Draw Media

بێشەرمی سیاسیی تا دواهەمین سنوور

بێشەرمی سیاسیی تا دواهەمین سنوور

2023-01-07 14:43:15


مەریوان وریا قانع

لە پەیوەندیدا بە سیاسەتی هەرێمەوە، من تا ئێستا دەیانجار پێم لەسەر دوو خاڵی ترسناک داگرتوە، کە بەداخەوە ئەوەی ڕۆژانە لە هەرێمدا ڕووئەدات هەردووکیان بۆ جاری سەدهەمین، دەسلەمێنێت. 
یەکەمیان ئەوەیە کە شتێک بەناوی «شەرمی سیاسیی» و «شەرمی ئەخلاقیی»ەوە لەناو سیاسەتی هێزەکانی هەرێمدا نەماوەتەوە. هیچ حەرامێکی نەتەوەیی، نیشتیمانیی و ئینسانیی نەماوە ئەم هێزانە نەتوانن ژێرپێینێن، یان سڵ لە شکاندنیان بکەنەوە.   
دووهەمیان ئەوەیە شتێک بەناوی «مەسەلەی کورد» یان «مەسەلەی کوردستان»ەوە لە سیاسەتی ئەم حوکمڕانانەدا بوونی نەماوە، ئەوەی هەیە سیاسەتی پاراستنی پێگە و سود و قازنجی ئەو خێزان و بنەماڵە و نوخبە حوکمڕانەیە کە وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک موڵکی شەخسی خۆیان دەبینن و بەکاردەهێنن. 

هەموومان دەزانین لەناو پراگماتیزمی سیاسیدا دەشێت هەندێک کار و کردەوە ئەنجامبدرێت کە هێزەکان لەناچاریدا ئەنجامیبدەن. لۆژیکی کەمکردنەوەی زیان و پاراستنی ژیان وابکات هەندێک تەنازولات و هەندێک مساوەماتی تایبەت بکرێت کە لەگەڵ هەندێک پرنسیپی ئەخلاقیدا نەیەتەوە. بەڵام ئەمە شتێکە تەواو جیاواز لەوەی کۆی هەموو سنوورە ئەخلاقییەکان ببەزێنیت و شتێک ئەنجامبدەیت، بە تایبەتی بە شێوەیەک ئەنجامیبدەیت، کە بچێتە خانەی داڕمانێکی ئەخلاقی سەرتاسەریی و ئیهانەکردنێکی گەورەوە بەو کۆمەڵگایەی حوکمڕانی بەسەریەوە. 

یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی لە هەرێم بەو شێوەیەی بینیمان، دەچێتە خانەی داڕمانی ئەخلاقیی و بەزاندنی هەموو سنوورەکان. ئەوەی سیاسییەکانی هەرێم اەنجامیئەدەن پراگماتیزمی سیاسیی نییە، بەڵکو نیشاندنی کۆیلایەتییەکی تەواو و خۆ بە ڕەعیەتکردنی وڵاتانی دراوسێیە. ئەمانە وەک هێزی سیاسیی میلەتێک ناجوڵێنەوە کە لانیکەمی ڕێزی بۆ میژووی خۆی و بۆ مێژووی برینەکانی هەبیت، بەڵکو وەک گوردانێکی بچوکی ئەو دەوڵەتانە و وەک فەیلەقێک لە فەیلەقەکانیان دەجوڵێنەوە. یادکردنەوەی قاسم سلێمانی، لە ناجارترین شێوەیدا، دەکرا لە ڕێگای ناردنی بروسکەیەوە بوایە، نەک بەو شێوە پڕ ئیهانەکارییەی لە هەرێمدا نییشاندرا.
هەر سیاسەتێک شەرمی سیاسیی و ئەخلاقیی و مەسەلەی گشتیی کۆمەڵگا و میلەتی، تیانەما، وەک سیاسەتەکانی هەرێمی لێدێت. هەرێمەک بووە بە باخچە و کێڵگەی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی، کە خەمی ئەوەیان نیەی پێ بەسەر کەرامەتی دەستەجەمعیی هەموو خەڵکەکەیدا بنێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand