لە جنێودانەوە بە عەلمانیەت بۆ جنێودان بە جێندەر

Draw Media

2022-12-04 13:41:28



 

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی بزوتنەوە سیاسییە ئایدیۆلۆژییەکان، بەرھەمھێنانی جنێوو ناو و ناتۆرەی نابەجێ و شکاندنی ئەخلاقییانەی ئەو کەس و لایەنانەیە کە بەرەنگاریان دەبنەوە. لەپشتی ئەم پیشە ناشیرینەوە، تێرۆری کەسایەتیی و گڵاو و قێزەونکردنی بیرو بۆچوون و تێگەیشتنی ئەوانەیە وەک ئەوان بیرناکەنەوە. لەم ڕووەوە چ بزاوتە عەلمانییەکانی ساڵانی پەنجاو شەست و ھەفتا، بە چەپ و ڕاستییانەوە، ھەڵگری ئەم ئاکارەبوون، چ لە ئێستاشدا باڵە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسیی، بە توندڕەو و میانڕەوییانەوە. عەلمانییەکانی جاران، زۆربەی جار عەلمانییە چەپەکان، لە ھێرشێکی بەردەوامدابوون بۆ سەر ”دیموکراسیەت“و ”کاپیتالیزم“و ”لیبرالیزم“و ”مافەکانی مرۆڤ“و ھەموویان بە درۆی سیستم و بە میکانیزمی لەخشتەبردنی ”ھێزە شۆڕشگێڕەکان“، لە قەڵەمئەدا. ئیسلامییەکانیش لەڕۆژی دروستبوونیانەوە تا ئەم ساتە، جنێو بە ”عەلمانیەت“و ”لیبرالیزم“و ”خۆرئاوا“و ”فیکری خۆرئاوا“ دەدەن و لە ئێستاشدا جنێودان بە چەمکی ”جێندەر“یشی، ھاتۆتەسەر. ئەوەی جیاوازە لە دۆخی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان و ھەفتاکان و ھەشتاکان، ھتد... ئەوەیە لە ئێستادا دوو گۆڕانکاریی تایبەت ڕوویانداوە. یەکەمیان ئەوەیە نەوەیەک لە ”بانگخوازیی“ نەخوێدنەوارو جنێوفرۆش و پۆپۆلیستی سەلەفی مەزھەب لەپاڵ و لەناو و لە دەره‌وەی باڵە فەرمییەکانی ئیسلامی سیاسیدا دروستبوون. دووھەمیان دروستبوونی سۆشیال میدیایە وەک ڕوانگەو بڵندگۆیەک بۆ قسەکردن و ڕادەربڕین کە وایکردووە چالاکەوانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان توانایەکی گەورەی پەیوەندیکردنیان بە کۆمەڵگاوە ھەبێت. تا ئەو شوێنەی ژمارەیەک لەم کەسانە، خاوەنی کەناڵ و تەلەفیزیۆن و پێگەی ئەلکترۆنی تایبەت بەخۆیان بن. 


وەک وتم سەد ساڵە ئیسلامی سیاسیی قسە بە عەلمانیەت دەڵێت و بە ”بێدینیی“و ”دژایەتیکردنی دین“و ”کوفر“و ”خراپەکارییەکی ڕەھا“ یەکسانی دەکات. سەدانجار بۆیان شەرح بکەیت و نیشانیان بدەیت کە ئەو تێگەیشتنە بۆ عەلمایەت ھەڵەو ناڕاستە، درۆیەکە ئەوان بۆ عەلمانیەتی ھەڵدەبەستن، ئەوان مێش میوانیان نییە. و لە مەقام و ئاوازی خۆیان ناکەون. تا ئەو ڕادەیەی ھەوادارەکانیان فێرکردووە کە خراپییەکانی پارتی و یەکێتیی و خراپی سیستمی حوکمڕانیی لە ھەرێمدا، بکەنە خەتای عەلمانیەت، نەک خەتای، بۆ نموونە، پێکھاتی خێزانیی و بنەماڵەیی دەسەڵات، مۆدێلی حیزبایەتیی باڵادەست لە ھەرێمدا، شێوازی ئیرادەدانی ئابوریی وڵاتەکەو ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سیاسەت و ئابوریدا دروستیان کردووە، ئەو مۆدێلە میدییایەی لە ھەرێمدا دروستیان کردووە، گۆڕینی ھێزە سەربازییەکان بە میلیشیای حیزبی تایبەت، مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوەتی کایەی سیاسیی و ئابوریی و ئەمنیی و کایەی پەیوەندییە دەرەکیی و ناوەکییەکان و ھتد... ئەوان تێگەیشتن لەم دۆخە ئاڵۆزە بە ئەرکی خۆیان نازانن و لەباتی ئەمە پارتی و یەکێتی بە ھێزی عەلمانی ناودەبەن و خراپەکارییەکانی ئەو دوو ھێزە، لە کۆی بوارەکاندا، دەدەنە پاڵ عەلمانیەت. 
ئێستا ئیتر نۆرە ھاتۆتە سەر چەمکی ”جێندەر“و قسەگوتن بە ”جێندەر“ بووە بە سێنتەری چالاکیی بەشێکی زۆر لە ئیسلامییەکان. لەم چەند ساڵەی دواییدا بانگخوازو چالاکەوانە ئیسلامییەکان سەرەتا بە ھێرشکردنەسەر ڕێکخراوەکانی ژنان و بە ھێرش بۆسەر فێمینزم دەستیانپێکرد، ئێستا ئیشەکەیان ئاسانترو ھەرزانتر کردووەو وشەیەکیان دۆزیەوەتە ھێرشە ڕۆژانەییەکانیان ئاڕاستە بکەن، وشەی ”جێندەر“. وەکچۆن لە پەیوەندیدا بە عەلمانیەتەوە جۆرێکی مەترسیدار لە ئیستیقالەکردن لە بیرکردنەوەو تێگەشتن لای ئەم ھێزانە ھەیە، لە دۆخی ”جێندەر“یشدا ھەمان دۆخ، بەڵام بەخەستتر لەئارادایە. سۆشیال میدیاش بووە بەو ڕووبەری ئەم ئیستیقالە گەورەیە لە بیرکردنەوەو ئەم تێنەگەیشتنە بەرفراوانە، بە ئاسانی ببینرێن و بڵاوببنەوە. لەم ماوەی ئەم ساڵەدا چەندان نوسەرو ڕۆشنبیرو چالاکەوان، ھەوڵیاندا چەمکەکانی فێمینزیم و جێندەر و مەسەلەی ژن لە کۆمەڵگادا، شیبکەنەوەو بنەما فیکریی و تیوریی و ئەخلاقییەکانی نیشان بدەن، بەڵام ھێزە ئیسلامییەکان گوێیان بە ھیچ یەکێک لەمانە نەدا. لە دواھەمین پۆستیاندا لەسەر ئەم مەسەلەیە، مەسەلەی جێندەر، حاجی کاروان، جەوھەری تێگەیشتنی زۆرینەی ھێزە ئیسلامییەکانی بۆ ئەم چەمکە، بەرجەستە کرد. لەسەر پێگەی خۆی لەفەیسبوک ئەم چالاکەوانە ئیسلامییە بە ئاسانییەکی کەموێنە، بەڵام تەواو ترسناکەوە، بەمجۆرە پێناسەی جێندەر دەکات ”ئەزانن جێندەر واتای چیە: ھاوسەرگیری پیاو لەگەڵ پیاو، ژن لەگەڵ ژن،. ژن و پیاو لەگەڵ ئاژەڵ!! ئاژەڵش ئەمەی قبوڵ نیە“.
ئەم تێگەیشتنە بۆ جێندەر، دەچێتە قاڵبی ئیھانەکردن و جەھلەوە، ئیھانەکردن لەڕێگای جەھلەوە، ”جەھلێکی ترسناک“، کە نەک تەنھا ڕێگا لە شێوازە سادەکانی بیرکردنەوەو تێگەیشتن لە دیاردەکان دەگرێت، بەڵکو خودی بیرکردنەوە خۆیشی وەک چالاکیی و توانایەکی ئینسانیی تایبەت، وێران دەکات. ئەمجۆرە قسەکردنە لەسەر چەمکێکی گرنگ کە لە سەرەتای ھەشتاکانەوە بەشێکە لە بوارە سەرەکییەکانی ناو زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان و ناو ھەندێک بواری زانستە سروشتییەکانی وەک بایۆلۆژیاش، نەک تەنھا عەیبەیە، بەڵکو تاوانێکی ئەخلاقیشە. لێکۆڵینەوەی جێندەریی لە ھەشتاکانەوە لە زوربەی ھەرەزۆری زانکۆ گرنگەکانی جیھاندا ھەیەو کاری لەسەر دەکرێت، کۆرسی جیاوازی لەسەر دەخوێندرێت و بوویشە بە بەشێک لە مەنھەجی ئیشکردن و بیرکردنەوەی زۆرێک لە بوارە زانستییەکان، بە زانکۆی ئەمستردامەوە لە ھۆڵەندا کە من نزیکەی ١٧ ساڵێکە کاری تێدادەکەم. کەچی ئەم چالاکەوانە ئیسلامییە لە سلێمانیەوە مەسەلەی جێندەر یەکسان دەکات بە ”ھاوسەرگریی ژن و پیاو لەگەڵ ئاژەڵ“دا. 
بە بۆچوونی من ھەر زانکۆیەک لە زانکۆکانی کوردستان کە کۆرسی لەسەر جێندەر تێدابێت، ھەر ئۆرگان و دەزگا و چالەکەوانێک لە کوردستاندا کە خۆیان بە مەسەلەی جێندەرەوە سەرقاڵکردووە، پێویستە ئەم قسانەی حاجی کاروان قبووڵ نەکەن. قبووڵکردنی ئەم قسانە تاوانە بەرامبەر بە خۆیان و بەرامبەر بە زانست و بەرامبەر بە فیکر، وەکچۆن تاوانە بەرامبەر بەو دەزگایانەی کاری تێدادەکەن. بەبۆچوونی من ئەم ھێزانە پێویستە بە شێوەیەکی دەستەجەمعی شکات لەم چالاکەوانە ئیسلامییە بکەن و داوای سەلماندنی ئەو حوکمە ئەخلاقییە ناجۆرەی لێبکەن کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا قابیلی ئەوەیە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت. ئەم ئیھانە گەورەیە بە فیکرو مەعریفەو زانست نابێت بەبێ لێپرسینەوە تێبپەڕێت. مەسەلەکە لێرەدا مەسەلەی ئازادیی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو مەسەلەی ئیھانەکردنێکی ڕاستەوخۆیە بە سەرجەمی ئەو کەسایەتی و دەزگاو بوارە زانستیی و ئینسانیانە، کەم لەم بوارەدا کاردەکەن و چالاکن. 
بەڵام با پرسیارێکی سادە لە خۆمان بکەین و بپرسین ئایا بەڕاست جێندەر چییەو لێکۆڵینەوەی جێندەری چییە؟ ئایا بەڕاست جێندەر مانای”ھاوسەرگیری پیاو لەگەڵ پیاو، ژن لەگەڵ ژن،. ژن و پیاو لەگەڵ ئاژەڵ!!“. بەر لە ھەموو شتێک وشەی جێندەر بەمانای ڕەگەز دێت، ڕەگەزی نێرو ڕەگەزی مێ، پیاو و ژن. لە ساڵانی ھەشتاشەوە بووە بەو بوارە تایبەتەی خوێندن و لێکۆڵینەوە کە باس لە پێگەی ژن و پێگەی پیاو لە کۆمەڵگادا دەکات، باس لەوە دەکات چ تێگەیشتنێک لە کۆمەڵگادا بۆ ژنبوون و پیاوبوون ھەیە، چ ڕۆڵێک بە ھەریەکێک لەم دوو ڕەگەزە دەبەخشرێت، بەناو چ جۆرە پرۆسەیەکی بەتاکەکەسبوون و بەکۆمەڵایەتیبووندا تێدەپەڕن. نایەکسانی نێوان ژن و پیاو لە کوێوە دێت و سەرچاوەدگرێت؟ جۆرەکانی پیاوەتیی و جۆرەکانی ژنبوون کامانەن و چۆن؟ چۆن ڕەگەز دەکرێت بە بنەمای شوناس؟ ئەم شوناسەش چ جۆرە پەیوەندییەکی بە شوناسەکانی تری مرۆڤەوە ھەیە، لەوانە شوناسی دینیی، شوناسی ئەتنیی، شوناسی نەتەوەیی، شوناسیی چینایەتیی، شوناسی سێکسیی، شوناسی ژنبوون و پیاوبوون، ھتد..
لێکۆڵینەوە لەمانەش وەک جۆرێکی نوێ لە لێکۆڵینەوەی زانستیی مامەڵەدەکرێت و زیاد لە زانستێک لە زانستەکانیش بەم شێوازە لە لێکۆڵینەوەکردنەوە سەرقاڵە. لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا کاریگەرییە ئاڵۆزەکانی ڕەگەزمان نیشانئەدات لەسەر فۆرمەکانی تری ناسنامە ئینسانییەکان، بۆ نموونە کاریگەریی لەسەر ناسنامەی دینیی، نەتەوەیی، ئەتنیی، پیاوسالاریی و ژنبوون و پیاوبوون. ھەروەھا کاریگەریی ڕەگەز لەسەر فۆرمەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگاو ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەناو کۆمەڵگادا. لەمەشدا دیدگایەکی ئینسانی ئاراستەی دەکات کە پێ لەسەر بەئاگابوون و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی پلەبەندییە ھیرارکیی و نایەکسانییە ڕەگەزییەکان دادەگرێت، کە زۆربەی جار لە فۆرمی ستەمی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی و مادیدا بەرجەستەن. ئەو دونیابینییەی کە ئاڕاستەی ئەمجۆرە لێکۆڵینەوەو کارە زانستییانە دەکات، وێناکردنی مرۆڤە، بە ھەردوو ڕەگەزەکەوە، وەک دیاردەیەکی ئاڵۆزو وەک فۆرمی جیاوازی مرۆڤبوون، کە پێویستە مافی یەکسان و بەرپرسیارێتی یەکسانیان ھەبێت. فۆرمێکە لە زانست کە لە ئاستی نۆرماتیڤ و پێوانەییدا دژ بە ستەم و ڕاسیزم و پەڕاندن و حیساببۆنەکردن و جیاکارییکردنە لەنوێان مرۆڤەکاندا لەسەر بنەمای ڕەگەز و شێوەژیان و ھەبوون یان نەبوونی شوناسێکی، دیاریکراو. 


لەم ڕووەوە چەمکی جێندەر وەک چاوێکی ڕەخنەیی ئامادەیە بەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەسەر پێگەو پلەی ڕەگەزەکان لە کۆمەڵگاو بەسەر شێوازەکانی چەوساندنەوەو غەدرکردنی کۆمەڵایەتییەوە. چاوێکی ڕەخنەگرانە کە دەیەوێت جۆری کۆمەڵگاکان باشترو ئینسانیترو یەکسانخوازتر بن، ھەروەھا بتوانێت جیاوازییەکانی ناو ھەناوی خۆی باشترو ئینسانییانە، بناسێت و بپارێزێت. ھەروەھا جێندەر چەمکێکی زانستییە کە دەبێت بە چاودێر بەسەر بارودۆخی کارکردنی مرۆڤەکانەوە لەگەڵیەکدا، بەسەر توانای دەرکەوتن و دەرنەکەوتنیان لەناو ژیانی گشتیدا، بەسەر بڕو ڕادەی توانای دەستگەیشتنیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستیی و توانای سەربەخۆبوونەوە، بەسەر ڕێگرییە جیاوازەکان لەبەردەم گەشەکردنی ھەریەکێکیاندا.  
جێندەر، یان ڕەگەز، وەک چەمک و وەک زاراوەیەکی زانستیی، لە چەمکە زانستییەکانی تری وەک نەتەوەو ”کۆمەڵگا“و ”پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی“و ”چین“و ”گروپ“و خودی ”تاکەکەس“ خۆیشی جیاناکرێتەوە، وەک ھۆکارێکیش بۆ بەرھەمھێنانی شوناس هەرگیز لەو هۆکارانەی تر جیا ناکرێتەوە کە پێگەی کەسێک لەناو کۆمەڵگا و لە جیهاندا، دیاری دەکەن، لەوانەش بۆ نموونە چین، ڕەچەڵەک و ئایین، ناوچەی دیاریکراو و دۆخی هاووڵاتیبوون،، ھتد... 
لێکۆڵینەوە لەبواری جێندەردا دەتوانێت بە ئاسانی نیشانمان بدات ئێمە لە چ جۆرە کۆمەڵگایەدا دەژین، چ جۆرە سیستمێکی دیسپلیکردن و چاودرێرکردن و ئاراستەکردنمان ھەیە، بە چ جۆرێک جیاوازیەکانمان ناوناوە و ڕێکخستووە، چ مانایەکمان بە شوناسە گەورەکانی وەک پیاوبوون و ژنبوون و ئینسانبوون بەخشیووە. چەمکی جێندەر دەتوانێت نیشانمان بدات چ فۆرمێک لە لێبوردن و ھاریکاریی و بەدەمەیەکەوەچوونیش لە کۆمەڵگادا ھەیەو ئیشدەکات، چ جۆرە ستەمێکیش ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، بینراو و نەبینراو، ھەن و کاردەکەن. ھەروەھا ئەم چەمکە دەتوانێت قۆناغە مێژووییەکان و فۆرمی کولتورەکان و سیستمە ئەخلاقیی و ڕەمزییەکانمان بۆ لەیەکتری جیابکاتەوە و نیشانمابدات مرۆڤ لە کوێدا ستەمی زیاتر یان کەمتری بەرامبەر کراوەو بەرامبەر دەکرێت. 
بە کورتییەکەی، وەرگرتن و بەکارھێنانی جێندەر وەک چەمکێکی فیکریی و تیوریی، وەک بەشێکی گرنگ لە گەشەی زانستە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا، کردنەوەی دەروازەیەکە بۆ باشتر تێگەیشتن لە ئینسانبوونی ئینسان، لەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت بە شێوازی جیاوازو بە ڕێگای جیاواز، بەڵام باشترو ئینسانیترو خاڵیتر لە ستەم و چەوساندنەوە، لەگەڵ یەکتریدا بژین. ڕەگەز یان جێندەر بەشێکی ھێجگار گرنگی مرۆڤبوونە، دەتوانێت پێمانبڵێت مرۆڤبوون لە دونیای ئەمڕۆدا چ مانایەکی ھەیە، کۆمەڵگا چۆن ڕێکخراوەو کاردەکات، سیستمەکانی ئیمتیازات و ستەمکردن چۆن بەڕێوەدەبرێن. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا ھەوڵدانە بۆ نەھێشتنی بڕێکی بەرچاو لە ستمە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە دەتوانن زمان ببەخشن بەوانەی زمانیان لێسەندراوەتەوە، یان بەو کێشانەی تا ئێستا زمانیان بۆ دروستنەکراوە، بەگژ نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و ئەو پرۆسانەدا بچێتەوە، کە ماف لە بەشە لاوازو پەراوێزخراوەکانی ناو کۆمەڵگا دەسێنێتەوە، کە مرۆڤەکان لەناو پێناس و قاڵبی نەگۆڕ و پێوەری ئاسنیندا، بەنددەکات. 


ھەرچی پەیوەندیی بە ژیانی سێکسییەوە ھەیە، یەکەمین ئەرک کە شیکاری جێندەری لە دونیایەکی وەک دونیای ئێمەدا، دەتوانێت پێیھەڵسێت، نیشاندانی ئەو پەیوەندییە کە لەنێوان ژیانی سێکسیی و دەسەڵات و فۆرمەکانی ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیدا ھەیە. یەکەمین پرسیارێکیش بکرێت، بۆ نموونە، لەم بوارەدا بکرێت ئەوەیە: بۆچی دەیان ھەزار کچ و کوڕی گەنج لە وڵاتی ئێمەو دراوسێکانماندا ھەن و ناتوانن شو بکەن و ژنبھێنن، کەچی نوخبەیەکی بچووک لە پیاوانی دەسەڵات و پیاوانی دین، ھەم بەرگریی لە فرەژنی، تا گەیشتن بە چوار ژن دەکەن، ھەم خۆیشیان دەتوانن چەندان ژن بەیەکەوە بھێنن؟ بۆ پرسیاریی بێژنیی زیاد لەنەوەیەک بێدەنگ و بێزمان کراوە، ئەی بۆچی زمانی فرەژنی لە ھەموو کونوقوژبنێکدا دەبیسترێت؟ ئەو پرسیارانەی دیدگای جێندەرناسی دەتوانێت لێرەدا بیانکات پرسیاری دینیی نین و پەیوەندییان بەبواری بە خوداناسییەوە نییە، بەڵکو پرسیارێکن دەربارەی نایەکسانیی دەسەڵات و شێوازی ڕێکخستنی ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتیی، واتە پرسیارگەلێکی کۆمەڵناسانەیە. 
ئەوەی کە بەشێکی زۆری پیاوان بە گشتیی و کەسانی وەک حاجی کاروانی بەو ڕادەیە توڕەکردووە ئەو قسانەی سەرەوە بکات، ئەو ڕاستییە سادەیەیە، کە پرسیاری جێندەرییانە، تەنھا پرسیار نییە سەبارەت بە ژیان و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا، بەڵکو پرسیاریشە سەبارەت بە ژیان و پێگەی پیاوان لە کۆمەڵگادا. بەشێکی گەورەی ئەو پیاوانەیش کە بەشدارن لە دروستکردنی سیستمێکی ستەمگەردا، ستەمگەریی لە مانا بەرفراونەکەیدا، نایانەوێت ئەو جۆرە پرسیارانە ببیستن. بۆیە ڕێگا ھەرە ئاسانەکە ھەڵدەبژێرن، ڕێگای جنێودان و شکاندنی ئەخلاقیانەی کەسەکان و چەمکە فیکریی و زانستییەکان. ئەوەی حاجی کاروان نوسیویەتیی و دەیڵێت، بەشێکە لەو میکانیزمانەی بەھۆیەوە ستەمگەریی و جەھل لە دونیای ئێمەدا کاری پێدەکەن. کاتی لێپرسینەوە لە ھەردووکیان ھاتووە، ھەم لە ستەمگەریی و ھەم لە جەھل. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand