کام مانا بۆ پێشکەوتن؟
2023-02-05 13:36:24
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
چەمکی «پێشکەوتن» چەمکێکی سەرەکیی ناو پێناسەکردنی کۆمەڵگاکانی ناو جیهانی هاوچەرخە، بەدەر لە کێشەی بیرکردنەوەی ئەوروپاسەنتەریی کە هەندێک لە ماناکانی جەمکەکە دەستنیشان و ئاراستەدەکات. ئەم چەمکە هێما بۆ دۆخێکی کۆمەلاَیەتیی و ئابوریی و تەکنۆلۆژیی و فەرهەنگیی تایبەت دەکات، کە تیایاندا کۆمەڵگا گەشەیەکی بەرچاوی کردوە و ئاستێکی شارستانی بەرزی بەدەستهێناوە. بەڵام چەمکی پێشکەوتن چەمکێکی ئاڵۆز و ڕێژەییشە. بۆ نموونە، دەشێت کۆمەڵگایەکمان هەبێت لە هەندێک بوار و ئاستی تایبەتدا پێشکەوتوبێت، بەڵام لە بوار و ئاستی تردا پێشکەوتونەبێت. بۆ نموونە، لەڕووی تەکنۆلۆژیی و ئابورییەوە پێشکەوتوبێت بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دواکەتوو، وەک چین. تەنانەت دەشێت یاسا بەباشی کاربکات و دەزگاکانی بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەی کۆمەڵگا بکەن و سیستمە سیاسییەکەی دیمکراسی بێت، بەڵام لە رووی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی بەشێکی بەرجاوی کۆمەڵگاکە نەخوێندەوار و دواکەوتوبێت، وەک هیند.
لە هەموو دۆخێکدا کە باس لە« پێشکەوتن» دەکەین پێویستە بەردەوام دوو کۆڵەکەی سەرەکیی بوونیان هەبێت کە هێما بۆ ئەو پێشکەوتنە، بکەن. یەکەمیان کۆڵەکەی عەقڵانیەتە. دووهەمیان کۆڵەکەی سەلماندنی جیاوازیی و دانانە بە تاکبوونی مرۆڤەکانی ناویدا. بەم مانایە کۆمەڵگای پێشکەوتو تەنھا کۆمەڵگایەکی عەقڵانیی نییە، بەڵکو کۆمەڵگایەکیشە جیاوازییەکانی ناو هەناویی خۆی و تاکبوونی هەریەکێک لە مرۆڤەکانیشی، دەسەلمێنێت.
لە ئاستی یەکەمدا کاتێک باس لە چەمکی پێشکەوتن دەکەین، باس لە کۆمەڵگایەک دەکەین عەقڵانیەتێکی گشتیی ئاراستەی دەکات و پرۆسێس و هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی ناوی بەڕێوەدەبات. ڕۆڵی عەقڵ و بیرکردنەوەی عەقڵانیی، کە زۆرجار بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەییە، لە هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی کۆمەڵایتیی و سیاسیی و لە چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و شێوازی بەڕێوەبردندا، ئامادەیە. ئەم جۆرە کۆمەڵگایە تیایدا مەعریفە و زانینی مۆدێرن ڕۆڵ لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و ئەنجامدانی کار و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەبینێت. کۆمەڵگا ئامادەیە ڕاستیی و دروستیی بەها و نۆرم و باوەڕەکانی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە و هەوڵی گۆڕان و تازەکردنەوەیان بدات بە مەبەستی گونجاندنیان لەگەڵ ئەو ساتەوەختە مێژووییەدا کە لەناویدا ئامادەن. هاوکات کۆمەڵگایەکە، وەک فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن راوڵز، دەڵێت «سەرەتایەکی یەکسان» دەخاتە بەردەم هەموو ئەندامەکانی، سەرەتایەک تیایدا هەمووان یەکسانن و جیاوازییەکان لەدوای بوونی ئەو سەرەتا یەکسانەوە دەستپێدەکەن. بۆ نموونە هەموو مندالانی ئەو کۆمەڵگایە لەناو یەک سیستمی خوێندن و فێربوونی هاوبەشدا دەخوێنن و سیستمەکە حیساب بۆ پاشخانی چینایەتیی و ناوچەیی و ئایدیۆلۆژیی منداڵەکان ناکات و یەک ئەگەری پێشکەوتنی هاوبەش دەخاتە بەردەمی هەمووان. ئەوەی کە قوتابییەک باشتر پێشدەکەوێت و باشتر دەچێتەپێشەوە پەیوەندیی بە توانا و زیرەکی و هەوڵی تاکەکەسیی ئەوەوە هەیە نەک بەوەی منداڵى کێیە و لە چ ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرهەنگییەوە هاتووە.
هەموو ئەم جۆرە شتانە، کە بیرکردنەوەی عەقلانی ئاراستەیان دەکات، وادەکەن توانای دروستکردنی کۆمەڵگایەک بێتەکایەوە کە بکرێت متمانەی پێبکرێت. کۆمەڵگایەک بتوانێت لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەو سەردەم و ڕۆژگارەدا کە لەناویدا ئامادەیە، ڕاستگۆبێت. دان بە باشە و خراپەی خۆیدا بنێت، کێشە و گرفت و توانا تێکدەرەکانی ناو هەناوی خۆی ئینکارناکات و بوێریی ئەوەی هەبێت لە ڕەهەند و دەرکەوت و هێزە ناشیرینەکانی ناوخۆی بڕوانێت و ڕەخنەیان بکات و ڕێگاچارەی عەقڵانیی بۆ دەسکاریکردن و باشترکردنی ئەو ناشیرینیی و خراپەکارییانە بدۆزێتەوە. هەموو ئەمانەش لەناو ژیانێکی گشتیی ئازاددا کە بکرێت کەسەکان و هێزەکان لەناویدا ئازادانە و سەربەخۆیانە ڕا و بۆچوون و دیدی خۆیان بخەنەڕوو.
وەک ووتم بوون و ئامادەگیی «عەقڵانیەتێکی گشتیی» بەس نییە بۆئەوەی قسە لە بوونی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو بکەین، هاوشان بەمە ئەوەی پێویستە بریتییە لە پێداگرتن لەسەر فەردانیەتی کەسەکان و دانانن بە جیاوازییەکان و دۆزینەوەی چوارچێوەی هاوبەش بۆ بوون و ئامادەگیی ئاشتی ئامێز و دەوڵەمەندکەرانەی تاکەکەس و جیاوازییەکان بەیەکەوە. فرەیی مرۆڤەکان و پلورالیزمی ئینسانیی پێدراوی سەرەکیی ناو ژیانی مرۆڤەکانە بەیەکەوە و لەگەڵیەکدا. دانان بەم ڕاستییەدا هەم لە ئاستی دەستەجەمعیی و هەم لە ئاستی تاکەکەسیدا کۆڵەکەیەکی هێجگار گرنگیی هەر کۆمەڵگایەکە بیەوێت خۆی وەک کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو ببینێت، کۆمەڵگایەک و خاڵیی لە مرۆڤی زیاد و حیساب بۆنەکراو. وەک هانا ئارێنت دەڵێت «فرەیی یاسای زەوییە»،التعددية هي قانون الأرض. بینینی ئەم فرەییە و دانپیانان و ڕێزگرتنی هەنگاوێکی هێجگار سەرەکییە بۆ تێپەراندنی کۆی ئەو روانین و دیدگایانە کە مرۆڤەکان وەک کەسانی نایەکسان و کەسانی زیاتر یان کەمتر لەیەکتری دەبینن. ئەو دیدگایانە کە هەوێنی دروستبوونی دەیەها کێشەی گەورەن، لە پێش هەمووانەوە کێشەی نائارامیی و لەدەستدانی متمانە تا بە پێکدادان و جەنگ دەگات.
دەکرێت بڵێین لە پشتی هەردوو کۆڵەکە سەرەکییەکەوە وێنەیەک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ و عەقڵانیی و پەیوەندیخواز ئامادەیە. هەم دەچێتە مونافەسە و کێبەرکێی عەقڵانییەوە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا بە مەبەستی بەخشینی مانایەک بە ژیانی تاکەکەسیی خۆی، هەم ئامادەیە بۆ ھاوکاریی و بەدەمەوەچوونی ئینسانیی کۆمەڵایەتیی یەکتریی بە مەبەستی دروستکردنی ژینگەیەکی متمانەپێکراو.
لەم دیدگایەدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی عەقڵانیی وێنادەکرێت کە دەتوانێت ململانێ و کێبڕکێیەکی بەردەوامی لەگەڵ دەوربەرەکەیدا، هەبیت، بەڵام ھاوکات ئامادەشێت بۆ ھاریکاری و ھاودەمیی و هاوسێیەتیی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی. مرۆڤ لەم وێناکردنەدا چەند بوونەوەرێکی ئابوورییە، ئەوەندەش بوونەوەرێکی ئەخلاقییە. چەند بوونەوەرێکی ڕکابەرخوازە هێندەش بوونەوەرێکی هاریکارخوازە.
ئەم خاڵەی کۆتایی بەرەو چەمکێکی گرنگیی ناو ژیانی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیمان دەبات کە چەمکی بەڵێندانە، بەڵێندانی مرۆڤەکان بەیەکتری بەوەی کە هەڵسوکەوت و کار و کردەوەکانیان لە نیازێکی پاکەوە دەستپێدەکات و نیازێکی پاک ئاراستەی دەکات. لە ڕێگای بەڵێنەوە دەکرێت کردە زۆر و هەمەلایەنەکانی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا چاودێریی و کۆنترڵبکرێن. هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان ڕزگاربکرێن لەوەی کە نەزانرێت چ جۆرە دەرەنجامێک دەخەنەوە. بەڵێندات وادەکات مرۆڤەکان زیاتر و زیاتر لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و کۆمەڵگا لەناوەوە بەهێزبکات و بیپارێزێت لە دوژمنایەتیی و دووبەرەکیی ناوەکیی. جەمکی «بەڵێندان» جارێکی دیکە دەمانباتەوە ناو چەمکی «پەیمانی کۆمەڵایەتیی» کە تیایدا کۆمەڵگایەک بڕیارئەدات بە هێمنیی و بێکێشەی گەورە لەگەلیەکدا بژین و ژیانێکی گشتی هاوبەش دروستبکەن.
ئێستا ئەگەر بێینە سەر ڕامانێکی سەرەتایی لە کۆمەڵگای خۆمان، بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە قەیرانی هێجگار گەورە لە هەموو ئەو ئاستانەدا هەیە کە باسمانکردن. سەرەتا بوونی قەیرانێکی گەورە بە هۆی غیابی «عەقلانیەتێکی گشتیی» کە وابکات لانیکەم بوێریی ئەوەمان هەبێت کێشە سەرەکیی و تەحەدا گەورەکانی کۆمەڵگاکە ببینین و چارەسەری عەقلانیان بۆ بدۆزینەوە. قەیرانی دووهەم قەیرانی داننەنانە بە جیاوازیی و بە کەسەکاندا وەک تاکەکەسی سەربەخۆ وئازاد و هەوڵدان بۆ لە قاڵبدان و سەرکوتکردنی بەردەوامی شوناسە جیاوازەکانیان و سەپاندنی شوناسێکی یەکگرتو و کۆپیکراو بەسەریاندا، بۆ نموونە سەپاندنی شوناسێکی دینیی تایبەت بەسەر هەموواندا. ئینجا غیابی ئەو بەڵێنانەی کە وادەکات مرۆڤ متمانەی بەو کۆمەڵگایە هەبێت کە لەناویدا دەژیی. هەموو ئەمانە وادەکەن دونیای ئێمە دونیایەک بێت پڕ لە ترس و هەڕەشە و درۆ و هەڵاتن لە ڕاستیی، دونیایەک بەردەوام لەسەر ڕۆخی پێکدادان وەستاوە.