Draw Media

ڕاکێتی نەمامە چنارێک !

ڕاکێتی نەمامە چنارێک !

2023-02-12 06:26:31


د. هەژار مەعروف
زارای محەمەدی، نەمامە چناری ناسک و تەڕ و خاکی و خاکپەرست لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە ناو تاریکایی زیندانی داگیرکەری دەسەڵاتی ئاینیی دواکەوتو و دڕندەی ئێرانەوە، ساڵەکانی زیندان نەک هەر نەی چەماندۆتەوە بەڵکو ڕێکتر و باڵاتر و قیت تر و پەل و پۆ زۆرتری کردوە، ئەو لەسەر وانەوتنەوەی زمانی شیرینی کوردی بە منداڵانی کورد لە شاری سنە حوکمی ناڕەوای چەند ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابو.
 دیارە ترپەی دڵە زیندوەکەی زارا ی تینوی ئازادیی گەلەکەی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی، لە کونجی زیندانەکەیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەڵ ڕاپەڕینی (ژن ژیان ئازادی) دا لێیداوە و ئۆکسجینی ژیانی لێ هەڵمژیوە، ئەو ڕاپەڕینەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کڵپەی سەند و تەواوی ئێرانی تەنییەوە. 
هیواو و ئومێد بەو ڕاپەڕینە و بڕوای تەواو بە ڕێبازەکەی، زارای هێندە بەهێزکردوە کە لە فەرمانی لێبوردنی خامنەئی بێمنەتە و خۆی ئاگاداری دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەکات کە داوای لێبوردنیان لێناکات بۆ ئەوەی ئازادی بکەن ، بەم هەڵوێستە زارای نەمامە چناری ناسک و سەوز تەحەدای ڕاکێتە بۆرە ئاگرینە وێرانکەرە چەند مەترییە پۆڵایینەکانی ڕژێمی مەرگ و سێدارەی ئێران دەکات و بە سنگی دەرپەڕیو و سەرێکی بڵند وەک چیای قەندیل بەرەنگاریان دەبێتەوە.                                                                             زارا زۆردڵشاد نیە بە ئازادکردنی، نا ! تەماشاکە ئەو بە هۆشیاریی تەواوەوە ناڵێ ئازادیانکردم بەڵکو دەڵێت "لە بەندیخانە دەرکرام" ، ئەو دەزانێت دەرەوەی بەندیخانە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات کراوە بە بەندیخانە گەورەکەی ئینسانی کوردی بێ بەشکراو لە سادەترین مافی وەک خوێندن بە زمانی دایک و کار و کاسبیی پڕوکێنەری وەک کۆڵبەریی سەر سنورە هەڵدێر و بێبەزەییەکان.                                                              هەندێ لە وتە مێژوییە دژە ڕاکێتەکانی زارای محەمەدی کە دوێنێ ئێوارەی ١٠ی شوبات ڕوبەڕوی ڕاکێتەکانی ئێرانی کرد ئەمانەبون: " کوردستانیانی خۆڕاگر بەرخۆدانتان باش،  تا چرای ئێمە نەسوتێ ئێوە هەرگیز ڕوناکایی نابینن بە چاوی خۆتان، تا کۆتایی ژیانم درێژەدەری بیروڕاکەمم ..،  ".                                                                        زارای پاڵەوانی خەباتی مەدەنی و ڕۆشنبیری بەم شیعرەی قانع ی نەمر کۆتایی بە پەیڤە ئاگرینە ڕوناککەرەوەکەی دێنێ:
گەرچی دوژمن وا ئەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم                                                        باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە                                                        بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ                                                            قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە
ڕاپەڕینی (ژن ژیان ئازادی) و بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژاوای کوردوستان و ئەو بەدەمەوەهاتنە ئینسانی و نەتەوەییەی خەڵکی باشور، هەروەها بێبەزەیی و مێشک ڕەقی و مێشك وشکیی داگیرکەرانی کوردستان و لە هەموی ناخۆشتر ئەوپەڕی نادادپەروەری و دڵڕەقی و بێتوانایی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زەلیلیان بەرامبەر ئێران و تورکیا، هەمو ئەمانە بونەتە هۆی ڕاچڵەکین و بەئاگاهاتنەوە و سەرهەڵدانێکی نوێ و شەپۆلێکی بەرز و توند و ڕاماڵەری کوردایەتییەکی نوێی پێشکەوتنخواز. 
لەم خاکە بەخشندە و پاراو و بە پیتەی باشوری کوردستان ئیتر کاتی سەردەرهێنان و گەشەسەندنی نەمامی درەختە بەهێز و پڕوزە و پڕژیانەکانە، هەروەها کاتی پوکانەوە و وشکبون و داڕزانی درەختە نەخۆش و بێبەرەکانە !

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand