هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق گرنگترین گۆرانکارییەکان چین؟
2023-02-13 17:04:36
هاوڕێ تۆفیق
لە دوای پێکهێنانی وەزارەتەکەی سودانی هەڵبژاردنی پێشوەخت گۆردرا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان، لە راستیدا ئەنجومەنی پارێزگاکان بەهۆی راپەرینی خەڵکەوە کە لە کاتی خۆیدا لە باشورو بەغدای پایتەخت هەڵگیرسابوو ،
یەکێک لە داواکانیان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکان بوو .چونکە لە باتی خزمەتی خەڵک بکەن، بەشی زۆریان تێوەگلاوبون لە گەندەڵی . پەرلەمانی عێراقیش ئاوی کرد بە ئاگری تورەیی خەڵکدا و ئەنجومەنی پارێزگانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام پاش ماوەیەک پەرلەمان بریارەکەی خۆی چاککردەوە ،چونکە ئەنجومەنی پارێزگاکان پاڵپشتی دەستورییان هەیە و لە دەستوردا بونی هەیە. بۆیە پەرلەمان لە جیاتی هەڵوەشاندنەوە، بریارەکەی گۆری بۆ هەڵپەساردنی کارەکانیان ،چونکە ولایەتی یاسایی هەڵبژاردنیان تەواو بوو . دادگای فیدراڵیش بەهەمان شێوە لە یەکلایکردنەوەی سکاڵایەک لەسەر ئەنجومەنی پارێزگا هەمان راستی دوپاتکردەوە، لە ئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت ،هەرچەندە لە ژورە سیاسیەکاندا رای تر هەیە و ئەگەری دواخستنی هەیە، بەڵام لە ئێستادا پەرلەمان سەرقاڵی هەمواری قانونی ئەنجومەنی پارێزگاکانەو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەی هەموارەکە کراوە، جەوهەریترین خاڵ کە هەتاوەکو ئێستا ئاراستەی زۆرینەی وەرگرتوە بەم شێوەیە:
١: هەردوو قانونی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان پێکەوە لە یەک قانونی هەمواردا یەکدەخرێن و بەیەک جار ،خوێندنەوەو پەسەندکردنی بۆ دەکرێت ، ئەمەش پێشینەیەکی یاسایی تازەیە کە لەیەککاتدا دوو قانون بکرێت بەیەک .ئاشکرایە ئەم ئاراستەیە لەبەر ئەوەیە ئەو لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەی کە ئێستا لە نێوان لایەنە سیاسیەکان دروستبوە بتوانن بۆ هەردوو قانونەکەی بەکاربهێنن .نەوەکو پاشان توشی لێکترازانی سیاسیی ببنەوەو قانونی دووەمیان پێ هەموار نەکرێ.
١: بازنەی هەڵبژاردن بۆ هەر پارێزگایەک تەنها یەک بازنە دەبێت، نەک وەکو پێشوو کە هەر پارێزگایەک چەند بازنەیەک بوو.
٢: پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگدان بە هەردوو رێگای ئەژماری ئەلکترۆنی و دەستی دەبێت و ئەگەرئەنجامی هەردوکیان هاوتا نەبوو ، ئەوا ئەنجامی دەستی پەسەند دەکرێت.
٣: ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن پارێزگاکان کەم دەکرێتەوە.
٤: مەرجە دەنگدەر کارتی دەنگدانی بایۆمەتری درێژخایەنی هەبێت، ئاشکرایە کۆمیسۆن دوو جۆر کارتی دەنگدەری دروستکردوە، جۆری یەکەمیان ،کارتی دەنگدانی کورت خایەنە کە ئەم جۆرە بایۆمەتری نیەو وێنەی دەنگدەری لەسەر نیە، جۆری دووەم بایۆمەتریەو وێنەی دەنگدەری لەسەرە، ئەم جۆرەیان دەنگدەر خۆی چۆتە بەردەم تیمی تۆماری ئەلکترۆنی کۆمیسۆن و داتاکانی بەشێوەی ئەلکترۆنی تۆمارکراون و پەنچەمۆری ئەلکترۆنی هەر دە پەنچەی دەنگدەر تۆمارکراوە، ئەم جۆرە لەسەر ئاستی نیشتمانی رێژەکە نزیکە لە ٦٥٪ . ئەگەر ئەم کارتە بکرێ بە مەرج ، ئەوا رێژەیەکی گەورە لە خەڵک ناتوانن دەنگ بدەن.
بێگومان لە دەستوردا سیستەمی نوێنەرایەتی دابەشکراوە بۆ سەر سێ ئاست ، پەرلەمانی فیدراڵ، ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی قەزا. ئەمەش بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزییەتە لە سیستەمی پەرلەمانی و فیدراڵیدا ،بەڵام لە راستیدا لە بواری جێبەجێکردن و ئەزمونی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەم ئەنجامەی نەپێکاوەو بە پێچەوانەوە بۆتە تەکەتولێک بۆ بەرژەوەندی کەسی و حزبی و هەندێک لە ئەندامان و ئەنجومەنەکان لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون و ئەنجومەنەکان بونەتە سەرچاوەی بیرۆکراتیەت، رێگا راستەکە هەڵبژاردنی پارێزگارە بە دەنگدانی راستەوخۆی خەڵک هەتاوەکو بەهێز بێت و پارێزبەندی بۆ دروست بێت ، نەک بەم شێوەی ئێستا بە ناراستەوخۆ لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە هەڵبژێردرێت و پارێزگار بێتە کۆیلەی بەرژەوەند کەس و گروپی جیاواز.