دەنگی پێی لاهورتان بیست؟
2023-02-02 18:52:27
رێبوار کەریم وەلی
بڕیاری دادگای هەولێر میلادە. کۆتایی هێنانە بە رەوشێکی ناقانونی و دەرهاوێشتەکانی کودتای هەشتی تەمموز.حکومەت و دەزگای دادوەری لە پایتەخت هەموو ئیجرائاتی جووت برایان هەڵوەشاندەوە و ئیتر پێشگری (سەرۆک) لە بافڵ تاڵەبانی و رەنگبێ لە داهاتوودا، جێگری سەرۆک وەزیرانیش لە قوبادی برای بکرێتەوە.
*
بە رێگەی قانونی دور لە تەزویری کتاب، هەڕەشە و تەنانەت تەسفیەش، لاهور شێخ جەنگی لێرە بەدواوە دەتوانێ مومارەسەی دەستەڵات و پێگەی خۆی لەناو یەکێتیدا بکات. لانیکەمیشی ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانێ لە سلێمانیش ئەوە بکات، وەک هاوسەرۆکی شەرعی و قانونی، دەتوانێ لە هەولێر بیکات.
*
ئەگەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی جووت برا لە کۆمیسیۆن و لایەنە شیعەکان(کە تەنانەت هەڕەشەی کشانەوە لە حکومەتی بەغداشیان کردووە ئەگەر کۆمیسیۆن لە قازانجی لاهور شێخ جەنگی بڕیار بدات) ئەمجارە سەرنەگرێ و، بڕیاری دادگای هەولێر ئیستینادی لەسەر بکرێت، بە هەموو پێوەرێک ئیشی جوت برا لە بەغداش کۆتایی دێت.
*
لە بارودۆخێکی وەهادا، لە جووت برا لە هەولێر وەک میوانی رەزا قورسیان لێهاتووە و لە بەغداش هەر عەگال بەسەرێک ببینن باوەشی پێدا دەکەن و وا دوزانن هەموو سمێڵ سوورێک هەمزائاغایەو، خەڵکی کوردستان لە سایەی ئەوانەوە ناوی حزب و جەماعەتی وای بیستووە کە لە قتوی هیچ عەتتارێکدا نەبوونە، دەروازەکانی پایتەخت بۆ جوڵەی سیاسی و دیپلۆماسی بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا دەکرێنەوە.
*
جووت برا تاکوێ بەرگەی ئینعزالی سیاسی دەگرن مەعلوم نییە، بەڵام لێرە بەدواوە بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی ئیتر ناتوانن لە ئێرانەوە ئەو پەیامە بدەنە لاهور کە تەنها مافی ژیانی لە سلێمانی هەیە و دەستبردن بۆ دەسەڵاتەکانی بافڵ هێڵی سوورە!