Draw Media

دەسووخەتی ناتوندوتیژیی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە نمونە.

دەسووخەتی ناتوندوتیژیی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە نمونە.

2023-02-06 14:53:11


 

ئاسۆ عەبدوللەتیف

یادی سەردەمێکی نوێ لە هاتنە ئارای تەرزێک لە خەباتی سیاسی و ئاینی و ئیسلامێکی نەرم و میانڕەو دەکەینەوە. یادی گۆڕینی دیدە نۆستالیژیاکەی دەنگ و کەلتوری تفەنگ و چەکدارکردن، بەرەو گوتارو نەزمێکی هێواش و هێوری بێچەکی مەدەنی، یادی سەردەمی ئاڵنگارییەکی قورس و پەیڕەوکارانی ناتوندوتیژ دەکەینەوە، کە ئێستاش خەڵکانێک هەن باوەڕ بەو میتۆدو ڕێگایە ناکەن لە کاری حیزبی و ئایدۆلۆژی هێشتا باوەڕیان بە ڕێگەچارەی توندوتیژیی هەیە، وادەزانن خاک و مێرگی شەرقیی تەنها بۆ سوارچاکی و جەنگ و گلان و مەچەکشکان و گەوزان و تەحقیرکردن دروست بووەو جێگای لێبوردەیی تێدا نابێتەوە.

ئەو ڕۆژگارە یەکگرتوو هات دنیا تاریک بوو بەدەست شەڕی ناوخۆوە، تاڕادەیەک ئەم کۆمەڵە پەروەرشکارە ئیسلامدۆست و ڕاڤەکارە هاوچەرخانە دەستکاری نەهج و تەمی تاریکیەکەیان کردو فەزای مەدەنیەتیان بە کۆمەڵێک دەقی ئاینیی چێکردو دەستی خێری رابیتەی ئاوەدانیان درێژکرد بۆلای پاشماوەی ڕەبیەو گردۆڵکەکانی دوای جەنگ کە گڵکۆی دایکانی جگەرسووتاو بوون، ئەوکات هێشتا خودەو مەتارەو مەخزەنە ژەنگاویەکان منداڵان یاریان پێدەکرد، پەڵەی دوکەڵی سوتماکی درەخت و کاریتەی هەیوانی گوندەکان بە ئاسمانەوە بوو، یەکگرتوو ئیرادەسازییەکی نەرم و مۆدێلی ناتوندوتیژیی و مانیفێستێکی دینی و شۆڕشگێڕانەی خستەڕوو لەبری هەراوهوریاکانی جەنگ و بەربەرەکانێکردنی شۆڕشگێڕە تووڕەکان بۆ جڵەوی دەسەڵات.

یەکگرتوو دەستکاری مەنتیقی توندوتیژیی کردو گەلی کوردی تەکفیرو تەحقیر نەکرد بەرەو جیهاد ،ئارامی و سەبری یەکگرتوو ستراتیژ بوو، بەشدارێکی کارای حوکمڕانی بوون، ئۆپۆزسیۆنێکی مەدەنی بوون، ژنیان هێنایەپێش و کردە سەرکردەو سەنتەر بۆ چالاکی حیزبی، نەیان وت هەر دەبێ پیاوی چەکدارو ئازات هەبێ ئینجا تۆ دەتوانی بژیت و دەروەس بێیت، ئەوە سەرەتای جەنگێکی تازە بوو لە دنیای ئێمەدا، جەنگێک ھەر دەبوو بکرێت و داخڵی ئەو مۆدێرنێتەو سەبکە مەدەنییە بین ، کە ئەستەم بوو خەوبینین بە دنیایەکی بێ چەک و باروت و شەوێک ڕۆژبکەینەوە سەرینەکەمان تاقم تفەنگێکی لەژێردا نەبێت.

ئەو مێژووە پێکدادانێکی جەوھەری عەقڵی و فکریی و ئایدۆلۆژیی بوو لەنێوان دوکامپ و دوو ئاراستەو دوو ڕوخساردا، ئاراستەیەکیان کامپێکی کۆنی کلاسیک و ئایدۆلۆژی حیزبی بوو بە لۆژیکی تفەنگ و یادەوەرییەکی بریندارو شۆڕشگێڕی تۆڵەسێن و توڕەوە ئاراستەکەی تریش کامپێکی نوێی ئیسڵاحتەڵەبی مزگەوت و ئاکاربەرزو ڕابیتەیەکی دینی و ئیسلامی و بانگخوازانی سوننەیەکی کوردیی بوو بەدەستی نوخبەیەک لە ئیسلامی میانڕەو، کە ھەر بەڕاستی ڕێچکەیەکی نوێیان خوڵقاند و دەتوانین بڵێین ئیسلامیان لەو قاڵبی توندوتیژیی و قیتال و جیهادو دەقانەوە گۆڕی بەرەو ئاراستەی ئینسانناسی و کتێبناسی و دام و دەزگایی و ھەناسەیەکی تازەشیان کردە گەرووی خەڵکی بێئومێدو درێژەپێدان بە تەریقەتی زانایان و پێشەنگانی وەک ئیبن خەلەکان و ئیبن سەڵاح و شەمسی شارەزوری و مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و کاک ئەحمەدی شێخ و مەلای گەورەی کۆیە و شێخ حسامەدینی باخە کۆن و شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵە و شێخ عومەری زیائەدینی بیارەو شێخ محمدی خاڵ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و مەلا محمدی ئیبن ئادەمی باڵەکی و شێخ اسماعیلی وڵیانی و دەیان ڕابەری یتر.

ئێستا هاوسەنگی ڕەگی حەیات و بەردەوامیی ئەم پارتەیە، نابێت یەکگرتوو خۆی تێکەڵی ئەویتر بکات بۆ گەورەبوونی ساختە بەناوی هاوپەیمانێتیەوە، درەختەکەی یەکگرتوو بەو بچوکییەوە جوان و بەهادارە، با هەر ڕەشەبا چڵ و پۆپی بشکێنن دەبێ خۆڕاگربن، دەبێت توند دەست بگرن بە میتۆدەکەیانەوە لەبری شەڕکردن لەسەر پۆست و پرۆسەی هەڵبژاردن و ململانێی ئایدۆلۆژیی و حیزبی و کەوتنە بەرەی خەڵکانی بێ پڕۆژەو بێ ڕوئیاوە، بازنەی بانگەوازو میتۆدەکەیان کە خەباتی فەرهەنگی کاریگەری ناتوندوتیژییە فراوانتر بکەن، گاندی پێی وابوو لایەنگرانی ناتوندوتیژیی شکست ناخۆن، هەرگیز حیزبی ناتوندوتیژو خاوەن پەیامی مەدەنی لە هەڵبژاردندا نادۆڕێت ئەگەر خۆی نەچێتە گەمەی نزم بۆ دۆڕاندن، دۆڕانی گەورە بۆ یەکگرتوو بریتییە لە ؛ 

* وازهێنان لەمەنتیقی میانڕەویی و دەستبەرداربوون لەو ڕێبازەو بەسۆشیاڵمیدیاکردنی تەواوی چالاکی حیزبی و پڕۆژە فیکریەکەی.
* جنێودان و توندوتیژی و دنەدان بۆ شۆڕشی توڕەو ڕقپەسەندو گرتنەبەری شەقام بەرەو توندوتیژیی .
* هەڵوێست وەرنەگرتنی جددی لە تاوانکاری و ستەمکاریەکانی دەوڵەتانی دینی تۆتالیتاری ناوچەکە.
* نەبوونی پڕۆژەی گشتگیرو بەدیل بۆ ئیسڵاح و گۆڕانکاریی لە کوردستان.
*  وەستان لەناو ئەو بازنە بەرتەسک و هەیکەلە ڕێکخراوەییە کلاسیکیەو کارکردن بەو میتۆدە کۆنە، کە تاکڕەهەندیی لە بڕیاردانی سیاسی بەرهەمدەهێنێت.

یەکگرتوو دەبێ بانگەوازی هێمن و خەباتی ناتوندوتیژی بکاتە موڵکی خۆی وەک پلاتفۆڕمی گشتی، ئەو نەهجە زەنگی مەترسیە بۆ ئەوانەی لەم زمان و لۆژیکە تێناگەن، ئەوە میتۆدێکی پەروەردەیی کاریگەرو گوتارێکی ڕاقیی و پرەنسیپێکی ئەخلاقی فیکریی و کۆمەڵناسییە بۆ تاک، نابێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتاری ئۆپۆزسیۆنی تەندروست و هێڵی میانەڕەوی خۆی تێکەڵ بە ئەجێندای ئۆپۆزسیۆنی ساختەو پۆپۆلیزمی نوێ بکات بۆ یەک دووکورسی زیادە، کورسی دەردی یەکگرتوو تیمار ناکات بگرە دەیخاتە ناو کەندەڵانێکی هەڵە.

لەکاتێکدا جیهان لەسەردەمێکی بەربەری و تاریک و ستەمکاریدایە دژی پەیڕەوکارانی بەرەی ناتوندووتیژیی و شۆڕشی نەرم، مۆدێلە ئیسڵاخوازو نەرمەهێزەکان بە تۆپزیی پاشەکشە پێدەکات و دووریان دەخاتەوەو دەیانخاتە بەردەم قەدەری تاریک و بە هێزی سەربازو حەشدو سەرایاو لیواکان و دیدی سوپایی و مەنتیقی چەک و کوشتن و توندوتیژیی جێگایان پڕدەکاتەوە، ئەوەی بەسەر محمد مورسی و ڕاشد غەنوشیی و فەتحوڵا گویلەندا هات دەرەنجامی ئەو بەربەریزمەیە. جیهان ئێستا مەنزومەیەکی سەرمایەداری فاشیستانە بەڕێوەی دەبات کە دیموکراسیەت و ئازادی ناوێت، شۆڕشی ژینا ئەمینی و ژن ژیان ئازادی ناوێت، مۆدێلی وەک سەڵاحەددین بەهادین و محمد مورسی و گویلەن و ڕاشید غەننوشی و مەهاتیر محمدو میرحوسەین موسەویەکانی ناوێت و ئەسڵەن ترسی لێیان هەیە، بەڵکو مالیکی و خەزعەلی و موقتەداکان و ئاخوند و سیسیەکان و بنسەلمان و شازادەو ئەمیرەکان و عەبدولغەنیەکان و تاڵیبانڕەفتارەکانی دەوێت.

  دوورو نزیک ئەو مەنزومە جیهانییە سەرمایەدارییە ئیسلامی نەرم و ڕاقیی و میانڕەوی ناوێت کە پەروەردەو بانگەوازو چاکسازیی نەرم و ناتوندوتیژ ئەجێنداکەیان بێت بەڵکو ئیسلامی ئوسوڵی و فۆبیست و ترسهاوەریان دەوێت تا سبەی وێنای دوژمنی لێدروست بکەن.

 بینیمان گەل و نەتەوەی  ئەفغانی و پەشتۆو تاجیکی و هەزارەو ئۆزبەکی موسوڵمانیان چیلێکردو چۆن بەجێیان هێشتن ساڵانی پێشوو، بیست ساڵە چۆن پەروەردەیان دەکەن بە برسێتی و توندوتیژیی و ئیرهاب، لەولاشەوە لەژێر پەرچەمی تاڵیبانی توندڕەودا دەیان ڕێکخراوی توندئاژۆی پەڕگیرو ئوسوڵییان دروستکرد، هەر ئەو سیستم و مەنزومەیە دەیانخاتە زیندان و ئازادیان دەکات و تاڵیبان و حەشدو داعشیان لێ دروست دەکات بۆ فەرمانڕەواییکردن، مۆدێلە ئیسڵاخوازەکانیش بە تۆپزیی پاشەکشە پێدەکات و دووریان دەخاتەوەو دەیانخاتە بەردەم قەدەری تاریک.

بۆیە گرنگە ئەم دەسووخەتە درێژەی هەبێت بۆ ئایندەی تۆلێرانس و لێبوردەیی لە کوردستان و بێتە بنەما بۆ کارو پڕۆژەی جددی. غاندی وەک ئەفسانەی شۆڕشی نەرم و ناتوندوتیژیی لە ٢ ی ئۆکتۆبەری ١٨٦٩ لەدایک بووەو لە ٣٠ی کانونی دوەمی ١٩٤٨ تیرۆرکراوەو ژیانی خۆی لەسەر یەک نەهج و میتۆدی مەدەنی بنیادناو هیندستانی پاککردەوە لە پاشماوەی ڕەگەزپەرستی و داگیرکاریی. کەچی دوای شەست ساڵ و لە ٢٠٠٨ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وەخەبەرهات و دووی ئۆکتۆبەری دیاریکرد وەک ڕۆژی خەباتی ناتوندوتیژیی جیهانیی کە ڕۆژی لەدایک بوونی غاندیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand