خۆڵە مێشی..
2023-02-01 21:27:47
پشکۆ ناکام
()..گەر "اسماعیل خەیات" بە فڵچەکەی خۆی ، بە ڕەنگەکانی ئەندێشەی خۆی چەن پۆرترێتێکی ئەم سەرکردە و ئەو بنکردە ، ئەم سەرۆک و ئەو هەڤاڵ بکێشایە ، هەڵبەتە لە کۆچی دواییا بە هەزاران کەس ڕێ ی گۆڕستانیان ئەگرتە بەر و وەک دروشمی مەراسیمەکان ئەیانووت:...حەیف کۆستمان کەوت !!.....بەڵام ئەو ئەیزانی بەکار هێنانی فڵچە بۆ تابلۆی
بازرگانەکان وەک فڵچەی پێڵاو وایە ، هەر شەوقی هەیە و ئەرزشی نیە...
().. گەر "ئاسۆی سەلطە" کاتی خۆی لەبەر دەم حەدیقەی شەعب و لە "یوم المحافظة"
ببوایە بە مایسترۆی ئەو ڕۆژە ، هەڵبەتە پێش کۆچی دوایی لە سێ چوار لاوە معاش و مەکرەمەی حیزبی ئەبوو ...بەڵام ئەو کەمانچەکەی لە دوو هەڵبژاردنا ئەبینی : كەمانچە وەک دەنگی خەڵکی چەوساوە و ئازار کێش یان کەمانچە وەک"لۆتی"یەک بۆ هەڵپەڕاننی ئەم یان
ئەو..؟ بێ پەیام و دوور لە ئەخلاقیاتی هونەرمەند ؟..ئاسۆ یەکەمیانی هەڵبژارد و لە دوورە
ووڵاتا جگە لە ئاو و هەوای غوربەت کەس ماڵ ئاوایی لێ نەکرد...
() ...گەر" عمر چاوشین" بە دەهۆڵێکەوە لە "دوا ڕۆژی ئابا" قۆڵی بە قۆڵی "برا حرس جمهوری"یەکەی بکرادیە ، دیارە مەراسیمی پرسەکەی لە هۆڵێکی شایستە بەو و لە چەن مزگەوتێکەوە لە یەک کاتا ئەبوو ، بەڵام ئەو هەموو ساڵانی خزمەت کردنی خۆی لە هونەرا
كردە "قەرەوێڵەیەک" تا شەوانە لە خەڵوەتخانەی پیرە بێ کەسەکان لەسەری ڕۆژ بکاتەوە..
() گەر "عوسمان چێوار ئەوەنە دوکەڵی جگەرەکەی نەکرایە بە ناخیا و لە جیاتی ئەحەی
كڕنو "زێڕە"یەکی بنووسیایە ، بێ شک بە مستێک تاج و نەجمەەوە خانە نشین ئەکرا .....
بەڵام هەیهات،، دیدی چێوار وابوو کە ئەو خۆی جگە لە ئەحەی کڕنو شایەتی سەردەمێکی
تەڵخی تێکەڵی کۆمیدیا و تراجیدیای میللەتەکەیەتی و بەهاکانی ئینسان لەوە شکۆمەن ترن کە بۆ ئەوەی "قەرزاری" چایخانەکەی تەلەفزیۆن نەبوایە ، خۆی بکردایە بە "قۆشمەچی" ئەم لا یان ئەولا ...بەڵام بازبازێنی ئەقڵ ئەنجامەکەی بەڵانس تێک یان و کەوتنە ، بۆیە ئەو کۆچی دوایی کرد لە مێژووی شانۆی کوردیا هەر بە پێوە وەستاوە..
میللەتێک حورمەتی کەسە بە توانا و ئەقڵ بە دونیا شکاوەکانی خۆی نەگرێ، میللەتێکی کەنەفت و ئیفلیجە ، هیچ گڵۆپێکی ڕۆشنایی ڤیللا و باغە تایبەتییەکان ناتوانێ ڕەنگی تار و تاریکی
فەرهەنگەکەی ڕووناک کاتەوە ،،،تیایا ڕەش و سپی تێکەڵ ئەبێ ، سەرتاسەر یەک ڕەنگ
ئەنوێنێ : خۆڵە مێشی..'..