کام دەوڵەت و کام حوکمڕانیی؟
2023-01-29 14:57:11
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
کێشەی حوکمڕانیی خراپ کێشەی ژمارە یەکی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە لەژێر ناوی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست»دا کۆکراونەتەوە. ئەمەش ئەو سەرزەمینە جوگرافییە دەگرێتەوە کە لە تورکیاوە دەستپێدەکات و بە ئێران و وڵاتە عەربییەکان کۆتایی دێت. هەندێک کەس ئەم سەرزەمینە بچوکتر دەکەنەوەو لە میسردا کۆتایی بە سنورەکانی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» دەهێنن، واتە لیبیاو تونس و جەزائیرو مەغریب وەک باکوری ئەفریقا ماماڵە دەکەن نەک وەک خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لەم وڵاتانەدا کۆمەڵێک نوخبەی حوکمڕان هەن، کە دەوڵەت و دەزگاکانی، ئابوریی و کەرەستە خاوەکانی وڵاتەکە، تەنانەت خودی دانیشتوانەکانیشیان، بە پلەی جیاواز، بە موڵکی شەخسی خۆیان و نەوەکان و پارتە سیاسییەکانیان دەزانن و پێیانوایە ئازادن مافی ئەوەیان هەیە چۆن ئەو شتانە بەکاربهێنن و بۆ چ مەبەست و ئامانجێکیش، بەکاریبهێنن. ئەوەی لەم وڵاتانەدا بوونی نییە دەوڵەتە بەمانا مۆدێرنەکەی دەوڵەت، دەوڵەتە وەک هاوبەشێکی کۆمەڵایەتیی بێلایەن، کە توانای قۆرخکردنی مافی بەکارهێنانی توندوتیژیی هەبێت و وەک چوارچێوەیەکی گشتیی قبوڵکراو ئامادەبێت کە هێزە جیاوازەکان لە هەناویدا کۆببنەوە. کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم چوارچێوە هاوبەشەش بریتییە لە بوونی «پەیمان» یان «گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی» کە ئیرادەی کۆیی و خواستی گشتیی ئەو کۆمەڵگایە بەرجەستە بکات، پەیمانێک تیایدا هەر هاوڵاتییەک لە بەشتێک لە مافەکانی خۆشدەبێت بەمەبەستی ئەوەی دەوڵەت بتوانێت بیانپارێزەت و لانی کەمی هێمنیی و ئاسایشی گشتییان بۆ دەستەبەر بکات. ڕێ لەوەبگرێت لایەن و هێزێک هەموو ئەوانیتر بتۆقێنێت و مافەکانیان زەوتبکات و ڕێ لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییان بگرێت. بەم مانایە دەوڵەت ئامرازی پاراستنی کۆمەڵاگەیە لە خودی کۆمەڵگا خۆی، ئامرازی پاراستنی مرۆڤەکانە لە یەکتریی، میکانیزمی سنوردانانە بۆ ئەو گروپانەی دەیانەوێت هەموو کۆمهڵگا قووتبدەن. هەندێک تیوریستی سیاسیی تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بڵێن دەوڵەت ئامرازی پاراستنی مرۆڤە لە «دۆخی سروشتیی»، ئەو دۆخەی تیایدا بەهێز لاواز بچەوسێنێتەوەو ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.
ڕەوایەتیی ئەم دەوڵەتە نە ڕەوایەتیەکی کۆمەڵایەتییە، واتە لە پێگەی کۆمەڵایهتیی ئەم یان ئهو گروپەوە نایت، نە ڕەوایەتییەکی دینییە، نە ڕەوایەتییەکی خێزانیی و بنەماڵەییە، نە رەوایەتییەکی ئەخلاقیی و نە ڕەوایەتیی خۆسەپاندنە لە ڕێگای هێزەوە، ئەوەی ڕەوایەتی بە دەولەتی مۆدێرن دەبەخشێت بوونی ڕێکكەوتن و «گرێبەستێکی کۆمەڵایهتیی»ە کە هاوڵاتیان لەسەری ڕێکدەکەون و لەگەڵ یەکتریدا دەیبەستن، گرێبەستێک تەعبیر لە ئیرادەو خواستی گشتیی ئەوان بەیەکەوە، دەکات.
لەناو ئەم مۆدێلەدا لە دەوڵەت، بۆ نموونە، «بکەری نادەوڵەتیی» بوونی نییە، کە، خاوەنی هێزی چەکدارو میدیای سەربەخۆی خۆی بێت، بەشی زۆری لە ئابوریی وڵاتەکەی قۆرخکردبێت، خاوەنی میکانیزمەکانی ئیشکردنی دەوڵەت بێت و لەباتی دەڵەت کۆمەڵێک لە کارە سەرەکییەکان ئەنجامبدات. بە کورتییەکەی لەناو دەوڵەتی مۆدێرندا، دەولەتی تەریب بە دەوڵەت، «دەوڵەتی سێبەر»، یان «دەوڵەتی قوڵ» بوونی نییە، کە تەعبیر بێت لە هێزو مەسڵەحەتی گروپێکی دیاریکراو.
لەسەرو هەموو ئەمانەوە له دەوڵەتی مۆدێرندا شتێک هەیە ناوی یاسایەو خودی دەوڵەتەکە خۆیشی «دەوڵەتی یاسا»یە. یاسا لە شوێنی ویست و خواست و زەوق و حەزو قازانجی شەخیسی و خێزانیی حوکمڕانەکان کاردەکات. بەسەر هەمووانیشدا پیادە دەبێت، لە کەسی یەکەمی ناو حوکمڕانییەکەوە تا ئەو منداڵانەی ڕۆژانە لەدایکدەبن.
ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەو لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا غائیبە ئەم ڕوانین و دیدگایە بۆ دەوڵەت. نوخبە حوکمڕانەکانی ئەم ناوچەیە، بە عەلمانیی و ئیسلامییەکانەوە، نوخبەیەکی خێزانیی و حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی داخراون، کە دەوڵەت بە موڵکی شەخسیی خۆیان و دەوروبەرەکەیان دەزانن و وەک ئامرازێکیش دەیبینن بۆ سەپاندنی دیدو خەون و ویست و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکەی خۆیان. واتە دەوڵەت بەتایبەتیی دەکەن. شێوازی حوکمڕانیی لەم جۆرە ئەزمونانەدا زۆرجار یان دەسەڵاتگەرێتی نوخبەیەکی نادینیی عەلمانییە، بەسەر میلەتێکی بە ئیسلامیکراوی سەلەفییەوە، وەک حوکمڕانییەکەی موبارەک لە میسر. یاخود حوکمڕانیی نوخبەیەکی ئیسلامییە بەسەر میلەتێکی عەلمانی بێزار لە حوکمی دینیی و بکەرە دینییەکان، وەک ئەزمونی ئێران. لە هەردوو دۆخەکەدا ئێمە لەبەردەم دوو نوخبەداین کە تێگەیشتنیان بۆ حوکمڕانیی و دەوڵەت لە دەرەوەی پێدراوە هەرە سادەکانی حوکمرانیی قوڵ لە دونیای ئەمڕۆدا.
ئەوەی پێویستە ڕووبدات دەسکاریکردن و گۆڕانی تێگەیشتنە بۆ حوکمڕانیی و دەوڵەت لە ناوچەکەدا. وێناکردنی دەوڵەتە وەک هاوبەشێکی بێلایەن لەنێوان هەموواندا، بێگومان بێلانەییەکی ڕێژەیی، دەوڵەتە وەک دەوڵەتی هەمووان، نەک دەولەتی ئەم یان ئەو زۆرینەی سیاسیی یان دینیی لە کۆمەڵگاکەدا. ئەمەش بەبێ داڕشتنی پەیمانێکی کۆمەڵایتی نوێ مەحاڵە. پەیمانێک بتوانێت ئەو ناکۆکیی و جیاوازییە گەورانە تێپەڕێنێت کە لەنێوان حوکمڕانان و زۆرینەی کۆمەڵگادا دروستبووە. ئینجا دانان بەو جیاوازیی و فرەڕەنگییەی لەناو هەموو کۆمەڵگاکانی ئەم سەردەمەدا هەن. وێناکردنی ئەو سەرزەمینە جوگرافییە هاوبەشەش کە کۆمەڵگاکە لەسەری دەژین وەک نیشتیمانێکی هاوبەش، نیشتیمانی هەمووان، نەک موڵکی ئەم یان ئەو هێزو گروپی سیاسیی، یاخود موڵکی ئەم یان ئەو دین، یان موڵی ئەم یان ئەو بنەماڵەو خێزانی تایبەت. ئەوەی پێویستە دروستکردنی «منێکی کۆییە» کە ئینتیمای بۆ دەوڵەت و نیشتیمان، ئینتیمای سەرەکیی بێت و خودی ئەو ئینتیمایەش مانا بە بەبشێک لە مرۆڤبوون و تاکەکەسبوونی ببەخشێت.
کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە وێناکردنی مرۆڤە وەک هاوڵاتییەکی ئازادو خاوەن ماف، داننان بە پێگەی هاوڵاتیبووندا وەک پێگەی تاکەکەسێکی ئازادو سەربەخۆ، یەکسان لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە لەگەڵیاندا دەژیی. ئەوەی دەبێت بسڕێتەوە کۆی ئەو هەڵاوێردە جیاوازانەیە کە لەسەر بنەمای دین و مەزهەب و ئەتنیەت و رەگەز، هتد... لەنێوان خەڵکدا دروستکراون و دروستدەکرێن. بە زمانێکی تیوری تر بدوێین گۆڕینی ئەو خەڵکە جیاوازەیە کە لە سەرزەمینێکی جواگرافی دیاریکراودا دەژین بۆ نەتەوەیەکی هاوبەش، بۆ گروپێکی سیاسیی خەیاڵکرد کە باوەڕیان بە بەیەکەوەژیانێکی ڕاستەقینەی ئازادو مافدار لەگەڵ یەکتردا هەبێت.
وەکچۆن پرۆژەی نوخبە عەلمانیەکانی ناوچەکە فەشەلێکی گەورەی هێنا لە دروستکردنی «نەتەوە»یەکی هاوبەش و دەوڵەتێکی بێلایەن و ناوبژیوان و پارێزەری ژیانی گشتی لەسەر بنەمای ڕەکەوتنێکی کۆمەڵایەتی هاوبەش کە ماف و ئازادیی و سەربەخۆبوونی تاکەکەسەکان دەستەبەربکات، پرۆژەی ئیسلامییەکانیش هەڵگری هەمان فەشەلە، ئەگەر زۆر فاشیلتریش نەبێت. ئەوەی تائێستا هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی نیشانیانداوە، چ ئەوانەی توانیویانە حوکمران بن و چ ئەوانەش کە لە دەرەوەی حوکمرانیدان، پەکخستنی تەواوەتی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیی و دروستکردنی نەتەوەو دەوەڵەته، کە باسمکرد، واتە دروستکردنی دەوڵەت و نەتەوەیەکی مۆدێرن. ئەوەی ئیسلامییەکان دەیکەن دابەشکردنی کۆمەڵگایە لەسەر بنەمای دین، دابەشکردنی خەڵکە لەسەر بنەمای ئیسلام و نائیسلام، کە لە پشتییەوە وێرانکردنی تەواوەتی بیرۆکەی هاوڵاتیی یەکسان کاردەکات، هەروەها ڕێگرتن لە دروستبوونی ئەو لانیکەمی ئیجماعە کە بۆ دروستکردنی نەتەوەو نیشتیمان پێویستن. واتە فەشەلی وێناکردنی کۆمەڵگا وەک دۆخی کۆبوونەوەی خەڵکانێکی زۆرو جیاواز بەیەکەوە، وەک هاوڵاتیی ئازادو یەکسان لەبەردەم یاساو لەبەردەم دەوڵەتدا.
کێشەی دووهەمی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و ئەو تەوژمە سەلەفییەی ئەمڕۆکە ئامادەیە، قسەکردنە بەناوی ئەو «زۆرینە موسڵمان»ەوە کە گوایە لە کۆمەڵگادا دەژین و ئەوان نوێنەرایەتییان دەکەن. ئەم خۆ بە نوێنەر زانینەی ئەو زۆرینە موسڵمانە، جگە لەوەی لە واقیعدا ناڕاست و خورافییە، لە دۆخی راستبوون و روودانیشیدا، ئەزموونە سیاسییەکان و خودی دەوڵەت خۆیشی دەگۆڕێت بۆ سەپاندنی سیستمێک لە فیکری سیاسیی تیوریدا ناوی «دیکاتۆریەتی زۆرینە»ی لێنراوە. ئەم هێزانە پێیان وایە ئەگەر زۆرینە دەنگی پێدان ئیتر مافی ئەوەیان هەیە دەوڵەت و دەزگاکانی بۆ خۆیان ببەن و چۆنیان ویست بەوشێوەیە و بەناوی ئەو زۆرینەیەوە، داییڕێژن. بەناوی ئەو زۆرینەیەشەوە ئەو یاساو بەها دینیانەی ئەوان بە راستی دەزانن بەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگادا، بسەپێنن. هەموو ڕەخنەکردنێکی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە لە دەوڵەت و کۆمەڵگاو سیاسەت، یەکساندەکەن بە دژایەتیکردن و بەگژاچونەوەو پیلاندانان دژ بە ئیسلام.
بە کورتییەکەی، ئەوەی هەیەو ئامادەیە کورتهێنان و خەلەلێکی فیکریی و سیاسیی گەورەیە لە چۆنیەتی وێناکردنی دوو دروستکراوی گەورەی ناو دونیای مۆدێرن. یەکەمیان دەوڵەتی مۆدێرنە. دووهەمیان کۆمەڵگای مۆدێرنە.