Draw Media

ئەحمەد حاجی رەشید: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ململانێی ئەمریكا و ئێرانە

ئەحمەد حاجی رەشید: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ململانێی ئەمریكا و ئێرانە

2022-12-25 19:16:28



درەو:
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پێشوی لیژنەی دارایی عێراق بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ ململانێی سیاسی نێوان ئەمریكا و ئێران، ئەو پێی وایە ئەو دۆخە لە ئێستادا هیچ پەیوەندی بە بانكی ناوەندی عێراقەوە نیە، چونكە ئەمریكا پێی وایە ئەو دۆلارانەی دەخرێنە بازاڕەوە دەچن بۆ ئێران، بۆیە ئەمریكا دەیەوێت سودانی خۆی یەكلابكاتەوە، عاقڵ بێت بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ (148)هەزار دینار، عاقڵ نەبێت، بەهای دۆلار دەكاتە (175) هەزار دینار.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی عێراق سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكاندا روونكردنەوەو لێكدانەوەی بۆ (درەو) بەم شێوەیە بوو: 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی پەیوەندی بە ململانێی سیاسی ئەمریكا و ئێرانەوە هەیەو عێراق باجەكەی دەدات، ئەمریكا داوای لە محەمەد شیاع سودانی كردووە سەردانی ئەمریكا بكات و خۆی یەكلابكاتەوە، ئایا لەسەربازگەی ئێرانیە، یان ئەمریكی؟ ئەگەر لە سەربازگەی ئێرانیدایە ئەوە ئەمریكا بڕیار دەدات، ئەوەی لەگەڵ ئێراندا دۆستایەتی بكات، چاوەڕوانی ئەوەبێت ئەمریكا وەكو ئێران سەیری دەكات.
لە  9/1/2021 كۆبوونەوەیەكمان هەبوو ، عەلی عەلاق بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی عێراق، تەیف سامی لێبوو، بانكی رافیدەینی لێبوو، دیوانی چاودێری دارایی لێبوو، بانكی TBI ی لێبوو، هەموو دامەزراوە داراییە گرنگەكانی عێراقی لێبوو، عەلی عەلاق وتی" ئێوە لە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكتانداوە (بڕیاری دەركردنی هێزە بیانیەكان لە عێراق) ئەو بڕیارە جێبەجێبكەن لە حكومەتدا، ئەوا ئەمریكا بڕیار ئەدات شەحنی دۆلار نەكات بۆ عێراق، لەیەك هەفتەدا نرخی (100) دۆلار دەگاتە (200) هەزار دینار، هەر ئەو هەڕەشەیەی ئەوكاتی ئەمریكا بوو دوای هەفتەیەك لە بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانیەكان، هەموو هێزەكان بێدەنگیان لەو بڕیارەكردو جێبەجێنەكرا. 
بۆیە ئەمریكا ئەزانێت هۆكاری بوونی دینارو ساغكردنەوەی كاڵاو كەلوپەلە، كە ئێران ووردە ووردە هەر ئەتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە ئەمریكا نایەڵێت نە دۆلار بچێتە ئێران و نە دیناریش مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا پێبكرێت، ئەشیەوێت مەسەلەی (غاز و كارەبا) كە ئێستا لە ئێرانەوە دێت بۆ عێراق هەردووكیان لە ئێران بپچڕێت.
بۆیە ئیحتیمالیشە ژمارەیەك كەسایەتی و دامەزراوەی عێراقی بخرێنە لیستی سزاكانی گەنجینەی ئەمریكیەوە، سودانی ئەگەر رازی نەبێت بەرێوشوێنەكانی بانكی ئەمریكا، ئەوا دراوی عێراقیش تێكدەشكێت.
دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، پەیوەندی بە بانكی ناوەندی عێراق و رێوشوێنەكانیەوە نیە، پەیوەندی بە ململانێی ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە كە عێراق باجەكەی دەدات، عێراق لەسەردەمی مستەفا كازمی زۆر وازح بوو كازمی سەربە ئاراستەی ئەمریكا بوو (ئەمریكی بوو) لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدیدا یەك تۆز بەلای چیندا رۆی ئەوەبوو رووخاندیان و لایانبرد، مالكی باڵانسی ئیران و ئەمریكای راگرتبوو، عەبادی بەهەمانشێوە بەڵام محەمەد شیاع سودانی لەبەر ئەوەی حكومەتەكەی حكومەتی ئیتاریە (چوارچێوەی هەماهەنگی)، بەتەواوی ئیتار بەرپرسە لە حكومەتەكەی، ئەمریكا تێكشكانێك تێكی دەشكێنێت تەسەور نەكەیت، بۆ ئەوەی جارێكی تر خەڵكی دەنگ نەداتەوە بەم ئیتارییانە، با چاوەڕێ بكەین ماوەیەكی تر ئەگەر سودانی تەسلیم نەبێت بە ئەمریكا، سەدریەكان دەكەونە رەخنەگرتن ، خۆپیشاندان دەستپێدەكات، حكومەتەكەی سودانی ئیفلیج دەكەن.
بڕیارە بانكی ناوەندی لە سبەینێوە دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەوە، بەڵام لە ئێستادا دۆلاری زیادخستنە بازاڕەوە سودی نیە، چەند بخاتە بازاڕەوە دەیكڕن، ناتوانن بە خستنە بازاڕی دۆلارەوە چارەسەری دۆخەكە بكەن.
پێشتر رۆژانە (150) ملیۆن دۆلاریان دەخستە بازاڕەوە، گەیاندیانە (250) ملیۆن دۆلار، لەسەردەمێكدا گەیاندیانە (450) ملیۆن دۆلار.
پێشبینی بۆ چارەسەری بەرزبوونەوەی بەهای دینار پەیوەستە بەوەی تا چەند ئیتاری تەنسیقی ئامادەن لەگەڵ ئەمریكا رێكبكەون، بەواتایەكی تر تا چەند ئێران مۆڵەتیان پێدەدات لەگەڵ ئەمریكا رێكبكەون.
شیاع سودانی گەورەترین هەڵە كەكردی نزیكترین سەردانی بۆ ئێران بوو ئەوە ئەیخاتە ژێر گەورەترین پرسیارەوە بەتایبەت رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نیە پێشوازی زۆر كەس بكات، رابەر لەگەڵ ئیبراعیم رەئیسی پێشوازی لێكرد.
سودانی سێ نامەی بۆ هاتووە كە بە زووترین كات بڕواتە ئەمریكا، هەڵوێستی حكومەتەكەی یەكلایی بكاتەوە ئایا حكومەتەكەی ئەجێندای ئێرانی دەپارێزێت، یان هاوسەنگی دەكات لە بەرژەوەندییەكانیدا.
ئەتوانین بڵێین ئەم دۆخەی ئێستا دیوە سیاسیەكە زاڵە بەسەر دیوە دارایی و نەقدیەكەدا، تا ئێران ئامادەنەبێت لەسەر هەندێك پرس سازش بكات ئەوا ئەمریكیەكان سزاكانیان زیاتر دەكەن، تا عێراق موجامەلەی ئێران بكات و بەرژەوەندیەكانی بۆ یەكلا بكاتەوە، زیاتر سزا دەدرێن، ئێستا مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ عێراقدا خەریكە وەك ئێرانی لێدێت.
ئەمریكا پێی وایە ئەو دۆلارانەی دەخرێنە بازاڕەوە دەچن بۆ ئێران، دوو ساڵ پێش ئیستا ئەو كات دۆلار بە (119) بوو بەزووی بەرزبووەوەو گەیشتە (151) دینار زۆر موتابەعەم كرد، ئاخر جار هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێی وتم، ( ملیارێك و 200 ملیۆن ) دۆلاری ئێران لای عێراق بووە هی غاز بووە، عێراق ویستوویەتی ئەو پارەیە بداتەوە بە ئێران، هەرچی بانكی دونیا هەیە بە بانكی ئەڵمانیشەوە تەكلیفمان لێكردووە وتویەتی ناتوانین لە ترسی گەمارۆی ئەمریكی ئەو پارەیە بگوازینەوە بۆ ئێران، بۆیە ئەمریكا زۆر هەستیارە بەرامبەر گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران. 
ئەگەر ئەمریكا لە هەفتەیەكدا دۆلار شەحن نەكات بۆ بانكی ناوەندی عێراق خۆ بانكی ناوەندی عێراق دۆلاری تێدا نیە، ئێستا هیچ دۆلارێك لە عێراقدا نیە ئەو پارانەی كە دێتەوە لە بانكی ئەمریكیەوە دەچێتە حساب بانكی TBI  بەڵام ئەو (عملە صعبانە) هەموو لەدەرەوەن، ئەمریكا بەس بڕیار بدات لەسەر نەگەڕاندنەوەی ئەو پارانە، تەواو كۆتایی عێراقە.
بۆیە ئەم پرسە (بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دیناری عێراق)ی لەدەستی بانكی ناوەندی عێراقدا نیە، لەدەستی حكومەتی عێراقیشدا نیە، ئەمریكا ئەتوانێت پارە تەجمید بكات، پارە تەجمیدكردن لە بانكی ناوەندی ئەمریكیە، نایەڵێت لە هیچ بانكێكەوە پارە بگوازرێتەوە بۆ بانكێكی تر،  عێراق چی نەوتێكی فرۆشتووە، پارەكەی عقودی ئاجیلەیە، لەو دەقەیەدا كە پارەكە دەگوازرێتەوە بۆ بانكی ناوەندی ئەمریكی ئەبێت لە 24 سەعاتدا بچێتە سەر حسابی بانكی ناوەندی 2 عێراق، ئیتر لەوێ لە ریزاڵت بانك سەیتەرە دەكات بەسەریدا، نایەڵێت بەهیچ شێوەیەك ئەو پارەیە بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
ئەمریكا یەك رۆژ دۆلار نەخاتە بازاڕەوە (هەزار) دینار بەرزدەبێتەوە، ببێت بە دوو رۆژ (5) هەزار دینار بەرز دەبێتەوە ببێت بە (3) رۆژ (10) هەزار دینار بەرز دەبێتەوە، لاوازترین خاڵی عێراقیەكان (نەختین)ەكەیانە، داهاتی عێراق زۆرە بەڵام نەختینەكەیان لاوازە، ئەمریكا لە رێگەی نەختینەوە دای لە توركیا، دای لە ئێران، ئەدات لە عێراقیش، بۆیە ئەم پرسە ململانێیەكە ئەمریكا ئەیكات، سودانی عاقڵ بێت بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ (148) هەزار دینار، عاقڵ نابێت، بەهای دۆلار دەكاتە (175)هەزار دینار. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand