Draw Media

ئەقڵییەتی میدیای زۆن

ئەقڵییەتی میدیای زۆن

2023-01-03 13:45:22


رەحمان غەریب

ئەوەی وا دەكات میدیایەك چاوپۆشی لە روداوی نەخوازراوی شارێك بكات، تەنها چاوی لە روداوەكانی كوشتن و دیمەنی نەخوازاوی ئاهەنگەكانی شەوی سەری ساڵی شارێكی تر بێت، نەزانین نییە بەوەی لەشارەكەی خۆی چی رودەدەن؟ بەڵكو زانینە، زانین بە جێبەجێكردنی ئەجێندای داەبەشكردنی جوگرافیایەك كەپارتی و یەكێتی، سواری سەری بوون ناویان لێناوە" زۆنی سەوز"،" زۆنی زەرد".

ئەو روداوەی لە (پێجوێن) بەهای هەواڵیان هەیە، بۆ (ئامێدی)یش هەر راستە، ئەو میدیایەی چاو لە هەواڵێكی توندوتیژی (سەید سادق) و (شەقلاوە)، دەپۆشێت، و بەهای هەواڵییان پێنابەخشێت بگەڕێ بە دوای سەرچاوەی پارەكەی، ئیتر خۆت ماندوو مەكە بە پەیوەندی نێوان میدیا و ئەخلاقی پیشەیی، چونكە بەسادەیی: ئەخلاق لە دۆڵیكەو پارەیش لەسەر گردو شاخ و دۆڵی حزبەكانە. 

هاوڵاتیانی دهۆك وەك هاوڵاتیانی هەڵەبجە وەك یەك مافیانە زانیارییان لەسەر ناوچەكانیان هەبێت، مافیانە بزانن و درۆیان لەگەڵ نەكرێت، كە تۆ باسی روداوێك دەكەیت 300 كم لێت دوورە، هەقە لەسەر روداوی شەقامی بەردەم ئۆفیسەكەیشت ئاگادار بیت، كە ئەمەت نەكرد، تۆ بەشێكیت لە ئەقڵییەتی میدیای زۆن، بە هەموو وردەكاری و ئیلیتزاماتێكی سیاسی و حزبی. 
باسم لەو میدیایە نییە، كە كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخش، بڕیاریان داوە پەیجێك، سایتك بۆ ناوەچەیەكی دیاریكراو دروستبكەنو هەواڵی شاریك گوندێك، روماڵبكەن و بڵاویبكەنەوە، بەڵكو بە دیاریكراوی ئەو بەناو رۆژنامەنوس بەناو دامەزراوانەی میدیایە كە كاریان قوڵكردنەوەی رۆحی ناوچەگەرییە كە ویستی یەكێتی و پارتییە.  

بچن گوزەرێكی خێرا بە ناو روداوی توندوتیژی سەری ساڵی نوێی 2023 هەندێ شاری گەورەی جیهان بكەن: هەندێ رووداوی توندوتیژی بوەبە مۆركی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ.
لە ئەڵمانیا هێرشكردنە سەر كارمەندانی ئاگركوژێنەوە و پۆلیس و پەكخستنی خزمەتگوزاری فریاكەوتن لە بەرلینی پایتەخت، حكومەت و خەڵكی وڵاتەكەی توڕەكرد و تەنانەت بە " هێرشی وەحشی" وەسفیانكرا. 
لە پاریس هێزە ئەمنییەكان، 690 ئۆتۆمبێل سوتێنراوە كە هێشتا كەمتر لەوەی سەری ساڵی پَشوو  كە 870 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر بوون.
لە ئیتالیا، 646 روداوی ئاگركەوتنەوە هەبووە، 180 كەس بە هۆی یاری ئاگرین بریندار بوون لە ناویاندا نزیكەی 50 كەسییان رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

 ئەم هەواڵانە بە حزبی و سیاسی و ناوچەیی ناكرێت، رووداوی دڵتەزێنن و نەخوازراوی ناوچەیەك دڵخۆشكەر نیین بۆ ناوچەكانی تریان، لە ئاستی نیشتیمانیدا سەركۆنە دەكرێت و توێژینەوەی لەسەر دەكرێت، پلان بۆ كەمكردنەوەی دادەنرێت.

میدیای زۆنەكان، دەستتان ئاشكرایە، كەی پشوویەك دەدەن؟ كەی تێدەگەین درۆ، روماڵ و فۆكسی هەواڵەكانتان بێ بەهان؟ ئەرێ ئەم هەموو ماندووكردن و ئازاردانی هەستی بەرامبەر بەس نییە؟.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand