سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

کورد وەک هەڕەشە بۆسەر خۆی!

بڵاوکراوەتەوە لە : 5 شوبات 2023

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

نووری بێخاڵی

ساڵانێکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شانی داوەتە بن بارێکی قورسی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، ئەویش کاڵکردنەوەی هەموو هێڵە ڕەش و سنوورە تاریکەکانی ناکۆکیی سیاسیی ناو ماڵی کوردستان، کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان و چارەسەری کێشە نێوخۆییەکانە. هەموو ئەمانەش بە ئامانجی چەسپاندن و بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی دەکات، کە دواجار لە ڕێگایەوە ئارامیی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ببێتە بەشێک لە ژیانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر باش لەو مەترسییە گەیشتووە، کە ئەگەر هێزە سیاسییەکان ئاوا پەرتەوازە و ناکۆک بن، نەک هەر لەناوخۆدا دەبنە مایەی سەرئێشەی گەورە بۆ گەلی کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەشدا دەبنە هۆکاری ئەوەی بە ئاسانی زەفەر بەم ئەزموونەمان ببردرێ و یەکپارچە وەک گەل و خاک، لەناو تۆڕی پیلانەکاندا ببینە پۆڕی خوراو!

ئەوەی لەو پێناوەدا نێچیرڤان بارزانی ماندوویینەناسانە کردوویەتی و دەیکات، جگە لەوەی باوەڕی نەگۆڕی خۆیانە بە یەکڕیزی و بەیەکەوە کارکردن، هاوکات درێژکردنەوە و زیندووکردنەوەی هەوڵ و هەنگاو و هەڵوێستە هاوبەشەکانی چەند ساڵی ڕابردووی هەردوو سەرۆک (بارزانی و تاڵەبانی)یە. 

هەردوو سەرۆک (بارزانی و ڕەوانشاد مام جەلال) هەموو هەوڵێکیان دا تا کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ و خوێنڕێژیی نێوان پارتی و یەکێتی هێنرا و ڕێک دوای سەد و یازدە کۆبوونەوەی بەردەوام و چڕ و جیددیی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا (بە سەرپەرشتیی هەردوو سەرۆک) و پاش ڕێککەوتنەکەی واشنتۆن، ئاگربەست و هودنەکان بوونە ئاشتیی هەمیشەیی.

دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسیش، بەمەبەستی ئامادەیی کارا و کاریگەر و سەنگینی کورد لە بەغدا، هەروەها بۆ ئەوەی کورد ببێتە هاوبەشی ڕاستەقینە لە حوکمڕانیکردنی عێراقی دوای بەعس و زۆرترین ماف و دەسکەوتی سیاسی و یاسایی بۆ هەرێمی کوردستان وەدەست بێنن، دیسان هەردوو سەرۆک هەوڵ نەما نەیدەن بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی و یەکگوتاریی پارتی و یەکێتی، هەر لە ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە بگرە، تا دەگاتە یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارە.

خەون و ئامانجی ئەم دوو سەرکردەیە کۆتاییهێنان بوو بە هەموو بەدحاڵیبوونێک، ڕێگرتن لە بچووکترین گرژی و ئاڵۆزیی، کردنەوەی لاپەڕەیەکی سپی و دەستپێکردنەوە لە سفری برایەتی و تەبایی و بەجێهێشتنی ڕابردووی ڕەشی نێوان هەردوو لا.

مرۆڤ کە بەردەوامیی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ناکۆکی و پەرتەوازەیی نێوان پارتی و یەکێتی دەبینێت، هەر ئەوەی لەدەست دێ بپرسێت: ئەرێ کەی ڕەوای هەقە ئەم هەموو هەوڵ و کۆشش و شەونخوونی و خەمخۆرییەی ئەوکاتی ئەم دوو سەرکردەیە و ئێستای سەرۆکی هەرێم بۆ ئاشتبوونەوە و بەیەکەوە کارکردن، بەفیڕۆ بدرێت؟ کەی ڕاستە، ئەو ڕیسی ئاشتەواییەی کە ئەو دوو سەرکردەیە تەواویان کرد و ئێستاش نێچیرڤان بارزانی هەموو هەوڵێک دەدات تا هەڵنەوەشێتەوە، هەنووکە بەبێ هیچ پاساوێک بکرێتەوە بە خوری؟

لێدانەوەی قەوانی سواوی تۆمەتبارکردنی یەکتر و ئەوەی تا قامی قیامەت کەس بە دۆی خۆی نەڵێ ترشە، چارەسەری دەردەکورد ناکەن. چارەسەری دەردەکورد، تێپەڕاندنی کورتبینیی سیاسی، بیرتەسکیی حزبایەتی و  شکاندنی دۆگمی ئایدیۆلۆژییە.

چارەسەری دەردەکورد، یەکترخوێندنەوە و دانوستاندنە، توڕدانی عەقڵیەتی خۆبەفریشتەزانین و بەشەیتانکردنی بەرامبەرە، بیرکردنەوەی نەتەوەیی سەروو حزب و ئینتیمای نیشتمانیی سەروو خەونی بچووکی لۆکاڵییە!

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بۆنەیەکدا گوتی: “پێویستە هەموومان ددان بە هەڵەکانماندا بنێین و کار بۆ ڕاستکردنەوەیان بکەین.” کەوایە ئەگەر ئامانج ئاییندە و چارەنووسی گەل و هەرێمی کوردستانە، پارتی و یەکێتی لە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا جا لەسەر هەر پرسێک بێت (بە دەسەڵات و داهاتیشەوە!)، نابێت بە لۆژیکی دوو ڕاوچییەکە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن!

دەگێڕنەوە، دوو هاوڕێ بەیەکەوە چوونەتە ڕاو و لە بەیانییەوە تا ئێوارە، تەنیا (کۆتر)ێک و (کەروێشک)ێکیان ڕاو کردووە. لە گەڕانەوەیاندا بەرەو ماڵ و بەر لەوەی بگەنە ئاوایی، ویستویانە نێچیرەکان بەش بکەن و یەکێکیان کە نێچیرەکانی لا بووە، بەوەی تری گوتووە: فەرموو، (کۆتر)ت دەوێ، ئەوە (کۆتر). (کەروێشک)ت دەوێ ، ئەوە (کۆتر!).

ڕاستییەکەی ئەگەر ئێستا و لە داهاتووشدا هەڕەشەی جیددی و مەترسیی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبن، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەڕەشە و مەترسیی دەرەکی نین، بەڵکوو ناوخۆیین!

بەردەوامیی ململانێی سەقەت و ناتەندروستی حیزبی… تۆخبوونەوەی ناکۆکیی سیاسی تا ئاستی ئێسقان شکاندنی یەکتر (بەداخەوە، وەک ڕکابەری سیاسی نا، بەڵکوو خەریکە وەک دژ و دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن)… زۆری و بۆریی هێزگەلی چەکدار بە ناو و ناونیشانی جیاواز… نەبوونی هیچ ئاسۆیەک بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و کردنیان بە هێز و دامەزراوەی نیشتمانی… ئاوکردن لە ئاشی بەرژەوەندییەکانی بەغدا، ئەمیش بە فرەگوتاری و هەر یەکە و بەسەری خۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا… پاشەکشەکردن لە پرەنسیپەکانی کرانەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، ئەویش بە پشی پشیکردن بۆ هێز و کاراکتەرگەلی سەلەفی و ئیخوانی و ڕازیکردنیان وەک بەشێک لە دەستەوارەی سیاسی بۆ پاراستنی دەسەڵات و…هتد.

ئەمانە و زۆر هۆکاری دیکە، سەرچاوەی هەڕەشە جیددی و مەترسییە گەورەکانی سەر هەرێمی کوردستانن، کە دوور و نزیک دەستی دەرەکیان تێدا نییە و سەت لە سەت خۆماڵی و خۆکردن!

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!