کورد ساڵێکی دیکەی پڕ نەهامەتی بەڕێدەکا
2022-12-31 10:00:27
هیوا سەید سەلیم
وا ساڵی 2022 بەڕێدەکەین و، پێدەنێینە ناو ساڵێکی تازە، ساڵی پار وەک سەرجەم ساڵەکانی دیکە بۆ کورد پڕ نەهامەتی بوو، ئینکارکردنی مافە نەتەوەیەکان لەو بەشانەی کە هیشتان بیری شۆفینیزمی نەتەوەی سەرددەستە زاڵە بەردەوامە، لە باکووری کوردستان لەسەر سادەترین مافی نەتەوەیی، تەنانەت مافی هاوڵاتیبوونیش، بە هەزاران خەڵک لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا خراوەتە زیندانەکان، لە نێو ئەو خەڵکەدا پەرلەمانتار، سەرکردە، سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی خەڵک هەیە، تەنانەت ژن و پیریش خراونەتە زیندان.
لە رۆژهەڵاتی ژێردەستەی کۆماری ئیسلامی لە سێدارەدانی گەنجان و، پەلکێشکردنیان بۆ کونجی زیندان، لەسەر ئەوەی دەڵێن کوردین و جیاوازین لە ئێوە، هەروەها دەوترێت کە دەمانەوێت بە زمانی کوردی بخوێنین بەردەوامی هەیە.
لە رۆژئاوای شۆڕش و بەرخۆدان، پیلانەکان لە دژیان چوارچێوەی ئیقلیمی تێپەڕاندووە، وڵاتانی بۆ مامەڵەکرد بەو خوێنەی بۆ رزگاربوون لە تیرۆری نێودەوڵەتی رژاوە، سەودوا و مامەڵەیانە، دوو دوو و سێ و چوار، وڵاتان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تەکبیر بکەن چۆن دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان لەبار ببەن.
باشوری کوردستان، بە جیا لەگەل پارچەکانی دیکەی نیشتمان، هەرچی بەسەری هاتبێت ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بێباکی دەسەڵات لە بەدەنگەوەهاتنی کێشەکانی خەڵک، کە خۆی دەبینێتەوە لە خزمەتگوزاری و ، دابینکردنی هەلی کار و، گێڕانەوەی مووچە زەوتکراوەکان، هەروەها یەکلانەبوونەوەی ململانێکان لەگەڵ بەغدا و، دابەشبوونی حزبە دەسەڵاتدارەکان لەسەر ئەجێندای ئەقلیمی و ، نەبوونی ستڕاتیژی هاوبەشی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، هێندەی دیکە باری سەرشانی خەڵکی قوورستر کردووە، هەروەها خەڵکی کوردستانی بە دەسەڵات و تەنانەت پرۆسەی سیاسی کوردستانیش نائومێد کردووە .
بەڵام لەگەل هەموو ئەو نەهامەتیانەشدا، هێشتان گەلی کوردستان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان لە مەیدانە، ساڵی 2022 جیا لە ساڵەکانی دیکە، کوردان لە رۆژهەلاتی کوردستان، پێشەنگایەتی گەورەترین شۆڕش و ڕاپەڕینیان کرد، کە بە شۆڕشی ژنان لە ژێر درووشمی ( ژن ژیان ئازادی) ناسراوە، ئەو شۆڕشەی جارێکی دیکە کورد و ژنانی کوردی بەتەواوی جیهان ناساندەوە، کە میللەتێکین بۆ ئازادی و دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکانمان ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیەکین.
شایانی باسە، کورد لە مێژووی خۆیدا هێندەی نەهامەتی بینیوە، بۆیە لە کۆتایی هەموو ساڵێک هیچی بۆ نەماوەتەوە و پەنای بۆ ئەو پەندە کوردیە بردووە کە دەوترێ:-
(ساڵ بە ساڵ خۆزگەمان بە پار)، ئەم ساڵ وێڕای ناخۆشیەکان، نابێت بووترێت خۆزگەمان بە پار، چونکە ساڵی پار وێڕای قەیرانە بەردەوامەکانمان، دەرد و بەڵای پەتای کۆرۆناش سەربار بوو، کە چەندین ئازیزی لێ سەندین.
ئومێد دەکەین ساڵی تازە "2023" بۆ گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی وەک ساڵەکانی دیکە نەبێت ، بۆ کورد ساڵی بەدیهاتنی خەونی نەتەوەییەکانمان بیت، ئەو خەونانەی کە شاعیری مەزنی کورد "ئەحمەدی خانی" پێشی 350 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ فەرموویەتی:
(گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
روم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیا ژ مە تا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت)
هەر سەبارەت بە لاوازی هەستی نەتەوەیی دابەشبوونی کوردان بەسەر ئەجێندای دووژمنان و داگیرکەران، حاجی قادری کۆیی دەفەرموێ:
(یەکێ لەم لاوە ڕوو دەکاتە عەجەم
دووش لەولاوە دەبنە دوژمنی هەم
کوا والی سەنندوج، بەگزادەی ڕەواندوز
کوا حاکمی بابان، میری جەزیر و بۆتان
کوا ئەو دەمی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون
سوڵتانی میلک و میللەت، خاوەنی جەیش و عیرفان)
سەیرکەن ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی لەسەرددمی خۆیان چۆن لە خەمی یەکڕیزی کورد دابوونە؟ ئەوان لەسەردەمی غەریبی و ئاوارەیی هاوارەیان بۆ یەکێتی کوردان لێهەڵساوە، کەچی سەران و بڕیار بەدەستانی کورد، لەسەردەمی زێڕینیان هەل و دەرفەتەکان لەدەست کورد دەدەن، بۆیە دەبینین، ئەوانەی ئێستا حاکم و سەرداری هەرێمی کوردستانن، نایەن کار بۆ بەدیهاتنی خەونەکانی (ئەحمەدی خانی و حاجی قادر) بکەن، بگرە خەمی ئەوان خەمی دەوڵەمەندبوونی خۆیان و کەسە نزیکەکانیانە لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان، بۆیە وا بڕوات دەبێت ساڵێکی دیکەش هەر باس لەو خەمانە بکەین و، هەمان پرس لە رۆژمێری خۆمان یاداشت بکەینەوە.