Draw Media

بۆ هەنگاریا بەیەكەوەن بۆ بەغداد بە جیا دەڕۆن

بۆ هەنگاریا بەیەكەوەن بۆ بەغداد بە جیا دەڕۆن

2022-12-05 10:04:22


 (درەو): 
یەكێتی بەبێ پارتی وەفدی ئەمنیی خۆی دەباتە بەغداد، بەڵام بۆ هەنگاریا بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دەڕوات، پارتی ژمارەیەك بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی تۆمەتباركردووە‌و داوای رادەستكردنیان دەكات، بەڵام بۆ هەنگاریا ئامادەیە دەزگای پاراستن‌و زانیاریی پێكەوە گەشت بكەن. 
وەفدی باڵای سەربازی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی دووەمی (دانوب) گەیشتە هەنگاریا، بەڵام شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ وەفدەكەدا نەرۆیشتووە. 
شۆڕش ئیسماعیل لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە داوای لێكراوە نەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، ئەمە پەیوەندیی بەو ناكۆكییانەوە هەیە كە بەمدواییە لەنێوان پارتی و یەكێتی سەریهەڵداوە، بەپێی زانیارییەكان شۆڕش ئیسماعیل سلێمانی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووەو هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەت بۆ سەر كارەكەی، باسلەوە دەكرێت بەنیازە بچێتە دەرەوەی وڵات.
یەكێتی لەكاتێكدا لەسەر ئاستی وەزیری پێشمەرگە كاركردنی خۆی لەگەڵ پارتی لەڕووی سەربازییەوە راگرتووەو ئەمدواییە بافڵ تاڵەبانی وەفدێكی سەربازی‌و ئەمنی یەكێتی بەبێ ئاگاداری حكومەت‌و پارتی بردە بەغداد، بەڵام لە وەفدەكەی هەنگاریادا بەهاوبەشی لەگەڵ پارتیدا بەشداری وەفدە ئەمنییەكەی كردووە. 
لە وەفدەكەی هەنگاریادا ئەوەی جێگەی سەرەنجە جەلال شێخ ناجی سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی‌و نوێنەری دەزگای پاراستنی پارتی پێكەون، ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی كە سەربە دەزگای زانیارییە تۆمەتبار كردووە بەتێوەگلان لە كوشتنی عەقید (هاوكار جاف)‌و داوای رادەستكردنی دەكات بە دادگا. 
سەرباری ئەمە مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هێشتا بە فەرمی دانانی جەلال شێخ ناجی وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی لە شوێنی (ئەژی ئەمین) پشتڕاست نەكردوەتەوە‌و سەرباری ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی، رێگەی داوە بەوەی ئەژی ئەمین وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری لە هەولێرەوە جموجوڵ بكات.  
ئەندامانی وەفدەكەی هەنگاریا كە خۆیان وەكو وەفدی باڵای سەربازی هەرێم ناساندووە ئەمانەن: 
•    جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی- یەكێتی
•    لیوا بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە- یەكێتی
•    جەلال شێخ ناجی بەرپرسی دەزگای زانیاریی- یەكێتی
•    سیروان بارزانی بەرپرسی میحوری گوێر- مەخمور/ پارتی
•    دكتۆر غازی نوێنەری دەزگای پاراستن/ پارتی
•    فەریق روكن عیسا عوزێری سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە/ پارتی
لوتكەی دووەمی دانوب تایبەت بوو بە بابەتەكانی (جیۆپۆلۆتیك، ئاسایش، بەرگریی). سیروان بارزانی كە یەكێك لە ئەندامەكانی وەفدەكەیە دەڵێ" دیدارو چاوپێكەوتنی گرنگمان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی هەنگاریا ئەنجامداوەو پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی پشتگیری لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە".
جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی لە پشكی یەكێتیی كە بەمدواییە رەخنەی توندی لە پارتی گرت، لەگەڵ وەفدەكە چووە بۆ هەنگاریا، وێنەیەكی خۆی لەگەڵ (ڤاكلاڤ كلاوس سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری چیك، تۆنی ئابۆت سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئوسترالیا و جۆن سولیڤان نووسەر و ڕاوێژكاری سەرۆكی لوتكەی دووەمی دانوب) بڵاوكردوەتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand