دۆخی ئێران: گرنگیی ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی“ نوێ
2022-11-27 11:53:54
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
کوردانی خۆرھەڵات، ئەو بەشەی کۆمەڵگان لە ئێراندا کە بەردەوام مافە نەتەوەیی و کولتوریی و ئینسانییەکانیان ژێرپێ نراون و وەک کەمینیەکی ئەتنیی و دینیی ناجۆر و نەخواستراو، مامەڵەکراون. سیاسەتی کەمینەبوون لە ئێراندا، وەک لە بەشی زۆری وڵاتە نادیموکرسییەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتێکە تێکەڵ لە ئینکارکردنی بونیان، پەراوێزخستنی ناوچەکانیان، ڕێزنەگرتنی مافەکانیان، مامەڵەنەکردنیان وەک ھاوڵاتییەکی یەکسان، تا ئاستی دانانی فشاردانی بەردەوام لەسەریان و لە کۆتاشدا پەلاماردانیان. لە پشتی ئەم جۆرە سیاسەتەوە سێ ستراتیژیەتی سەرەکیی کاریکردوە و تا ئەم ساتەش کاردەکات. یەکەم، وێناکردنی بوون و ئامادەگی کوردە لە ئێراندا وەک کێشەیەکی ئەمنی و وەک ھەڕەشە و مەترسیی لەسەر وڵاتەکە. دووھەم، وەڵامدانەوەی توندوتیژانەی ئەو خواست و مافە ئەتنیی و دینیی و نەتەوەییانەی کورد داوایاندەکات و بەرگریان لێدەکات. سێھەمیان بە سەربازیکردنێکی بەردەوام و بەرفراوانی بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کورد لەناویاندا دەژیی.
لە دوای شۆڕشی ئێرانیشەوە، لە ساڵی ١٩٧٩دا، بەشێکی گرنگیی ناوچە کوردییەکان کراون بە ناوچەی سەربازیی و ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و پاسدار و ھێزی سەربازی تریان تیادا، نیشتەجێکراوە. ئەم دۆخە وایکردوە زۆرجار ناوچە کوردستانییەکان وەک سەربازگەیەکی گەورە دەربکەوێت و ئەوەیشی تیایدا سەروەربێت، دۆخ و یاسا سەربازییەکان بێت. بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ژمارەی ئەو گیراوانەی لە ئێراندا دەگیرێن و لە سێدارەدەدرێن بەشی ھەرە زۆریان، کوردن. ئەم پەلامارە تا ئەو شوێنە دەڕوات چالاکەوانانی پەروەدەیی لەسەر وتنەوەی وانە بە زمانی کوردیی بە منداڵان بگیرێن و لە زیندان توندبکرێن.
لەبەرامبەر ئەم دۆخە نالەبار و ئەم شێوازە لە مامەڵەکردندا،ا فۆرمی جیاوازیی بەرگریکردن لەو بەشەی کوردستاندا گیراوەتەبەر، لەناویشیاندا خەباتی چەکدار، کە خۆشحاڵانە، شێوازی سەرەکیی و بنەڕەتیی بەرگریکردن نەبووە. لەوانەش بۆ نموونە، خۆپیشاندان، ناڕەزایی دەربڕینی ھێمن، داخستنی دوکان و بازاڕ، ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگاکان، ھتد... لە ئێستاشدا زیاد لە دوو مانگە شەپۆلێکی بەھێز و بەرفراوانی ناڕەزاییدەربڕین لە بەشێکی گەورەی ئێراندا لە ئارادایە، ناوچەی جیاواز و گروپە ئەتنییە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەشدارن لەم ناڕەزایەتیی دەربڕینەدا. بە تایبەتی ئامادەگیی بەرفراوانی ژنان و گەنجان ئاکاری سەرەکیی ئەم شەپۆلە نوێیەیە.
لە ناوچە کوردییەکاندا ناڕەزاییدەربڕینەکان زۆر بەخەستیی ئامادەن و ژمارەی قوربانیەکانیش تا دێت ڕوو لەزیادبوونە. ئەگەرچی ناڕەزاییدەربڕینەکان سەرەتا بە کوشتنی خانمێکی کورد لە شاری تاران دەستیپێکرد، بەڵام ئەوەی ئەم شەپۆلە گەورەیەی ناڕەزاییدەربڕین لەوانیتر جیادەکاتەوە، ڕەھەندە جێندەریەکەیەتی کە تیایدا ژنان وەک ژن بەرگریی لە کۆمەڵک مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن. بەگژاچوونەوەکە لە یەکەم دەرکەوتنیدا وەک بەگژاچوونەوەی ژنانی ئەو وڵاتە بەگژ ئەو حیجابە ئیسلامییەدا دەرکەوت، کە دەوڵەت و حوکمڕانان بەزۆر کردویانەتە سەر ھەموو ژن و منداڵێکی مێینە لەو وڵاتەدا. بەڵام لە قووڵایدا، بەگژاچوونەوەی ئەم حیجابە زۆرەملێیە، رەمزی بەگژاچوونەوەی کۆی ئەو سیستمە سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و ڕەمزییەیە کە بەدەوری ئەو حیجابەدا دروستکراوە و دروستبووە. ئەوەی خەڵک لێی ناڕازییە و بەگژیدادەچێتەوە. چۆنیەتی ئامادەگیی دەوڵەت و حوکمڕانانە لەناو ژیانی شەخسیی و ناشەخسیی ئەواندا، ئامادەگییەک سەرەتایترین مافەکانی مرۆڤبوونیان لێ زەوتدەکەن.
لە ئێستادا شارە کوردییەکان لە ناوچەیەکی پەراوێزیی ناو دەسەڵاتدارێتیی ئایەتوڵاکانەوە، گۆڕاون بۆ کرۆک و سێنتەری ناڕەزایی دەربڕینەکان و ژمارەیەکی گەورەی خەڵکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان، ژنان و پیاوان و گەنجان، دیندار و نادینیی، بەشدارن لەم شەپۆلە تازەیەی ناڕەزایەتیی دەربڕیندا. وەڵامدانەوەی ڕژێم بەم خەڵکە ڕاپەڕیوە، ھێجگار توند و خوێناوییە، توندتر و خوێناویتر بە بەراورد بە ناوچەکانی تری ئەو وڵاتە. خەڵکانێکی زۆر لە کوردستاندا شەھیدکراون و ناوچەکانیان بە تەواوی بەسەربازیکراون. کەلەپوری درێژی چەوساندنەوە و حوکمی سەربازیی لە ناوچە کوردستانییەکاندا، بە تەواوی زیندوکراوەتەوە و کراوە بە ژێرخانی ئەو کاردانەوە توندەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەم ساتەدا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، نیشانیئەدات. ئەو خوێنە زۆرەی مێژوویەکی درێژە لەم ناوچەیەدا ڕژێنراوە، بووە بە ژێرخانی ئەو خوێنڕشتنە زۆرر و گەورەیەی ئەم ساتەی ئێستا. لەمەشدا شوناسی کوردبوون و کۆی ئەو داواکارییانەی بەم شوناسەوە گرێدراون، ڕۆڵی سەرەکیی دەبینن.
لەدوای زیاد لە دوو مانگ لە ناڕەزاییدەربڕین و لەدوای ئەو وەڵامدانەوە توند و خوێناویەی ڕژێم، ئێستا ئیتر لە ناوچە کوردستانییەکاندا خواستە سەرەتاییەکانی ناڕەزاییدەربڕینەکە، کە خواستی ئازادی شەخسیی و ڕێزگرتنی مافەکانی تاکەکەسە لەوەدا چ فۆرمێک لە ژیان و چ جۆرێک لە دەرکەوتن لەناو ژیانی گشتیدا ھەڵبژێرن، تێکەڵبووە بە مێژووی ئەو داواکارییە سەرەکییانەی کە بە شوناسی کوردبوون و بە مێژووی چەوساندەوەی ئەم شوناسەوە، گرێدراون. پێموایە لە کاتێکدا کوردستان بووە بە سێنتەر و خاڵی قورسایی ناڕەزاییدەربڕینەکان لە ئێستاداھاوکات گۆڕانێک لە خواستەکاندا دروستبووە. وەک لەسەرەوە باسمکرد چەوساندنەوەی نەتەوەیی و پەراوێزخستنی شوناسی دەستەجەمعی گروپە ئەتنیی و نەتەوەییەکان بەشێکە لە مێژووی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی لە سەدەی بیستەم و لە مێژووی ئەم ساتەی ئەو دەوڵەتە.
بۆیە ئەوەی ئێستا خەڵک دەشێت بیریلێبکاتەوە، ستراتیژیەتی دەرچوونە لە دۆخی کەمینەبوون، لە ڕێگای خواستی ھاوڵاتیبوونی یەکسان و خواستی سەلماندنی مافە کولتوریی و زمانەوانەیی و نەتەوەییەکانەوە. گرێدانی ئەمانەش بە خواستی دابەشکردنێکی ھاوسەنگ و دادپەروەرانەی دەسەڵات لەنێوان تاران، وەک پایتەخت، و ناوچە جیاوازەکانی ترم وەک بەشێک لە دەوڵەت لە وڵاتەدا. جۆرێک لە نامەرکەزیەتی سیاسیی دروستبکرێت کە بڕێکی گەورە لە ئازادیی بە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە و دانیشتوانەکانیان، ببەخشێت. ڕەنگە خواستی دروستکردنی دەوڵەتێکی فیدراڵیی لە ئێراندا ئەو ئەرکە سیاسییە گرنگە بێت لە ئێستادا بھێنرێتە پێشەوە و وەک دەرچەیەک لەو بەناوەندییکردنە ترسناکەی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا بیریلێبکرێتەوە.
بە حوکمی ئەوەی کورد بەسیاسیکراوترین کەمینەی ئەتنیی و نەتەوەیی ناو ئێرانە، واتە لە ڕووی سیاسییەوە لە ھەموو گروپە ئەتنییەکانی تری ئەو وڵاتە چالاکتربووە و چالاکترە، بتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیی لە دەستپێشخەریکردندا بۆ بونیادنانی سیستمێکی دیموکراسی فیدراڵی ببینێت. ئەم دەستپێشخەریەش بکات بە بەشێک لەو زمانە سیاسیەی ئەم شەپۆلە تازەیەی ناڕەزاییدەربڕین لەو وڵاتەدا قسەیپێبکات. بەمەش کۆتایی بە سیاسەتی بەناوەندیکردنێکی قۆرخکەر و تاک لایەنەی ئەو وڵاتە بھێنێت، کە تا ئەم ساتە ئامادەیە و کاردەکات. ئەوەی پێویستە ڕووبدات ئەوەیە کە نابێت گروپێکی حوکمڕان لە شارێکی وەک تاراندا، بە دە ملیۆن دانیشتوانەوە، بڕیار بۆ سەرجەمی شار و ناوچەکانی ئێران بدات کە ژمارەی دانیشتونیان زیاد لە دە جار لە دانیشتوانی تاران، گەورەترە.
بێگومان گەشەدان بەم زمانە دیموکراسییە و گەشەدان بە بیرکردنەوە لەوەی دەسەڵات لە ئێراندا چیتر بەو شێوەیەی ئێستای مەرکەزی نەبێت و دابەشبکرێت بەسەر ناوچە جیاوازییەکاندا، بەر لە ھەمووشتێک، ڕووی بە ڕووی ئەو عەقڵیەت و کەلەپورە مەرکەزیەدا ئەتەقێتەوە کە زیاد لە سەدەیەکە لە ئێراندا ئامادەیە و کاردەکات. عەقڵیەت و کەلەپورێک ھەموو خواستێکی سەر لەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا وەک پیلان و ھەڕەشە و خینەتکردن نمایشدەکات. لە پێش ھەمووانیشەوە بەر ئەو ناسیۆنالیزمە ئیێرانییە دەکەوێت کە فارسبوون بنەماکەیەتی و بەئەمنیکرنی مەسەلەی کەمینە نەتەوەییەکانی ناو ئێران، ژێرخانە سیاسیی و سایکۆلۆژیی و ئەخلاقییەکەیەکەی دروستدەکات. ئەوەی پێویستە دروستکردنی جۆرێکی نوێ لە ”پەیمانی کۆمەڵایەتیی“ و فۆرمی تازەی ”متمانەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی“ ە لەودیوی وێناکردنەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە داخراوەوە کە بە ھەردوو قاچییەوە لەناو دیندا وەستاوە.
لە دۆخی نەگۆڕان و بەردەوامیداندا بە ھەمان عەقڵیەتی سیاسیی حوکمڕان، ئەوەی دەشێت ڕووبدات لە دوو ئەگەر تێپەڕناکات.
یەکەم، ئەگەری سەرنەکەوتن و بەئەنجامنەگەیشتنی ناڕەزایەتییەکان، کە بێگومان ھاوشاندەبێت بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی تۆڵەکردنەوەی سیاسیی لە خەڵکە ناڕازیی و یاخییەکەی وڵاتەکە، لە پێش ھەمووانیشەوە خەڵکی کوردستان.
دووھەم، لە ئەگەری سەرکەوتندا، بونیادنانەوەی سیستمێکی سیاسیی دەسەڵاتگەر ی نوێ، بەڵام بەبێ عەمامەی دینیی ئایەتوڵاکان. .
ھەر دوو ئەگەرەکەش دوو ئەگەری تراژیدین.