خۆی دەم بەپێکەنینە،ئیتر ئێوە بۆ بۆی دەگرین!
2023-01-04 12:24:49
د. دڵشاد عهبدولڕهحمان
ماوەیەکە، نوسینێکی زۆر دەخوێنمەوەو، وتارگەلێکی فرە دێتە بەرگوێم، کە شین و شەپۆڕە بۆ سلێمانی و ئاخ و داخە بۆ ئەو شارەو حەسرەتە بۆ ساڵانی ڕابردووی، گوایە بۆ جوانی ئەوساو ناشیرینی ئێستایە. من دڵنیام لە ڕاستگۆیی و پەرۆشی زۆربەی ئەو نوسەرو گوتاربێژانە، جگە لە کەمینەیەک کە هۆکاری سیاسی پاڵنەرێتی، وەلێ من پێچەوانەی ئەو بەڕێزانە شار دەبینم. شار نە لەڕابردوودا ئەو بەهەشتە بووە کە ئەوان دەینەخشێنن وە نە لەئێستادا ئەو دۆزەخەیە کە ئەوان وێنای دەکەن. ئاخر سەیرێکی شیعرەکانی پیرەمێردو گۆران و نوسەرانی تر بکەن، دەزانن کە ئەوانیش لەسەردەمی خۆیاندا، چەند بێزاربوون لە بەشێک لە خەڵکی شارو دیاردەی نەشیاو.
شەستەکانی سلێمانی سەرەڕای جوانییەکانی شار، پڕبووە لە شەڕەگەرەک و ناوی چەندین شەقوەشێن و چەقۆهاوێژ بەهەموان ئاشنابوون، ئەمە جگە لە تیرۆری بەناهەقی سیاسی و حەملەی ژنکوشتن بەناوی حەملەی ئەخلاقیەوە لە هەشتاکاندا لەبیر زۆربەمان ماوە.
شار هەروابووەو هەرواش دەمێنێتەوە، سەدان هەزار مرۆڤ ناکرێ وەک شوشەی بیبسی بخرێنە سندوقەوە.
سلێمانی هەروەک شارانی تر، بیری جیاو هەڵسوکەوتی جیاو تاوانی جۆراوجۆرو ئاکاری نەشیاوی تیادا ڕوئەداو، بیری جوان و ئاکاری بەرزو میهرەجان و ڤیستیڤاڵی جوانیش لەخۆدەگرێ. کەم ڕۆژ هەیە مەراسیمی بڵاوکردنەوەی چەندین کتێب و پێشانگاو چالاکی هونەری و ئەدەبی لەم شارەدا ئەنجام نەدرێ. من وایدەبینم کە شین بۆ گەڕانەوەی سلێمانی بۆ زەمەنی ڕابردوو، جگەلەوەی گریانێکی بێهودەیە، دیدو خوێندنەوەیەکی هەڵەشە هەم بۆ ڕابردوو،هەم بۆ ئایندەی ئەم شارە.
کورت و پوخت، ئەم شارە جگە لە خەسڵەتە جوانەکانی تری، بە زەردەخەنە هەمیشەییەکەیەوە دەناسرێتەوە، بۆیە تکایە ئێوەش بەدەمیەوە پێبکەنن نەک واوەیلاو ئاخ وداخی بۆ هەڵکێشن.