کۆن دەمرێ و نوێ لەدایکنابێت
2023-03-06 18:45:04
كەمال چۆمانی
فەیلەسوفی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی لە نامیلکەکانی زینداندا لە ١٩٣٠، لە هەڵسەنگاندنی رۆژانی سەرهەڵدانی فاشیزم و شکستی وەڵامدانەوەی هێزە دیموکراتخوازە چەپەکان بۆ قەیرانەکانی کاپیتالیزم، ئەو گوتی:
<<قەیران رێک لەو راستییە دایە کە کۆن دەمرێ و نوێش ناتوانێت لەدایکببێت؛ لەو دۆخە ناحکومڕانییەدا -interregnum- نیشانەی گەورەی جۆراوجۆری دەردەکەون morbid symptoms.>>
کە نوێ نەیتوانی لەدایکببێت و وەڵامدەرەوەی قۆناغی شکست و ناحکومڕانی و دۆخی خراپی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ، کە کۆنیش بمرێ، دەرفەت بۆ هێز و کەسی فاشیست و نادیموکرات دروستدەبێت. ئەندریا مولهیلباخ لە ٢٠١٦ لە وتارێکدا لە زنجیرە وتاری `قەیرانەکانی لیبرالیزم` ناوی لەو دۆخە نا <<ساتی دڕندەکان.>>
ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق بەو دۆخەدا رەتدەبێ. کۆن یا مردوە یان وا دەمرێ، نوێش ناتوانێت لەدایکببێت. ئەو قۆناغەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ساتی جێگرتنی دڕندەکانە. ساتی کوشتنی هیواکانی خەڵکە بە دیموکراسی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، و خۆشگوزەرانی.
لە دیداری هەولێری رووداوی نێچیرڤان بارزانی، کە تێیدا گروپێک خەڵکی ناکورد هاتبون بە عەقڵییەتە ئۆریێنتالیستەکەیانەوە نەسیحەتی کوردیان دەکرد، دانی بەوە دانا ئەوەی خۆی لە ٢٠ ساڵی رابردودا دروستیکردوە، شکستە، نە ئابورییەو نە سیاسەت. هەر سیاسەتکارێک و بەرپرسێکی حکومەت دەمدەکاتەوە، باسی شکست و تاڵانی دەکات و دان بەوەدا دەنێ دوای راپەڕین چەندە سەرکەوتنە دو ئەوەندە شکست و گەندەڵی و تاڵانی و چەتەگەرایی ئابوری. قانونەکان بنپێدەخرێن و هیچ دەرفەتێک نییە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری.
لە هەموی مەترسیدارتر، لەدایکنەبونی نوێیە. نوێ بەو مانایەی کە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسیی، ئابوریی، و کۆمەڵایەتی بێ کە وەڵامدەرەوەی ئەو قەیرانە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، عەسکەری، و حوکمڕانییانەی هەرێمی کوردستانی عێراق بێ. ئەوەی ئیدیعای نوێ دەکا، لەگەڵ خودی سیستەمدا، یا رونتر لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا تەنها لە بانگەشەکانیان جیاوازن. نوێ لەدایکنابێ کە ئەگەر کاری دەستەجەمعیی گەورە نەکرێ. من شتێکی ئەوتۆ ئاشکرا ناکەم کە باس لە گەندەڵی و چەتەگەرایی بکەم، ئەوە بانگەشەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتیشن.
گەورەترین پرسیارێک کە کەسمان وەڵاممان بۆی نییە ئەوەیە؛ چی بکەین؟ چی بکەین تا نوێ لەدایکبێ و دڕندەکان نەتوانن زیاتر ئێستامان وێران بکەن و داهاتوشمان بسوتێنن؟ چی بکەین تا نوێیەک لەدایکببێ و رێ لەوە بگرێ کە فاشیزم باڵی بەسەر ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا کێشا و دوای شکستی بەهاری عەرەبی عەبدولفەتاح سیسی جارێکی تر میسری وێران کردەوە. چی بکەین تا ئەوەی سبەینێ دێ لە ئەمڕۆ و دوێنێ خراپتر نابێ؟
قسەیەکی والتەر بنیامین زۆر دوبارە دەکرێتەوە کە دەڵێ <<لەپشتی هەمو فاشیزمێکەوە شکستی شۆڕشێک هەیە.>> ئەو فاشیزمەی لە ئێران هەیە، شکستی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩یە. ئەو گەندەڵی و نادیموکراسی و چەتەگەرایییەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقێ هەیە، شکستی راپەڕین و بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردییە کە پڕۆژەیەک بو لە باشترین دۆخیدا بۆ رزگاری کوردستان بو نەک پارادایمێکی نوێی ژیانکردن و سیاسەت و حوکمڕانیی پێ بێ.
پرسیاری چی بکەین، وڵامەکەی قوڕسە، بەڵام مەحاڵ نییە. پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ تێگەییشتن لە کۆمەڵگای خۆمان و حکومڕانیی و سیاسەتی هەرێمی کوردستان. پێویستە لەبری ئەوەی هەرکەسە و لە شوێنێکی کوردستانەوە، بە جیا و بە دیدێکی تەسکەوە، بە دیدێکی پاوانخوازانەوە، بە تێڕوانینێکی جیاکارانەوە، بە عەقڵییەتێکی پیاوسالارانە و ئیگۆیەکی پیاوانەوە، بە خۆجیاکردنەوە و دژ بە ئیشی دەستەجەمعی، ئیشی دەستەجەمعی دەستپێبکرێ و دیبێیت نەبێ بۆ ئەوەی کێ شوێنی کێ دەگرێتەوە، بەڵکو پارادایمێکی نوێ پێشبخرێ و گفتوگۆی لەسەر بکرێ بۆ ئەوەی کوردستانمان زیاتر نەکەوێتە بن دەستی دڕندەکان و نوێیەک لەدایکببێت کە رێبگرێ لەوەی کوردستان هێندەی دی بکەوێتە ژێردەستی هێز و کەسی تاریکپەرست و کۆنەپارێز و نادیموکراتیک.
ئەمڕۆ زۆرن ئەو هێز و کەسانەی پێیانوایە نوێن و لەداییکدەبن، بەڵام لە راستیدا بەو عەقڵییەت و جۆری کارکردنەیان، بەو کۆنەپارێزی و تێنەگەییشتن لە دۆخەکە و هەڵپەی دەستەڵات، نەک ناتوانن لەدایکبن، بەڵکو یارمەتیدەرێکی باشی دڕندەکانیش دەبن بۆ زیاتر خۆسەپاندن و بێهیواکردنی کۆمەڵگا.