بومەلەرزەو شوقە، ریکلام و ڕاستی..
2023-02-07 10:27:53
عەدالەت عەبدوڵڵا
زۆرجار دۆخی خراپی خزمەتگوزاری، بەتایبەتیش بێ کارەبایی و بێ ئاوی و کۆنیی جادەو ڕێگاوبان و شوستەو پێویستیی تریش لە ماڵ و گەڕەکەکاندا، ڕەهەندێکی بەرژەوەندیی ئەو بزنسمانانەی تێدکەوێت کە ساڵانێکە بە لێشاو باڵەخانەو شوقە دروستدەکەن و خەڵکی ناچار ئەکەن لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بیانکڕن.
ئاشکرایە بومەلەرزەو زیانەکانی بە باڵەخانەو شوقەکان، وا دەکەن، بازاڕی زۆرێک لەو بزنسمانانە بشکێت، ئەمەش لەبەر ئەوە نا کە سەلامەتی گیان و سەرو ماڵی مرۆڤ لە خانوودا باشترە تا شوقە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان، بەداخەوە، زۆریان ئەزانن کە بەبۆنەی تەماحی زۆری قازانخوازییانەوە لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، کوالیتیی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان چەند پڕ کێشەیەو چۆن مومکینە لەگەڵ هەر بومەلەرزەیەکی بەگوڕدا فشۆڵیی دروستکردنیان دەربکەوێ و ئاشکرا ببێت!.
لێرەوە هیچ سەیر نییە کە لەئێستاوە دەبینین ریکلام بۆ ئەوە دەکرێت کە، خەڵک لەکاتی بومەلەرزەدا ژیانی لەشوقەدا پارێزراوترە تا خانوو!. ئەگەرچی مرۆڤ هەمیشە هیوای سەلامەتی ئەخوازێت بۆ هەموو کەسێک/ هاوڵاتییەک کە لە شوقەدا ئەژی یان خانوو، بەڵام واقع و ئەزموونی زیانەکانی بومەلەرزە لە کوردستان و وڵاتانی دەوروبەریشمان پێمان دەڵێن کە، ئەو جۆرە ریکلامە ڕاست نییە، ئەگەر ڕێک پێچەوانەکەی لەئارادا نەبێ و ڕووی نەدابێت، بەداخەوە.
هەر ئەم ڕاستییە سادەیەش، لە دیدی مندا، بە تەنها خۆی بەسە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا چاودێرییەکی زۆر توند لەسەر کوالیتیی شوقەو باڵەخانەکان هەبێت و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بە مەرجی ئەندازیاریی گەورەتر ببەسترێتەوە.