرێک بکات.

بە کورتی دوای روخانی سۆڤیەت، سێ تێڕوانینی جیاواز، بۆ ئایندەی ئەوروپا لە کایەدا بوو:

1- ئەمریکییەکان دەیانویست راکێشانی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بۆ ناو (ناتۆ) کە لەژێر هەیمەنەی خۆیدایە، روسیا کەنار بخەن و لە هەمانکاتدا رێگربن لە رەوتی یەکێتی ئەوروپا بۆ دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپیی کە لە ئاییندەدا کێبەرکێی ئەمریکاو چین بکەن.

2- بۆچوونی ئەوروپیەکان خۆی لەوەدا دەبینیەوە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا پەیوەست بن بەیەکێتی ئەوروپاوە بێئەوەی ناچار بن ببنە بەشێک لە ناتۆ. بۆ ئەم مەبەستەش دەیانویست پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ روسیادا هەبێت.

3- لەبەرانبەردا روسەکان دەیانویست بازارێکی گەورەتری (ئێرۆ – ئاسیایی) بێتە ئاراوە کە وڵاتانی سەربەخۆبووی سۆڤیەتی کۆن لە ئاسیاو قەوقازدا لەخۆ بگرێت، کە بێگومان دەیتوانی خۆی رۆڵێکی گەورەی تێدا دەستەبەر بکات.

قەیرانی ئابوری 2008 لە رۆژئاواداو بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هەڵکشانی پۆپۆلیزم لە جیهاندا، بەهاری عەرەبی و دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، وای لێدەخوێنرایەوە زۆرینەی روداوەکان لە خزمەتی روسیادان. بەڵام پێنەگەیشتنی دیموکراسییە روسییەکە، رێگربوو لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پۆتین وەک ئەردۆغان و زۆرینەی سەرکردە دیکتاتۆرەکان کەوتە ئاڵوگۆری یاساو رێساکان لەبەرژەوەندی کەسیی خۆیدا. خۆی و دارودەستەکەی قۆرغی داهاتی وڵاتەکەیان کردو رێگربوون لەوەی روسیا بتوانێت شان بەشانی کڵاوە ئەتومییەکانی هێزێکی ئابوری نەرم پێکبهێنێت کە لە دنیای پڕ لەکێشمەکێشی ئەمڕۆدا توانای کەمێ مانۆڕی سیاسی پێببەخشێ. لێرەوە پۆتین وەک هەر دیکتاتۆرێکی تر پێویستی بە شەرێکی دەرەکی بوو تا رەوایی بدات بە درێژەدان بە فەرمانرەوایەتییەکەی. لە 24ی شوباتی 2022دا روسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا. سەرەتا پۆتین هێرشەکەی بە کردەیەکی کاتی و دیاریکراو ناوزەدکردو لەوباوەڕەدا بوو لەماوەیەکی کەمدا سوپای ئۆکرانیا خۆی بەدەستەوە ئەداو خۆپیشاندان و پشێوی سەرتاپای ئۆکرانیا دەگرێتەوە، حکومەتەکەی زیلینسکی دەروخێت و حکومەتێکی دڵخوازی خۆیان دێننە ئاراوە. بەڵام بە پێچەوانەوە روسیا پەلکێشی جەنگێک کرا کە ئەوسەری دیار نیە، لەم جەنگەدا ئیعتبار گەڕایەوە بۆ دەزگا جاسوسی و نهێنگرییەکانی رۆژئاواو ئەوروپا نوزەی دژ بە ئەمریکای تێدا نەماو پەیوەندی نێوخۆیی ئەوروپاش بەهێزتر بوەوە.

جیهانێکی سێ جەمسەری

جەنگی ئۆکرانیا، دیاردەیەکی نوێی پێ ئاشناکردین کە سەراپای مێژوو بۆ قۆناغێکی دیاریکراو داگیر ئەکات: ئەویش ئینتەرنێتە. هەر بۆخۆشی جەمسەرێکی گەورەو بەهێز دەبێت لەگەڵ دنیا دوو جەمسەرییەکەدا کە پێی ئاشناین. روسیا وەک هێزێکی باڵادەستی تەقلیدی، لە چەند کاتژمێرێکدا کۆی کۆمینیکەیشن و پەیوەندییەکانی ئۆکرانیای لەناوبرد. بەڵام هەموو چەند سەعاتێکیشی نەخایاند تا (ستار لینکێکی) بۆ کرایەوەو ئینتەرنێتەکەی کەوتەوە سەرپێ و ئێستا بە تەکنۆلۆژیایەکی بەرز، کۆی پەیوەندییە سەربازی و ئابوری و مەدەنییەکانی ئۆکرانیا پەیوەستن بە ئینتەرنێتەوەو چیتر باسێک لە (فاکس و تەلەفۆن و جیهازی راکال) لە کایەدا نیە. لەلایەکی ترەوە ئینتەرنێت: یارمەتیدەرێکی بەهێزی ئابوری ئۆکرانیا بوو بەشێوازێک کە کۆی بانکەکان و دارایی وڵاتەکە لەم رێگەیەوە لە گەڕدایەو دراوی دیجیتاڵی پانتاییەکی زۆری بۆ مامەڵە داراییەکانی ئۆکرانیا دەستەبەرکردوە. هەرچی گروپە هاککەرەکانە کە سەرەتا وادەبینرا روسیا باڵادەست بێت تێیدا، پێچەوانە بووەوەو بەتایبەت گروپی (ئەنۆنیمەس) تەنگیان بە روسیا هەڵچنیوەو هەر رۆژەو لە شارێک وەزارەتێک یان دایەرەی دابەشکردنی ئاو یان بانکێکیان زانکۆیەک کارەکانی رادەگیرێت. هەروەک چۆن ئێمە ئاشناین بە وشەی (ستیزن_ کە بەمانای هاوڵاتیی دێت)، لەئێستا بە دواوە لە بەردەم کۆمەڵگایەکی نوێداین کە (نێتزن _ واتە هاوڵاتی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان) دەناسرێت. ئەم کۆمەڵگایە بە هاوبەشە روسەکانیشەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی بۆتیندا نین. بێگومان هێزی ئاگرینی روسیا بەهێزەو تا دەیان ساڵی تریش بە بەهێزی دەمێنێتەوە. تائێستا زیاتر لە 13 ملیۆن ئۆکرانی ئاوارە بوون. سەدان هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی کوژراون، سەرباری ئەوەی باس لە کوشتنی 15 هەزار سڤیل دەکرێت. روسیا دەتوانێت ئۆکرانیا لە بن بێنێت، بەڵام بە براوەیش هەر دۆڕاوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand