بەرزە موچە و موچە بڕاوو پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم

Draw Media

2022-11-23 07:06:49



شیكاری:درەو 
•    ئەو داهاتەی بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆرانەوە لە (7) ساڵی ڕابردوودا بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ (4 ترلیۆن و 421 ملیار و 505 ملیۆن 450 هەزار) دینار، لە هەردوو کابیەی هەشتەم و نۆیەمدا.
•    کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دیناری فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوتکردووە.
•    لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێم بڕی (8 ترلیۆن 190 ملیار) دیناری موچەخۆرانی بڕیوە.
•    کەواتە کۆی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم (23 ترلیۆن و 209 ملیار و 502 ملیۆن  و 450 هەزار) دینارە. 

یەکەم؛ سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟
لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛ 
(مادەی سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەی ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرز کردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))

 سەرمووچەی ساڵانە
لە (مادەی پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرمووچەی ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە (9)ی ئەم یاسایە.

هەروەها لە (مادەی نۆیەم)دا هاتووە؛
یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دواتر یان پێدانی سەرمووچەی ساڵانەی بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەی مووچەی پلەکەی، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەی ساڵانەی پێ بدرێت لە پلەی دواتری پلەکەی خۆی.
دووەم: فەرمانبەری پایە (11)ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەی بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەی پلە باڵاکان (ب)

پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر
لە (مادەی شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛
یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەی فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەی پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی. 
سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی  (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەی کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە:
ا. هەبووونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو (چمن) میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی.
ب. تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەی ژمارە (١).
ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە.
د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە  نیاز وایە پلەکەی بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا.
لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەی پلە بەرز کردنەوە)
لە (مادەی حەوتەم)دا هاتووە؛
یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکی پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەی لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەی وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ  بینینی داواکارییەکانی پلە بەرز کردنەوە لە ماوەی 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرز کردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ی ئەم یاسایە.
دووەم: فەرمانی پلە بەرز کردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرز کردنەوەکەشی جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەکەی.
مادەی هەشتەم
یەکەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەی بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەی پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەی هاوتا بێت.
دووەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەی کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەی پایەی بەرزتری پێ دەدرێت.

خشتەی ژمارە (١)
موچەی بنەڕەتی پلەکانی وەزیفی
سیستمی موچە بە هەزار دینار


 

دووەم؛ شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم
فەرمانبەران و موچەخۆران دوو جۆر شایستەی داراییان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەوانیش بریتین لە شایستەی (بەرزە موچە)ی فەرمابەران و موچەی (پاشەکەوت، لێبڕین و چارەکە موچە)، لە خوارەوە ڕاڤەی هەردوو ئەو جۆرە شایستەیە دەکەین و قەبارەی ئەو شایستانە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوندەکەینەوە.  
1.    ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان
لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران، ئەم پرسە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (7) ساڵ نە لە یاسای چاکسازی باسی لێوە کراو نە لەسەردانەکەی تیمی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی  28ی6ی2021 بووە جێی گفتووگۆی جدی، نە لە ئێستاشدا کە بەرەو ساڵی نوێ دەچین (بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە)ەوە دێتە بەر باس. تەنها ئەو نەبێت، بەپێی زانیارییەکان بەپێی (بڕیارێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان) كە رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دەریكردووە، حكومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكە سەبارەت بە بەرزە موچە (تەرفیع)ی فەرمانبەران. 
ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاوەستابو، بەڵام بەپێی نووسراوی ژمارە 7797ی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە رۆژی 15-06-2021 دەرچووە و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەوە واژۆ کراوە، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی پلەی (5 هەزار و 995) پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکان. 
کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە پیێ داتاکانی بایۆمێتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان (710 هەزار و 282) کەسە.
جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پیش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن.
بەپێی دواین زانیاری و ئامار کە لە 26ی حوزەیرانی 2021، ‎حازم گۆران، به‌ڕێوە‌به‌ری گشتی خانه‌نشینی هه‌رێم كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی داراییه ڕایگەندووە، (40 هه‌زار) كه‌س  له نێوان 2014 بۆ 2021 له‌هه‌رێمی كوردستان خانەنشین بوون.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەر ئەوەی؛
1.    بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە بووە، بەتایبەت ئەوانەی لەدوای 2012 ەوە دامەزراون، یان کاتی پلە بەرزکردنەوەیان کەوتووەتە کۆتاییەکانی ساڵی 2016ەوە کاتێک مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە سودمەند نەبوونە. پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێرەوە بۆ خشتەی ژمارە (1)).
2.    بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستیان یەک پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی (2011 بۆ 2015) لەو مافە سودمەند بوونەو پلەی وەزیفیان لە نێوان (١-٥)دایەو (٥) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێوە بۆ خشتەی ژمارە (1)).
3.    زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە چ پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەرزبوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت.
بەڵام بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەرزەی "بەرزە موچە" كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاتر‌و بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان  (710 هەزار و 282) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار و 514 ملیۆن و 100 هەزار) دینار.
بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک یەک پلە بەرزکردەنەوە و بۆ هەر پلە بەرزکرنەوەیەک (50 هەزار) دینار بخەمڵێنین _چونکە هەر پلە بەرزکردنەوەیەک فەرمانبەر (26 هەزار دینار بۆ 122 هەزار دینار) دەچێتە سەر موچەکەی_  بۆ (7) ساڵی ڕابردوو بەم جۆرەیە؛
•    710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانیX  50 هەزار دینار X 83 مانگ = (2 ترلیۆن و 947 ملیار و 670 ملیۆن و 300 هەزار) دینار.
ئەگەر نیوەی ئەو فەرمانبەرانە مافی دوو جار پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەتی هەرێم بێت، ئەوا بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی خوارەوە، ئەم بڕەش لە شایستەی دارایی موچەخۆران وەک بەرزە موچە لەسەر حکومەت کەڵەکە دەبێت.
•    355 هەزار و 141 موچەخۆری شارستانیX  50 هەزار دینار X 83 مانگ = (1 ترلیۆن و 473 ملیار و 835 ملیۆن 150 هەزار) دینار.
بەم پێیەش کۆی ئەو شایستە داراییەی موچەخۆرانی شارستانی کە بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛
•    (2 ترلیۆن و 947 ملیار و 670 ملیۆن و 300 هەزار) دینار + (1 ترلیۆن و 473 ملیار و 835 ملیۆن 150 هەزار) دینار = (4 ترلیۆن و 421 ملیار و 505 ملیۆن 450 هەزار) دینار

2.    پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لەسەر شانی حکومەت
یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا  ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت.
ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە.
لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020) ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) 
سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کەتووەتە لای حکومەتەوە، بە دوو جۆرە ئەوانیش بریتین لە؛
‌أ.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا.
سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی 28 ملیار دۆلار و نیو لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە  .
لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلارە، کە بەرامبەرە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم؛
‌ب.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا.
بەڵگەش بۆ ئەوەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان ئەم لێبڕینانەی بە قەرز لەسەر حکومەتەکەی هەژمار نەکردبووە، ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلارە بووە، بەڵام لە مانگی 3ی 2021 گەیشتووەت بە: 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3) ملیار دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛
•    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار
•    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار
•    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار
کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچە لە لایەک و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لەلایەکی دیکە، بریتی لە؛
(10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) + (4 ترلیۆن و 421 ملیار و 505 ملیۆن 450 هەزار) دینار ڕاگرتنی بەرزە موچە (لە کابینەی هەشتەم و نۆیەم)  = (23 ترلیۆن و 209 ملیار و 502 ملیۆن  و 450 هەزار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە(3)).

خشتەی ژمارە (2)
شێوازی خەرجکردنی موچە لە ماوەی (2015 - 2021) لە هەرێمی کوردستان

 

خشتەی ژمارە (2)
شایستە داراییەکانی فەرمانبەران لای حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand