هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیدا
2023-02-03 08:36:18
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
پارتی و یه‌كێتی دۆخی هه‌رێمیان گه‌یاندوه‌ته ئاستێكی زۆر مه‌ترسیدار ، شێوازی مامه‌ڵه كردنی پارتی له گه‌ڵ یه‌كێتی له ئێستادا كوشتنه به‌شیرینی ، له‌لایه‌كه‌وه دێنه مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و ده‌ستی یه‌كێتیه‌كان ده‌گوشن ، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌یانه‌وێ به هه‌رجۆرێك بێت ئاگر له ماڵی یه‌كێتی به‌ربده‌ن ، تا هه‌شتی ته‌موزی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی "8ی ته‌موزی 2021"پارتی زۆر سه‌رسه‌ختانه‌و له هه‌موو رێگه‌یه‌كه‌وه دژایه‌تی لاهوری شێخ جه‌نگی ده‌كرد ، ئه‌و پیاوه‌ی له یه‌كدووجارداو له ئه‌گه‌ری نزیكی كه‌وتنی هه‌ولێردا فریای پارتی كه‌وت و هه‌رئه‌ویش كاتی خۆی مه‌خموری له داعش پاككرده‌وه ، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌و كارانه به‌س نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی پارتی له ڕێگه‌ی فه‌ڕمی و نافه‌ڕمیه‌وه لێینه‌دات ، له دوای ئه‌و دیرۆكه‌وه پارتی به شێوه‌یه‌ك لوله‌ی هێرشه میدیاییه مه‌ترسیداره‌كه‌ی له سه‌ر لاهوری شێخ جه‌نگی و نزیكه‌كانی ئه‌و گوازته‌وه بۆ سه‌ر ئامۆزاكه‌ی ،ئه‌مه له كاتێكا هه‌رگیز ئامۆزاكان نه‌یانتوانی لۆژیكیانه‌و به ئاوه‌زه‌وه ئه‌و گیر‌و گرفتانه‌ی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ،له‌و كاته‌وه پارتی له هه‌وڵی كه‌وی كردنی لایه‌نگرانی لاهوری شێخ جه‌نگیدایه‌و له‌و كاته‌وه ده‌یان سیناریۆ به‌ڕێخراوه‌و له‌ولاشه‌وه داوای دانوستان و گفت و گۆ ده‌كرێت ، كوشتنه ته‌موومژاوی و نائاكاریه‌كانی هه‌ر یه‌ك له موراد كانیكورده‌ی ، هاوكار جاف و روداوه‌كانی ئه‌م دوایانه هیچیان له‌وه ناچن هه‌ڕه‌مه‌كی و بێبه‌رنامه بن ، هه‌ڵبه‌ت به‌شێكی گرنگی ئه‌و كارانه‌ش بۆ شێواندن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی نێو ماڵی یه‌كێتیه ، ئێ ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت به نه‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رو نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئاوه‌ز یه‌كێتی خۆیشی به‌شداره له‌و وێرانكاره خودیه‌دا .
مامه‌ڵه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مامه‌ڵه‌یه‌كی رون و راشكاو نیه و رێك له‌و كاته‌دا كه له گه‌ڵ یه‌كێتی داده‌نیشێت بیر له پلانێكی تری تێكدان ده‌كاته‌وه ، ئه‌مه یان به به‌رنامه‌و گشتیه ، یان له راستیدا له ناو پارتیدا ناكۆكیه‌كی قوڵ له سه‌ر مامه‌ڵه كردن له گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌یه‌و هه‌موو هه‌نگاوێكی ئه‌و باڵه‌ی پلانه‌كان به‌ڕێوه ده‌بات ، به‌ر له‌وه‌ی دژی یه‌كێتی بێت ، دژی باڵێكی تری نێو پارتیه ، ئه‌مه راستیه‌كه‌و كه‌س ناتوانێ نكوڵی لیێبكات ،مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تا بۆ په‌ره پێدانی شێواندنه‌كه دانرابن ،هه‌موو ئه‌وانه‌ی له دوو ساڵی رابردودا له ناو یه‌كێتیدا رویداوه ، جگه له خۆ ده‌ستی، ده‌ستی دیكه‌شی تیابووه، دورخستنه‌وه‌ی لاهور و به گژا چوونه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی چوار‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌و جۆره‌ی كه كاریگه‌ریه‌كه‌ی له دوركه‌وتنه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاو هاوڕێكانی زیاتر بێت ،ئه‌مه به ته‌نها له ناو یه‌كێتیدا به‌ڕێوه نه‌چووه‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی و ناوخۆیشی تیابووه ، هه‌موو ئه‌وه ده‌زانین كه توركیا زۆر سه‌رسه‌ختانه له هه‌وڵی خستنی لاهوری شێخ جه‌نگیدا بوو ، ئه‌و ده‌م ده‌نگێكی ناوخۆی ده‌یگوت یه‌كێتی هی مام جه‌لاله‌و هه‌قی كوڕه‌كانی مام جه‌لالی له هه‌ر كه‌س زیاتر به‌سه‌ره‌وه‌یه ، ته‌نانه‌ت به لاقرتیه‌وه گاڵته‌یان به سیستمی هاوسه‌رۆكی ده‌هات و له ناو یه‌كێتیشدا ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و شێوه سیستمه بدرێت، له كاتێكا ده‌كرا و من كاتی خۆیشی ئه‌وه‌م نووسی كه له هاوسه‌رۆكیدا كاره‌كان به جۆرێك دابه‌شبكرێت كه به‌ریه‌ككه‌وتن نه‌بێت ، ئێستای سیستمی دوو جێگر سه‌رۆكی پارتی دوای كۆنگره‌ی 14 هه‌مان سیستمی هاوسه‌رۆكیه به‌ڵام به دابه‌شكردنی كاره‌كانه‌وه ، له كاتێكا له ناو پارتیشاله دابه‌شكردنی كاره‌كاندا ناهه‌قی ئاشكرا به دیده‌كرێت .
پارتی و یه‌كێتی له ئێستادا له بری هێزو توانست بن بۆ هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته جۆرێك له بێهێزی و شكست ، ئه‌مه‌ش به‌شێكی بۆ ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه به‌رده‌وامانه‌ی پارتی له ناو یه‌كێتیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه ، گرتنه خۆ‌و گه‌وره كردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به هه‌ر هۆیه‌ك له یه‌كێتی دور ده‌كه‌ونه‌وه ، یان كار بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌یان ده‌كرێت وه‌ك له رابردودا كراوه ، به‌شێكه له درێژه‌دان به دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی ، پارتی هیچ بوارێكی نه‌هێشتوه‌ته‌وه كه یه‌كێتی كێشه‌كانی خۆی له ڕێی ئاوه‌ز لۆژیكه‌وه چاره‌سه‌ر بكات ،من بڕواناكه‌م ته‌نانه‌ت كێشه‌كانی نێوان لاهوری شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانیش چاره‌سه‌ری نه‌بێت ، بابه‌ته‌كه به‌شی زۆری ده‌ستوه‌ردانه، جا ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه ناوخۆی بێت یان ده‌ره‌كی ، هه‌ڵبه‌ت وڵاتانی دراوسێ رۆڵیان له‌م پرسه‌دا هه‌بووه‌و بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌و ده‌كۆمێنت هه‌ن ، له شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ دۆخی یه‌كێتیدا .
ئاگادار كردنه‌وه‌كانی ماكگۆرك ، بلاسخارت ، خه‌ڵكانی دیكه‌و ، به‌رده‌وام جه‌خت كردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نساو وڵاتانی دیكه له دروستكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی دوور له ده‌ستوه‌ردانی حزبی و چاره‌سه‌ركردنی گیر‌و گرفته‌كان به‌شێكی كه‌من له هه‌وڵه بێوچانه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ، پێده‌چێت له به‌رانبه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌دا نه‌یاریه‌كی ناوخۆی و ده‌ره‌كیش هه‌بێت و نه‌هێڵێت پێكهاتن دروست بێت ، پرسی یه‌كخستنی پێشمه‌رگه به پله‌ی یه‌كه‌م پارتی نایه‌وێت ئه‌وه ڕووبدات و یه‌كێتیش به‌شی خۆی له‌مپه‌ری هه‌یه ، كێشه‌كان له شێوازی رێكخستنه‌كه ، ژماره‌ی هێزه چه‌كداره‌كه‌و چۆنێتی پله به‌ندی و زۆر بابه‌تی دیكه‌دان كه‌هه‌موو وه‌زیره‌كانی پێشوی پێشمه‌رگه زۆر باش ده‌زانن كێشه‌كان چین و نایانه‌وێ ببنه به‌شێك له‌و ناكۆكیه ، با بۆ خۆیشیان حزبی بن .
ئێستا گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ری به‌رده‌م چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان ،له ناو پارتی و یه‌كێتیدان ،نه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان ، لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان به‌رده‌وام داكۆكی له ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌بوون ده‌كه‌نه‌وه .