بڕیارەکەی بایک
2023-02-10 09:31:57
لەتیف فاتیح فەرەچ
ئاکاری سیاسی زۆر گرنگە قسەی لەسەر بکرێت، جۆرێک هێزی سیاسی هەن لەکاتی کێشەو گرفتی بەرانبەرەکەیاندا زیاتر برینەکان دەکولێننەوەو بارودۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ ئازاردانی ئەوی تر ، ئەمەش ئەو پەڕی بێئاکاری سیاسیە، لە بەرانبەردا جۆرێکی تر هەن لەوجۆرە بارودۆخەدا وەک ئاکارێکی سیاسی دەست لەهەرجۆرە ئازاردانێک هەڵدەگرن، هەموو ئەوە دەزانن کە ئەوە تورکیایە دەیان ساڵە شەڕی قڕکردنی کورد دەکات و دەیەوێ کوردی بەشەرەف نەهێڵێت، لەبەرانبەردا کورد داکۆکی لەبوون و مانەوە دەکات و نایەوێت لەشەڕیشدا ئاکاری سیاسی لەبیر بکات، دواپەیامی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان بۆ ڕاگرتنی هەموو چالاکیەک لەم بارودۆخە تایبەتەی تورکیاو باکوری کوردستان ئەو پەڕی ئەخلاقە.
بایک وەک هاوسەرۆکی کەجەکە دەیتوانی ئەو دۆخە بەجۆرێک سود لێببینێ کە تورکیاو ئاکەپە تەنگە تاو کات لێ ئەمەی نەکردو شەڕی وەستاند، من جەمیل بایکم لەنزیکەوە بینیوە ئەو وێڕای ئەوەی سەرکردەیەکی سیاسیە، فەرماندەیەکی بوێریشە، بەڵام هەمیشە لەگڤت و گۆو سیمایدا خواستی ئاشتی بەدیدەکرێت، ئەم پەیامەش لەو چوار چێوەیەدایە، دەنا خۆ ئەوە پارتی کرێکاران و کورد نین کەشەڕی تورکیا دەکەن، ئەوە تورکیاو ناتۆن کەشەڕی کوردی سڤیلیش دەکەن نەک کەجەکە، راگرتنی شەڕ پەیامێکی جێی بایەخە بۆ ئەنقەرەو ئاکەپەو هەروەها نیشاندانی ئەخلاقی ئاشتیخوازانەشە بەدنیا کەکورد دەرفەت بۆ تۆڵە ناقۆزێتەوە، بەتایبەت کە ئێمە ئێستا لەنێو یادی شوباتی پیلانگێڕی بیست و چوار ساڵ لەمەو بەرداین.
بایک بەو پەیامە نەک هەر شەڕ ڕادەگرێت دەستی هاوکاری کوردانیش بۆ براو خوشکە لێقەوماوەکانیان ئاوەڵا تر دەکات، دڵنیام ئەم هەنگاوە دەنگدانەوەی گەورەی میدیایی و سیاسی دەبێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئاکەپەو ئەردۆغان لەو شێوە پەیامە بگەن، هەڵبەت وەک سەرەتاش ووتم ئەمە عیبرەتێکی بایەخدارە بۆ هەموو ئەوانەی دەرفەتی ناجۆر دەقۆزنەوە بۆ زیاتر بریندارکردنی بارانبەرەکەیان بایک و کەجەکە چونکە لەشەڕی ڕەوادان کاری بەو جۆرە ناکەن و نایانەوێت ئەوکەلێنەی ئێستا دروست بووە بۆ شەڕو سەرکەوتنی هیچ فرسەتانە بقۆزنەوە.