Draw Media

خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵه‌كان؛ زستانه‌ سارده‌كه‌ كه‌وته‌ ئێرانه‌وه‌

خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵه‌كان؛ زستانه‌ سارده‌كه‌ كه‌وته‌ ئێرانه‌وه‌

2023-01-28 09:38:24


خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د 

تا ده‌ستپێكردنی جه‌نگی روسیاو ئۆكرانیا، چاوه‌روانیه‌كی زۆر هه‌بوو ئێران و وڵاتانی (5) كۆ (1) له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی رێككه‌وتنامه‌كه‌ی ڤیه‌نای 2015 بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی. هاتنه‌ سه‌ركاری (ره‌ئیسی) كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی كۆنسێرڤاتیه‌كان و زیاتریش وه‌ك جێگره‌وه‌ی ڕابه‌ر (خامنه‌یی) چاوی لێده‌كرا، ئه‌و گومانه‌ی زیاتر كرد كه‌ ئێران له‌ كاریگه‌ریی گوشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تێگه‌یشتوه‌و به‌رێككه‌وتنێكی ئابڕووپارێزانه‌ خۆی ده‌رباز ده‌كات.
له‌ گه‌رمه‌ی گفتوگۆگاندا (پۆتین) جه‌نگی دژ به‌ ئۆكرانیا هه‌ڵگیرساند. جیهان و به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا پڕبوو له‌ ده‌نگۆی مه‌ترسیی قه‌یرانی وزه‌و خۆراك،... به‌تایبه‌ت كه‌ روسیا له‌ گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت و غازه‌ له‌ جیهانداو بڕێكی زۆریش له‌ غازه‌كه‌ له‌رێگه‌ی ئۆكرانیاوه‌ ده‌گاته‌ ئه‌وروپا. هه‌ندێكی تریش پێیانوابوو له‌ زوترین كاتدا (چین) په‌لاماری تایوان ئه‌دات و قه‌یرانه‌كان قوڵتر ده‌بنه‌وه‌. لێره‌وه‌ ده‌وڵه‌تی (ره‌ئیسی)و كۆنه‌پارێزه‌كانی ئێران كه‌وتنه‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌و ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌یان ئه‌نجامدا كه‌ ئێستا راستكردنه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته‌.
له‌ كۆتایی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی (حه‌سه‌ن رۆحانی)دا گفتوگۆكان گه‌یشتبوونه‌ ئه‌و خاڵه‌ی: لیژنه‌ی باڵای ئه‌تۆمیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دواجار سه‌ردانی ئێران بكه‌ن و كۆی بنكه‌ ئه‌تۆمییه‌كان به‌سه‌ربكه‌نه‌وه‌و دڵنیابن له‌رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم و وێستگه‌كانی (ئاوی قورس) دابخرێت و دواتر بڕی زیاده‌ی یۆرانیۆمی پیتێندراو تا كاتی به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ كاروباری ناسه‌ربازیانه‌، بدرێت به‌ وڵاتێكی ئه‌تۆمی، له‌ كۆتاییدا رێككه‌وتننامه‌كه‌ مۆرو ئیمزا بكرێت.
هێشتا مانگێك به‌سه‌ر جه‌نگی ئۆكرانیادا تێنه‌په‌ڕیبوو، توندڕه‌وه‌كانی ئێران له‌ چاوه‌ڕوانی زستانێكی ساردو كه‌مه‌رشكێندا بۆ ئه‌وروپاو دیسانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی جارێكی تر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی داواكارییه‌كانی ئێران تا به‌ خه‌ڵك و ناوخۆی خۆیان بڵێن ئێمه‌ وه‌ك میانه‌ڕه‌وه‌كانی هاوشێوه‌ی (رۆحانی) مل به‌ داواكانی رۆژئاوا ناده‌ین و رایانگه‌یاند كه‌ ئێران پله‌ی پیتاندنی یۆرانێوم به‌رزتر ده‌كاته‌وه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین (سه‌نترۆڤیوژی) نوێ ده‌خه‌نه‌ كار.. له‌ به‌رانبه‌ردا چی رویدا ؟ شه‌ڕ درێژه‌ی كێشاو ئه‌وروپا چووه‌ بن باڵی ئه‌مریكاو خۆی گه‌رمكرده‌وه‌ و كه‌س له‌ سه‌رمادا ره‌قنه‌بووه‌وه‌... چین په‌لاماری تایوانی نه‌داو پشتیشی كرده‌ ئێران. ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی چین له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ سعودیه‌ رایگه‌یاند كێشه‌ی ئه‌و سێ دورگه‌یه‌ ده‌بێت به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی ئیدیعای خاوه‌ندارێتی ده‌كات و ئێران به‌ به‌شێكی دانه‌بڕاوی خاكه‌كه‌ی خۆی ده‌زانێت. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هاوپه‌یمانه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئێران كه‌ روسیایه‌ له‌ هه‌وڵی ئاشته‌وایی‌ توركیاو سوریادایه‌، به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی(ئه‌ستانه‌) كه‌ ئێران تێیدا ئه‌ندام بوو. ده‌ره‌نجام رۆژئاوا وه‌ڵامی ئێران ناده‌نه‌وه‌و جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، پێدانی فڕۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان به‌ روسیاو دوای خۆپیشاندانه‌ ناوخۆییه‌كانی ئێرانیش بابه‌تی مافی مرۆڤیان هێناوه‌ته‌ به‌رباس.
ئێستا نرخی غاز دابه‌زیوه‌ته‌وه‌ بۆ رۆژانی به‌ر له‌ جه‌نگه‌كه‌و گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران زیاتر بووه‌، ناتوانێ بڕی پێویست بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی (توركمانستان) هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات، كه‌ له‌ به‌رانبه‌ریدا توركمانستان غاز بۆ باكوری ئێران دابین ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌و وڵاته‌ش كه‌م تا زۆر غازه‌كه‌ی له‌ ئێران گرتۆته‌وه‌. نوێنه‌ری (زابول) له‌ په‌رله‌مانی ئێراندا وه‌ك گاڵته‌جارییه‌ك به‌ سیاسه‌تی (زستانی ساردی ئه‌وروپا) كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ په‌یره‌وكرا، وتی: له‌ ئه‌وروپا كه‌س له‌ سه‌رمادا ره‌ق نه‌بووه‌وه‌و ئه‌وه‌ هاوڵاتیانی شاره‌كه‌ی منن (زابول) بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر ته‌پاڵه‌ سوتاندن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand