Draw Media

لامەرکەزیی بۆ ؟

لامەرکەزیی بۆ ؟

2022-12-30 09:05:29


سه‌ردار عه‌زیز

پرسی لامەرکەزیی سەرەتاتکێ دەکات لەناو کایەی سیاسی کوردستاندا. وروژاندنی ئەم پرسە لەکاتی تایبەتدا، بۆ ماوەیەکی کورت، لەکاتێکدا ئاماژەیە بۆ بوونی ئەم پرسە لە هەناو کایەی سیاسیدا، بەڵام لەهەمانکاتدا بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار. لە هەمانکاتدا جۆرێک لە مامەڵەیە کە زیانی زۆر بەم چەمک و شێوازی حوکمڕانییە دەگەیەنێت. ئەمەش وەهایکردووە کە پرسی لامەرکەزیی ئەو گرنگی و بایەخەی نەمێنێت. لەم نوسینەدا قسە لەسەر ئەم پرس و چەمکە دەکەم، بە شێوەیەکی بەرفراوانتر. چونکە لە دونیای کوردیدا قسەکردن لەسەر چەمکێک یان باسێک زیاتر ئامرازییە لەبری مەعریفیی، بەڵام بە نەبونی مەعریفە لە پشت هەر ئامرازێکەوە وەها دەکات کە چەمک و پرسەکە زۆر لاوازو هاکەزایی دەرکەوێت.

لە ناوچەی ئێمە، بە شێوەیەکی بەرفراوان، دەسەڵات هەمیشە ناوەندیی بووەو ناوەندێتی بوەتە خەسڵەتێکی سەرەکی دەسەڵات. ئەم کەلتورو ئاگاییە هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی عوسمانی، بەتایبەت سیستەمی باجی عوسمانی. [باو بووە لە سەردەمی عوسمانیدا کە ساڵی جارێک باج کۆکەرەوە چوەتە ناوچەکان خەڵک لێی هەڵاتوە بۆیە باج لە زمانی کوردیدا یەکێک لە ماناکانی وەک سزایە. بۆ نمونە کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات، خەڵک دەڵێن دەبێ باجەکەی بدات].

ناوەندێتی و بوونی دەسەڵات وەک پرۆسەی تەواوکەر دەبینرێت لای هەردوو نوخبەی ڕۆشنبیرو نوخبەی سیاسی. هەردوو دەسەڵات وەها دەبینن کە دەبێت لە جێگایەکدا، لە کەسێکدا یان لە گروپێکدا کۆبێتەوەو پاشان لەسەر مۆدێلی سەپاندن و هەژەمۆنیەت و ڕاکێشان یان تێکشکانی دەسەڵاتەکانی تر هەژەمۆنیەتی خۆی بسەپێنێت.

کاتێک کارم لەسەر چەمکی لادەولە دەکرد لە عێراقدا، ئەوەم بە ڕونی بۆ دەرکەوت کە لە هەناو نوخبەی کەلتوریی و نوخبەی سیاسی عێراقدا دەوڵەت وەها دەبینرێت یەکەیەکی مەرکەزییەو خاوەن قۆرغکاریی و چەسپاندنی دەسەڵاتە بەسەر هێزو پانتایی و ناوەندەکانی تردا.

ئەم ڕەهەندە کەلتورییەی ناوەندێتی وەهایکردووە کە ناناوەندێتی وەک دۆخێکی شاز ببینرێت، بۆیە هەندێکجار لامەرکەزی لەگەڵ پەرتبون و پشێویدا تێکەڵ دەکرێت. جگە لە مێژوو، مۆدێلی زاڵی ناوەندێتی ڕەگی لە پێناسەی ماکس ڤیبەردا هەیە بۆ دەوڵەت. بەلای ئەوەوە دەبێت دەوڵەت قۆرغکاری هەموو ئامرازەکانی توندوتیژی بێت. ماکس مناڵی سەردەمی سییەکانی ئەڵمانیایە کە پشێویی و ناسەقامگیری خەسڵەتی سەرەکی بوو. بەڵام دیدەکەی ڤیبەر ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مۆدێرن کە لە هۆبزەوە دەستپێدەکات. هۆبز مناڵی شەڕی ناوخۆو شەڕی وڵاتانی ناو ئەوروپایە، بۆیە هەموو دەسەڵات دەبەخشێت بە سەروەر، بە دیدی ئەو مرۆڤ دەبێت لەنێوان ئازادی و ئاسایشدا سەوداو مامەڵە بکات.

ئەمڕۆ لە دونیادا زۆر باس لە ناناوەندی دەکرێت، بەڵام ئەم باسکردنە، هەرچەندە پەیوەندی بە دونیاوە هەیە، بەڵام لە کوردستان باس ناکرێت. لە چەند دەیەی ڕابوردودا، بە هۆکاری جیهانگریی و زاڵبونی لیبرالیزم و گەشەی تەکنەلۆجیا، دونیا تەخت بوو، وەک تۆماس فریدمان دەڵێت. ئەم تەختبونەی دونیا، بووە هۆکاری گەشەی بێوێنەی شار. شار ناوەندی گەشەو ئابوری و دەرفەت و ژیانی باشترە. دەرئەنجامی ئەمە وەهایکردووە، زۆر شوێنی دەرەوەی شارەکان پشتگوێ بخرێت. لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی ئەمە گەشتوەتە ئاستی قەیران، بۆ نمونە ئیسپانیا.

ئەو خەڵکانەی کە لە جێگاکانی دەرەوەی شار دەژین، وەها ناو دەبرێن کە گرنگ نین. ئەمەش بوەتە هۆکاری داڕمانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو جێگایانەدا. لێکۆڵەرێکی ئیسپانی بەناوی Rodriquez-Pose هەیە لە زانکۆی ئێل ئێس ئی لەندەن، تێزێکی پەرەپێداو لە ژێرناوی تۆڵەی ئەو جێگایانەی کە گرنگ نین. تۆڵەی ئەم جێگایانە لە ڕێگای دەنگدانەوە دێت کاتێک دانیشتوانی ئەم جێگایانە دژ بەو مۆدە سیاسی و ئابورییە دەنگدەدەن کە لە شارەکاندا باوە. بۆ نمونەی زۆربەی دەنگدەرانی برێکسیت یان ترەمپ لەم جێگایانەیە. ئەمە بە زەقی لە کوردستانیش دەبینرێت کاتێک خەڵکی قەزاو ناحێکان لە ئەوانیتر زیاتر پشتگوێخراون لە ڕێگای سودمەندبون و خزمەتگوزاریی و کارەوە. ئەم ناوەندبوونەی شارەکان و دژە ناوەندبوون لە دەرەوە، خەسڵەتێکی سەرەکی سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانە، کە بەشێکە لە شەپۆلە جیهانییەکە. بۆیە دەبێت بە هێند وەربگیرێت. ئەمە لەکاتێکدا زیاتر هانی بە شاربوونی خێرا دەدات کە وەک دیاردەیەک قەیرانی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە داهاتوودا.

بەڵام ناوەندبونێکی تر هەیە کە خۆی لە ناوەندبوون یان پایتەختبوونی هەولێرو پەراوێزکەوتنی شارەکانی تری وەک دهۆک و سلێمانیدا دەبینێتەوە. ئەم ناوەندبوونە زیاتر جێگای مشتومڕە. کورد هێشتا ڕانەهاتووە پایتەختی هەبێت. ئەمە هەم بە پۆزەتیف و هەم بە نێگەتیفیش. بەڵام سەرباری ئەمانە، ناوەندێتی و ناناوەندێتی نە تەنها پرسێکی ئیدارییە، نە جوگرافی. بۆیە پرسی نادادپەروەریی جوگرافی، ڕەنگە تەنها بەشێک لە کێشەکە لەخۆی بگرێت. نادادپەروەریی جوگرافی بە مانای ئەوەی کە پانتاییەک یان شوێنێک زیاتر دەرفەتی بەردەکەوێت لە شوێنێکی تر. هۆکاری ئەم نادادپەروەرییە ڕەنگە سیاسی، یان ئابوریی بێت.

بەم پێیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەندین جۆر لە ناوەندیبوون و ناناوەندیی هەیە. بەڵام سەرباری هەبوونی چەمکی لامەرکەزیی و هەبوونی دیاردەی ناوەندێتیی و بەڵام لامەرکەزیی جگە لە زاراوەیەک هیچی تر نیە. ناناوەندێتی یان لامەرکەزیی، بە هەمانشێوەی مەرکەزیی خاوەن تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆیەتی. لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی و سیاسی و کەلتوریی و سیستەمی هەیە. بۆ ئەوەی سیستەمێک لامەرکەزیی بێت دەبێت لە کرۆکی حوکمڕانیدا کرانەوە، لە خۆگرتن، گفتوگۆ، جیاوازیی و ناسینەوەی تایبەتمەندی شوێنەکان و لە بەرچاوگرتنی شوناسەکان بوونی هەبێت. لامەرکەزیی کاتێک فەراهەم دەبێت کە پیادەکردنی دەسەڵات لەسەر ئەو داتاو خواست و داوایانە بێت کە لە بنەوە دێن بۆ سەرەوە، نەک لە سەروە بۆ خوارەوە.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە فەراهەم بێت دەبێت ناوەند بوونی هەبێت. کوردستان کۆمەڵگایەکە لە مێژوویدا ناوەند هەمیشە لە دەرەوەی بووە. دروستبوونی ناوەندێک لە ناوەوە، وەرچەرخانێکە نەک تەنها لە پیادەکردنی سیاسەتدا، بەڵکو لە عەقڵیەتی سیاسیدا. ئەمە هێشتا بە تەواوی نەڕسکاوە.

پیادەکردنی ناناوەندێتی سیاسی کۆمەڵێک ڕێگریی زۆری هەیە، لە سەرووی هەمویانەوە مێژوو و یادەوەریی و کەلتوری شەڕی ناوخۆ. شەڕی ناوخۆی کوردی کاتێک کۆتایی هات کە لە ناوەندێک زیاتر لە کوردستان دروستبوو. لامەرکەزیی بریتی نیە لە زۆربوونی ناوەند یان مەرکەز، بەڵکو بریتییە لە بوونی ناوەند بەڵام پیادەکردنی دەسەڵات بە ڕێتمی ناناوەندێتی. بەو مانایە دەسەڵات ناسەپێنرێت بەڵکو بەرهەم دێت.

ناناوەندێتی لە دونیای ئەمڕۆدا زیاتر ئاسان بووە، چونکە تەکنەلۆجیا هەموو ماڵ و جێگایەکی کردوەتە ناوەند. تەکنەلۆجیا سیستەمی بەڕێوەچونی دەسەڵات لە سیستەمێکی ناوەندییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمی تۆڕ. زیاتر بە تەکنێکردنی دەسەڵات بڕێکی زۆر لە حوکمداری ناناوەندیی دەکات.

ناناوەندێتی یان لامەرکەزیی سەرباری ئەم ڕێگرانە، ڕێگرێکی گەورەی تری هەیە ئەویش ناوەندبونی زیاتر دەسەڵاتە لە عێراق. نوخبەی عێراقی کە زیاتر هەڵەشەو پەرچەکردارە، وەها دەزانێت کاتێک سیستەمێک کار ناکات بیگۆڕیت بە سیستەمێکی تر ئەوا دەکەوێتە کار، بەڵام وەک زۆر شوێن دەریخست، تورکیا یان تونس بۆ نمونە، کاتێک سیستەمی پەرلەمانی توشی قەیران دەبێت سیستەمی کەسی بەهێز یان سەرۆکایەتی نابێت چارەسەر، بەڵکو هەمان گرێکان دەمێننەوە بەشێوازی تر. سیستەمی سیاسی هاوسەنگییەکی ناسکە لەنێوان دەسەڵاتی تاکە کەس و پشێویدا. بۆیە دەبێت هەمیشە چاودێریی بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand