دایەنە دڵسۆزترەکان لەدایک
2023-01-05 12:37:45
(لە پەراوێزی بەشداریی سەرکردەکان لە ساڵیادی قاسم سولەیمانیدا)
هەردی مەهدی
پیاهەڵدانی سەرکردە سیاسییەکان بۆ ئێران و بەشدارییان لە بۆنەکانیدا، لەسەر خاکی هەرێم، بووەتە موجامەلەیەکی سیاسیی دوولایەنە هیچ لایەکیان باوەڕی بەوی دیکە نییە، بەڵام هەر ئەنجامی دەدەن، چونکە هونەرێکی ناوێت و هەمانکات هونەریی پەیداکردنی کورسیی تەزویر و پۆست و وەزیری و پێگەسازییە!
حساباتی «حیزبە کوردستانییەکان» لە دووڕەوە لە موجامەلەکردنی ئێراندا هەڵەیە و بۆ بەرژەوەندیی کورتمەودا و کورسیی دابینکردن و تەزویری هەڵبژاردن ڕێگەی هەڵدێر و خواربوونەوە هەڵدەبژێرن، خۆیان دەخەنە نێو هاوکێشە پرۆئێرانییەکەوە:
یەکەم: هەژموونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان زۆر لا گەورەکراوە و لە ریتۆریکێکدا هێندەیان دووبارە کردۆتەوە خۆشیان باوەڕیان پێهێناوە، لە کەمترین هەنگاودا ستراتیژێکی یەکگرتوو و هاوپەیمانێتییەک لەسەر بنەمای تەنانەت بەرژەوەندیی خۆشیان نەک کوردستان پێکبهێنن، دەتوانن زۆر زیاتر بە ئێران بکەن لە کاتێکدا ساڵانێکە تەنها ئێران بە ئەمان دەکات.
دووەم: لەم دۆخەدا بەداخەوە هێزە کوردستانییەکان لە بری بیرکردنەوە لە ئایندەی نێوچەکە و دیموکراتیزەکردنی ئێران و مافی نەتەوەیی و بگرە دینی خەڵکی کوردستان و پاشتیوانی لانیکەمی ڕۆژهەڵات، لە نێوان شەقامی ئێرانی ناڕازیی و مافمیحوەر و دەسەڵاتی ئیستیبدادی دابڕاو لە کۆمەڵگەکەی خۆی، ئەوەی دووەم هەڵدەبژێرێن، لەکاتێکدا کۆتاییەکەی دیارە و ئەم هێزانە لە کورتترین پێناسەدا لەگەڵ ئامانج و دروشمیاندا درۆ لەگەڵ جەماوەرەکەیاندا دەکەن!
پشتکردنە خەڵک و پشتیوانی دەسەڵاتی ئێران بۆ ئیسلامییەکانیش ڕێک وەک ئەوەیە لە نێوان ئیخوان و خەڵکی میسری چەوساوەدا تۆ بچی لایەنگری ناسر بکەیت و لە پرسەی حوسنی موبارەک و سیسیدا دوو ڕۆژ بەپێوە بووەستیت! (ڕۆحی ناسری_سوبحانی و ئەحمەدی_موفتیزادە شاد بێت)
لە ئێراندا و بگرە لە شارەکانی ئێراقیشدا بە ڕێژەیی پەیکەر و بیلیبۆردی قاسم_سولەیمانی نەما نەسووتێنرێت، بەڵام لێرە تازە پرسەکەی گەرم دەکەن! دیارە ئەمانەی لای ئێمە دایەنی دڵسۆزترن لە دایک و لە پاپاش کاسۆلیکترن!
خۆ من دەزانم ئێستا هەر ئەم سەرکردە بەناو کوردانە بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو یان زیندانیکردنی دەمیرتاش بانگهێشتیان بکە، ناوێرن و خۆیان دەدزنەوە!
بە گشتیش هێزە پرۆ ئێرانییە کوردییەکان یان ئەوانەی دەیانەوێ ببنە پرۆئێرانی! کورتبینیشین لە بینینی ئاسۆی پەیوەندییە کوردستانییەکاندا، چونکە لە داهاتوودا کاتێ کۆمەڵە و دیموکرات بۆ نموونە گەڕانەوە ڕۆژهەڵات هەژموونی هێزێکی وەک دیموکرات (ئەگەر تەنها سەدا سیی هەواداریشی هەبێت)دوو هێندەی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی و پێنج هێندەی یەکگرتوو دەبێت، ئاخر ڕۆژهەڵاتی_کوردستان دە ملیۆنە خۆ ئەمە دەزانن!